هۆكارە هاندەرەكانی تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە

هۆكارە هاندەرەكانی تووشبوون بە نەخۆشیی  شەكرە

ئەگەرچی نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم كە جۆرە باوەكەیە، مەیلی زگماكیی هەیە، بەڵام گەلێك هۆكاری هاندەری دیكە هەیە كە ئەگەری تووشبوون زیاد دەكەن و، تا رادەیەكی زۆریش دەتوانرێت رێگایان لێ بگیرێت. هۆكارە هاندەرەكان وەك: كێشی زیاد و قەڵەوی كە هۆكارێكی بەهێزە بۆ تووشبوون، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیڕۆڵی خوێن، كەمیی جووڵە و كەمیی مەشقی وەرزشی، كە هاندەرە بۆ زیادبوونی كێشی لەش و پەیدابوونی بەرگری بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین Insulin resistance، تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە لە كاتی دووگیانیدا Gestational diabetes، كە پاش منداڵبوون ئەگەری تووشبوونی هەمیشەیی بە شەكرە زیاد دەكات، خۆراكی ناتەندروست (بەتایبەتی خۆراكی رۆژئاوایی) واتە خۆراكی پرۆسێسكراو بە چەوریی خراپ و كەمیی ریشاڵ و بڕی زیادی خوێ و شلەمەنییە شیرینكراوەكان، جگەرەكێشان، بەساڵاچوون بەتایبەتی پاش 45 ساڵی، چونكە توانای پەنكریاس بۆ دەردانی ئینسولین كەم دەبێتەوە، هاوكات لەگەڵ زیادبوونی بەرگریی لەش بەرانبەر بە ئینسولین، مەیلی خێزانی (بۆماوەیی) كە ئەگەری تووشبوون تا 40% زیاد دەكات، ئەگەر تەنیا دایك، یان باوك شەكرەی هەبێت، هەروەها ئەگەری تووشبوون تا 70% زیاد دەكات ئەگەری هەردوو دایك و باوك شەكرەیان هەبێت.

 

Top