جەیمس هێنری پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و كاروباری نێودەوڵەتیی لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن بۆ گوڵان: پێشبینیی درێژەكێشانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەكرێت

جەیمس هێنری   پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و كاروباری نێودەوڵەتیی لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن بۆ گوڵان:     پێشبینیی درێژەكێشانی  شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەكرێت

 

 

جەیمس هێنری لیبۆڤیج پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و كاروبارە نێودەوڵەتییەكانە لە سكووڵی ئیلیوت بۆ كاروباری نێودەوڵەتی لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك: پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، ئاسایشی نێودەوڵەتی، ناكۆكیی نێودەوڵەتی و داڕشتنی سیاسەتی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی. دوایین كتێبی پەیوەست بە توێژینەوە لە بارەی شەڕەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ڤێتنام و عێراق و ئەفغانستان بووە. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیا و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* ئاشكرایە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا درێژەی كێشا و ڕووسیا نەیتوانی لە ماوەیەكی كورتدا شەڕەكە یەكلایی بكاتەوە، ئێستاش دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە لەسەر ئاستی جیهاندا ڕەنگی داتەوە، واتە كاریگەریی ئەم شەڕە تەنیا لە سنووری ئەم دوو دەوڵەتەدا نەماونەتەوە و یەكێك لەو كاریگەرییانەی كە بە نیگەرانییەوە لێی دەڕوانرێت، ئەوەیە كە زۆربەی وڵاتان بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا، و بە دیاریكراوی ئەڵمانیا، پەنایان بردووەتەبەر زیادكردنی بودجەی سەربازی، ئێوە چۆن لەم پەرەسەندنە دەڕوانن؟

- لە ڕاستیدا زیادكردنی بودجەی سەربازی داواكارییەكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بوو لە وڵاتانی ئەوروپا، واتە ماوەیەكی زۆر بوو كە ئەمریكا گوزارشتی لەم داوایەی كردبوو لە ئاست وڵاتانی ئەوروپا. لەبەر ئەوە ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە لێی بڕوانیت، ئەوا دەكرێت ئەمە بە پەرەسەندنێكی ئەرێنی بۆ ناتۆ لێك بدرێتەوە، بەتایبەتی كە ئەمریكا گوشاری لەسەر ئەندامانی ناتۆ دەكرد كە دەبێت لە سەتا 2ی تێكڕای داهاتی نیشتمانییان بۆ بواری سەربازی تەرخان بكەن، كەواتە ئەگەر ژمارەیەكی زیاتری ئەندامانی ناتۆ ئەم ئەركەی خۆیان جێبەجێ بكەن و ئەم بەرپرسیارێتییەی خۆیان ئەدا بكەن، ئەوا دەكرێت ئەمە بە پەرەسەندنێكی ئەرێنی لێك بدرێتەوە. بەڵام ڕەنگە لایەن و ڕەهەندە نەرێنییەكەی ئەوە بێت كە هەر وڵاتێك بۆ خۆی و بە گوێرەی كەلتووری سەربازییەكەی و بەدەر لە چوارچێوەیەكی دیاریكراو دەست بداتە زیادكردنی خەرجییە سەربازییەكان، كە بۆی هەیە بە چەشنێك بێت كە نەتوانرێت ئەم خەرجییانە لە كۆتاییدا بڕژێنە خزمەت پێكهێنان و پەرەپێدانی هێزێكەوە كە بتوانێت ئامانجەكانی بەرگریكردن بە چەشنێكی كارا و كاریگەر بەدی بهێنێت.

* ئەی پێت وانییە زیادكردنی ئەم خەرجییە سەربازییانە، یان زیادكردنی بودجەی سەربازی لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە و پێكدادانی سەربازی و بەو پێیە جیهان كەمتر ئارامی و ئاسایش بە خۆیەوە دەبینێت؟

- بە تێڕوانینی من ئەمە بەندە بەوەی چ وڵاتێك ئەم خەرجییە، یان بودجەیە زیاتر دەكات و لە پێناوی چی و بە ئامانجی چی زیادی دەكات. ئەگەر ڕوونتر وەڵامی پرسیارەكەتان بدەمەوە، ئەوا پێم وانییە زیادبوون و هەڵكشانی ئەم خەرجییە سەربازییانە ببنە هۆی بە سەربازیكردنی كۆمەڵگە و دەوڵەتانی ئەوروپا بە چەشنێك كە لە كۆتاییدا شەڕ بەرپا ببێت لە نێوان ئەم وڵاتانەدا. دواتر من پێم وانییە درێژە بدرێت بە زیادبوون و هەڵكشانی ئەم خەرجییە سەربازییانە، چونكە ئەم وڵاتانە ئەولەوییەت و پێداویستیی دیكەیان هەیە كە دەبێت بایەخیان پێ بدەن و سەرچاوەی پێویستیان بۆ تەرخان بكەن. چونكە زیادبوونی خەرجییە سەربازییەكان بە چەشن و شێوەیەكی بەردەوام كێشە و مەترسی بۆ سەر ئەو وڵاتە دروست دەكات. بۆ نموونە یەكێتی سۆڤییەت لە سەتا 15 و هەندێك دەڵێن لە سەتا 25ی تێكڕای داهاتی نەتەوەیی بۆ بواری سەربازی خەرج كردووە، بەڵام هەموو ئەمانە لەسەر حیسابی خواست و پێداویستییەكانی دیكەی خەڵكی ئەو وڵاتە بوو، ئەوە بوو كە لە كۆتاییدا كێشە و گرفتی گەورە و قووڵی بۆ دروست كرد و تەنانەت بووە هۆی لەبەرەیەك هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤییەت. هەرچۆنێك بێت، بە گشتی دەتوانین بڵێین كە كەمبوونەوەی خەرجییە سەربازییەكان ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی جیهان ئارامی و ئاسایشی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. بەڵام بە داخەوە واقیعی سیاسەتی جیهانی ئەوەیە كە هەڕەشە و مەترسیی زۆر هەن، بۆ نموونە، كەسێكی وەك سەرۆك ڤلادمیر پوتین پرسەكەی پەیوەست كردووەتەوە بە شەخسی خۆیەوە و بڕیار و هەوڵەكانی یەك ناگرنەوە لەگەڵ خواست و بەرژەوەندیی نەتەوەكانی دیكەشدا، كە لە ڕووی مێژووییەوە ئەم جۆرە سیاسەتكردنە دەرئەنجامی باشی لێ ناكەوێتەوە. ئێمە ئەزموونی جەنگی دووەمی جیهانمان لەبەرچاوە لەم ڕووەوە.

* هەر لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە، ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە ڕۆژئاوا بە گشتی و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە تایبەتی، لە پاڵ هاوكاری مرۆیی و سەربازی بۆ ئۆكرانیا چەندین سزای ئابووری و داراییشیان سەپاندبووە بە سەر ڕووسیادا، بەڵام باس لەوە دەكرێت ئەم سزایانە دەرئەنجامی خوازراویان بۆ ڕۆژئاوا لێ نەكەوتووەتەوە و بگرە ڕووسیا داهاتێكی زیاتری بەدەست هێناوە بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غازەوە، ئێوە چۆن لە كاریگەریی ئەم سزایانە دەڕوانن؟

- من لەگەڵ ئەوەدا هاوڕام كە تا ئێستا ئابڵوقەی پەیوەست بە نەوتەوە كارا و كاریگەر نەبووە، چونكە هێشتا ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا پشتبەستبوون بە نەوت و غازی ڕووسیا. دواتر هەروەك ئێوەش لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێ كردووە، بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غازەوە، هەرچەندە ڕێژەی كڕینی ئەم سەرچاوانە لەلایەن ئەوروپاوە لە ڕووسیا كەم بووەتەوە، بەڵام ڕووسیا بڕێكی زیاتری داهات بەدەست دەهێنێت، كە دەتوانێت بۆ درێژەدان بە شەڕەكە بەكاری بهێنێت. كەواتە لێرەدا ئەو پرسیارە ڕەوایە كە بكرێت لەبارەی ئەوەی كە ئایا لە مەودای كورتخایەندا كێ زیانمەند بووە لەم سزایانە؟ هەرچۆنێك بێت ڕەنگە ئامانجی دوورمەودای ئەوروپا ئەوە بێت كە كەمتر پشتبەستبوو بێت بە نەوت و غازی ڕووسیا و لەم ڕووەوە هەوڵ دەدرێت سەرچاوەی بەدیل بدۆزرێتەوە، بەتایبەتی سعودیە بكرێت جێگرەوەی ڕووسیا لەم بوارەدا، هەر ئەمەش هۆكاری سەردانی سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا (جۆ بایدن) بوو بۆ ئەو وڵاتە، سەرباری ڕەخنە و گلەییەكانی ئەمریكا لە تۆماری مافەكانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا. هەروەها لەم ڕووەوە باس لەوە دەكرێت كە ئیسڕائیلیش هەندێ لە غازی بەرهەمهێنراوی كەنارائاوەكان بۆ ئەوروپا هەناردە دەكات، هەرچەندە ئەمە ڕێژەیەكی كەمە بەراورد بەو ڕێژەیە لە وڵاتی ڕووسیاوە هاوردە دەكرێت. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی پرسی پەیوەست بە نرخی نەوت و غازەوە نادڵنیاییەكیان دروست كردووە، بەڵام ئومێدەكە لای وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەوەیە كە ئەم سزا سەپێندراوانە بەسەر ڕووسیادا بتوانێت لە مەودای دووردا بۆ نموونە لە ماوەی شەش بۆ دوانزە مانگی داهاتوودا كاریگەریی بەرچاوی هەبێت لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە. بەتایبەتی كە زۆرێك لە كۆمپانیا ئەورووپی و ئەمریكییەكان لە ڕووسیا كشاونەتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕووسیا لە تەكنەلۆژیی سەردەمیانە و گرنگ بێبەش بێت، بە چەشنێك كە لە مەودای دووردا زیان بە ئابوورییەكەی بگەیەنێت و ناڕەزایەتییەك لە نێو خەڵكی ڕووسیادا دروست ببێت. بە هەمان شێوە هەڵكشانی ژمارەی كوژراوانی سەربازانی ڕووسیا دەبێتە هۆی ئەوەی ئۆباڵی ئەم شەڕە بخرێتە ئەستۆی حكومەتی ڕووسیا، هەروەك چۆن زیادبوونی ژمارەی كوژراوانی سەربازانی یەكێتی سۆڤییەت لە شەڕی ئەفغانستاندا ئەم كاریگەرییەی لێ كەوتەوە. بەتایبەتی ئەگەر ئێمە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ڕووسیا ناوی ئەم داگیركارییەی ناوە ئۆپەراسیۆنی تایبەتیی سەربازی، بەڵام هەمووان دەزانین كە ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازی نە هێندە درێژە دەكێشێت و نە هێندە قوربانی و زیانی سەربازیشی لێ دەكەوێتەوە.

* ئەگەر باس لە ئەگەرەكانی پەیوەست بەم شەڕەوە بكەین، ئایا پێتان وایە پتر هەڵدەكشێت و تەنانەت دەگاتە ڕاددەی بەكارهێنانی چەكی ناوكی، یان دەكرێت لە ڕێی گفتوگۆوە بتوانرێت ڕێگاچارەیەك بهێنرێتەئاراوە، یان ئەوەتا شەڕەكە بەم ڕەوت و ئاستەی ئێستای درێژە دەكێشێت؟

- لە ڕاستیدا من پێم وایە زیاتر ئەگەری سێیەمیان ڕێی تێدەچێت، واتە درێژەكێشانی شەڕەكە بەم ڕەوتەی ئێستایەوە، چونكە ئاشكرایە ئۆكرانییەكان لەبارێكدا نین كە خواست و پەرۆشییەكی زۆریان هەبێت بۆ گفتوگۆكردن، بە هەمان شێوە ئەم ئامادەكاری و خواستەش لای ڕووسیا بەدی ناكرێت. ئەوەی پەیوەست بێت بە ئۆكرانیاوە، ئەوا پێدەچێت ئەم وڵاتە ئامادە نەبێت خاك لە دەست بدات و لە ڕێی گفتوگۆكانەوە سازش بكات و دەستبەرداری خاكی خۆی بێت. كەواتە ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت بریتیە لە بە بنبەست گەیشتنێك كە هەردوولا تێیدا زیانمەندن، بەو پێیە ڕەنگە لە كۆتاییدا ئەگەر بارودۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەگەری ئەوە بێتە ئاراوە كە ڕازی بن لە ڕێی ئەنجامدانی گفتوگۆوە بگەنە ڕێككەوتنێك بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕەكە بە چەشنێك كە هیچ لایەك تەواوی داواكاری و ئامانجەكانی بەدی نەهێنێت. هەرچۆنێك بێت لە ئێستادا بارودۆخە سەربازییەكە جێگیر نییە، بەڵام من پێشبینی ئەوە ناكەم ئەم بارودۆخە بە شێوەیەكی دراماتیكی بگۆڕێت، تا ئەو كاتەی كە ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دەستەبەركردن و دابینكردنی چەك بۆ هێزە چەكدارەكانی ئۆكرانیا بەردەوام بن.

 

Top