نەیجیریا: بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە 100 هەزار كەس ئاوارە بوون

نەیجیریا: بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە 100 هەزار كەس ئاوارە بوون

 

 

بەهۆی بەردەوامی بارانبارینی بەخوڕ و لافاوەوە لە نەیجیریا زیاتر لە 100 هەزار کەس ئاوارە بوون.

مستەفا حەبیب، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نیشتمانی بەڕێوەبردنی باری نائاسایی لە نەیجیریا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەکان ڕایگەیاند، كە بەهۆی کارەساتی لافاو لە وڵاتەکەدا، خەڵکی ناوچەکە بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕن لە زۆرێک لە ناوەندەکانی نیشتەجێبوون.

حەبیب ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە ٢٩ ویلایەت و هەروەها ئابوجا بەهۆی لافاوەوە کە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە لە وڵاتەکەدا دروست بووە، بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە.

حەبیب ڕایگەیاند، بەهۆی لافاوەکەوە زیاتر لە ٥٠٠ کەس برینداربوون و زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەسیش بەهۆی ئەم نەهامەتییە سروشتییە زیانیان بەركەوتووە.

حەبیب ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە بەشێك لە قوربانیانی لافاوەكە بەشێوەیەكی كاتی لە قوتابخانە و باڵەخانە گشتیەكانی نزیك خۆیان نیشتەجێبوون، حكومەتیش كەمپی كاتی بۆ بەشێكیان دامەزراندووە.

حەبیب،گوتیشی: کە هەوڵەکان بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە خەڵک دەستی پێکردووە، هەروەها نەخۆشییە گوازراوەکانی وەک کۆلێرا و مەلاریاش لە ئەنجامی لافاوەکەدا سەریان هەڵداوە.

بەهۆی بەردەوامی باران بارین و لافاوەوە لە نەیجیریا زیاتر لە ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا.

شارەزایانی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە هۆشدارییان دا کە ٥٣ ملیۆن کەس لەو وڵاتە مەترسیی لافاویان لەسەرە.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top