ڕێکخەری بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حوکمەتی هەرێم هاوکاری یونیتادی کردووە

ڕێکخەری بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حوکمەتی هەرێم هاوکاری یونیتادی کردووە


ڕێکخەری بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حوکمەتی هەرێم هاوکاری یونیتادی کردووە لە دەستگەیشتن بە هەموو ئەرشیفێکی بەڵگەداری پەیوەست بە تاوانەکانی داعش کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆکراوەتەوە

٣/٨/٢٠٢٢

هەشت ساڵ پێش ئێستا خوشک و برا ئێزیدیەکانمان بەشێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژکران و ناچارکران ماڵ و حاڵیان چۆڵ بکەن. تیرۆریستانی داعش هێرشێکی توندیان کردە سەر ژمارەیەک ناوچەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی ئێزدییەکان لە شنگال لێی نیشتەجێبوون. هەروەها کردەوە تیرۆریستییەکان بوونە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لەدانیشتووانی ئەو ناوچانە کە دواتر بۆ پاراستنی گیانیان و بنیاتنانی هیوایەک، بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵکشان.

لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بە دواین هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەرپرسیارکردنی تیرۆرستانی داعش بە ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی.

لە دەستپێکی قسەکانیدا، د. دیندار زێباری ڕایگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ٢١/٨/٢٠١٤ بڕیاری ژمارە (٥١٧٠) ی دەرکردووە بۆ پێکهێنانی لیژنەی باڵا بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بەئێزیدییەکان کراوە. لیژنەکەش لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا کاری بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی ئەو کەیسە کردووە و هەوڵیداوە ئازارەکانیان بگەیەنێتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. لیژنەی ناوبراو لە کابینەی ئێستا چالاکبۆتەوە و بەردەوام بێت لە ڕەخساندنی زەمینە بۆ بەجینۆساید ناساندنی کارەساتی ئێزیدییەکان و پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا و گەیاندنی تیرۆریستانی داعش بە سزای یاسایی".

تەریب لەگەڵ ئەو میکانیزمەی هەیە، نووسینگەی ڕێکخەر بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕاسپێردراوە بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد). بۆ ئەم مەبەستە، نووسینگەی ڕێکخەر لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵە و تا ئێستا چەندان بەڵگەی پەیوەندیدار بە تیمی یونیتاد دراوە. لە بارەی پڕۆسەی ئەرشیڤکردنی بەڵگەکان و دروستکردنی کەیسی یاسایی، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، "بە مەبەستی ناساندنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، حکومەتی هەرێم دۆسیەی هەزاران ڕفێندراوی ئێزیدی بەدۆکیۆمێنت کردووە. ئەرشیفکردنی بەڵگەنامەکانی رفێندراوانی ئێزدی لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دەستیپێکردووە و لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٢ کۆتایی پێهاتووە. بە درێژایی ئەم ماوەیە، ٣٥٤٣ کەیس (٥٣٩٣ لاپەڕە) ئەرشیف کراوە. جگە لەوەش پشتیوانی کۆمەڵایەتی و دەروونی پێشکەش بە زیاتر لە دوو هەزار و ٢٣٤ قوربانی کراوە."

بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی داعش، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد کردووە و لەڕێگەی دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و چارەسەرکردنیان CIGE) (سەرکەوتوو بووە لە ئەرشیفکردنی ئەلیکترۆنیانەی زیاتر لە ٧٣ هەزار و ٩١٢ لاپەڕە بەڵگە بۆ ئەو تاوانانە. جگە لەوەش ٤ هەزار و ٢٠٦ دۆسیە وەک سکاڵا پێشکەش بە دادگاکان دەکرێت. لە نێویاندا لە ئێستادا هەزار و ٧٧٨ کەیس یەکلایی کراونەتەوە و دوو هەزار و ٤٢٨ کەیسیش لە پڕۆسەی ئامادەکردندان.

لە درێژەی قسەکانیدا، زێباری گوتی کە حکومەتی هەرێم هەوڵی بێوچانی داوە بۆ ئازادکردنی ڕفێندراوەکان، بۆیە لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و ئەنجامدانی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ڕفێنراوەکان و بودجەیەکی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کرد. تا مانگی تەمموزی ٢٠٢٢، ٣٥٥٤ کەس رزگارکراون: لەو ژمارەیەش ١٢٠٧ کەسیان ژنن، ٣٣٩ کەسیان پیاون، ١٠٥١ کەسیان منداڵی مێینە و ٩٥٧ کەسیان منداڵی نێرن. جگە لەوەش تا ئێستا دوو هەزار و ٧١٧ کەس بێسەروشوێنن. هەروەها دامەزراوە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرت و زانیاری فراوانیان پەیوەست بە سەرکردایەتی داعش و سەرچاوە داراییەکانیان بۆ یونیتاد دابین کردووە تا ئەوانیش لێکۆڵینەوە یاساییەکانیان دەستپێبکەن. وەک بەشێک لە پڕۆژەی بە ئەلیکتڕۆنیکردن، حوکمەتی هەرێم هاوکاری یونیتادی کردووە لە دەستگەیشتن بە هەموو ئەرشیفێکی بەڵگەداری پەیوەست بە تاوانەکانی داعش کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆکراوەتەوە و پارێزراوە، ئەمەش تەریبە لەگەڵ پابەندبوونی عێراق بە بڕیاری ژمارە ٢٣٧٩ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دادگایی کردنی داعش بە تاوانی نێودەوڵەتی.

لە کۆتایی قسەکانیدا، د. دیندار زێباری ڕایگەیاند، "وەک قەرەبوویەکی بچووک لە دەستپێک، پێویستە گەڕانەوەی ئاوارە و کۆچبەرانی ئێزدی و پێکهاتەکانی تر زامن بکرێت، کە بەهۆی دەستدرێژیە تیرۆریستییەکان و ئەو هەڕەشانەی کە لە بەردەمیان کراوە ناچارکراون کۆچ بکەن. هەروەها، پێویستە زاڵبین بەسەر ئاستەنگە سیاسی و ئیداریەکان کە رێگری لە بەرجەستەکردنی دادپەروەری بۆ کەسوکاری قوربانیان دەکات. هاوکات، خێراکردنی پێکهێنانی ئیدارە لە شەنگال و بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و دابینکردنی یارمەتی ماددی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ گەڕانەوەیان لە کەمپەکانی ئاوارەییەوە بۆ زێدی ڕەسەنیان. ئەم هەنگاوانە لە ڕێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال و ئەنجامدانی دادگاییکردنەکان لە ژێر ڕۆشنایی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد بەرجەستە دەبن."

Top