خه‌ونى من له‌ یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان و هه‌ڵدانى ڕمدا شكاندنى ژماره‌ى پێوانه‌ییه‌

خه‌ونى من له‌ یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان و هه‌ڵدانى ڕمدا شكاندنى ژماره‌ى پێوانه‌ییه‌

ئاسیا عه‌زیز یاریزانى گۆره‌پان و مه‌یدانى یانه‌ى سیروانى نوێی
خه‌ونى من له‌ یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان و هه‌ڵدانى ڕمدا شكاندنى ژماره‌ى پێوانه‌ییه‌
پارێزگاى سلێمانى له‌ باشووری كوردستان هه‌مووكات به‌وه‌ ناوى ده‌كردوه‌ كه‌ له‌ یارییه‌كانى گۆڕه‌پان ومه‌یدان پێشه‌نگ بووه‌ له‌ دروست كردنى چه‌ندین یاریزانى به‌توانا له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان و بگره‌ له‌ عێراقیش، یانه‌ى سیروانى نوێیش یه‌كێكه‌ له‌م یانانه‌ى كه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵى پێگه‌یاندنى یاریزانانى ئاسته‌كانى ته‌مه‌نى داوه‌ بۆ شاره‌كه‌، یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یانه‌كه‌ش ئاسیا عه‌زیز-ه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌كه‌ له‌ یارییه‌كانى گۆڕه‌پان و مه‌یدان به‌تایبه‌ت له‌ یارى هاویشتنى رم به‌شداره‌ و خاوه‌نی چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌ و ژماره‌ى پێوانه‌ییه‌ له‌ سه‌ر ئاستى پارێزگاى سلێمانى وكوردستان و عێراق و بگره‌ ووڵاتانى ئاسیاش خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى باشه‌ ناوبراو له‌ دایك بووى ساڵى 2001ى شارى سلێمانیه‌، ناوبراو ته‌نیا بۆ هه‌ردوو یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى و سیروانى نوێی و هه‌ڵبژارده‌ى عێراق یارى كردوه‌، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیاریكمان لێ كرد ئه‌وه‌یش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌:كارزان كانه‌بی
*ماوه‌یه‌كى زۆره‌ له‌ ناو یارییه‌كانى گۆڕه‌پان و مه‌یدانى ئه‌م یارییه‌ چى پێ به‌خشیوی؟
- ماوه‌ى حه‌وت ساڵه‌ یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان ده‌كه‌م، ئه‌م یارییه‌ زۆر شتی پێ به‌خشیوم له‌ ماددی و مه‌عنه‌وی، وه‌ هۆكاری دڵخۆشى منه‌.
*بۆچى یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدانت هه‌ڵبژارد؟
-سه‌ره‌تا كه‌ تێكه‌ڵی وه‌رزش بووم باش نه‌مده‌زانى گۆڕه‌پان و مه‌یدان چیه‌، به‌ڵام كه‌ تێكه‌ڵ بووم ئێنجا زانیم باشترین وه‌رزشم هه‌ڵبژاردوه‌.
*هه‌ست ناكه‌ى یارییه‌كی قورست هه‌ڵبژاردوه‌؟
-ڕاسته‌ یارییه‌كى قورسه‌ و به‌ زۆر كه‌س ناكرێ، به‌ڵام شكور بۆ خواى گه‌وره‌ من توانیم خۆم زۆر به‌ باشیی بگونجێم له‌گه‌ڵى و بتوانم تێیدا زۆر سه‌ركه‌وتووبم.
* ئاستى یارى گۆڕه‌پان ومه‌یدان چۆن ده‌بینى له‌سه‌رئاستى كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى ؟
-به‌داخه‌وه‌ یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان له‌ كوردستاندا زۆر لاوازه‌، یاریزانى زۆر باشى گۆڕه‌پان و مه‌یدان هه‌یه‌ له‌ كوردستان، به‌ڵام هۆكاری لاوازییه‌كه‌ى نه‌بوونى پاڵه‌وانێتیه‌كانه‌، به‌ڵام جێگاى دڵخۆشییه‌ هه‌میشه‌ یاریزانه‌كانى كوردستان پێشه‌نگن له‌ پاڵه‌وانێیتیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و عێراق كه‌ تێدا ئه‌نجامه‌كانیان باشه‌.
*پێت باشه‌ چى بكرێت ، بۆبه‌ره‌ووپێشبردنى ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى بگاته‌ ئاستێكى به‌رز؟
-پێویسته‌ پاڵه‌وانێتى زیاتر بكرێته‌وه‌ تا یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان به‌ره‌ووپێش بچێت، كه‌ پاڵه‌وانێتى هه‌بێت ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى یاریزان ڕوو له‌ زیادبوون بكات ئه‌و كات ده‌بینى ئه‌م یارییه‌ ده‌گاته‌ ئاستێكى باش.
*خه‌ونى تۆ چیه‌ له‌ یارییه‌كانى گۆڕه‌پان و مه‌یدان؟
-خه‌ونى من له‌ یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان و هه‌ڵدانى ڕمدا شكاندنى ژماره‌ى پێوانه‌ییه‌ له‌ پێشكه‌وتوانى عێراق به‌ده‌ست هێنانى مه‌دالیاى ده‌ره‌وه‌یه‌.
*چۆن بوو پێشووتر یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ت هه‌ڵبژارد ؟
-له‌ رێگه‌ى هه‌ردوو به‌رێزان مامۆستا شۆخان و مامۆستا شه‌مام یانه‌ى پێشمه‌رگه‌م هه‌ڵبژارد بۆ ماوه‌ى شه‌ش ساڵ به‌رده‌وام بووم دواتر چوومه‌ یانه‌ى سیروانى نوێ و هه‌ر له‌وێ به‌رده‌وامم.
* باشترین ئه‌نجامه‌ باشه‌كانت چین وه‌كو یاریزانێك ؟
-چه‌ندین ئه‌نجامى به‌رچاوم به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ سه‌ر ئاستى كوردستان و عێراق و پله‌ى سێیه‌م له‌ سه‌ر ئاستى ووڵاتانى عه‌ره‌بی له‌ تونس و ژماره‌ى پێوانه‌یی له‌ سه‌ر ئاستى كوردستان و له‌ ئاستى سلێمانیش له‌ هه‌ڵدانى رم له‌ سه‌ر ئاستى په‌روه‌رده‌كانى سلێمانیش خاوه‌ن ژماره‌ى پێوانه‌یم له‌ سه‌ر ئاستى لاوانى عێراقی خاوه‌نى ریكۆردم و له‌ پاڵه‌وانێتى میسر پله‌ى چواره‌مم به‌ده‌ستهێناوه‌.
* جگه‌ له‌ گۆڕه‌پان و مه‌یدان چ یارییه‌كى ترت ئه‌نجامداوه‌؟
-نه‌خێر هیچ یارییه‌كى ترم ئه‌نجام نه‌داوه‌.
*هیواو ئاواتت وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
-ئاواتى من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یاری گۆڕه‌پان و مه‌یدان ڕوو له‌ زیاد بوون بكات به‌روو ئه‌نجامى زۆر باش بڕوات به‌روو ئه‌نجامى باشتر بڕوات.
*بیرت له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ بیر له‌ بوارى ڕاهێنه‌رى بكه‌یته‌وه‌ له‌ داهاتوودا؟
- له‌ ئێستادا نه‌خێر ، به‌ڵام له‌ داهاتوودا ئه‌گه‌رێكى هه‌یه‌ ڕووله‌م بواره‌ بكه‌م.
*هیچ گرێبه‌ستێكت پێشكه‌ش كراوه‌ نه‌كراوه‌؟
-نه‌خێر هیچ گرێبه‌ستێكم بۆ نه‌هاتووه‌.
* خێزانه‌كه‌ت تا چه‌ند هاوكارتن ؟
-زۆر سوپاسى خانه‌واده‌كه‌م ده‌كه‌م كه‌ هه‌میشه‌ پاڵپشتیم ده‌كه‌ن و هاوكارمن ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌وونایه‌ نه‌ده‌گه‌یشتم به‌و ئه‌نجامه‌ باشانه‌ به‌ تایبه‌ت دایك و باوكم.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتاییدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌ى له‌ بوارى وه‌رزشیی ده‌یكات، سوپاسى دكتۆر ئه‌حمه‌د به‌هادین ڕاهێنه‌رى پێشووم و ڕاهێنه‌رى ئێستام مامۆستا شه‌مام كه‌ هه‌میشه‌ هاوكار وپاڵپشتنن سوپاس بۆ یانه‌ى سیروانى نوێش.

 

Top