سالار تەحسین سەیدۆ دری: رێکارەکانی پێشوازی دەروازەی حاجی ئۆمەران زیارەتکارانی سەرسام کرد "

سالار تەحسین سەیدۆ دری: رێکارەکانی پێشوازی دەروازەی حاجی ئۆمەران زیارەتکارانی سەرسام کرد

ئه‌مساڵ بۆ یه‌کەمین جار کوردستان وه‌کو رێگای هاتووچۆ بۆ زیارەتکارانی نەجەف و که‌ربه‌لا هه‌لبژێردراو کاروانی ھاتنی زیارەتکاران لە ٤ی ئەیلوول بە شێوەی نافەرمی و ۷ی ئەیلوولی ۲٠۲۲ بەشێوەی فەرمی لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بۆ نەجەف و کەربەلا دەستیپێکرد بەمەبەستی چلەی ئیمام حوسێن، لە بژاردەی دەروازەی حاجی ئۆمەران لە نێوان كومارى ئیسلامی ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو زیاتر لە ٥٠ هەزار گەشتیار لە دەروازەی حاجی ئۆمەران ھاتووچۆیان کردووە، ئەم پرۆسەیە کارێکی گه‌و‌رەو گرنگییەکی کولتووری و فەرھەنگی ھەبووەو پیشانده‌ری پێوه‌ندی باش له نێوان هه‌ر دوو وڵات و نه‌ته‌وه پەیوەندی ڕۆحی و کۆمەڵایەتی و درواسێتی له نیوان خه‌ڵکی ئێران و ھەرێمی کوردستان بوو، ئه‌مەیان هەم بۆ ئێستاو ھەم بۆ ئایندەی ھەردوو وڵات پەیامێکی زۆر مانادار و پربەھای هه‌یه.
لیژنەی باڵا لە دەروازەی حاجی ئۆمەران تاکو بازگەی شێراوە ئامادەکاری و ئاسانکاری زۆر باشیان کراوە، تێكڕای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران هەر لە کۆمەلگاو پەیوەندییەکان، گومرگ و لایەنی ئەمنی درێغیان نەکردووە و نشینگە و پاسپۆرت پشکی شێری لەو ماندوبوونە بەرکەوتووە، بە پلەی یەکەم لە دەروازەی حاجی ئۆمەران ئەرکە قورسەکەیان لەسەر شان بووە.
کارمەند و ئەفسەرانی نشیگە و پاسپۆرت بەھێزی نەرم و کارامەیی لۆجیستی مرۆیی ھەرچی ئاسانکاری و ئامادەکاری پێویست بوو ئەنجامیان داوە، هەروەکو بە دیجیتاڵیبوون و خێراراییکردن و خزمەتگوزاری و پێشوازی و بەرێکردنی پاسپۆرت بۆ هەر گەشتیارێک چەند خولەکی کەم بووە، لە لایەکی دیکەوە بەهۆی ھێلی تەماس و بەریەککەوتنی زیارەتکاران لەگەڵ ھێزی مرۆیی نشینگە و پاسپۆرت، ئاسایش و پەیوەندییەکان بووە، بۆیە زۆرترین مامەڵە و وتەی پێشوازی و بەخێرھاتن و چێککردنی پاسپۆرت ئەرکی کارمەندانی نشینگە بووەو بە گوتاری زۆربەی زیارەتکاران ئەوەی ئەم جارە لە روویی پێشوازی و خزمەتگوزاری و پێداویستی و خێرا بەرێکردنی زیارەتکارانی ئێران لە دەروازی حاجی ئۆمەران ئەنجامدرا، لە مێژووی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ نەجەف و کەربەلا لە تەواوی سنورەکانی عێراقدا نەبووەو بێ وێنە بووە.
بۆ سەڵماندنی ئەو وتەیە، پێشتر ١٢ کۆمپیوتەر لە ئامادەباشیدابوون بۆ چێککردنی پاسپۆرت، بەڵام لەم پرۆسەیەدا ٤٠ کۆمپیوتەر تەرخانکراوەو لە یەک خولەکدا ٤٠ بۆ ٥٠ پاسپۆرتی گەشتیار چێک دەکرێت، ئەمە نەک تەنھا بۆ ئەم پرۆسەیە، بەڵکوو بۆ ئایندەی دەروازەکەش زۆر باش و رۆشەنە، بەتایبەت بۆ جەژنەکانی نەورۆز، قوربان و ڕەمەزان و ھەر حاڵەتێک کە لودێکی زۆر لە سەر کۆمپیوتەرەکان دروست ببێت، ئیدی لە ئایندە کێشەی ئاپۆراو گردبوونەوە دروست نابێت.
زیارەتکارانی ئێرانی لە خزمەتگوزاری، رێکارەکان و سیستەمی حاجی ئۆمەران زۆر سوپاسگوزار بوون و بەدەنگی بەرز دەیان وت: "ئێمە لە چەندین دەروازەی ترەوە سەفەرمان کردووە بۆ نەجەف و کەربەلا بۆ چلەی ئیمام حۆسێن، بەڵام پاراستنی رێز و شکۆ، پێشوازی و خزمەتگوزاری و خێرا راییکردنی پاسپۆرت و رێکارەکانی دیکە لە حاجی ئۆمەران نموونەیی بووە"، بە زمانی فارسی نزایان دەکرد: (خداوند اقاى بارزانى را حفظ كند). واتە خودایە سەرۆک بارزانی بپارێزی.
یەکێک لە زیارەتکاران لەکاتی گەڕانەوە خۆم پرسیارم لێیکرد دەربارەی رێکارەکانی چوون و ھاتن لە دەروازەو کوردستان چۆن بوو؟ لە وەڵامدا وتی: "بۆ جاری پێنجەمە دەچم بۆ نەجەف و کەربەلا، ٤ جار لە دەروازەی مێھران و یەک جار لە حاجی ئۆمەران.. ئەم دەروازەیە بەراورد بە دەروازەی مێھران پاریسە"..! زیارەتکارێکی تر دەیگووت: (اربيل محشره، اربيل بهشته)، (حاج عمران خيلى عالى بود.. خدمات بسيار عالى بود).
پێشتر ئەگەر واباویش بووبێ کە دەروازەی حاجی ئۆمەران، دەروازەیەکی بێزارکەربووە بۆ گەشتیار.. بەڵام ئەم جارە لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەروازە بۆ ھەموو عێراق و کوردستان سەڵماندیان کە باشترین و رێکوپێکترین دەروازەیە و پێشانیدا لە رووی پاک و خاوێنی و ئەتەکێتی پێشوازی سەردەمیانە و رووی خۆش بێ وێنەیە".
گەشبینم نەک ئەم جارە، بەڵکوو بۆ ئایندە ئەمە دەبێتە کولتوورو ستراتیژییەتی کارکردنی ئێمە و دڵنیاشم ھەموو بەرێوەبەرەکان و ھێزی مرۆیی دەروازە ئەو نییەتەیان ھەیە و ئیدی سیمای دەروازەکە بۆ ھەمیشە بە روویەکی شارستانی و رۆحییەتێکی میواندۆستی و میوانپەروەری دەمێنێتەوە، پێویستە ئێمەمانان لە دەروازەکان ھەمیشە بە چاوی باڵوێزێک سەیری ھەر میوانێک و گەشتیارێک بکەین. چونکە ھەر گەشتیارو میوانێک خوێندنەوەی وڵات لە ئەدای ئەو کادیرە دەبینێت کە پێشوازیان لێدەکات و کارەکانیان رایی دەکات. ئەگەر مامەڵەی باشبوو، وڵاتەکە بە باشی دەبینێت و ئەگەر ھەڵسوکەوتەکەی نابەجێ بوو، بە پێچەوانەوە دەبینێت.
سیاسەتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشە کە پێویستە بە پێشوازییەکی گەرم و ئەتەکێتێکی سەردەمیانەو ڕوویەکی شارستانی و لوتفێکی شیرین پێشوازی لە میوانان و گەشتیاران بکرێت و شکۆیان پارێزراو بێت.. ھەمیشە ئامانج و ستراتیژییەتی ئێمە لەگەڵ ئەفسەرو کارمەندان ئەوە بووە بە ھێزی نەرم و ئەتەکێتێکی جوان پێشوازی لە گەشتیاران بکرێت و ئەمەمان کردۆتە بناغەی بەرەوپێشچوونی دامەزراوەکەمان، چونکە ئێمە وەک نشینگەو پاسپۆرت لە دەروازە سنوورییەکان پێناسەی وڵاتین و ئاوێنەی حکوومەتین. لێرەوە دەستخۆشی لەتەواوی کارمەندانی نشینگە و پاسپۆرت دەکەم کە ئەوانەی لەپشوشدابوون بۆ ئەو پرۆسەیە بەتێکڕای لەسەرکارن و دەستیان دەگوشم، سوپاسی زۆر بۆ هێزە ئەمنیەکانی دەروازەو گشت فەرمانبەرانی کۆمەلگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەکەم کە هاوشانی ئێمەبوون لەو ئەرکە نیشتیمان پەروەری و مرۆڤایەتیەدا..

سالار تەحسین سەیدۆ دری
بەرێوەبەری نشینگەو پاسپۆرتی حاجی ئۆمەران و ئەندامی لیژنەی باڵای پێشوازیکردن لە زیارەتکاران

Top