ناجی سەلیمی بۆ گۆڵان: دوو كۆنسێرت لە هەولێر و سلێمانی ساز دەكەم

ناجی سەلیمی بۆ گۆڵان: دوو كۆنسێرت لە هەولێر و سلێمانی ساز دەكەم

ناجی سەلیمی یەكێكە لەو هونەرمەندانەی لە چەندین بواری جیاجیای هونەریدا كار دەكات، سەرەتا لە سینەما و دواتریش رووی كردە گۆرانیگوتن، ئێستاش لە بواری نووسیندا سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی بەرهەمێكە كە خۆی لە رۆمانێكدا دەبینێتەوە.

ناجی سەلیمی لە ئێستادا سەرقاڵی چەند كارێكی هونەرییە، لەم رووەوە بەم شێوەیە بۆ گوڵان دوا: «لە بواری سینەمادا وەك دەرهێنەر سەرقاڵی كاركردنم لە فیلمێكی سینەمایی درێژ بە ناوی (ژنی بارانی) كە لە سیناریۆی خۆمە و، بە زمانی كوردییە، ماوەكەشی (90) خولەكە، بەرهەمهێنەری فیلمەكە رەزا ئاشتیانییە، كە خۆی یەكێكە لە ئەكتەرە بەناوبانگەكانی سینەما و تەلەفزیۆنی ئێران، گرووپی فیلمەكە لە هەموو بوارێكدا لە تارانەوە دێن، سێ لە ئەكتەرە سەرەكییەكان لەسەر ئاستی ئێران ناسراون، هەروەها دوو ئەكتەری هەرێمی كوردستانیش بەشدارن، لە هەمان كاتدا گۆرانیبێژن، دەتوانم بڵێم فیلمێكی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستانە، بەڵام تەواوی وێنەگرتنی فیلمەكە لە رۆژهەڵات دەبێت، دوای دوو مانگی دیكە لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەست دەكەین بە وێنەگرتنی فیلمەكە».

ناجی سەلیمی بۆ گۆڵان: دوو كۆنسێرت لە هەولێر و سلێمانی ساز دەكەم

هەروەها تیشكی خستە سەر چالاكییەكانی لە بواری نووسیندا و گوتی: «ئێستا خەریكی رۆمانێكی خۆشەویستیم كە جیاوازە لە گشت كارەكانی پێشترم، زۆر جار حەزم كردووە كتێبێك بنووسم، لەبەر چەند هۆكارێك ناتوانم كتێبەكە لە ئێران چاپ بكەم، بۆیە ناچارم لە شوێنێكی دیكە لە دەرەوەی ئێران چاپی بكەم، چونكە سانسۆری دەخرێتە سەر و رێگە بە چاپكردنی نادرێت».
ناجی لەبارەی گۆرانیگوتن رایگەیاند: «لە ئێستادا دوو ئەلبوومی گۆرانیم لە بەردەستە، كە هەریەكیان پێكهاتووە لە نۆ تراك، دوو گۆرانی بە زمانی فارسییە، هی خانمە هونەرمەندی كۆچكردوو (هایدە)ن، كە موزیكیان بۆ دانراوەتەوە، پێنج گۆرانیی فۆلكلۆریی كوردییە كە پێشتر وتراوە، یەكیان هی هونەرمەند حەسەن زیرەكە و چواریان گۆرانیی هەڵپەڕكێن، بە شێوازێكی نوێ و جیاواز وتومەتەوە، گۆرانییەكانی دیكەش یەكەمجارە بڵاویان دەكەمەوە، ژەنیارە بەشداربووەكانی بەرهەمەكە لە ناوچە جیاجیاكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستانن و هەروەها لە هەولێر و سلێمانین، دابەشكردن و میكس و ماسترینگ هەموو (فەرهادی كوردی) ئەنجامی دەدات، كە یەكێكە لە سەركەوتووترین ئەو كەسانەی ئەم كارانە ئەنجام دەدەن لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی كوردستان، تا ئێستا (11) گۆرانی تۆمار كراوە و (7) گۆرانییش لە قۆناغی دابەشكردندان و لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواو دەبێت و ئەلبوومەكە ئامادە دەبێت، لە هەموو شتێك گرنگتر ئەوەیە كە هەر (18) گۆرانییەكە بە كلیپ بڵاویان دەكەمەوە و، لە ئێستادا كارمان لەسەر (5) كلیپ كردووە و زۆرتریان لە رۆژهەڵاتی كوردستان تۆمار كراون، پێویستە ئەوەش بڵێم كە بۆ تەواوی گۆرانی و كلیپەكان بەڕێز (ئەحمەدی عوشاق) سپۆنسەرمە، لەلایەكی دیكەوە بەنیازم چەند كۆنسێرتێكی گەورە لە هەولێر و سلێمانی بە بەشداری لەگەڵ هونەرمەندێكی ناوداری كورد ئەنجام بدەم، بەڕێز (ئەحمەدی عوشاق) سپۆنسەری ئەم پرۆسەیەش لە ئەستۆ دەگرێت، كە لێرەدا بە پێویستی دەزانم لە دڵەوە سوپاسی بكەم».

ناجی سەلیمی بۆ گۆڵان: دوو كۆنسێرت لە هەولێر و سلێمانی ساز دەكەم

سەبارەت بە سەركەوتنی لە بواری سینەما و گۆرانیدا ناجی سەلیمی گوتی: «من شارەزاییم لە سینەماشدا هەیە و چەندین جار سەردانی هەرێمی كوردستانم كردووە، بەڵام بەر لەوەی ببم بە گۆرانیبێژ، كاری دەرهێنانم بۆ بەرهەمە سینەماییەكان دەكرد، وەك دەرهێنەرێكی سینەمایی تا ئێستا ئامادەی چەندین فیستیڤاڵ بووم لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك، چونكە دەمەوێت سوود لە چیرۆك و كارە هونەرییەكانی ئەوانیشدا ببینم و، بەراوردێك لە نێوان سینەمای رۆژهەڵات و باشووردا بكەم، زۆر لە هاوڕێیانم هانیان دام بۆ ئەوەی لە بواری گۆرانیگوتنیشدا خۆم تاقی بكەمەوە، هەروەها دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە خۆشەویستیی من بۆ گۆرانی وای كرد كە روو لە سینەما بكەم، لە بواری سینەمادا زۆرم كار كرد، بەم دواییەش دەرفەتی ئەوەم بۆ هاتووەتە پێش كە گۆرانی بڵێم، ئەوەش خەونێكی منداڵیمە و زۆریش خۆشحاڵم كە سینەماكار و گۆرانیبێژ بم لە یەك كاتدا و، لەو بڕوایەدا نیم كە هیچ یەكێك لەم دوو بوارە كاریگەرییان بەسەر ئەویتردا هەبێت، هیوادارم لە گۆرانیگوتنیشدا بتوانم خزمەتێك بە هونەری كوردی بكەم، بە شێوەیەكی گشتی لە هەردوو بوواردا هەست بە ئاسوودەییەكی زۆر دەكەم، دەكرێ وا پێناسەی بكەم كە چۆن دایك لە نێوان دوو منداڵدا ناتوانێت جیاوازی لە خۆشەویستییاندا بكات، منیش بۆ ئەو بوارانە هیچ جیاوازییەك ناكەم، چونكە تەنیاشت كە منی هێشتووەتەوە لە ژیاندا گۆرانی و موزیك و فیلمە.»
سەبارەت بە ژەنینی ئامێرە موزیكییەكان ناجی سەلیمی دەڵیت: « من زۆر بە ئامێری ڤیۆلۆن دڵخۆشم و شارەزاییەكی زۆریشم لەو ئالەتە موزیكییەدا هەیە، چونكە پێموایە زور باشە شارەزا بیت و زۆر باشتر نۆتەكان دەناسێت، بەڵام ئەگەر شارەزاییشم نەبێت، مانای ئەوە نییە كە ناتوانم گۆرانی بڵێم».

Top