كەمخەوی هاندەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە!

كەمخەوی هاندەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە!

نووستنی شەوانە بۆ ماوەی 7-9 كاتژمێر هەرگیز مانای تەمەڵی ناگەیەنێت، بەڵكو دابینكردنی پێویستییەكی گرنگیی رۆژانەی لەشە، پێویستە كە ئاستی گرنگیدان بە خەو هیچی لە گرنگیی خۆراك كەمتر نەبێت. ئایا دەزانی كە كەم نووستن Sleep deprivation ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە زیاد دەكات؟ ئەمە زانراوە كە كەمخەوی پەیوەندی بە گرفتی تەندروستیی دیكەیشەوە هەیە وەكو: كەمبوونەوەی تەركیز، هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج، لەگەڵ چەند گرفتێكی دیكە، بەڵام لە نوێترین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە كەمخەوی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە بەرزدەكاتەوە، بۆنموونە خەوزڕان، كوالێتیی خراپی خەو، یان هەناسەتەنگی لەكاتی خەودا هەموویان پەیوەندییان بە زیادبوونی ئەگەری نەخۆشیی شەكرە هەیە. كەمخەوی یان نووستن بۆ ماوەی كەمتر لە شەش كاتژمێر شەوانە، دەبێتە ئەگەری گۆڕان لە میتابۆلیزمی لەشدا بە شێوەی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن و پەیدابوونی بەرگری دژ بە هۆرمۆنی ئینسولین، كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم زیاد دەكات. كەمخەوی هۆكارە بۆ شەكەتیی مێشك زیاتر لە هیلاكیی جەستەیی، ئەمەش هاندەرێكی ترە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن و زیادبوونی ئەگەری نەخۆشیی شەكرە، كە لەگەڵ تێكچوونی زیاتری خەو دەبێتە ئەڵقەیەكی نەپچڕاو، تا ئەو كاتەی كە خەوێكی دروست دێتە ئاراوە.

 

Top