سەرۆک بارزانی: کلتووری رەتکردنەوەی بەرامبەر کێشەیەکی ترسناکە، پێویستە نەمێنێت

سەرۆک بارزانی: کلتووری رەتکردنەوەی بەرامبەر کێشەیەکی ترسناکە، پێویستە نەمێنێت

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق، رێورەسمی گەڕاندنەوەی رووفاتی 100 ئەنفالکراوی بارزانی لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕیوەچوو.


لە میانەی رێورەسمەکەدا سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و رای گەیاند، کلتووری رەتکردنەوەی بەرامبەر کێشەیەکی ترسناکە و پێویستە نەمێنێت و لە جێگەی ئەوە، پێویستە پەرە بە هرزی پێکەوەژیان و لێبوردەیی بدەین.

سەرۆک بارزانی گوتیشی: "رژێمی بەعس بە دڵێکی رەقتر لە بەرد و بە خوێنێکی سارد ئەو هەموو خەڵکە بێتاوانەی شەهید کرد و دڕندایەتی خۆی بۆ هەموو جیهان دەرخست، لەبەرامبەر ئەوەەدا گەلی کوردستان لە راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ مرۆڤدۆستی و رەوشتبەرزیی خۆی نیشاندا ئەو هێزانەی کە تاوانی ئەنفالیان ئەنجامدابوو هەموو کەوتنە بەردەستی خەڵکی کوردستان بەڵام تۆڵەی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی جیاواز بوو و لێبوردە بوون و ئیزنی دان".

راشی گەیاند، لە بێکەسیی کورد نەبووایە، ئەو کارەساتەی لە کوردستان روویدا هیچی کەمتر نەبوو لەوەی لە ئەفریقای باشوور رووی دا، بەڵام بە داخەوە نە کورد توانی ئەم هەڵوێستەی بەرزەی خۆی بە جیهان بناسێنێت نە جیهانیش بەم ئەرکە هەستا.


سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە: "ئەم تاوانانە زۆر گەورەن و برینەکان زۆر قوڵن پێویستە بەردەوام بین لەسەر ئەو رەوشتە بەرزەی خۆمان پێویستە رێگەنەدرێت تاوانی رژێم ببێتە هۆی دوژمنایەتی گەلان، رژێمەکانی دێن و دەڕۆن بەڵام گەلان دەمێنن، پێویستە برایەتی نێوان گەلان بمێنێت".


سەرۆک بارزانی گوتیشی: "چاوەڕوانیمان لە هاوپەیمانان ئەوە بوو کە ئازاری کەسوکاری شەهیدان سووک بکرێت بەڵام بەپیچەوانەمان بینی، قەرەبووکردنەوەی کەسوکارەکانیان ئەرکی حکوومەتی عێراق هیوادارم بەو ئەرکە هەڵسێ".

لە کۆتاییدا گوتی: "بەرێزان ئێمە زۆر نیگەرانین لەم قەیارنەی کە ئێستا عێراق تێیدا بەداخەوە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ سوود لە ئەزموون وەرنەگیرا و دەستوور وەلاوە نرا و هەڵوسەوکەتی هەڵە کرا، خەڵکی عێراق بە تێکڕا هێندە ئێش و ئازاریان چەشتووە کە شایەنی ئەو ژیانە نین کە ئێستا تێیدان، هیوادارین هەموو لایەک هەست بە بەرپرسیارییەتی خۆیان بکەن و هەوڵی کۆتاییهاتنی قەیرانەکان بدەن و جارێکی دیکەش کارەساتی لە شێوەی ئەنفال نەبینینینەوە".

Top