ده‌مه‌وێ گروپێك یاریزانى كچ دروست بكه‌م

ده‌مه‌وێ گروپێك یاریزانى كچ دروست بكه‌م

تاژان نه‌سره‌دین ڕاهێنه‌ر و یاریزانى ئه‌سپ سواری
ده‌مه‌وێ گروپێك یاریزانى كچ دروست بكه‌م
هه‌ر چه‌نده‌ یارى ئه‌سپ سوارى یارییه‌كى جیهانییه‌ و چه‌ندین پاڵه‌وانێـتى له‌سه‌ر ئاستى جیهان به‌رێوه‌ ده‌چێت ساڵانه‌، به‌ڵام له‌ كوردستان و بگره‌ له‌ عێراقیش وه‌كو پێویست ئاوه‌ڕ له‌م یارییه‌ نه‌دراوه‌ته‌وه‌، زیاتر هه‌وڵه‌كان تاكه‌ كه‌سین بۆ به‌ره‌ووپێش بردنى ئه‌م یارییه‌، یانه‌ى سوارچاكی كۆڕاز له‌ پارێزگانى سلێمانى ماوه‌یه‌كى زۆر گرنگى به‌ یارییه‌كانى ئه‌سپ سوارى ده‌ده‌ن و چه‌ندین یاریزان و ڕاهێنه‌رى به‌ ئه‌زموون له‌م یانه‌یه‌ كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوودا ئه‌م یانه‌یه‌ بكه‌نه‌ نموونه‌یه‌كى به‌رزى یاری ئه‌سپ سوارى له‌ سه‌ر ئاستى پارێزگاى سلێمانى و كوردستان و عێراقیش، یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ به‌توانان و كۆنه‌كانى یانه‌كه‌ش كچه‌ یاریزان و ڕاهێنه‌ر تاژان نه‌سره‌دین-ه‌ ئه‌و یاریزانى یانه‌ى جه‌یش و ڕاهێنه‌رى ئه‌سپ سوارى یانه‌ى كۆڕازه‌ ناوبراو له‌ دایك بووى ساڵى 1993ى شارى سلێمانییه‌ و خاوه‌نى بڕوانامه‌ى به‌ كالۆریسه‌ له‌ كارگێڕی كار، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیاریكمان لێ كرد ئه‌وه‌یش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌:كارزان كانه‌بی
*بۆچى یارى ئه‌سپ سواریت هه‌ڵبژارد؟
-هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ باوكم به‌ ره‌حه‌مه‌ت بێت ئاشنای كردووم به‌م یارییه‌، له‌و كاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ باوكم له‌م بواره‌ كار ده‌كه‌م.
* له‌ كوردستان ئاستى یارى ئاسپ سواری له‌ چ ئاستێكدا ده‌یبینی؟
-بێگومان ئه‌م یارییه‌ له‌ هه‌موو جیهان گرنگی زۆرى پێ ده‌درێت، له‌ ئێستادا له‌م چه‌ند ساڵه‌ى ڕابردوو هه‌وڵى تاكه‌ كه‌سى دراوه‌ بۆ به‌ره‌وپێشچوونى و له‌ ساڵانى پێشوو باشتره‌، به‌ڵام هێشتا به‌ پێى پێویست نییه‌ و ئه‌و هه‌وڵانه‌ى دراوه‌ له‌ پێناو وه‌رزشه‌كه‌دا نییه‌ و زیاتر بزنسی پێوه‌ ده‌كرێت.
*بۆچى له‌ كوردستان وه‌كو پێویست گرنگى به‌م یارییه‌ جیهانییه‌ نادرێت؟
-هۆكار زۆرن له‌وانه‌ من هه‌میشه‌ وتومه‌ و ئێستاش دووباره‌ ده‌لێم(كه‌سی شیاو له‌ شوێنى شیاو)، به‌داخه‌وه‌ نه‌بوونى كه‌سانى پسپۆڕ و شاره‌زا له‌ بواره‌كه‌دا یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كان، هه‌روه‌ها نه‌بوونى بودجه‌ى پێویست، هۆكارێكى تریش ئه‌وه‌یه‌ هێشتا كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌ و كه‌سانى به‌رپرس به‌ شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌تایی ئه‌م وه‌رزشه‌ ده‌ناسن و وورده‌كارییه‌كانى شاره‌زا نین ئه‌مه‌ گرنگترین و دیارترین هۆكاره‌ بۆ پشتگۆێ خستنی ئه‌م وه‌رزشه‌.
*پێت باشه‌ چى بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م یارییه‌ بچێته‌ قۆناغێكی تازه‌وه‌؟
-چه‌ند هه‌نگاوێك هه‌یه‌ ده‌بێت بنرێت بۆ به‌ره‌ووپێشچوونى ئه‌م یارییه‌ له‌وانه‌، ده‌بێـ كه‌سى پسپۆڕ له‌ وه‌رزشیی سوارچاكی دابنرێت، نه‌ك كه‌سانێك ته‌نها ئیشیان به‌خێوكردنى ئه‌سپ بووه‌ و ته‌نها له‌ به‌خێوكردن شاره‌زان و ده‌زانن تاوی ئه‌سپ و مابن بده‌ن و هیچى تر، ده‌بێت گۆڕه‌پانى گونجاو دروست بكرێت كه‌ تایبه‌ت بێت به‌ یارییه‌كانى ئه‌م وه‌رزه‌ و له‌ خزمه‌تى هه‌موو یاریزاناندا بێت، نه‌ك له‌ خزمه‌تى چینێكى تایبه‌ت بێت، هێنان یاخود دروست كردنى ناوبژیوانى شاره‌زا له‌ بواره‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش به‌ كردنه‌وه‌ى خول ده‌كرێت له‌لایه‌ن كه‌سانى پسپۆڕ، دابین كردنى بودجه‌ى پێویست له‌لایه‌ن حكومه‌ت یاخود كه‌رتى تایبه‌ت و سپۆنسه‌ركردنى پاڵه‌وانێتییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه‌، كردنه‌وه‌ى خول و پاڵه‌وانێتى ساڵانه‌ چه‌ند جارێك.
*ساڵانه‌ كردنه‌وه‌ى یه‌ك دوو پاڵه‌وانێتى به‌به‌شدارى ژماره‌یه‌ك یاریزانى كه‌م ده‌بێته‌ هۆكارى پێشكه‌وتنى ئه‌م یارییه‌؟
- به‌لێ بێگومان به‌شدارى كردن له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كاندا ده‌بێته‌ پاڵنه‌رێك بۆ یاریزانان و فێرخوازانى خوله‌كانیش كه‌ به‌رده‌وام بن و كۆڵ نه‌ده‌ن، به‌مه‌ش هه‌نگاوێك ئه‌م وه‌رزه‌ ده‌باته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌گه‌ر چى كه‌م و كورییه‌كانیش زۆرتربن، به‌ڵام بوونى پاڵه‌وانێتییه‌كان خۆى له‌ خۆیدا بوونى وه‌رزشه‌كه‌ ده‌سه‌لمێنێت.
*كێشه‌و ئارێشه‌كانتان چین له‌م وه‌رزشه‌؟
-هه‌مووى په‌یوه‌ندی به‌ گرنگیدان به‌م وه‌رزشه‌وه‌یه‌، ئاوڕی جددی له‌م وه‌رزشه‌ نه‌دراوه‌ته‌وه‌ تا ئێستا هه‌وڵه‌كان تاكه‌ كه‌سین و به‌هۆى حه‌ز و خۆشه‌ویستى كه‌سانى ناو بواره‌كه‌وه‌یه‌ و وه‌كو پێویست نییه‌، گرنگترین گرفت كه‌سانێك تێكه‌ل به‌وم وه‌رزه‌ بوون كه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌م وه‌رزشه‌وه‌ نیه‌ و كه‌سانى شاره‌زا و پسپۆڕ نین، نه‌بوونى گۆڕه‌پانى گونجام و ئه‌نجام نه‌دانى پاڵه‌وانێتى له‌م ساڵانه‌ى دواییدا به‌ شێوه‌یه‌كى فه‌رمی نه‌ك له‌لایه‌م یانه‌یه‌كى دیارى كراو.
* بۆ حه‌ز یاخود بۆ وه‌رزش ئه‌م یارییه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌یت؟
-بێگومان هه‌ركارێك بكرێت ده‌بێت سه‌ره‌تا حه‌زت لێ بێا و خۆشات بووێت به‌م شێوه‌یه‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بیت، منیش به‌ خۆشه‌ویستیه‌وه‌ وه‌رزشه‌كه‌ ده‌كه‌م.
*له‌ ئه‌سپ سواری هیچ كات دووچارى كێشه‌و گرفت بوویته‌وه‌؟
-بێگومان كۆمه‌ڵگه‌ و كلتوور منی بێ به‌ش نه‌كردووه‌ له‌ كێشه‌و گرفت، به‌ڵام پاڵپشتى كردنى خێزانه‌كه‌م ڕیان له‌و گرفتانه‌ گرت و چى تر نه‌بوون به‌ به‌ربه‌ست به‌ تایبه‌تى پاڵپشتى باوكم شێخ نه‌سره‌دین به‌ ڕحمه‌ت بێت هه‌میشه‌ له‌ پشتم بووه‌، رێگه‌ى نه‌داوه‌ گرفت دووچارم بێت.
*هیواو و ئاواتت وه‌كو كچه‌ ئه‌سپسوارێك؟
-به‌گشتى هیوام وایه‌ كه‌ كێشه‌و گرفته‌كانى ئه‌م وه‌رزشه‌ به‌ كۆتا بێت و ئاوڕێكى جددی له‌م وه‌رزشه‌ بدرێته‌وه‌، له‌ سه‌ر ئاستى تاكه‌كه‌سیش بتوانم ئاواتى باوكم بهێنمه‌ دی وه‌كو پاڵه‌وانێكى نێوده‌وڵه‌تى خۆم ببینمه‌وه‌.
* به‌رنامه‌ى داهاتوو چیه‌ بۆ ئه‌م وه‌رزشه‌؟
-به‌رنامه‌م زۆره‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا خۆم ئاماده‌ ده‌كه‌م بۆ پاڵه‌وانێـى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق به‌ پشتیوانى خوداى گه‌وره‌ ئه‌نجامى باش به‌ده‌ست ده‌هێنم.
*وه‌كو ڕاهێنه‌رێك به‌ نیازی چیی بۆ ئه‌سپ سواری؟
-له‌ داهاتوو دا ده‌مه‌وێ گروپێك یاریزانى كچ دروست بكه‌م و ئه‌ركی ڕاهێنانیان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرم و ئاماده‌یان ده‌كه‌م بۆ پاڵه‌وانێتییه‌كان، هه‌روه‌ها له‌ ئێستادا له‌ یانه‌ى سوارچاكی كۆڕاز وه‌كو ڕاهێنه‌ر و مامۆستا كار ده‌كه‌م بۆ دروست كردنى كه‌سانى پسپۆڕ و شاره‌زا له‌ بوارى سوارچاكی دا.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-زۆرسوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و هه‌موو ماندوو بوونه‌وه‌تان، هیوادارم نموونه‌تان زۆر بێت، چونكه‌ كه‌م كه‌س هه‌یه‌ گرنگى به‌م باسه‌ بدات.

 

Top