ئەگەر تاوانا مە بارزانی بوونە، كەواتە یا بێی بارزان مە حاشایە

ئەگەر تاوانا مە بارزانی بوونە، كەواتە یا بێی بارزان مە حاشایە

شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەدی بارزانی دوو قودبەی گەورەی بارزانییەكانن لە ڕووی تەریقەت و دینداری و نیشتیمانپەروەری و ژینگەپارێزییەوە، ئەم ڕێبازە بەردەوامی هەبووە تا ئەم چركەساتە و سەركردە خۆڕاگرەكانمان ملیان داوەتە بەر ئەم بەرپرسیاریەتییە و وێڕای خوداناسی ئەم ڕێبازە لە هەڵگرتنی پەیامی نیشتیمانپەروەری و كوردایەتی و مرۆڤدۆستی و ژینگەدۆستی بەردەوامبووە، ئەم پەیامانەش لە ژیان و ڕەفتاری خەڵكی دەڤەری بارزان و ژینگەكەی ڕەنگیداوەتەوە و تاكە داواكاری سەركردە مەزنەكانمان هەمیشە ئازادی و سەرفرازی ژیانكردنبووە، كە ئەمەش بۆ وڵاتە دراوسێیەكانمان و چەند وڵاتانێكی تریش بووەتە كابووسێك تائێستاش بەرۆكی نەیارەكانمانی بەرنەداوە، تەنانەت تا ئەو كاتەی مافی ئەم گەلە دەستێنرێت، نە چەك لە شان دەبێتەوە و نە قەڵەمەكانیش وشك دەبن، ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق دژی ئازادییەكانی ئەم گەلە هەموو ڕێگایەكی توندوتیژی تاقیكردۆتەوە و جیاوازییان نەكردووە كە كێ بارزانییە و كێ گەرمیانییە و كێ موسوڵمانەو كێ غەیرە موسوڵمانە، بەڵكو هەر تاكێك هەڵگری ناسنامەی كوردایەتی بووە وەك كۆسپێك لە قەڵەمدراوە، ئەویش لە هەمبەر مەبەستە چەپەڵەكانیان و هەموو هێزێكیان بەكارهێناوە بۆ نەهێشتنیان و بارزانیەكانیش بەتایبەت تر، چونكە دۆزی ڕەوای ئەم گەلە لە سەردەستی سەركردەكانی دەڤەری بارزان لە ئەشكەوتەكانەوە گەیێندرایە كۆشكی سپی و بەگەلێك هەوراز و نشێوی سەختدا ڕێیكردووە، بەڵام كۆڵنەدرا و دژی نەیارەكان وەستانەوە و هەر بەم هۆیەشەوە لە 1983/7/31 بەدەستی ڕژێمی ڕووخاوی عێراق بەفەرمانی سەددام حوسێنی نەیاری كورد و دكتاتۆری سەدەی بیستەم، 8000بارزانی بە ئافرەت و پیاوەوە، بەگەورە و بچووكەوە، بە زۆرەملێ ڕاگوێزران بۆ دەشت و سەحڕایە تاقەتپڕوكێن و بێدەنگەكان، ئەویش بۆ نێو تەپ و تۆزی خنكێنەر، بۆ نێو گەرمای جەستە سووتێنەر، كە ئەم مرۆڤە بێتاوانانە ژینگە و ئاوی سازگار و نەسیمی بناری چیای شیرین وەك ڕۆح ئاوێتەی جەستەیان بوو،39 ساڵ بەسەر ئەم كارەساتە جەرگبڕە تێپەڕ دەبێت، كەچی لە دڵی دایك و خوشك و منداڵەكانیان هەمیشە و ڕۆژبەڕۆژ نوێتر دەبێتەوە و هێزی لەبەر بڕیون، وێڕای سەختی ژیانیان بە درێژایی ئەم هەموو ساڵە لە حەرەسیاتی شەوانەی ئۆردووگاكان تاوەكو بلۆك كێشانەوە و كرێكاری كردن و ئاوارەیی و ترس و لەرزی ماڵی بێ باوك و ڕووناكی، وێڕای برسییەتی و غەریبی و بەرپرسیارییەتی بەخێوكردنی ڕۆڵەكانیان و پڕكردنەوەی بۆشایی باوك و بوون بەدایك و باوك بۆ منداڵەكانیان، لە كاتێكدا جیهان كەڕ و كوێر بوو لە ئاست ئەم هەموو زووڵمەی بەرامبەر میللەتی خۆنەچەمێن و خۆڕاگری كورد كرا، تاكە پشت و پەنایەك كە هەیانبوو خودای تاك و پاك بوو، تاكە پەناگەیەك كە پەنای دان چیا و ژوورە تاریكەكانیان و باوەشی باوكانە و برایانەی پر ِسۆزی جەنابی سەرۆك بارزانی بوو، وێڕای ئەو خەڵكە دڵسۆزانەی خۆیان و منداڵەكانیان خستە بەردەم ئەگەری مان و نەمان لە پێناو پاراستنی شێرەژنانی بارزانی و ڕۆڵە بێنازەكانیان كە تا دونیا ماوە و یەك ڕۆڵەی بارزانی ماوە منەتباری چاكەكانیانین هەروەك( جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمووی ئێمە بەهیچ جۆرێك لە ژێرباری چاكەیان دەرناچین ) ،
هەر لەگەڵ یەكەم هەنگاوی دژایەتی كە دژی بارزانییەكان نرا وتەیەك گووتراوە لە باب و باپیرانەوە تا ڕۆڵەكانی ئەمڕۆ كە دەڵێن (یا بێی بارزان مە حاشایە) واتە هەموو ڕێ و ڕێبازێك بەدەر لە ڕێ و ڕێبازی بارزان ئێمە حاشایی لێدەكەین، چونكە ڕێبازێكە پڕ لە دینداری و مرۆڤدۆستی و ڕاستگۆیی و نیشتیمانپەروەری، هەر لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پەیامە پیرۆزە لە ڕێكەوتی 2022/7/31 لە ژێر سەرپەرشتی جەنابی مەلا مستەفا مسعود بارزانی و نووسینگەی جەنابیان و بەهاوكاری لایەنی پەیوەندیدار ڕووفاتی 100 بارزانی جینۆسایدكراو لە فڕۆكەخانەی نیودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو گوندی بارزان بە شایستەترین پێشوازییەوە كە جێی سوپاسە گەڕێندرانەوە و لە بناری چیای شیرین بەخاك سپێردران، هاوكات ژمارەیەكی زۆر لەخەڵكی شار و شارۆچكەكان و كەس و كاریان بەدڵێكی سووتاو و پڕكەسەر و ئاهو هەناسەی پڕحەسرەتەوە تابەرەبەیان ناوچە بەناوچە لە پێشوازییان وەستابوون، هەرچەند هێنانەوەی ڕووفاتەكانیان برینی كەس و كاریان ساڕێژ ناكات بەڵام كۆتایی بەو چاوەڕوانییە دێنێت كە هەمیشە پێیان وابووە ڕۆژێك دەگەڕێنەوە و چاوە ماندووەكانیان لە چاوەڕووانی دەحەسێنەوە و بەدیداریان ڕووناك دەبنەوە .

 

 

دوریا شێروانی

Top