دەرچووانی زانكۆ شوێنی شیرنەمەنی دەكەنەوە

دەرچووانی زانكۆ شوێنی شیرنەمەنی دەكەنەوە

ژیلا تەیفور، كە دەرچووی بەشی تەكنیكیی كارگێریی میدیایە لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی دوای تەواوكردنی زانكۆ، كارێكی وایان دەست نەكەوتووە، هەلی دامەزراندنیش نەبووە، بۆیە لەگەڵ هەڵساون بە دامەزراندنی كارگەی شیرنەمەنی هانی، كە كاریان دروستكردنی شیرینی و هەویركارییە، لە دیمانەیەكدا تایبەت بە پرۆژە بچووكەكەیان، بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

* بیرۆكەی ئەو پرۆژە بچووكەتان چۆن بۆ دروست بوو؟

-ماوەیەك لای ئافرەتێك بە پارەیەكی زۆر كەم و ماندووبونێكی ئێكجار زۆر كاری شیرینیم دەكرد، كە ئە گەر زاڵ نەبوومایە بەسەر برسێتیدا و بەپێ هاتووچۆم نەكردایە، دەبوو هەموو رۆژانەكەم بە زیادەوە سەرف بكردایە، دوای ئەوە چەند هاوڕێیەكم وایان دەزانی لەماڵی خۆم كار دەكەم، داوای شیرنییان دەكرد، لەوێوە وردە وردە بڕیارم دا سەربەخۆ كار بكەم.

* چەند كەس بەشدارن لەم كارەدا؟

-ئێمە چوار كەسی سەرەكیین و دەرچوی زانكۆ و پەیمانگەین.

*چ جۆرە شیرنەمەنی و چەند جۆر دروست دەكەن؟

-كاری سەرەكیی ئێمە كولیچەیە، جۆرەكانی كولیچە بە فستق، vip، گوێز، گوێزهند، خورما، لوقم، كولیچەی میوەكان، هەروەها پاقڵاوە، كونافە، جۆرەكانی برمە، خش خش، تورتە، كاستەر و.. چەندانی دی، هەندێك جاریش كڕیارەكان داوای چێشت دەكەن، وەكو كوبە، بریانی، دۆڵمە، ئەو كارەش دەكەین.

* پاڵپشتی هیچ كەس و لایەنێكتان هەیە؟

-وەك پاڵپشیی دارایی، هیچ لایەنێك پاڵپشتی نەكردووین، پاڵپشتی مەعنەوی راگری بەشی راگەیاندنی پەیمانگە بە چاڵێنجێك پاڵپشتی كردین،

* كێن ئەوانەی داوای بەرهەم و شیرینییەكانتان دەكەن؟

-زیاتر فڕنەكان، چایخانە وقاوەخەكان، ماڵەكان، قوتابیانی بەشە ناوخۆییەكان.

* پلانتان چییە بۆ داهاتوو، چیتان داناوە تاوەكو كارەكەتان زیاتر بەرهەمی هەبێت؟

-هەرزانیی نرخ، خۆشیی تام، بەردەوام داهێنان و نوێكاری لە تام و دیزاین ونەخشی كولتوریی دەست، پاكی و فرێشیی كەرەستەكان، ئەمانە هۆكار بوون تا هەر كڕیارێك لای ئێمە كولیچەی تام كردبێت، میوانەكانیشی داوای كولیچەی هانییان كردووە.

Top