بە هۆی هەڵكشانی ڕێژەی توندوتیژی و زۆربوونی تاوان، هەوڵی هەمواری یاسای توندوتیژیی خێزانی دەدرێت

بە هۆی هەڵكشانی ڕێژەی توندوتیژی و زۆربوونی تاوان، هەوڵی هەمواری یاسای توندوتیژیی خێزانی دەدرێت

 

 

یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی ژمارە (8)ی ساڵی 2011، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر دەرچوونی یاساكە، دەركەوتووە یاساكە ژمارەیەك هەمواری پێویستە، چونكە نەتوانراوە وەكو پێویست ئافرەتان بپارێزێت، هەر بۆیە یاساكە لەلایەن لێژنەی داكۆكیكار لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی كوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان هەموار دەكرێتەوە و سزاكانیش توندتر دەكرێن. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان خوێندنەوەی زیاتر بۆ بابەتەكە دەكەن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

 

بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر هەمواری پێشنیارە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠١١ لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 6/6/2022 بە سەرپەرشتی د. ڕێواز فائق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بە ئامادەبوونی د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، و لەنجە دزەیی سەرۆكی لێژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەت و جێگر و ئەندامانی لێژنەكە، كۆبوونەوەیەكی فراوان بەڕێوەچوو. گفتوگۆ لەسەر ڕاپۆرتی كۆتایی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان كرا. لە كۆبوونەوەكەدا د. ڕێواز فائق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و د، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستخۆشییان لە لێژنە و وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو پڕۆژەیە و هەوڵدانی زیاتر بۆ دەوڵەمەندكردنی ڕاپۆرتی پێشنیارە یاساكە لێژنە بریای داوە لە یاسای نوێوە بكرێتە هەمواری یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2011 یاسای (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان)ی بەركار.

هاوكات ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە كرد كە وەكو وەزارەتی ناوخۆ و حكومەتی هەرێمی كوردستان، پاڵپشتیی هەر هەوڵێك دەكەن بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژیی خێزانی و بەرقەراركردنی ژیانێكی ئارام لە كۆمەڵگەدا و لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، بڕیار درا كە هەموو ئەو پێشنیارە نوێیانەی باسیان لێوە كرا، لە ڕۆژانی داهاتوودا لێژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەت كۆبوونەوەی لەسەر ئەنجام بدات و كۆتا ڕاپۆرتیان بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و لێژنەی یاسایی بەرز بكەنەوە.

شەنگە هاوار كاكەیی، یاساناس و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە چەمكی توندوتیژی، لە لێدوانێكید بۆ گوڵان سەرەتا جەختی لەوە كردەوە كە «دەرچوونی یاسا ئاسانە، بەڵام جێبەجێكردنی قورسە»، ئەوەشی خستەڕوو «یاسای ژمارە 8ی توندوتیژیی خێزانی ساڵی 2011 لە 10 بڕگە پێكهاتووە، لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن‌، ئەم یاسایە ئەگەرچی یاسایەكی هاوچەرخ و مۆدێرنە، بەڵام لە ڕۆشنایی یاسای سزادانی عێراقی وەرگیراوە و هەموار كراوە، ئامانج لە هەمواركردنی یاساكە دانانی سنوورێكە ‌بۆ ئاریشە خێزانییەكان. بەو پێیەی دەرچوونی یاسایەكی مۆدێرن بۆ ئامانجێكی گەورەی وەك پاراستنی خێزان‌ لە هەڕەشەی لێكترازان و هەڵوەشانەوە لە هەرێمێكی ئازادكراو پڕ لە كێشمەكێشی سیاسی ئەگەر پێمان وابێ، كارێكی ئاسانە یان ئەركی جێبەجكردنی تەنیا لە ئەستۆی دامەزراوەیەكی حكوومییە، لە خستنە ڕووی ئەم سەرنجەدا بە هەڵەدا چووین و دەبێ پێداچوونەوە بەو بۆچوونەدا بكەین، چونكە ئەو مەهامە كارێكی دەستەجەمعی و ەكو هەنگاوی چارەسەر مەرجدارە بە دەستەبەركردنی فاكتەر و میكانیزمی گونجاو كە بەرچاوترینیان سەقامگیریی ڕەوشی سیاسییە لە عێراق. سەرباری خەمخۆریی دەسەڵاتی كوردی بۆ پرسی ئافرەت و خێزان لە هەرسێ دامەزراوە لە دەسەڵاتەكانی (تەشریعی و تەنفیزی و قەزائی) لە هەرێمی كوردستان ئەوەی بەرچاو و ڕوونە تا ئێستا یاسای ژمارە هەشتی خێزانی لە ئاست تمووحدا نییە، بۆیە لەم تەوەرەدا فۆكسمان لەسەر هۆكارە شكڵییەكان نییە، چونكە هەر كەلێنێكی شكڵی یاسایی لە ڕێگای ڕەشنووسێكەوە لە پەرلەمان هەموار دەكرێتەوە و بە سانایی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن، بگرە سەرنجمان لەسەر دەرهاویشتەكانی ناسەقامگیریی ڕەوشی سیاسی‌ لە گۆڕەپانی عێراقیدا كاریگەری ئەو دۆخە لەسەر هەڵكشانی ڕێژەی توندوتیژییە كە بەشێك لە ئاریشە خێزانییەكان تێكهەڵكێش كراوە بە فاكتەری سیاسی و لەمبارەیەوە هاتنی سەرووی ملیۆن و نیوێك ئاوارە ‌و پەنابەر بۆ هەرێمی كوردستان هۆكارێكی سەرەكییە لە هەڵكشانی ڕێژەی توندوتیژیی خێزانی، چونكە بە یەك لیست لە ئامارەكانی توندوتیژیی خێزانی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی تۆمار دەكرێن، ئەم ئامارانە لە ڕێگای نووسینگە و هۆبەكانی توندوتیژی وەردەگیرێن، كە لە بنەڕەتدا سەر بە وەزارەتی ناوخۆن دەربارەی تاوانەكانی كوشتن و خۆكوشتن، سووتان و خۆسووتان، سكاڵا و سكاڵای سێكسی.. ساڵانە بۆ ڕای گشتی بەو پەڕی شەفافییەتەوە ئامارەكان دەخڕێنە ڕوو. هەرچەندە یاسای ژمارە هەشتی خێزانی تەنیا لە سنووری هەرێمی كوردستان بەركارە و ناوچە كێشەلەسەرەكان ناگرێتەوە، ئەمەش لەمپەرێكی بەرچاوە، بۆ نموونە بەشێك لەو ئافرەتانەی لە ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانن، بە كەفالەت و بە سوڵحی ئاشتەوایی ئازاد دەكرین، بەڵام پاش ماوەیەك لە كەركووك یان لە مەخموور تەرمەكانیان دەدۆزرێتەوە، چونكە یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە «غەسل عار» لەو ناوچانە هەموار نەكراوە، تا ئێستا كوشتنی ئافرەت بە بیانووی شەرەف بە عوزرێكی موخەفەف لە یاسای سزادانی عێراقی وەرگیراوە. یان ئەو پێشێلكارییانەی دەرهەق بە تەبایی خێزان ئەنجام دەدرێن، وەكو مارەكردنی ژنی دووەم بە بێ ئیجازەی ژنی یەكەم، لە دەرەوەی دادگاكانی هەرێمی كوردستان تۆمار دەكرێن، چونكە دادگاكانی هەرێمی كوردستان ڕێگا نادات بە تۆماركردنی، تەنیا بە پشتگیریی لێژنەی پزیشكی و ڕەزامەندیی ژنی یەكەم نەبێت، یان لەكاتی هەڵوەشانەوەی گرێبەستی هاوسەری و تەڵاق لەو ناوچانە مافی سەرپەرشتیكردن پەروەردەكردنی منداڵ لە دایك سەندراوەتەوە و دراوە بە باوك، یان لە یاسای ژمارە هەشتی خێزانی ڕێگا نەدراوە بە شوودانی كچ لە خوار تەمەنی هەژدە ساڵ، بەڵام لە عێراق كار بۆ جێبەجێكردنی یاسای جەعفەری دەكرێت لە بەشوودانی كچ لە تەمەنی نۆ ساڵیدا ڕێپێدراوە، ئەم پڕۆژەیە لە خولەكانی پێشوو وەكو پڕۆژە یاسایەك پێشكەش بە پەرلەمانی عێراقی كرا و‌ ئەگەر یەكدەنگیی پەرلەمانتارە كوردەكان نەبوایە، وەكو یاسایەك دەسەپێندرا، بۆیە پێداچوونەوە بە بڕگە و بابەتەكانی ئەو یاسایە كارێكی زۆر گرنگ و لە هەمانكاتدا زۆر قورسە لە كۆتاییدا بە ئامانجی هێنانەكایەی كۆمەڵگەیەكی سەلار و دوور لە توندوتیژی دەڵێین لە دونیایەكی لێوانلێو لە توندوتیژی ئاسان نییە قسەكردن لەسەر توندوتیژی، بەڵام ئەستەمیش نییە».

هێشوو دارا سەلیم بەرپرسی ئەنجومەنی دەوروبەری سلێمانی (ی.ئا.ك) سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی ساڵی 2011 پەسەند كراوە و لە ١٠ ماددە پێك هاتووە و باسی هەموو ئەو حاڵەتانە دەكات كە دەبنە هۆكاری توندوتیژی، باس لە شێوازەكانی خەتەنەكردن دەكات كە هەر كچێك خەتەنە بكرێت، حوكمەكەی چییە، یان باس لە جورەكانی توندوتیژی دەكات، ئیتر توندوتیژیی جەستەیی بێت، یان دەروونی بێت، یان كۆمەڵایەتی و یانیش سیاسی بێت». هێمای بۆ ئەوەش كرد كە «ئەمساڵ لە پەرلەمانی كوردستان ڕەشنووسێكیان ئامادە كردووە تایبەت بە هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە و بۆی هەیە هەندێك بڕگەی لێ زیاد بكرێت، یان كەم بكرێتەوە بە ئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار لە بەڕێوبەرایەتیی توندوتیژی و لایەنی پەیوەندیدار لە سەرۆكایەتیی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها ئێمەش وەك ڕێكخراوی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان دەستپێشخەر بووین لەو بابەتە وەكو تۆڕی هاوبەشی ڕێكخراوەكانی ئافرەتان یاداشتێكمان داوە بە لێژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان كە لە یاداشتەدا داوا كراوە وردتر كار بكرێت لەسەر بابەتەكانی توندوتیژی بە هەموو جۆرەكانیەوە، واتە ئەو یاسایە پێویستە هەموار بكرێتەوە، چونكە هەر یاسایەك كە دەردەچێت بۆ قۆناغێك دەگونجێت، بەڵام لە ئێستادا دەبینین توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان زۆر زیادی كردووە و هەروەها بەرامبەر منداڵانیش بە هەمان شێوە زیادی كردووە هەروەها لە لایەكی تریشەوە توندوتیژیی خێزانییش زیادی كردووە، كە باسی توندوتیژیی خێزانی دەكەین، تەنیا ئافرەتان ناگرێتەوە، بەڵكو پیاویش دەگرێتەوە، چونكە بە پێی ئەو یاسایە ئەگەر پیاوێك لەلایەن ئەندامانی خێزانەكەیەوە سووكایەتی پێ كرا، بۆی هەیە سكاڵا تۆمار بكات بۆیە ئەمجارە كە یاساكە هەموار دەكرێتەوە، وردتر دەبێت، چونكە ڕێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی ئافرەتان و هەروەها لایەنی دیكەش تێبینیی خۆیان داوە بە لێژنەی داكۆكیكار لە پەرلەمانی كوردستان و هەروەها لە جۆری دادگاییكردنەكانیش هەمووی تێبینی لەسەر بووە، بۆیە ئەمجارە بە میكانیزمێكی وردتر كار لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە دەكرێت».

 

Top