بەهار مەحموود: تائێستا لە زانكۆ و پەیمانگە حكوومییەكان قوتابی نابیست وەرناگیرێت

بەهار مەحموود:  تائێستا لە زانكۆ و پەیمانگە حكوومییەكان قوتابی نابیست وەرناگیرێت

 

 

بەهار مەحموود محەمەد، لێپرسراوی یەكەی بەشی زمانی ئاماژەیە لە پەیمانگای هیوای نابیستان و سەرۆكی ڕێكخراوی زمانی ئاماژەیە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی و ماوەی 35 ساڵە لەگەڵ نابیستان كاردەكات و مامۆستا و هاوڕێیەكی نزیكی نابیستەكانە. دانەری دوو فەرهەنگە سەبارەت بە زمانی ئاماژەی یەكگرتوو، لە خزمەتكردنی كەمئەنداماندا كاری خۆبەخشی زۆری كردووە، لە ئێستاشدا لێپرسراوی یەكەی بەشی زمانی ئاماژەیە لە پەیمانگای هیوای نابیستان. لەم دیمانەیەشدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باس لە چۆنیەتی ئاوێتەبوونی لەگەڵ كەسانی نابیست دەكات و تیشك دەخاتە سەر ئەو گرفتانەی كە ڕووبەڕووی ئەم توێژە دەبنەوە. بەهار مەحموود لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە رەوشی نابیستان و گرفتەكانیان دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا نابیست لە چ تەمەنێك پەیوەندیتان پێوە دەكات و تا چ قۆناغێك لە پەیمانگەكەتان دەمێنێتەوە؟ گوتی: «وەك ئاشكرایە تەنیا لە شاری سلێمانی نزیكەی دوو هەزار نابیست هەن، بەڵام لە ساڵی 2012 وە تاكو ئێستا هیچ نابیستێك تۆمار نەكراوە، نابیستان لە قۆناغی باخچەی ساوایان تا پۆلی نۆی بنەڕەتی لە پەیمانگەكەمان دەخوێنن، منداڵی ئاسایی لە تەمەنی چوار ساڵی دەچێتە باخچەی ساوایان، بەڵام كەسانی نابیست لە تەمەنی سێ ساڵییەوە دەچنە باخچە، چونكە منداڵی ئاسایی لە چوار ساڵی بەلایەنی كەمەوە كۆمەڵێ وشەی باش فێر بووە، بەڵام منداڵی نابیست تەنیا چەند هێمایەكی كەم لەلایەن ئەندامانی خێزانەكەی بۆ بەڕێكردنی كاری ڕۆژانە فێر بووە. ئێستاش بە خۆشحاڵییەوە ماوەی دوو ساڵە قوتابی نابیست لە پەیمانگەی تەكنیكی كوردستان وەردەگیرێن، تا ئێستا سێ قوتابیمان لەو پەیمانگەیە وەرگیراون، دوو لەوانە یەكەم دوو نابیست بوون لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق قۆناغی دیپلۆمیان تەواو كرد، بەڵام بەداخەوە تائێستا لە زانكۆ و پەیمانگە حكوومییەكان كار بۆ ئەوە نەكراوە قوتابی نابیست وەربگیرێت، هەرچەندە مامۆستای زمانی ئاماژەیان نەبوو، هەروەها سیستەمی خوێندنیان ئینگلیزی بوو، بەڵام توانییان بە هەوڵ و تێكۆشان قۆناغەكە بە سەركەوتوویی ببڕن».

ئایا سەرەكیترین كێشەكانی ئەمڕۆی نابیستان چییە و دەبێت چییان بۆ بكرێت؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا بەهار مەحموود گوتی: «ئێستا گەورەترین كێشەی نابیستان ئەوەیە كەم كەس لە زمانی ئاماژە تێدەگات و وەرگێڕمان نییە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی فەرهەنگێكی زمانی ئاماژەی تێروتەسەل، ئێمە لە هەرێمی كوردستان یەك فەرهەنگمان هەیە كە لە 2500 وشە پێكهاتووە، وەك ئاماژەشم پێ دا، لە دامودەزگاكان و نەخۆشخانەكان و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن وەرگێڕمان نییە، هاوكات ئەو مەنهەجەی خوێندن كە بۆ نابیستان دانراوە، بۆ ئەوان گونجاو نییە و پێویستی بە چاكسازی و تازەگەری هەیە».

 

Top