براد پیت: لە كۆتایی نزیك بوومەتەوە

براد پیت:  لە كۆتایی نزیك بوومەتەوە

براد پیت ئەستێرەی هۆلیوود هەوادارانی تووشی سەرسوڕمان كرد و ڕایگەیاند كە نەخۆشییەكی دەگمەنی هەیە، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر دەبێت لە ناسینی كەسانی دەوروبەری.
براد پیت لە میانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری GQ ئاشكرای كرد، كە تووشی نەخۆشییەك بووە كە بە (كوێربوونی دەموچاو) ناسراوە، بە جۆرێك كە نەیتوانیوە كەسەكان جیا بكاتەوە، تەنانەت ئەگەر پەیوەندیی بە خێزانەكەشییەوە هەبێت.
براد پیت بەهۆی ئەم تێكچوونەوە رووبەڕووی تۆمەتی خۆبەزلزانین و لە خۆباییبوون بووەوە، بەوەی زۆر كەسی دەوروبەری پشتگوێ دەخات، بەتایبەتی لە ئاهەنگ و بۆنەكاندا، لە كاتێكدا ئەو خۆی بە كەسێكی زۆر ئاسایی دەزانێت و هیچ كاتێك لە خۆبایی نەبووە بەرامبەر هیچ كەسێك، براد ئەوەشی راگەیاندكە ئارەزوو دەكات چاوی بە كەسێك بكەوێت كە بەدەست هەمان نەخۆشییەوە دەناڵێنێت، بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنای ئەو بارە تەندروستییە بێت كە دووچاری هاتووە.

لەلایەكی دیكەوە براد پیتی خاوەن خەڵاتی ئۆسكار ئاماژەی بەوە كرد، كە خۆی ئامادە دەكات بۆ ئەوەی بەم زووانە واز لە هونەر بهێنێت، سەرەڕای ئەوەی دوو ساڵ لەمەوبەر خەڵاتی ئۆسكاری بەدەست هێنا.
بەپێی ماڵپەڕی كۆمپلێكسی ئەمریكی، پیت رایگەیاندووە كە هەست دەكات كاروانی هونەریی ئەو بەرەو كۆتایی دێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، كە ئەو یەك هەنگاو لە هێڵی كۆتاییەوە دوورە، ئەمە دوا لاپەڕە یان كۆتا بەشی سێیەمی ژیانی هونەریی ئەوە، بەڵام تا ئێستا نازانێت پێش خانەنشینی ئەم ماوەیەی لە هونەر و نواندن ماویەتی چۆن بەسەر ی دەبات.

پیت لە ساڵی ٢٠٢٠ خەڵاتی ئۆسكاری بەدەست هێنا بەهۆی ڕۆڵی لە فیلمی Once Upon a Time in Hollywood، كە لە دەرهێنانی كوینتین تارانتینۆیە، هۆكارەكانی وازهێنانی رانەگەیاند، بەڵام چاودێران بە دووری نازانن پەیوەندیی بەو نەخۆشییەوە هەبێت.

براد پیت:  لە كۆتایی نزیك بوومەتەوە
Top