ڕۆمیۆ هەكاری سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی بەیت نەهرێن بۆ گوڵان: حكومەت لە بواری ئاسایشی ئاو و خۆراكدا هەنگاوی باشی هەڵگرتووە

ڕۆمیۆ هەكاری   سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی بەیت نەهرێن بۆ گوڵان:     حكومەت لە بواری ئاسایشی ئاو و خۆراكدا هەنگاوی باشی هەڵگرتووە

 

 

هەوڵ و هەنگاوەكانی حكومەت لە بوارە جیاجیاكاندا، بە تایبەتی بەردەوامیدان بە پرۆسەی چاكسازی و كاركردن بە ئاراستەی دەستەبەركردنی ئاسایشی خۆراك و ئاسایشی ئاو و چەند بوارێكی گرنگی دیكە، بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ ڕۆمیۆ هەكاری سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی بەیت نەهرێن، لێرەدا دەقی وتەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

* لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، بارودۆخی سیاسی و ئابووری و دارایی لەو پەڕی خراپیدا بووە، بە تایبەتی كە پەتای كۆرۆنا بڵاو بووەوە و نرخی پەترۆڵ بووە خوار سفر، ئەمە وێڕای پاشاگەردانی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا و بێبەشكردنی هەرێمی كوردستان لە شایستە داراییەكانی خۆی، بەڵام كابینەی نۆیەم ئەم تەحەددییانەی تێپەڕاند و باس لە دەستكەوتەكانی خۆی دەكات، ئایا چۆن لە ئەدای كابینەی نۆیەم دەڕوانن لەم سێ ساڵەدا؟

- بەداخەوە هەر لە دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی برای بەڕێزمان كاك مسرور بارزانی، كێشەكان دەستیان پێ كرد، كە زیاتر لە دوو ساڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بوو لەگەڵ كێشە نوێ و كۆنە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشە هەرێمییەكان و، كێشە سیاسییە حزبییە ناوخۆییەكان، هەموو ئەوانە وایان كردووە كە بە شێوەیەك لە شێوەكان بەربەست لە بەردەم كارەكانی كابینەی نۆیەمدا دروست ببێت، بەڵام جێگای خۆشحاڵییە كە دوای تێپەڕاندنی سێ ساڵ لە ناو ئەو هەموو ئاڵۆزی و ئاڵنگارییە ناوخۆ و دەرەكییانەدا، كابینەی نۆیەم توانی سەركەوتووانە ڕووبەڕووی كێشەكان ببێتەوە، كە گرنگترینیان كێشەی مووچە بوو، توانی چارەسەری بكات، ئەمەش سەروەرییەكی گەورەییە بۆ ئەو كابینەیە. هەروەها پرۆسەی چاكسازییش تا ئاستێكی زۆر باش چووەتە پێش و هیوادارین هەموو لایەكمان پاڵپشتی و هاوكاری ئەو كابینەیە بكەین لەم ڕووەوە، چونكە چاكسازی هەم داخوازیی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، هەم داخوازی حكومەتە و هەم داخوازیی هەموو لایەكمانە بۆ ئەوەی حكومەت بتوانێت زیاتر خزمەت خەڵكی هەرێمی كوردستان بكات.

* لە ناو ئەم بارودۆخە ئابووری و داراییە قورسەدا سەرۆكی حكومەت بەرنامەی چاكسازی دەست پێ كرد و، سەرچاوەكانی داهاتی فرەچەشن كرد، بەمەش توانی كە باری دارایی هەرێم ڕاست بكاتەوە و مووچە و پڕۆژەكانیش ڕانەوەستێت، ئایا تا چەند پیادەكردنی بەرنامەی چاكسازی گرنگ بوو؟

- من پێموایە بەرنامەی چاكسازی كاتێكی زۆری دەوێت و، پێویستە ئێمە پشوودرێژ بین لەگەڵ حكومەت و ئەو كابینەیەدا، تا بتوانێت سەرجەم ئەو بەرنامەیە بەرەوپێش ببات، هەروەك چۆن هەنگاوی باشی ناوە، ئاواش بەردەوام بێت تاوەكو خەڵك هەست بەو چاكسازییە بكات، چونكە بە دڵنیاییەوە سەركەوتنی چاكسازی بە مانای باشتركردنی باروگوزەرانی خەڵكی كوردستان دێت، هەروەها هەوڵێكی دیكەی ئەو كابینەیە كە دەستخۆشی لێ دەكەین، بریتییە لە هەمەچەشنكردنی سەرچاوە داراییەكان، واتە هەمەچەشنكردنی داهاتی حكومەت و هەرێمی كوردستان، بۆیە بەو كار و پڕۆژانەی كە كابینەی نۆیەم لەسەریان دەڕوات، دەتوانرێت ژێرخانی كوردستان بەهێز و پتەو بكرێت، ئەمەش بە دڵنیاییەوە ڕەنگدانەوەیەكی ئەرێنی لەسەر بەرەوپێشەوەچوون و باشتربوونی ژیانی خەڵكی كوردستان دەبێت.

* لەم خولەی پەرلەماندا، ژینگەی سیاسیی پەرلەمان ئاڵۆز بوو و فەوزایەكی سیاسی هەبوو، بەڵام لەم خولەشدا كابینەی نۆیەم لە هەموو خولەكانی دیكە زیاتر وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی داوەتەوە و، توانرا لە ناو ئەو فەوزایەدا پەیوەندییەكی باش لە نێوان حكومەت و پەرلەمان هەبێت، ئایا دروستبوونی ئەم پەیوەندییە باشە تا چەند پەیوەندی بە شەفافییەتی كابینەی نۆیەمەوە هەیە بەرامبەر بە پرسیاری پەرلەمانتاران؟

-  خۆی كاری پەرلەمانی و كاری جێبەجێكردن (حكومەت) گرێدراون بە یەكترەوە و دەبێت پەیوەندییەكی تۆكمە و هەمیشە باش و بەهێز لە نێوان پەرلەمان و حكومەتە هەبێت، چونكە پەرلەمان یاساكان دەردەكات و حكومەت ئەو یاسایانە جێبەجێ دەكات، بۆیە دەبێت حكومەت یارمەتیدەر بێت و لە هەمانكاتدا دەبێت پەرلەمانیش یارمەتیدەر بێت لە ڕووی تەشریعكردن و یاسادانان و دەركردنی بڕیار و زۆر بواری دیكە، كە پەیوەستن بە ژیان و داهاتووی خەڵكی كوردستانەوە. دەتوانم بلێم ڕۆژانە شاندی وەزارەتەكان و ئەو لایەنانەی پەیوەستن بە وەزارەتەكان و شوێنی دیكە، لە پەرلەمان ئامادەن، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە بتوانن هاوئاهەنگی دروست بكەن بۆ پەرلەمان لە كاتی دەركردنی پڕۆژە یاساكاندا، بۆ ئەوەی حكومەت ئاگاداری ئەو یاسا و بڕیارانە بێت كە لە پەرلەمان دەردەچن، هەروەها بۆ ئەوەی بتوانێت جێبەجێیان بكات. بۆیە لێرەدا پێویستە ئەوە بخەینەڕوو كە كابینەی نۆیەم هاوئاهەنگی و هاوكاریی زۆر و پێویستی لەگەڵ پەرلەمان كردووە، بۆ ئەوەی هەموو بڕیار و تێبینی و كەلێنەكان شەفاف بێت، هەروەها حكومەت لەم كابینەیەدا كاری كردووە بۆ ئەوەی هەموو كاروبارەكان بە گوێرەی یاسا و بڕیارەكان بێت، تاوەكو بتوانرێت زۆرترین خزمەت بە خەڵكی كوردستان بكات، لەم لایەنە و جێبەجێكردنی یاسا و بڕیارەكاندا حكومەت لە كابینەی نۆیەمدا زۆر سەركەوتوو بووە، بەو دیوەی كە لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا بێت.

* لەم كابینەیەدا كۆمەڵێك هەنگاوی باش نراوە بۆ دروستكردنی ژێرخانی ئاسایشی خۆراك و پیشەسازیی خۆراك، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین سایلۆ بۆ كڕینەوەی بەروبوومی جووتیاران و چەندین كارگەی پیشەسازی دروست كراون، ئایا هەوڵدان بۆ دروستكردنی ژێرخانی ئاسایشی خۆراك لە كوردستان تا چەند گرنگە؟

- بە دڵنیاییەوە زۆر گرنگە و لە چەندین ڕووەوە پاڵپشتییە بۆ جووتیاران و، مایەی دڵنیایی و دروستبوونی متمانەیە لەلایەن جووتیارانەوە، كە بەروبووم و دانەوێڵەكانیان بە ئاسانی بە حكومەت دەفرۆشنەوە و داهات و دەستكەوتەكانیشیان مسۆگەرە، كە لەلایەن حكومەتەی كوردستانەوە پارێزراو دەبێت، هەر بۆیە هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ دروستكردنی سایلۆ و كارگەی دانەوێڵە (بۆ پشتگیریی جووتیاران بە كڕین و وەرگرتنی دانەوێڵە و بەرهەمەكانیان) خۆی لە خۆیدا ژێرخانی ئابووریی كوردستان بەهێزتر دەكات، ئەم پڕۆژانەی ئاسایشی خۆراك لە كابینەی نۆیەمدا، هاندەرێكیشە بۆ ئەوەی كەرتی كشتوكاڵ ببووژێتەوە، زۆر گرنگە كە حكومەت گرنگی بە ئاسایشی خۆراك بدات، ئەوەی لە كابینەی نۆیەمدا دەیبینین، ئەوەیە كە گرنگییەكی زۆری بەو لایەنە گرنگەی وڵات و ژیان داوە و بەرنامەی زۆر باشتر و كاریگەرتریشی لە هەگبەدایە بۆ خزمەتی جووتیاران و خەڵكی كوردستان، لەم بارەیەوە ئەو هەنگاو كار و پڕۆژانەی حكومەت بەرز دەنرخێنرێن و چاوەڕوانی ئەوەش لە حكومەت دەكرێت، كۆنتڕۆڵی خاڵە سنوورییەكان بكات لە هاوردەكردن و هاتنی ئەو بەروبوومانەی كە جووتیارانی هەرێمی كوردستان بەرهەمی دەهێنن، كە ئەمەش دەبێتە خاڵێكی دیكەی هاندان و پاڵپشتیكردنی جووتیاران و زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی. لەلایەكی دیكەوە كابینەی نۆیەم لە هەوڵی ئەوەدایە كە كۆنتڕۆڵی كوالێتیی ئەو كەلوپەل و شتانە بكات كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێن، بەم هەنگاوەش حكومەتی هەنگاوێكی زۆر گرنگ و بنەڕەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی كوردستاندا هەڵدەگرێت.

* دژایەتیكردنی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی هەندێك لە لایەنە شیعەكان، گەیشتە ئەوەی كە دادگای بەناو فیدڕاڵی بەكار بهێنن بۆ ئەوەی بە بڕیارێك یاسای نەوت و گازی هەرێم ڕەت بكەنەوە، دەیانویست دەست بەسەر دۆسێی نەوت و گازی هەرێمدا بگرن، بەڵام سەرۆكی حكومەت زۆر پێداگری كرد و ملكەچی ئەو ئەو بڕیارە نەبوو، ئایا هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەم ئیرادەیە چۆنە كە ڕاشكاوانە داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان دەكات؟

- ئێمە هەر لە سەرەتاوە پاڵپشتی و دەستخۆشیمان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە و پاڵپشتی ئەوە ڕەتكردنەوە و پێداگرییەی جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بووین، كە ڕازی نەبوو بەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە نەوت و غاز دابووی، كە ئاشكرایە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان یاسایی نییە، بەڵكو بڕیارێكی سیاسییە لە دژی هەرێمی كوردستان، بەداخەوە هیچ كاتێك بەغدا هەوڵێكی جددی نەداوە بۆ جێبەجێكردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان و بگرە دەستی بۆ بڕینی قووت و ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بردووە، هەموو ئەو كارانە بۆ ئەوە بوون حكومەتی هەرێم نەتوانێت كارەكانی بە باشی جێبەجێ بكات و بە ڕێكوپێكی خزمەت بە خەڵكی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام بە حیكمەتی جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان توانرا هەموو ئەو لەمپەر و هەوڵانە پووچەڵ بكرێنەوە، ئەمڕۆش نەبێت لە داهاتوودا دەبێت بەغدا هەموو ئەو بڕیارانەی لە دژی هەرێمی كوردستان دەری كردوون، هەڵبوەشێنێتەوە و، بڕیاری باشتر و یاساییانە بدەن، كە خزمەتی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بكات، نەك دوژمنایەتیی هەرێمی كوردستان بكەن.

* هەوڵ و پڕۆژەكانی كابینەی نۆیەم لە پێناو پاراستنی ئاسایشی ئاوی هەرێمی كوردستان چۆن دەبینن؟

- لە ڕاستیدا چەندە هەوڵ و كۆشش بكرێت بۆ پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو هێشتا هەر كەمە، جەنابی مسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان زۆر بە گرنگییەوە كار و بەرنامەی بووە بۆ مسۆگەركردن و پاراستنی ئاو لە هەرێمی كوردستاندا، جگە لەوەی چەندین بەنداوی گەورە و بچووك و مامناوەندی جێبەجێ كردووە، ئێستاش ژمارەیەك بەنداو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی لە نێوان ناوچەو شارەكان، خستووەتە ژێر جێبەجێكردنەوە و بودجەی بۆ تەرخان كردووە، بە تەواوبوونی پڕۆژەكان لە داهاتوودا، لە كوردستان كێشەی ئاومان نابێت. ئەگەرچی بەردەوام دەبینین وڵاتانی دراوسێ بە هۆكار و بێ هۆكار ئاو لەسەر هەرێمی كوردستان دەگرنەوە، بەڵام بە حیكمەتی ئەو كابینەیە و بە بەرنامە و پڕۆژەكانی، لەم كێشە و گرفتانەش ڕزگارمان دەبێت. بەڵام دەبێت ئەوەمان لە بەرچاو بێت كە هێشتا بەرنامە و پڕۆژەی دیكەی ئاسایشی ئاو ماوە و جێبەجێكردنیان توانای زۆری پێویستە و دەبێت خەڵكی كوردستان پشوویان درێژ بێت، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەوەیە كە حكومەت جددییە لە جێبەجێكردنی كار و بەرنامەكانی لەم ڕووەوە.

Top