ئایا دەرچووی زانكۆكان دەتوانن پێداویستەكانی بازاڕ پڕ بكەنەوە

ئایا دەرچووی زانكۆكان دەتوانن پێداویستەكانی بازاڕ پڕ بكەنەوە

 

 

 

دەگوترێ بەشێكی زۆری قوتابییانی زانكۆ لە پسپۆڕییەكەی خۆیان قووڵ نابنەوە و دوای دەرچوون بەپێی پێویست لە زانیاریی پسپۆڕییەكە پڕ زانست نین. چۆن دەكرێت هانی قوتابیانی زانكۆ بدرێت بۆ ئەوەی زیاتر لە پسپۆڕییەكانی خۆیان قووڵ ببنەوە، بە مەبەستی وەدەستهێنانی هەلی كار و بەردەوامبوون لە فێربوونی زانست؟ ئایا چۆن دەكرێت بە كردار وەبەرهێنان لە ئەقڵی مرۆڤەكاندا بكرێت، نەوەك تەنیا بڕوانامە ببەخشرێتەوە؟ مامۆستایانی بەشداربووی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان وەڵامی پرسیارەكان دەدەنەوە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

ڤیان مەحموود زامدار مامۆستای زانكۆیە و ڕای وایە «ئەو جوغزە نەریتییەی كە دیاری كراوە بۆ فێربوون و خوێندنی باڵا لە كوردستان، چیدیكە ناتوانێت وەڵامی ویست و داخوازییەكانی قوتابیان بداتەوە. سیستمی خوێندن پێویستە بە شێوازێكی سەردەمیانە دابڕێژرێت، بە جۆرێك كە پەرەپێدانی بەهرەی قوتابیان و پێشەوەچوونی كۆمەڵگە لەبەرچاو بگرێت». هەر لەو بارەیەوە گوتی: «كاتێك كە دەگوترێت سەردەمیانە، مەبەست ئەوەیە كە هاوشانی سیستمی فێربوونی نێودەوڵەتی و بە دیدگایەكی نوێخوازەوە كۆی پڕۆسەی خوێندنی باڵا مامەڵەی لەگەڵ بكرێ، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت ستراتیژێكی تۆكمە لە نێوان سەرجەم لایەنەكانی پەیوەست بە فێربوون و خوێندنی باڵا دابڕێژرێت وەكو هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا چون پڕۆسەی پێگەیاندنی هزر و كارامەیی قوتابی لە قۆناغە هەرە سەرەتاییەكانی خوێندن دەستپێدەكات و دەبێتە هۆكاری دروستبوونی كارەكتەرێكی بەهێزی قوتابیان. لەلایەكی دیكەوە، فاكتەری (كات) زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی بۆ بەدیهێنانی كاریگەرییەكی پۆزەتیف، كاتی پێویستە و دەبێت هەر ستراتیژێك ڕەچاوی دیاریكردنی چالاكییەكان لەسەر مەوداكانی كورت و مامناوەند و درێژخایەن بكات». گوتیشی: «هەڵبەت زۆر ئامراز هەن كە دەبنە هۆكاری ئەوەی قوتابیان زێدەتر لە بواری خوێندنی فراوان و پسپۆڕیی ورد قووڵ ببنەوە. بەڵام لێرەدا دوو بابەت زۆر گرنگن كە هەر سیستمێكی پەروەردە و خوێندنی باڵای سەردەم لەخۆیان بگرێت و ببنە خاڵی وەرچەرخانی پۆزەتیڤ، ئەوانەش:

١.گرنگیدانی زیاتر بە بەرەوپێشبردنی پڕۆگرامەكانی خوێندن كە لەگەڵ داخوازییەكانی جیهانی سەردەم بگونجێت. بۆ نموونە (پڕۆسەی بۆڵۆنیا) كە لە ئێستادا تیشكی خراوەتەسەر لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەگوێرەی چوارچێوەی كاری ئەم پڕۆسەیە بێت، قوتابی دەبێتە سەنتەری پڕۆسەی فێربوون و بەهرەیی و كارامەیی و دیدی قوتابی سەنگی خۆی دەبێت لە داڕشتنی كۆی سیاسەتی فێربوون. هەروەها، پڕۆگرامەكانی خوێندن بە جۆرێك دیزاین دەكرێن كە ئایندەی دەرچووانی زانكۆ لەبەرچاو بگیرێت و پڕۆگرامەكان خواست و ویستی بازاڕی كار لەبەرچاو بگرن.

٢.ئامادەكردنی مامۆستایانی زانكۆ بە شێوازێكی سەردەمیانە. بۆ نموونە بەرەوپێشبردنی (پڕۆگرامی پێداگۆجی) كە تایبەتە بە ڕاهێنانی خوازیارانی ناسناوی زانستی بۆ ئەوەی ببنە مامۆستای زانكۆ. پێویستە ئەم پڕۆگرامە گرنگی زێدەتری پێ بدرێت و بەرفراوانتر بكرێتەوە تاوەكو میتۆد و دیدگاكانی پەیوەست بە خوێندنی باڵا و بەرەوپێشبردنی كارامەیی قوتابی پێشەوەچوونی بەرجەستەیی بەخۆیەوە ببینێت».

هۆشمەند ڕەفیق مامۆستای زانكۆ و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بێگومان هۆكاری بابەتی و خودی هەیە لەوەی بۆچی قوتابیان ڕۆناچنە نێو پسپۆڕیەتییەكەی خۆیان كە ماوەی چوار ساڵ یان زیاتر دەیخوێنن، وەڵامی ئەو پرسیارە پێنج ڕەهەندی سەرەكی هەیە كە وەك ڕایەڵەیەك بە یەكەوە بەستراونەتەوە و دەبێت هاوشانی یەكتری كاریان لەسەر بكرێت، كە خۆی لە خودی قوتابی، پڕۆگرامی خوێندن، مامۆستای وانەبێژ، دواتریش ژینگەی خوێندن، سیستەمی وەرگرتن لە زانكۆكان دەبینێتەوە.» گوتیشی: «بۆ ئەوەی هانی قوتابیانی زانكۆ بدرێت، ڕۆبچنە پسپۆڕیەتییەكەی خۆیان كە لە چوار ساڵدا، هەشت سمستەر دەخوێنن، كە هەر سمستەرێك زیاتر لە هەشت بۆ نۆ بابەتی هەمەجۆرە، دەبێت سەرەتا لە سیستەمی وەگرتنی قوتابیانەوە دەست پێ بكرێت، پێویستە هەموو قوتابییەك بە شێوەیەكی یەكسانی و دادپەروەری لە بەشێكی زانستی وەربگیرێت و بە ئارەزومەندانە بێت، نەك كلیكی كۆمپیوتەر چانسی دیاری بكات و چوار ساڵیش لە سەر كورسییەك دابنیشێت كە ڕقی لێیەتی و نەتوانێت بە ئەشقەوە خۆی لەو پسپۆڕییە پێ بگەیەنێت، هەرچەندە لە ئێستای واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان باشترین سیستەمی وەرگرتن، سیستەمی زانكۆ لاینە تا مافی هیچ كەس نەفەوتێت و یەكێكە لە سیستەمە دادپەروەرەكان بە بەراورد بە هەر سیستەمێكی دیكە كە دەبێتە هۆی نادادی و نایەكسانی».

ئەو مامۆستایەی زانكۆ جەختی لەوە كردەوە كە «دەبێت قوتابی خۆیشی كۆشش بكات، جگە لە وانەی ڕۆژانە كە وەریدەگرێت، پێویستە لە ماڵەكەی خۆی، زۆر بە ئاسانی لە شاشەی ئامێرە زیرەكەی خۆیەوە، كە پێی دەگوترێت مۆبایل زۆرترین و تازەترین زانیاری كۆبكاتەوە و ڕۆبچێتە نێو پسپۆڕییەكەی، هەرچەندە قوتابی پێی وایە دەبێت هەموو شتێك لە مامۆستاكەی فێر بێت و بخرێتە بەردەستی، كە ئەوە بیركردنەوەیەكی هەڵەیە، چونكە ئەركی مامۆستا تەنیا ڕێگەنیشاندان و كردنەوەی دەروازەی زانستەكەیە، نەك هەموو شتێك فێری قوتابی بكات. رایەڵەیەكی دیكە هەیە كە ئەویش پەیوەستە بەوەی چۆن قوتابی ڕۆبچێتە نێو پسپۆڕییەكەی ئەویش پڕۆگرامی خوێندنە، كە پێویستە لەسەر زانكۆكان و سەركردە ئەكادیمییەكانی زانكۆ چوار ساڵ جارێك پڕۆگرامەكان تازە بكەنەوە كە هاوگونج بێت لەگەڵ بازاڕی كارو تازەترین زانستی سەردەمییانە، هەرچەندە بەپێی یاسا مامۆستایان خۆیان ڕێگەیان پێ دراوە ساڵانە بە ڕێژەی ١٠%ی پڕۆگرامی خوێندن گۆڕانكاری تێدا بكەن، بەڵام ئەوە ڕەنگە لە زانكۆیەك و كۆلێژێك و بەشێك جیاوازی هەبێت. لەگەڵ ئەوانەشدا پێویستە لەسەر مامۆستایان هەموو توانا زانستییەكانی خۆیان بخەنەگەڕ بە باشترین ڕێگەی وانەوتنەوە زانستەكەی خۆیان بگەیەنن بە قوتابی و ئەو پسپۆڕییەی هەیانە لەلای قوتابی خۆشەویست بكەن، تا قوتابیانیش هان بدەن لەوەی كۆشش بكەن و بگەڕێن بە دوای زانیاری نوێ و قوڵ ببنەوە لێی. لە هەموو ئەوانەش گرینگتر ژینگەی خوێندن و بوونی كەمپەسی پێشكەوتووە لە زانكۆكان، كە خۆی لە ژینگەیەكی تەندروست دەبینێتەوە بۆ قوتابی، هۆڵی خوێندنی شیاو، تاقیگەی شیاو، كتێبخانەی مۆدێرن و پێشكەوتوو، هەموو ئەوانە هانی قوتابی دەدات كە ببێتە هۆی ئەوەی پسپۆڕییەكەی خۆی خۆش بوێت و شەونخوونی بۆ بكات و توێژینەوەی تازەی لەسەر بكات. لەو سونگەیەوە دەتوانین بڵێین ئەو پێنج ڕایەڵە سەرەكییە كە هاوتەریبن بە یەكەوە، وادەكەن، قوتابی قووڵ بكەنەوە لە پسۆڕییەكەی لە زانكۆدا، چونكە بە نەبوونی یەكێك لەو ڕایەڵانە، پڕۆسەی قوڵبوونەوەی قوتابی لە ڕێژەی زۆرینەوە دەكاتە ڕێژەی كەمینە وەك ئەوەی ئێستا لە زانكۆكاندا بوونی هەیە.

زانكۆ ئەو شوێنە ئەكادیمییەیە كە بە هۆكاری سەرەكیی دروستبوونی كەسایەتیی قوتابی دادەندرێت، چ لە كاتی بڕینی قۆناغەكانی خوێندن بێت یان بۆ دوای دەرچوون، قوتابی لە زانكۆ ئەو پسپۆڕییە كە تێیدا دەخوێنێت پێویستە ببێتە سەرەتایەكی كاریگەر و پۆزەتیڤ، بۆ دروستكردنی كاریزمای داهاتووی زانستی و كۆمەڵایەتی و دارایی قوتابییان لە دوای دەرچوونیان، ئەوەی من تێبینیم كردووە وەك مامۆستای زانكۆ ئەوەیە كە بەشێكی زۆر لە قوتابیان لە پسپۆڕیی خۆیان قووڵ نابنەوە و بەپێی پێویست پڕ نابن لە زانست و هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵە هۆكارێك كە پەیوەندی هەیە بە خودی قوتابیی زانكۆ وەك ئامادە نەبوون لە هۆڵەكانی خوێندن بەپێی پێویست، كەمتەرخەمی بۆ گەڕان و بەدواداچوونی سەرچاوەی نوێ، هاوڕێیەتیكردنی لەگەڵ كۆمەڵێك قوتابی كە لە لایان گرنگ نییە خوێندن و قوڵبوونەوە لە پسپۆڕی و ڕووخانی هیوا بە دواڕۆژ».

د. نادیە تەلعەت مامۆستای زانكۆ، سەرەتا كۆمەڵێك هۆكار دەخاتەڕوو كە پەیوەندییان بە خێزانی قوتابییەكان هەیە و هاوكات دەڵێت: «بوونی كێشەی خێزانی و لێكترازانی دایك و باوك كاریگەری دەبێت لەسەر باری دەروونیی قوتابی و دووركەوتنەوەی لە هۆڵەكانی خوێندن و ئالوودەبوونی بە تەنیا كات بەسەر بردن. هەروەها هۆكاری دارایی كە بە گرنگترین هۆكار دادەنرێت لە ناوەندەكانی خوێندن، لە هەرێمی كوردستان بەهۆی نالەباریی دارایی دایك و باوكی قوتابیان كە هەندێك لە قوتابیان ناچارن كار بكەن لە هەمان كاتی خوێندندا، ئەمەش كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاست و خۆپڕزانستكردنی قوتابی دەبێت، كۆمەڵێك هۆكاریش هەن كە پەیوەندییان بە سیستەمی ئەكادیمی خوێندن هەیە، وەكو نەبوونی شێوازی پێشكەوتوو بە وانەگوتنەوە و نالەباریی بارودۆخی هۆڵەكانی خوێندن».

 

Top