سێ پڕۆژەى گەورە لە ٨ى حەسارۆک جێبەجێ کراون

سێ پڕۆژەى گەورە لە ٨ى حەسارۆک جێبەجێ کراون


کەرتی ٨ی حەسارۆک ماوەی ١٨ ساڵە زەوییەکانی دابەش کراون، بەڵام تا ئەمساڵ هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی بۆ نەچووبوو. دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیانی خاوەن زەوی لەو کەرتە چیتر لە چاوەڕوانیدا نامێننەوە، و بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەم گەڕەکە دەرچووە و ئێستا پڕۆژەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمساڵ سێ پڕۆژە جێبەجێ کراون
ڕازان خەلیل ئیسماعیل، سەرۆکی بەشی هونەری و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، سەبارەت بە پڕۆژەکانی کەرتی ٨ی حەسارۆک، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند: گەڕەکی ٨ی حەسارۆک لە پێنج هەزار دۆنم پێک هاتووە کە ئەمەش ڕووبەرێکی فراوانە، شەقامەکانی ئەم گەڕەکە (١٢، ١٥، ٣٠، ٤٠ و ٦٠ مەتری)ن و تێکڕای هەموویان بە شەقامە سەرەکی و شەقامەکانی نێو گەڕەکەکە نزیکەی ٢١٠ کیلۆمەترە.
سێ پڕۆژە لە گەڕەکی٨ی حەسارۆک دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە: یەکەمیان خۆڵکاریی شەقامەکانی ٤٠ و ٦٠ مەتری بوو کە ئەوەشیان لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی و لەسەر داهاتی ١٥٪ی سەرۆکایەتی شارەوانی جێبەجێ کرا.
دووەمیان جیاکردنەوەی سەرە بلۆکەکان و پڕۆفایل و دیزاینکردنی گشت سێکتەرەکانی کەرتەکەیە کە شەقامە سەرەکی و ناوخۆییەکان و ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا دەگرێتەوە، ئەوەشیان بە شێوەی بەڵێندەرایەتی لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر جێبەجێ کرا، بۆیە ئێستا هاووڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی شارەوانی ٤ ڕێگەپێدان وەربگرن و دەست بە دروستکردنی خانووەکانیان بکەن.
سێیەمیشیان گەیاندنی خزمەتگوزاری ئاوەڕۆ و شەقام بوو بۆ کەرتەکە بە شێوەی قۆناغ و دواتر فرۆشتنی زەوییە بازرگانی و ڕووکنەکانی گەڕەکەکە بوو هەروەها پارەکەی بۆ مەبەستی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئەم گەڕەکە خەرج بکرێتەوە. پێشتریش چوار بیری ئاو لە ٨ی حەسارۆک لێدراوە بۆ چارەسەرى ئاو. ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی ٣٧ ملیار دینار بۆ پڕۆژەى سێیەم داوە.
گەڕەکی لاوان و ٥ىی حەسارۆک پێک دەبەسترێنەوە
سەرۆکی بەشی هونەری و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر سەبارەت بەو پڕۆژەیەی ئێستا کاری لێ دەکرێت ڕایگەیاند: ئەو پڕۆژەیە دروستکردنی شەقامی ٦٠ مەترییە بە هەموو بەشەکانییەوە (لەگەڵ ئاوەڕۆی سندووقی و لوولەیی). ڕێکەوتی ٢١ی ئابی ٢٠٢٢ گرێبەستێک لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و پارێزگای هەولێر، لەگەڵ کۆمپانیای گەلیاوە واژۆ کراوە تا بە دوو شەقامى ٦٠ مەترى کە بە گەڕەکى ٨ی حەسارۆک تێدەپەڕێت، گەڕەکى لاوان و ٥ى حەسارۆک پێک ببەسترێنەوە. ماوەی تەواوکردنیشی ١١٠ ڕۆژە و درێژی ئەم شەقامە ٣ کیلۆمەترە و گوژمەی ٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە. جووتسایدەکە ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست دەکات، بۆیە هیوا هەیە کە بەڵێندەر زووتر لە وادەی خۆی تەواوی بکات، چونکە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت بڕیار وایە پێش سەری ساڵ تەواو بکرێت.
بوونى پڕۆژەى خزمەتگوزاری و ٣%ى ئاوەدانى
دوای سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ کەرتی ٨ی حەسارۆک واتا لە ماوەی ساڵێک و لە ڕێگەى فرۆشتنی سەرجەم زەوییە ڕوکن و نایابەکانى، توانرا سێ پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ بکرێت کە ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە، چونکە ماوەی ١٨ ساڵ بوو خەڵکی چاوەڕێیان دەکرد بەڵام لە ماوەی یەک ساڵ سێ پڕۆژەی گرنگ لەم گەڕەکە کەوتە بواری جێبەجێکردن کە دوو پڕۆژەیان تەواو بوون و ئەوەی سێیەمیشیان تا کۆتایی ساڵ تەواو دەکرێت.
سەرۆکی بەشی هونەری و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند کە بەردەوام دەرخستە ئامادە و بەرزی دەکەنەوە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی وەربگرن و دەست بکەن بە کارەکان، بۆیە هەر داهاتێکیان بکەوێتە دەست هەوڵ دەدەن لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی ئەم گەڕەکە خەرجی بکەن، بەڵام کەرتی ٨ی حەسارۆک گەورەترین گەڕەکی هەولێرە، بۆیە ئاسان نییە بە زوویی هەموو کوچە و کۆڵانێکی ئاوەدان بکرێتەوە. و بە گوێرەی ڕێنماییەکان هەر گەڕەکێک ٣٥٪ی ئاوەدان بکرێتەوە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی بۆ دەبرێت، هەرچەندە گەرەکى ٨ى حەسارۆک هەموو خزمەتگوزارییەکانى بۆ چوون، کەچى ٣%ى ئاوەدان بووەتەوە و هەماهەنگیی تەواویش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک وەزارەتی کارەبا و بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆ و لایەنى دیکەش هەیە بۆ گەیاندنى خزمەتگوزاری دیکە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری

Top