دكتۆر یوسف بەرزنجی پڕۆفیسۆر لە كۆلێژی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین بۆ گوڵان: 28 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلكە لە هەولێر دامەزراون
بەرهەمی هێلكە لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و تەواوی پێداویستییەكانی ناوخۆ پڕ دەكاتەوە و هەناردەی دەرەوەش دەكرێت. پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە لە چوارچێوەی زنجیرەیەك پڕۆژەی گرنگیی هەڵهێنەری پەلەوەر و بەرهەمهێنانی پەلەوەری گۆشت و هێلكەی خواردن و سەربڕخانەی پەلەوەر و كارگەكانی ئالیك دێت. بۆ قسەكردن لەسەر پڕۆژەكانی پەلەوەر، بەتایبەتی زیادبوونی بەرهەمی هێلكەی خواردن، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەی دكتۆر یوسف بەرزنجی پرۆفیسۆر لە بەشی سامانی ئاژەڵی لە كۆلێژی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكان لە زانكۆی سەلاحەدین كرد.
* پڕۆژەكانی پەلەوەر، بەتایبەتی پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی هێلكەی خواردن لە هەرێمی كوردستاندا ڕووی لە بووژانەوە كردووە، ئایا دەكرێت بگوترێت لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی گۆشتی پەلەوەر و هێلكە گەیشتووەتە خۆبژێوی؟
- سیاسەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و گرنگیدان بە فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و هەمەڕەنگكردنی ئابووری، بەتایبەتی ڕووكردنە كەرتی كشتوكاڵی و ئاژەڵی و پەلەوەر، زۆر ئومێدبەخشە، هەرچەندە ئەم كەرتە ڕووبەڕووی تەحەددایەكی گەورە بووەتەوە، كە ئەویش وشكەساڵییە، بەڵام پاڵپشتی و هاوكارییەكانی حكومەت و هاتنە پێشەوەی كۆمەڵێك وەبەرهێن بۆ دامەزراندنی كێڵگەی نموونەیی و دروستكردنی پڕۆژەی گۆشتی پەلەوەر و بەرهەمهێنانی هێلكە، هەمووی كاریگەرییەكی زۆر باشی لەسەر بووژانەوەی ئەم سێكتەرە گرنگە هەبووە، قەدەغەی هاوردەكردنی هێلكە لە دەرەوەی سنوورەكان بۆ ناو هەرێمی كوردستان خۆی لە خۆیدا كاریگەریی باشی لە سەركەوتنی ئەم بوارە هەبووە، بەتایبەتی كە پێشتر زیاتر لە 20 پڕۆژەی گەورەی بەرهەمهێنانی هێلكە بە تەواوی توانای خۆیانەوە كاریان نەكردووە، ئەمە جگە لە پاشەكشەی بەرهەمهێنانی هێلكەی كوردی، كە لەلایەن گوندنشینەكانەوە دەهێنرانە بازاڕەكانی نێوخۆی شارە گەورەكانی كوردستانەوە، ئامار و ژمارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ دەریانخستووە كە لە هەرێمی كوردستان 28 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلكە هەیە و، لە ڕۆژێكدا 13 هەزار كارتۆن هێلكە بەرهەم دەهێنرێت (توانای بەرهەمهێنانی 2.5 ملیار هێلكەیان هەیە لە ساڵێكدا) لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان نیوەی ئەو بەرهەمەی پێویستە، هەواڵە دڵخۆشكەرەكەش لەوەدایە كە ژمارەیەكی زۆری دیكەی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلكە مۆڵەتیان وەرگرتووە و لە قۆناغی تەواوبووندان، هەروەها 53 هەڵهێنەری جووجكە هەیە، كە توانای بەرهەمهێنانی 377 ملیۆن جووجكیان هەیە لە ساڵێكدا، وە 37 كارگەی ئالیك بوونی هەیە، كە توانای بەرهەمهێنانی 625 تەن ئالیكە لە سەعاتێكدا، بەمەش بۆ یەكەمینجار هەرێمی كوردستان نەك هەر توانای خۆبژێوی لە بەرهەمی هێلكەدا بەدەست هێناوە، بەڵكو ڕەوانەی بازاڕەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش دەكرێت.
* پڕۆژەكانی پەلەوەر و بەرهەمهێنانی هێلكە لە ڕووی ئابوورییەوە چەند سوودی بۆ هەرێمی كوردستان و ڕەخساندنی هەلی كار هەیە؟
- هەردوو سێكتەری پەلەوەر و هێلكە جگە لەوەی بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراكی گرنگە، چەندین سوودی دیكەی هەیە، لەوانە بەگەڕخستنی دەستی كار و كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمەكە لە ڕووی تەندروستییەوە، لەمەش گرنگتر بڕە پارەیەكی زۆری هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی ئەم بەرهەمە ناچێتە دەرەوەی هەرێم و، دەكرێت بە ناردنی بۆ ناوچەكانی دیكەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق تەكامولی ئابووری لەم بوارەدا دروست ببێت و پەیوەندییەكی باش لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان لە ڕووی دابینكردنی كەرەستەی خاو و ناردنی بەرهەمەكە و ساخكردنەوەی دروست ببێت. گرفتەكە لەوەدایە ئێمە تا ئێستا نەمانتوانیوە ڕوو لە پیشەسازیی خۆراكی بكەین، لەمەشدا ئومێد زۆرە بە تەواوبوونی ناوچە پیشەسازییەكان لە شارە گەورەكان و لەگەڵ ئاراستەكردنی وەبەرهێنان بەرەو كەرتی كشتوكاڵ، بەتایبەتی ئاژەڵی و پەلەوەر و هێلكە و ماسی، ئەم بوارەش ببووژێتەوە.
* مەبەستت لە پیشەسازیی خۆراك بۆ هەردوو كەرتی پەلەوەر و هێلكە چییە؟ پێویستە چی بكرێت بۆ ئەوەی لە كەرتی پیشەسازیی خۆراكدا لە ڕووی گۆشتی پەلەوەر و هێلكەوە تووشی زیان نەبین، بەتایبەتی كە بەرهەمی ناوخۆ زیاترە و لە كاتی دروستبوونی هەر ئەگەرێكدا، كە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دابخرێت، ئایا ئەم بەرهەمە تووشی زیان نابێت؟
- ئەمە پرسیارە گرنگەكەیە، لە نووسراو و كتێبەكانی پێشووی سەردەمی پاشایەتی لە عێراقدا، كوردستان وەكو سەبەتەی خۆراكی كشتوكاڵی عێراقی باسی هاتووە، ئاو و هەوا و ژینگەی لەباری چوار وەرزە و بێگومان ئارامی و سەقامگیریی سیاسی وا دەكات وەبەرهێنەران ڕوو لە كەرتی بەرهەمهێنان بكەن، بەتایبەتی لە بواری كشتوكاڵ و ئاژەڵی و پەلەوەریدا، لە ڕووی كەڵكی ئابوورییەوە پڕۆژەكانی پەلەوەر و بەرهەمێنانی هێلكە لەبارن بۆ گەشەكردن، بەتایبەتی كە لەم چەند ساڵەی دواییدا جۆرێك پاڵپشتیی پڕۆژەكان كراون، بە قەدەغەكردنی هێنانی بەرهەمی بیانی لە وڵاتانی دراوسێ، ئابووریی كشتوكاڵی تەنیا بەرهەمهێنان نییە، بەڵكو ساخكردنەوە و دۆزینەوەی بازاڕیشە بۆ زیادەی بەرهەم، بەتایبەتی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا توانرا بەرهەمی گۆشتی پەلەوەر و هێلكەی خواردن زیاد بكرێت و، تەنانەت بە هەوڵ و كۆششێكی زۆر توانرا لە بازاڕەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ساخ بكرێتەوە، ئەم هەوڵانە كاتی زۆری دەوێت و هەنگاوەكانی بونیات لەسەر خۆیە، بەڵام دەرئەنجامی باشی دەبێت، دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان و خودی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاویش هەنگاوی باشیان ناوە چ لە ڕووی ئاسانكاریی بۆ دامەزراندنی پڕۆژەكانەوە بێت، یان بە پاڵپشتییان بێت لە ڕووی قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆدا گەیشتوونەتە ئاستی خۆبژێوی و زیاد بەرهەمین. من لە نزیكەوە ئاگاداری ئەو یاسا و ڕێنماییانەم كە بەردەوام دەردەكرێت، بەتایبەتی ئەو ڕێسا و ڕێنماییانەی لە وەرزێكی دیاریكراوی ساڵدا كە بەرهەم زیاد بوو، دەردەكرێن بۆ قەدەغەكردنی هێنانی ئەو جۆرە بەرهەمانەی توانای كۆنتڕۆڵكردن و دابینكردنی خواستی بازاڕیان هەیە. ڕاستە لێرەولەوێ هێشتا ڕێگەی قاچاخی مەرزەكان ماوە، كە زۆربەی جار حكومەتی عێراق بەو بیانووەوە ناهێڵێت بەرهەمی خۆماڵیی كوردستان داخڵی ناوچەكانی عێراق بێت، بەڵام هەوڵەكان و ئەرك و ماندووبوونەكان جێگای دەستخۆشین، تەنانەت وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران و كردنەوەی دەیان پڕۆژەی ئەمبار و سایلۆ و ناوچەی پیشەسازیی خۆراكی و كارگەی پیشەسازیی خۆراك و بازاڕ و عەلوەی هاوچەرخ، هەمووی هاندانی بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵە بەگشتی و، لە ناویشیاندا سێكتەری پەلەوەر و هێلكەی خواردن، دەكرێت بیر لە پڕۆژەی گەورەتر و گرنگتریش بكرێتەوە، چونكە سەركەوتن لە كارێكدا سەركەوتنی دیكە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. با لە سەرەتای ژێرخانی ئەم دوو سێكتەرەوە دەست پێ بكەین، لە پەلەوەرسازیدا زۆر گرنگە لە ڕووی ژێرخانی دابینكردنی عەلەف و ڕواندنی گەنمەشامی و سۆیاوە، كە نرخەكەی زۆر بەرزە و دابینكردنی ئەو ئامێر و كارتۆن و كەرەستانەوە دەست پێ بكەین كە هەر هەمووی لە دەرەوە دەهێنرێت، دواتر بیر لە دامەزراندنی كارگەی گەورەی عەلەف و ئالیك بكرێتەوە، نەك تەنیا بۆ پڕكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ، بەڵكو بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش، بەتایبەتی كە لە ئێستادا نرخی جیهانیی هێنانی عەلەف و ئالیك زۆر گران ڕادەوەستێت، سەرچاوەی ئالیك بە ڕێژەی 70%ی تێچوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆیە، بە هۆی هێنانی ئەو كەرەستەو ئالیك و عەلەفانەی كە بەنرخێكی زۆر لەدەرەوە دێت، كەواتە ئەگەر توانیمان نرخی عەلەف كەم بكەینەوە، لە ڕووی نرخەوە بەرهەمی خۆماڵی كێبڕكێیەكی بەهێزی بەرهەمی پەلەوەر و هێلكەی وڵاتانی دەوروبەر دەكات. خاڵێكی دیكەی گرنگ، بەتایبەتی لە پارێزگای هەولێر، بەردەوامیی وشكەساڵییە، كە گرفت بۆ دابینكردنی ئاو بۆ پڕۆژەكان دروست دەكات، بەتایبەتی كە لە پارێزگای هەولێر نیوەی زیاتری پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە لەخۆ دەگرێت و، لە هەندێك ناوچە ئاوی ژێر زەوی ئاستەكەی بۆ 700 مەتر دابەزیوە، یان ڕیتمی بارانبارینەكە گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، لە كاتێكدا لافاو دروست دەبێت و لە ماوەیەكی زۆریشدا باران نابارێت، كەشوهەوا لە بەردەم گۆڕانكارییەكی مەترسیداردایە، لەمەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سەرقاڵی 12 بەنداوە كە هەندێكی لە قۆناغی دروستكردندایە، دەكرێت ئێمە لە گوندەكان هەنگاو بەرەو بەربەستی ئاوی بنێین، با بچووكیش بێت، خۆ ئاوەكەی دەچێتە ژێر زەوی و بەرهەمی ئاوی ژێرزەویی پێ زیاد دەبێت، یان لە چەند وەرزێكدا دەتوانین ئاوەكەی بۆ كشتوكاڵ و ژیانەوەی دارستان و باخ و بەرهەمی میوەجات بەكار بهێنین.
بە شێوەیەكی گشتی زۆر بەرهەم هەیە كە لە پیشەسازیی خۆراكی بەكار دەهێنرێت و دەكرێت گرنگی بەو بەرهەمان بدرێت و، وەكو مەرج بەسەریاندا بسەپێنرێت كە بەرهەمی خۆماڵیی هێلكەی پڕۆژەكانی كوردستان بەكار بهێنن.
* بەو پێیەی پڕۆژەكانی پەلەوەر و بەرهەمهێنانی خۆراك لە ناوچەكانی دەرەوەی شارە گەورەكان دامەزراوەن، ئەمە تا چەند ڕۆڵی لە دابینكردنی هەلی كار بووە؟
- پڕۆژەكانی پەلەوەر و بەرهەمهێنانی هێلكە لە دەرەوەی شارەكانن، واتا لە ناوچە دەشتایی و شاخاوییەكان دانراون، ڕاستە لەبەر گرفتی بۆن و تەندروستی زۆر نزیكی گوندەكان نییە، بەڵام خەڵكی گوندەكان دەتوانن لەو پرۆژانەدا كار بكەن، ئەمەش دوو سوودی هەیە، لە لایەك دەبێتە هۆی دابینكردنی هەلی كار بۆ گوندنشینەكان، لە لایەكی دیكەوە هاندەر دەبێت بۆ ڕاوەستانی كۆچی گوندنشینان بۆ شارە گەورەكان، كۆی گشتیی هەموو ئەم پڕۆژەیانە سەرەتای ڕێگەیە بەرەو بووژانەوەی ژێرخانی كشتوكاڵی و پەرەپێدانی ئابووری و زیادبوونی سەرچاوەكانی دیكەی داهات. كشتوكاڵ و پیشەسازی و وەبەرهێنان زنجیرەیەك كاری بە یەكترەوە بەستراون و بووژانەوە لە هەر سێكتەرێكدا دەبێتە هۆی بووژانەوەیەكی دیكەی سێكتەرێكی دیكە، كوردستانیش دەبێتە ناوچەیەكی دەوڵەمەند و بەپیت، بۆ دابینكردنی خۆراك لەم سەردەمەدا كە بەرزیی نرخی خۆراك بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانێكی جیهانیی خۆراك و هەموو بەرهەمە خۆراكییەكان لە سەرچاوەی بەرهەمهێنانیەوە گران بوون و، تا دەگاتە دەستی ئێمە نرخی زۆر زیاتر دەبێت. من لە ڕێگەی گۆڤارەكەتانەوە داواكارییەكم هەیە، ئەویش بوونی توێژینەوەی زانستیی كشتوكاڵی و ئابوورییە پێكەوە، هەروەها بانكی كشتوكاڵی دابمەزرێتەوە و بە شێوازێكی مۆدێرن بتوانێت قەرز بە جووتیار بەتایبەتی خاوەن پڕۆژە گەورەكان بدات، لە ناویشیاندا پڕۆژەكانی پەلەوەر و بەرهەمهێنانی هێلكە، بۆ ئەوەی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو لەم بوارەدا دابین بكەن، هەروەها هەر پڕۆژەیەكی كشتوكاڵی هەنگاو بەرەو چەند كارگە و پیشەسازییەكیش بنێت، بۆ نموونە: جووتیار دەكرێت گەنمەشامی و كەرەستە خاوەكانی عەلەف بەرهەم بهێنێت، هاوكات كارگەیەكی عەلەفیش هەبێت و چەندین هۆڵی بەخێوكردنی پەلەوەر و بەرهەمهێنانی هێلكەش هەبن، لە ڕێگەی قەرزیشەوە بیر لە دابینكردنی تەواوی كەرەستەی خاوی پڕۆژەكە بكرێتەوە، وەكو كارگەی دروستكردنی كارتۆن و كارگەكانی دیكەی پیشەسازیی خۆراكی تایبەت بەم سێكتەرەی سامانی ئاژەڵی.