ھەموو ڕێگەکان دەگەڕێنەوە لای سەرۆک بارزانی

ھەموو ڕێگەکان دەگەڕێنەوە لای سەرۆک بارزانی

ھەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ دیدگایەیکی ناڕوون و دۆخێکی تاریک و ئاڵۆزی وەھای نیشانی ھەموواندا کە بە ئێستاشەوە، ڕووناکییە لەمەر چارەسەرییەکانیدا نییە، لەو دەمەوە تا گەیشتنە بە ئەمرۆ تێگەیشتن و ئەزموونی سەرۆک بارزانی بە تایبەت لە ڕۆڵگێڕانی ئاشتییانە و خستنەڕووی ئەڵتەرناتیڤی دیکە بۆ چارەسەری کێشە چەقبەستووەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان نەخاسمە بەرەی سەدڕ و "چوارچێوەی هەماهەنگی"، دەرخەری ئەوەیە کە سەرۆک بارزانی چ لە ناوخۆی عێراق، چ لە دونیای دەرەوە، خاوەن بڕیار و ئاراستەکاری داھاتووی عێراقە، ئەوەمان لە یاد نەچێت کە بە دانپێدانانی عەرەبی سوننە خۆیان، ھەر سەرۆک بارزانی بووە ھۆکاری سەرەکیی ڕێککەوتنی محەمەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر.
پێش گەیشتنی عێراق بەم دۆخە، ھەمیشە سەرۆك بارزانی ڕێنوێنیی خۆی بۆ ڕێککردنەوەی پەیوەندییەکان و ھێنانەدیی کەشێکی سیاسیی لەبار لە عێراق خستووەتە ڕوو، ئێستا ئەمریکا" و ئێران و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، چاویان لە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانییە بۆ چارەسەری کێشە چارەنەبووەکان.
لە ڕاستیدا ئەو تێڕوانینە دەرخەر و سەلمێنەری ئەوەیە کە سەرۆک بارزانی مەرجەع و کلیلی چارەسەری کێشە سیاسییە ئاڵۆزەکانە لە عێراق، ھەموو ڕێگەکانیش ھەر دەگەڕێنەوە لای ئەو.
پێشتر ھەموان چاوەڕوانی دید و بۆچوونی سەرۆک بارزانی بوون، لەو پێناوەش زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ڕوویان کردە (پیرمام) و داوای پشتگیری لە سەرۆک بارزانی، چونکە ئەو ڕاستییە بۆ تەواوی عێراقییەکان ڕوون بووەتەوە کە ئێستا سەرۆك بارزانی ڕابەرایەتیی ڕەوتێکی گەورەی نەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، ھەتا وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لەو حەقیقەتە تێگەیشتوون.
لەو سۆنگەیەوە، ئێستا کە لە سەروبەندی چەقبەستوویی دۆخی عێراق و پێکھێنانی حکوومەتی نوێیە لەدایکنەبووەکەین، دەتوانین ئەوە بە ڕوونی ببینین کە بەھۆی سازش نەکردن و بەھێزیی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی وەک مەرجەع و ڕابەرێکی نەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستان، کورد بە بەھێزییەوە لە بەغدا بێت و ئێستا لە ھەموو کات زیاتر چاو لە بۆچوونی لایەنە کوردییەکان دەکرێت بە تایبەت دوای لەگەڵبوونی عەرەبی سوننە.

لەسەر ئاستی ناوخۆش ئەوە ئاشکرا و ڕوونە، مانەوەی پێگەی ھەرێم و بەھێزبوونی قەوارەکەی لە ڕۆحییەتی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕیی سەرۆک بارزانییەوە مسۆگەر و پارێزراوە، ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی لەمەڕ كێشەی کوردی و بابەتگەلە نیشتمانییەکان، ھەموو دەمێ نەیارانی کوردستان تووشی بێئومێدی و ناڕەحەتی دەکات، چونکە ئەوەیان لا ئاشکرایە کاتێک ئەو قسە دەکات، واتا بۆچوونی ھەموو کوردێکی نیشتمانپەروەری خاکپارێزە، کە بریتییە لە پاراستنی شوناس، خاک و نەتەوە و مێژوو، ھەتا مردن و بەچۆکداھێنانی نەیارانی کوردستان.

Top