د.پشتیوان حەمە سەعید بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەكان بۆ گوڵان: بە تەواوبوونی ناوچە و شارە پیشەسازییەكان وەرچەرخان لە بووژانەوەی پیشەسازیدا دروست دەبێت
كوردستان بە سرووشتی خۆی جگە لە بەروبوومی كشتوكاڵی، چەندین كانزای جۆراوجۆری ژێر زەوی و سەر زەویی تێدایە، كە زۆر گونجاوە بۆ هەموو جۆرەكانی پیشەسازی، ئەمە وێڕای ئەوەی هەرێمی كوردستان كەوتووەتە شوێنێكی گونجاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناوچەكانی ساخكردنەوەی كاڵاكانەوە نزیكە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كارنامەی خۆیدا بایەخێكی زۆری بە پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی داوە، بۆ قسەكردن لەسەر هەنگاوەكانی پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی لەلایەن وەبەرهێن و كەرتی تایبەتەوە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ دكتۆر پشتیوان حەمە سەعید بەڕێوەبەری گشتیی شار و ناوچە پیشەسازییەكان سازدا .
* دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان گرنگییەكی زۆری بە بووژانەوەی پیشەسازی داوە، بۆ ئەم مەبەستە یەكێك لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تایبەت كردووە بۆ بەڕێوەبردنی شار و ناوچە پیشەسازییەكان، سەرەتا دەمانەوێت بزانین ئەركی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە و كارەكانی چین؟
- فەرمانگەی شار و ناوچە پیشەسازییەكان بە یەكێك لە بەڕێوەبەرایەتییە گرنگەكانی وەبەرهێنان دادەنرێت، پسپۆڕی و ئەركی ئێمە جیاوازە و تایبەتمەندە بە وەبەرهێنانی پیشەسازی و بووژانەوەی. لە كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێڵە گشتییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتیشدا، بایەخ و گرنگییەكی زۆری پێ دراوە، لەبەر گرنگیی كەرتەكە بۆ بونیاتنان و بووژانەوەی ئابووریی كورستان و بەهێزبوونی حكومەت و دابینكردنی زۆرترین هەلی بەردەوامی كار بۆ گەنجان، ڕاستە هەرێمی كوردستان لە ڕووی كەرەستەی خاو و دەستی كار و بازاڕ و چەندین خەسڵەت و بنەمای دیكەوە لەبارە بۆ پیشەسازی، بەڵام لێكەوتەكانی بارودۆخی ڕابردوو لە قەیرانی دارایی و شەڕ، هەمووی وای كردبوو كەرتی پیشەسازی بەراورد بە كەرتەكانی دیكەی خانووبەرە و كشتوكاڵ و بازرگانی و گەشتیاری ڕوو لە پاشەكشە بكات، چەندین كۆمپانیا و كارگەی گەورە دوچاری داخستن و مایەپووچبوون ببوون، لەم ڕوانگەیەوە ئەركێكی قورسی فەرمانگەكە بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی و ئاراستەكردنی وەبەرهێنانە بەرەو ئەم كەرتە و جۆراوجۆركردنی پیشەسازییە لە هەرێمی كوردستان، لەم پێناوەشدا هاوكاری و پاڵپشتیی هەموو وەبەرهێنێك دەكەین كە لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا وەبەرهێنان لە كەرتی پیشەسازیدا بكات، ئێمە لەم كابینەیەدا پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و بازرگانیمان كەم نەكردووە، كە پێداویستی و خواستی زۆری لەسەرە، بەڵام گرنگیمان بە كەرتی پیشەسازی و بووژانەوەی داوە، كە پێشتر بە هۆی ئەو دۆخەی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی كاری كارگەكانی ڕاگرتبوو.
خۆشبەختانە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 28/7/2019 تاوەكو 18/8/2022 – 61 پرۆژەی پیشەسازی مۆڵەتی پێ دراوە، لە ساڵی 2021 توانراوە 68 پرۆژەی نوێ لە سێكتەرەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاریدا مۆڵەتیان پێ بدرێت، لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە مۆڵەت بە زیاتر لە 17 پڕۆژەی دیكەی گەورەی وەبەرهێنان دراوە، تەنیا لە سێكتەری پیشەسازی 15 مۆڵەت بە بەهای 598 ملیۆن دۆلار دراوە، تەنیا پڕۆژەی ڤان ستیل سەرمایەكەی لە 380 ملیۆن دۆلار زیاترە.
* باسی گرنگیدانت كرد بە پیشەسازی و هەمەجۆركردنی، ئایا ئەو ئاسانكاری و هاوكارییانە چین كە فەرمانگەكانتان پێشكەشی وەبەرهێنانی دەكات بۆ ئەوەی وەبەرهێن ڕوو لە كەرتی پیشەسازی بكات؟
- ئەگەرچی ئابووریی ڕەیعیی نەوتی داهاتێكی باشی لێ پەیدا دەبێت، بەڵام زامنی بەردەوامبوونی كارێكی قورسە، كەرتی كشتوكاڵیش بە هەمان شێوە، ئەگەر خواست و بازاڕێكی پیشەسازیی نەبێت، لەتوانادا نییە زیادەی كشتوكاڵ بازاڕی بۆ بدۆزرێتەوە، لەم نێوەندەدا كەرتی پیشەسازی دێت كە كۆڵەكەی بەهێزبوونی ئابوورییە و كار و داهاتێكی بەردەوام بۆ خێزان و ئابووریی كوردستان زامن دەكات، كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان كۆمەڵگەی پیشەسازی و بەرهەمهێنن، حكومەتە بەهێزەكانیش داهات لە كەرتی پیشەسازیدا زیاتر دەكەن و بەردەوامیی پێ دەدەن، بەڵام دەبێت پیشەسازی بە دیدگا و ستراتیژیەتی نوێی هاوچەرخەوە پەرەی پێ بدەین، بۆ ئەوەی لە ئاست كێبڕكێ و خواستی هاووڵاتیاندا بێت، بۆ ئەم مەبەستەش چەند ڕێكار و ئاسانكارییەكمان پێشكەشی وەبەرهێنەران و كۆمپانیاكان كردووە، لەوانە:
1. بانگەشەكردنی ڕاستەوخۆی وەبەرهێنەران بۆ بەشداریكردن لە وەبەرهێنانی پیشەسازی.
2. ئاسانكاری بۆ پێدانی بەخشینەكان و ڕێگەپێدان بۆ هێنانی كەرەستەی خاو.
3. هەماهەنگی و كارئاسانی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت.
4. هەڵگرتنی هەموو كۆسپ و گرفتێكی بەردەم وەبەرهێن و پڕۆژە پیشەسازییەكان.
5. دابینكردنی خزمەتگوزاری، هەر لە شەقام و ئاو و كارەبا و پێداویستیی دیكە لە شارە پیشەسازییەكان.
6. كۆكردنەوە و پێدانی زانیاری و داتاكان.
7. پاراستنی مافەكانی گەشەپێدەر و وەبەرهێنەرەكان.
* بۆ كەمكرنەوەی تێچوون و دابینكردنی زۆربەی ئەم كارئاسانییانە حكومەتی هەرێمی كوردستان ستراتیژیەتی دروستكردنی شارە پیشەسازییەكانی دەست پێ كردووە، ئایا دروستكردنی ئەم شارە پیشەسازییانە بە كوێ گەیشتووە؟
- وا بڕیارە 13 شاری پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان بكرێتەوە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
پارێزگای هەولێر: دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازیی میدیكاڵ ستی و تیمار.
پارێزگای سلێمانی: ناوچەی پیشەسازیی عەربەت و ڕۆژئاوای سلێمانی.
پارێزگای دهۆك: دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازیی بەردەرەش و بامەڕنی.
پارێزگای هەڵەبجە دامەزراندنی دوو ناوچەی پیشەسازی.
هەروەها لە ئیدارە سەربەخۆكانیش لە گەرمیان لە قەزای كەلار و لە ڕاپەڕین لە قەزای ڕانیە و لە قەزای زاخۆ و لە سۆران.
دروستكردنی ئەم شارە پیشەسازییانەش دەیان سوودی هەیە، كەرتەكە لە پچڕپچڕ و تێكەڵبوونی كارگەكان بە سەنتەری شارەكان و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست، هەر لە كارەبا و ئاو و ڕێگەوبان و كۆگا و، تەنانەت بنكەی تەندروستی و ژینگەوە بایەخی زۆری پێ دەدرێت، لە ستراتیژیەتی وەبەرهێنانی پیشەسازی بایەخێكی زۆر بەم ناوچە پیشەسازییانە دەدرێت.
لە ئێستادا گرێبەستی (شاری پیشەسازیی خۆراكیی كانی سپی) لە دهۆك كراوە و لە قۆناغی دەستپێكردنی ڕاكێشان و دامەزراندنی خزمەتگوزارییەكانین، بە هەمان شێوە لە ڕێگەی گەشەپێدەرەوە ژێرخانی ناوچە و شارە پیشەسازییەكان دروست دەكەین، ئەمەش كارئاسانیی باش بە وەبەرهێن دەدات و، دابینكردنی ئەم خزمەتگوزارییانەش لە ڕێگەی گەشەپێدەرەوە دەبێت، هەم خەرجی لەسەر حكومەت كەم دەكاتەوە، هەم كارئاسانی باش پێشكەش بە وەبەرهێن و كارگەكان دەكات، لە گەرمیانیش 2500 دۆنم تەرخان كراوە و لە سلێمانی لە عەربەت، گشەپێدەر خزمەتگوزارییەكانی دەست پێ كردووە و چەند كارگە دەستیان بە كار كردووە، لە ڕاپەڕین و كۆیە لە قۆناغی دابینكردنی زەوین و لە هەولێر لە ئارارات و تیمار وەكو دوو شاری پیشەسازی و لە قۆناغی گرێبەستدایە لەگەڵ گەشەپێدەر و، بەم شێوەیەش قۆناغی باشی بڕیوە.
* زۆر باس لە ستراتیژیەتی وەبەرهێنانی پیشەسازی دەكرێت، ئایا مەبەست لەم ستراتیژیەتە چییە، بەتایبەتی بۆ دامەزراندن و پەرەپێدانی شارە پیشەسازییەكان؟
- ستراتیژیەتی وەبەرهێنانی پیشەسازی بۆ بووژانەوە و دروستكردنی شارە پیشەسازییەكانە، لە ئێستادا دەرفەتێكی باش بۆ وەبەرهێنان لە بوارەكانی: پیشەسازیی پترۆكیمیاویات، پیشەسازیی پزیشكی و دەرمان، پیشەسازیی خۆراك و خواردنەوەكان، بیناسازی و كانزاسازی، ڕستن و چنین و چەرم و، چەندین پیشەسازیی جۆراوجۆری دیكەی وەكو: بەستن و بەرهەمهێنانی پاتری و پێوەری كارەبایی و كەرەستەی كارەبایی و پاككەرەوەكان و تایەی ئۆتۆمبێل و پلاستیكی تەندروست و كەلوپەلی ناوماڵ و كارگەكانی ڕیسایكلین بە هەموو جۆرەكانی پلاستیكی و شووشە و كاغەز و كارتۆن و بەرهەمهێنانی داوی خوری و لێفە و بالیف و پەردەی پلاستیكی، تا پیشەسازییە قورسەكانی چیمەنتۆ و ئاسن و ئەلەمنیۆم و تواندنەوەی سكرابی ئەلەمنیۆم و دووبارە دروستكردنەوەی كەرەستەی خاوەكەی و دەیان بەرهەمی دیكەی پیشەسازیی خۆراكی.
* باسی پیشەسازیی خۆراكیت كرد، كە بۆ بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و هەلی كار زۆر گرنگە، دەكرێت لەم ڕووەوە پێمان بڵێیت چی كراوە؟
- كوردستان ناوچەیەكی زۆر لەبارە بۆ بووژانەوەی پیشەسازیی خۆراكی، زۆر لەو خەسڵەت و بنەمایانەی هەیە كە تەنانەت لە وڵاتانی دەوروبەریشدا نییە، هەر لە كەشوهەوا و خاك و ئاو و كەشی چوار وەرزەوە، تاوەكو نزیكی لە بازاڕ و بوونی سامانێكی باشی كشتوكاڵ و ئاژەڵی و پەلەوەر، كە كەرەستەی خاوە بۆ كەرتی پیشەسازی، بۆ ئەمە مەبەستە لە سەرجەم شارە پیشەسازییەكان بەشێكمان بۆ پیشەسازیی خۆراكی تەرخان كردووە، لە ڕێبەری وەبەرهێنانیشدا كەرتەكانی پیشەسازی جیا كراوەتەوە و بە تێروتەسەل باسی پیشەسازیی خۆراكی و جۆرەكانی كراوە.
* پیشەسازیی لە ڕێگەی كارگەكانەوە پێش دەكەوێت، كارگەی گەورەو بچووك و مامناوەند ئایا چی جۆرێكی پیشەسازی زۆرە و هەلی وەبەرهێنانی تێدا زیاترە؟
- لەگەڵ تەواوبوونی ژێرخانی ناوچە پیشەسازییەكان و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان، وەرچەرخانێك لە كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، بەدەیان گەشەپێدەر و وەبەرهێن داوای دروستكردنی كارگە و كارخانە و بەشداریكردنن لەگەشەپێدانی ژێرخانی ناوچە پیشەسازییەكان، ئێستا ئێمە سەرقاڵی داڕشتنەوەی پلانێكین بۆ شارە پیشەسازییەكان، بۆ پاڵپشتیكردنی سیاسەت و ستراتیژیەتی بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی، یەكێك لەو خاڵانەی لە پلانەكەدایە، بەپێی توێژینەوەی كەڵكی ئابووری، كار بۆ دەستنیشانكردن و ئاراستەكردنی جۆری كارگەكان دەكەین، بەپێی ئەو توێژینەوەیە بۆ ئەو شارە پیشەسازییەی مەبەستمانە، بەمەش هەرێمی كوردستان لە بەردەم وەرچەرخان و كرانەوەیەكی گەورەی پیشەسازییدایە كە بۆ دابینكردنی هەلی كاری بەردەوام زۆر پێویستە، چونكە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لەچەند ساڵێكدا تەواو دەبێت و هەلی كاری تێدا نامێنێت، بەڵام هەرچی كارگە و كەرتی پیشەسازییە بەردەوامیی هەیە و، ژمارەیەكی زۆری دەستی كار بەكار دەهێنێت، لە یاسای ژمارە چواری ساڵی 2006 ئاماژەی پێ دراوە كە 75%ی پڕۆژەكان دەبێت دەستی كاری ناوخۆ بێت، لە هەمواركردنەوەی یاساكەشدا گرنگیی زیاتر بە دەستی كاری ناوخۆ دراوە و، وردە وردە ئەو ڕێژەیە ڕوو لە زیادبوون دەكەین. خاڵێكی دیكەی گرنگ پەیوەندیی نێوان دەستەی وەبەرهێنان و هاوكاری لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەكانە، كە زۆر ڕووی لە باشی كردووە و، هەماهەنگی و هاوكارییەكی باشمان لەگەڵ هەمووان هەیە، بەتایبەتی وەزارەتەكانی شارەوانی و كشتوكاڵ و بازرگانی كارەبا و، هەروەها لەگەڵ ژوورەكانی بازرگانی و هەمە ڕەنگ و فرەچەشنكردنی ئابووری لە هەرێمی كوردستان لە سیاسەت و ستراتیژیەتی وەبەرهێنان، لەم پێناوەشدا پلان و بەرنامەكانمان دادەڕێژین، ئەمەش هەمووی لە بەرژەوەندیی گەشەپێدەر و وەبەرهێنەر و بووژانەوەی ئابووریی كوردستاندایە.