دوو تابلۆ

دوو تابلۆ

ئامادەكردنی/تاریق كارێزی

جارێكیان لە گەورە نیگاركێشی كوردستان مامۆستا ئازاد شەوقیم پرسی «هونەری یان چی؟» بەرسڤی دامەوە و گوتی «هونەر واتە تەكنیك.» ئەگەر لە دوایین تابلۆیەكانی ئەو بڕوانین كە لە كاتی نەخۆش كەوتنی كێشا بوونی، تێدەگەین جەنابی مامۆستا لە وڵامەكەیدا فرە ڕاستگۆ بوو. تەكنیك لە دوایین تابلۆیەكانی ئەودا بە ترۆپك گەیشت بوون، بۆیە دڵی بینەری هونەرناسی كەمەندكێش دەكرد. بەدەر لەوە، هونەری نیگار دارای گەلێك پێناسەی دیكەیە.
دوور لە قسە و هەڵسەنگاندنی تیۆری، ئێمە بە كردەنی وەك بینەرێكی بە سەلیقە و شەیدای جوانی، با بچینە سەیری تابلۆ. هونەر وەك كچی جوان، وەك شۆڕە لاوی قیت و قۆز، هەر لە یەكەم نیگاوە خۆی لە نێو پەڕەی دڵ و لۆچی هزر و هۆشدا دەچەسپێنێت. ئەگەر من لە یەكەمین نیگاوە تابلۆ نەچووە نێو دڵم، هۆشمی نەلاواندەوە، زاتی ئەوە دەكەم بڵێم، ئەوە تابلۆ نییە، ئەزموونە تابلۆیە. هەر شتێكیش ئەزموون بوو، بڕوانامەی پێگەیشتن لە بەرۆكی نادرێت. مەبەستمە بڵێم، لە بازاڕی هونەری نیگاردا، گەلێك كاڵای خراپ و گێڕ، ناكامڵ و هەڵبزڕكاو هەن، كەچی بە شاكار دێنە پێش چاوی خاوەنەكانیان، ئەوان هەوڵیش دەدەن من و تۆی بینەریش بەوە ڕازی بكەن، بەڵێ كاكەی هونەرمەند كاری دانسقە و نایابی كردووە. هەندێك جار چەوتە وتاری ڕەخنەگریش، ڕای گشتی بە لاڕێدا دەبات، دید و ڕوانینی خەڵك چەواشە دەكات. ئەمانە پەتای هونەرن.
مافی خۆمە منی بینەر، منی كڕیار فافۆنم بە زیو، زیویشم بە زێڕ پێ نەفرۆشرێت. لە كانزای گرانبەهادا بۆ هەر كانزایە عەیاریش هەیە. لە دنیای هونەریشدا، دروست تابلۆ هەر وایە. خەتای من و تۆ نییە، خەڵكانێك دێنە نێو دنیای شێوەكارییەوە، بەڵام باڵی هەڵفڕینیان بە نێو ئاسمانی ستاتیكای ڕەنگ و شێوەدا نییە، كورتە باڵێكیان هەیە و نزم دەفڕن. هەشە نەفەسی كورتە و بڕ ناكات بەرز و دوور هەڵفڕێت. جا كە ناگەن بە پێگەی هونەر، خەتای من و تۆ نییە. بۆ ڕوون كردنەوەی مەبەستم، من تابلۆی دوو هونەرمەند (سامان ئەبووبەكر، دڵشاد ئیبراهیم)م هەڵبژاردووە، تا بە باری ئەرێنیدا، دەرهەق بە بۆچوونەكەم بیانكەم بە پاڵپشت و گەواهی.

سامان ئەبووبەكر گۆشەی باكووری ڕۆژاوای قەڵای كەركووكی كردووە بە تابلۆ. ئەو تابلۆیە بۆ هەمیشە دەكرێت ناونیشانی ئەو مەزنە شارەی كوردستان بێت. تابلۆیەكە لە ڕووی پێكهاتەوە زۆر چڕ و پڕە، لە ڕووی داڕشتنەوە یەكجار دامەزراوە، لە ڕووی جوانییەوە سیحری لێ دەبارێت، لە ڕووی تۆمار كردنی شوێنەوە فرە ورد و ڕیالیستە. لە ڕووی ئەندازە و ڕوانگەشەوە گەلێك تۆكمە و باڵادەستە. بۆیە من و تۆی بینەر ئەگەر بە درێژایی هەزار ساڵ لەو تابلۆیەی سامان بڕوانین، لێی بێزار نابین، نە جوانییەكەی دەپووكێتەوە، نە واتای كاڵ دەبێتەوە. ئەگەر ئەمە سیحر و دەسەڵاتی هونەر نەبێت، ئاخۆ چییە؟

دوو تابلۆ

دڵشاد ئیبراهیم دیمەنی نێو چەمێكی كردووە بە بابەتی تابلۆیەكەی. دڵشاد زۆر دەمێكە بە ڕێچكەی شای سروشت مامۆستا جەوهەر محەمەد عومەردا دەڕوات، دەست و پەنجەی كارا و لە كاری، بۆ نەخشاندنی سروشت تەرخان كردووە. تا دێت ڕووبەری تازە و دیمەنی نوێ لە سیحری جوانیی سروشت دەدۆزێتەوە. ورد ورد جوانیی ڕەنگ و پێكهاتە و فیگەری نێو سروشت دەچنێتەوە. ئەگەر لەو تابلۆیە بڕوانیت، تێ دەگەیت دڵشاد لە چنینەوەی جوانیی چەم و بێشەدا، چەند ورد و كارامەیە. هیچ چاوێك بێ لە دیدەی هونەرمەند، ناتوانێت ئەو هەموو جوانییە بچنێتەوە. پرشنگی تیشكی خۆر، هەزاران گەڵای دار و پەلك و پەلی گژ و گیا، قەدی چەماوەی دەیان دار و دەوەن، تێك چڕژانی چەمەن، ڕێچكەی گڵین، چاوی ئێمە بەو چڕی و خەستییە لە بەدی كردنیاندا كۆڵەوارە، هەر چییەكی ئێمە بیبینین، ڕاگوزەرە، نە بە زمان پێمان باس دەكرێت، نە لە نێو زەینماندا دەمێنێتەوە، ئیدی سەد ئافەرین بۆ دڵشاد كە ئەو هەموو جوانییەی ڕاو كردووە، بە تابلۆیەك بەرجەستەی كردووە و مانەوەی پێ داوە.

دوو تابلۆ
Top