دیندار دۆسكی شرۆڤەكار و سیاسەتمەدار بۆ گوڵان: خۆڕاگریی كابینەی نۆیەم لە بەردەم كێشە و تەحەددییە گەورەكاندا جێگەی تەقدیر و شانازییە

دیندار دۆسكی   شرۆڤەكار و سیاسەتمەدار بۆ گوڵان:     خۆڕاگریی كابینەی نۆیەم  لە بەردەم كێشە و تەحەددییە گەورەكاندا جێگەی تەقدیر و شانازییە

 

 

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەناو كۆمەڵێك قەیرانی ئابووری و كێشە و تەحەددای سیاسی پێكهات، هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونییشی ڕووبەرووی چەندین ئاستەنگی گەورە بووەوە لەوانە: «تێكچوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراق، بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی پەترۆڵ بۆ خوار سفر»، سەباری ئەمانەش ئاراستەی هەڕەشە و گوشارەكان تەنیا بە هێرشە تیرۆریستییەكانی گرووپە لە یاسا دەرچووەكان نەوەستا، بەڵكو گەیشتە ئەوەی لە دەوڵەتێكی دراوسێوە بە مووشەكی بالیستی هێرش بكرێتە سەر هەولێر و، بەم دواییەش پەنا برایە بەر دادگای بەناو فیدڕاڵی عێراق بۆ ئەوەی بە بڕیارێك یاسای نەوت و گازی كوردستان ڕەت بكاتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەدای كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوڵان ئەم وتووێژەی لەگەڵ دیندار دۆسكی ئەنجام دا كە جیا لەوەی كەسایەتییەكی سیاسیی بەئەزموونە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، لە هەمانكاتدا ئەزموونێكی گەورەی لە پرۆسەی حوكمڕانی هەیە و پێشتر وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی عێراق بووە، لەم دیدارەدا بەمجۆرە هەڵسەنگاندنی بۆ ئەدای كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد.

 

 

* سێ ساڵ تێدەپەرێت بەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، چۆن ئەدای كابینەی نۆیەم لەم سێ ساڵەدا هەڵدەسەنگێنیت؟

- پێش هەموو شتێك حكومەتی ئێمە حكومەتی دەوڵەتێكی سەربەخۆ نییە، بەڵكو حكومەتێكی هەرێمین و لە ڕووی سیاسی و ئابووری و جڤاكی بە دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقەوە گرێ دراوین، هەر بۆیە ڕەفتار و باش و خراپی ئەو دەوڵەتە كاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەبێت. بەڵام ئەگەر بێینە سەر ئەدای كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بێگومان هیچ حكومەتێك لەم جیهانەدا نییە تێبینی لەسەر نەبێت، واتە ئەگەر حكومەت كامڵ بێت، ئەوە هیچ پێوێستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەستاودەستكردنی دەسەڵاتیش نابێت، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەر لەو چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت و، كابینەی نۆیەم لەناو كۆمەڵێك گرفت و تەحەددیدا پێكهات كە گرنگە ئاماژەیان پێ بكەین:

1- بە هۆی ئەوەی لە 2014وە حكومەتی عێراق بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانی بڕیبوو، كابینەی نۆیەم بووە وارسی قەرزێكی زۆر كە هەندێك جار باس دەكەن نزیكەی 30 ملیۆن دۆلارە بووە.

2- یەكەم كاری ئەم كابینەیە كە هەنگاوی بۆ هەڵگرت، ئەوە بوو كە بچێتە بەغدا و دەروازەیەك بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم و بەغدا بدۆزێتەوە، بەڵام تەنیا سێ مانگ بەسەر تەمەنی كابینەكەدا تێنەپەڕی خۆپیشاندانەكانی تشرین لە 2019 دەستی پێكرد و بارودۆخی سیاسیی بەغدا تێكچوو و حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهەدی دەستی لەكار كێشایەوە.

3- لەسەرەتای ساڵی 2020 كە دیسان ئەم كابینەیە شەش مانگی تەمەنی تێنەپەڕاندبوو، پەتای كۆرۆنا «كۆڤید 19» هەموو جیهانی گرتەوە و بەمەش ئابووریی جیهان بە ئابووریی كوردستانیشەوە تووشی داڕمانێكی گەورە هات، بەتایبەتی لەسەر داهاتی خاڵە سنوورییەكان كە سەرچاوەیەكی دیاری داهاتە بۆ حكومەت.

4- هەر بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا نرخی پەترۆڵ بۆ ئاستی خوار سفریش دابەزی لە كاتێكدا ئابووریی كوردستان و عێراقیش بە ڕیژەی نزیكەی 90% لەسەر داهاتی فرۆشتنی نەوتە و ئەم سەرچاوەی داهاتەش بوونی نەما.

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەناو ئەم ئاستەنگ و كێشە و تەحەددییانە سێ ساڵی تەمەنی تێپەڕاند، هەر بۆیە كاتێك لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەین، دەبینین كە كابینەی نۆیەمی حكومەتەی هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئەو گرفت و تەحەددییانە توانی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و خۆی سەلماند و مایەوە و كاری باشی ئەنجام دا و توانی چارەسەری كێشە و تەحەددییەكان بكات، بەتایبەت دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی مووچەی مانگانە بەبێ لێبڕین و لە كات و ساتی خۆیدا، ئەمەش بەرەنجامی ئەو هەوڵانە بوو كە ئەم كابینە درێژەی بە دانوستاندنەكانی لەگەڵ بەغدا ئەنجام دا، لەو ڕەوشە سیاسییە ئاڵۆزەشی كە لە عێراقدا هەبوو، توانرا وەك سولفەیەك ئەو 200ملیار دینارە دابین بكەن، كە ئەمەش دەستكەوتێكی كابینەی نۆیەم بوو، ئەگەرچی جار جار ئەو بڕە پارە كەمەش دەبڕن و ناینێرن بۆ هەرێمی كوردستان. هاوكات كابینەی نۆیەم لەو ماوەی سێ ساڵەدا توانیویەتی كار و پڕۆژەی زۆر باش بۆ هەرێمی كوردستان بە گشتی جێبەجێ بكات، كە كاریگەریی ئەو كار و جددییەتەشی لەسەر باشبوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ڕەوشی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان دیارە. هەروەها لەو كابینەیەدا بە سەرۆكایەتیی بەڕێز مسرور بارزانی چەندین كێشەش لە هەرێم هەبوون كە توانرا چارەسەر بكرێن.        

* لەدوای خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019، هەموو هەوڵەكانی لایەنە سیاسییەكانی عێراق و بەشێك لە لایەنە كوردستانییەكان بەو ئاراستەیە بووە كە كابینەی نۆیەم شكست بهێنێت و قەوارەی هەرێمی كوردستان بوونی نەمێنێت و، تەنانەت لە ساڵی 2020 كە باری ئابووری زۆر خراپ بوو، حكومەتی عێراق پەنای بۆ قەرز برد، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران بدات، بەڵام هەرێمی كوردستانیان لێ بێبەش كرد، وێڕای ئەم هەموو گوشارە حكومەتی هەرێمی كوردستان توانی ڕێگەیەكی دیكە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران بدۆزێتەوە و قەوارەی هەرێمی كوردستانی پاراست، ئایا ئەم ئیرادەیە چۆن دەبینی؟

- هەڵوێستی لایەنە سیاسییە عێراقیەكان، بەتایبەتی «بەشێكی زۆری لایەنە سیاسییەكانی شیعە» وا بووە كە نەك پابەند نابن بە دەستورەوە، بەڵكو دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن و بێبەشكردنی هەرێمی كوردستان لەو قەرزەی پەرلەمان بە یاسا مۆڵەتی بە حكومەتی بەغدا دا بۆ ئەوەی قەرز بكات، ئەوەش یەكێك بوو لە هەوڵەكانیان و وەك جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی چەندین جار ئاماژەی پێ كردووە، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان كێشەی سەرەكیمان لەگەڵ ئەو ئەقڵە سیاسییە هەیە كە لە بەغدا حوكمڕانی پێ دەكرێت، هاوكاتی ئەم گوشارە گەورانەی لە بەغداوە دەخرانە سەر هەرێم، بەداخەوە لەناوخۆی هەرێمی كوردستانیشدا چەندین لایەنی سیاسی كە بە خۆیان دەڵێن «ئۆپۆزسیون» زیاتر گوشاری ناخۆییشیان بۆ ئەم كابینە دروست كرد و هەوڵەكانیان بەو ئاراستەیە بووە نەك تەنیا ئەم كابینەیە شكست بهێنێت، بەڵكو قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش هەڵبوەشێتەوە، بەڵام وەك ئێستا دەبینین لەلایەن كابینەی نۆیەم ئەو خەوانە بەتاڵ كرایەوە و توانی بەسەر ئەو تەحەددییانەدا زاڵ بێت و قەوارەی هەرێمی كوردستان بپارێزێت كە ئەمەش دەستكەوت و سەركەوتنێكی گەورەی كابینەی نۆیەمە. 

* لەماوەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەمدا، هەست دەكرێت هەنگاو بۆ دروستكردنی ژێرخانێكی پتەو بۆ كوردستان دەستی پێكردووە، هەر بۆ نموونە بە دەیان سایلۆ بۆ كڕینەوەی گەنمی جووتیاران و دەیان كارگە بۆ پیشەسازیی خۆراك دامەزراون، هەروەها بڕیارە دەیان بەنداو لە كوردستان دروست بكرێت، ئایا ئەم وەرچەرخانە لە ئاراستەی حوكمڕانی لە بەكارهێنەرەوە بۆ بەرهەمهێنەر چۆن دەخوێنیتەوە؟

- زۆر پێویستمان بەوە بوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان جیا لە «یاسای چاكسازی» بیری لەوە كردەوە و بەرنامەیەكی تۆكمەی داڕشت بۆ ئەوەی ستراتیژیەتی فرەچەشنكردنی سەرچاوەی داهات لە كوردستان پەیدا بكات و ژێرخانێكی پتەوی ئابووریی كوردستان و پرۆسەی پەرەپێدان دروست بكات، بە تایبەتی كابینەی نۆیەم خۆی لەناو قەرز و قەیرانی ئابووری پێكهات و لەلایەكی دیكەشەوە ئەو داهاتەی لە كوردستان پەیدا دەبێت، وەك پێویست هەر هەمووی نایێتەوە لای حكومەت، بەتایبەتی داهاتی خاڵ و دەروازە سنوورییەكان، بۆیە بیركردنەوە لەم ستراتیژە كارێكی زۆر لۆژیكانە بوو، بەرەنجامەكەشی لەماوەیەكی كورتدا ڕەنگدانەوەی هەبووە. بێگومان كابینەی نۆیەم كاری زۆر جددی كردووە بۆ ئەوەی لە قۆناغی بەكارهێنەرەوە بەرەو قۆناغی بەرهەمهێنان بچینە پێشەوە‌، واتە سەرەڕای كەمیی داهات لەبەر دەستی حكومەت، كاری زۆر باش لە سێكتەرە جیاوازەكان ئەنجام دراون. هەر بۆ نموونە لە كەرتی ڕێگاوبان كاری زۆر باش لە هەموو شارەكانی كوردستان ئەنجام دراون، چەندین ڕێگاوبان و ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی ستراتیژی جێبەجێ كراون، لەبواری كارەبا چەندین وێستگەی بەرهەمێنان و دابەشكردن كارەبا تەواو كراون، بۆ دابینكردن و دروستكردنی ژێرخانی ئاسایشی خۆراك و چەندین پڕۆژەی سایلۆ و كارگەی دانەوێلە دروست كراون و ئەمساڵ حكومەتی هەرێم خۆی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كڕیوەتەوە، ئەمەش ڕەهەند و مەغزایەكی سیاسیی گەورەی هەیە، بۆ دابینكردنی ئاسایشی ئاو و بەرەنگاربوونەوەی وشكەساڵی چەندین بەنداو دروست كراون و پلان ئامادە كراوە بۆ ئەوەی بە دەیان بەنداوی دیكەش لە كوردستان دەست بە دروستكردنیان بكرێت، هاوكات كابینەی نۆیەم لە پرۆسەی چاكسازی هەنگاوی باشی ناوە و بە شێوەیەكی زۆر باش خەرجییەكانی كەم كردووەتەوە و داهات زیادی كردووە و چاكسازی لە هەیكەلەی دامەزراوەیی حكومەت كردووە و دۆسێی فەرمانبەرانی ڕێك خستووەتەوە و بەمەش مانگانە چەندین ملیار دیناری بۆ حكومەت گێڕاوەتەوە، هەر بۆیە هەموو ئەو كار و پڕۆژانەی لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی كابینەی نۆیەمدا كراون، بەرچاون و كار و پڕۆژەی كاریگەرن لە پێشخستن و گەشەكردنی هەرێمی كوردستان و دەستەبەركردنی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان و گەشەكردنی ئابووری.

* كارتێكی دیكەی حكومەتی عێراق لە ڕێگەی بەناو «دادگای فیدڕاڵی»یەوە، ئەوە بوو كە یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی ڕەت كردەوە، دیارە ئەمەش بۆ ئەوە بوو كە هەرێمی كوردستان نەبێت و تەسلیمی بەغدا بێت، بەڵام سەرۆكی حكومەت زۆر لۆژیكانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم بڕیارە كرد و نەیهێشت دۆسێی نەوت و گاز تەسلیمی بەغدا بكرێت، ئایا لەسەر ئەم پێداگرتنە لەسەر سەروەریی و مافەكانی گەلی كوردستان تەفسیری ئێوە چییە؟

- ئێمە وەك كورد و تەواوی پێكهاتەكانی گەلی كوردستان خەون و ئومێدمان ئەوەیە دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت و هەموومان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە لەم نیشتمانە بە ئاشتی و تەبایی و خۆشگوزەرانی بژین، ئەم خەون و ئومێدەش پێویستی بەوە هەیە كە دەبێت پێش ئەوەی بیر لە ڕەهەندی سیاسیی دەوڵەت بكرێتەوە، گرنگە ژێرخانێكی پتەو بۆ ئابووریی ئەو دەوڵەتە دابمەزرێت، بۆ ئەوەی ئەو قەوارەیە بتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت، بە تایبەتی كە دەوڵەتی عێراق لە دوای ساڵی 2003وە تا ئێستاش كەوتووەتە ناو گێژاوێكی فەوزای سیاسی كە زۆر چاودێری سیاسی مەزندەی ئەوە دەكەن دابەشبوونی ئەو وڵاتە بووەتە شتێكی حەتمی و لەمەش زیاتر پێشبینی ئەوەش دەكەن كە عێراق وەك دەوڵەت بوونیشی نەبێت، لەبەر ئەم واقیعە سیاسییە كە بوونی هەیە، بیركردنەوە لە پرۆسەی وەبەرهێنان لە كەرتی «نەوت و گاز» لە چوارچێوەی دەستووری عێراق لە هەرێمی كوردستاندا، بیركردنەوەیەكی ستراتیژی بووە بۆ زامنكردنی خۆبژێویی گەلی كوردستان لەسەر خاكەكەی خۆی، هەر بۆیە لەژێر هیچ گوشار و سەپاندنێكدا و ئاكامەكەشی هەر چییەك بێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەرداری مافە دەستوورییەكانی خۆی نابێت و پرۆسەی وەبەرهێنان لە كەرتی «نەوت و گاز» تەسلیمی بەغدا ناكات، لەبەر ئەوەی دەستووری عێراق ئەو مافەی بە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوە كە یاسای و نەوت و گازی تایبەت بە خۆی هەبێت و هەروەها ڕێگەی پێ داوە وەبەرهێنان لەو كەرتە گرنگە بكات و هەناردەی دەرەوەشی بكات، هەر بۆیە ئەو بڕیارەی دادگای بەناو فیدڕاڵیی عێراق كە دراوە بۆ ڕەتكردنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، بڕیارێكە بە پاڵنەری سیاسی بۆ دژایەتیی قەوارەی هەرێمی كوردستان دراوە، نەك بریارێكی یاسایی و دەستووری بێت، لەمەش زیاتر ئەو فشارانە دەستی وڵاتانی دراوسێشی لە پشتە و پەیوەستە بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە عێراقدا كە لە ماوەی ئەم نۆ مانگەی دوای هەڵبژاردن نەیانتوانیوە حكومەت پێكبهێنن و هەموو هەوڵێكیان خستە گەڕ بۆ ئەوەی هاوپەیمانیی سێ قوڵی «تەیار و سیادە و پارتی» نەتوانن حكومەت پێكبهێنن، لە ڕاستیدا هەوڵەكانیان تا ڕاددەیەك سەری گرت، پاش ئەوەی كوتلەی تەیاری سەدری لە پەرلەمان كشایەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە كابینەی نۆیەم بەتایبەتی بەڕێز كاك مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بە ژێرانە بیری لەو فشارە یاساییە سیاسییانە كردووەتەوە و زۆر بە حەكیمانە و بە بوێری و ئازایانە توانی مامەلە لەگەڵ ئەو هەموو فشارانە بكات و دەروازەیەك بكاتەوە بۆ ئەوەی كێشەكە بەرەو چارەسەركردن بچێت، نەك زیاتر هەڵبكشێت بۆ ئاڵۆزی و شەڕ و پێكدادان.

* لە ماوەی ئەم سێ ساڵەی كابینەی نۆیەمدا، زیاتر لە دەیان جار بە مووشەك و درۆن هێرش كراوەتە سەر هەرێمی كوردستان و تەنانەت بە ڕۆكێتی بالیستیش هێرش كرایە سەر هەولێر، بەڵام ئەوەی بینیمان حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیهێشت ئارامی و سەقامگیریی كوردستان تێكبچێت، یان باری ئابووری دابڕمێت، وەك كەسێك كە ئەزموونت لە حوكمڕانی هەیە، ئەم خۆڕاگرییەی كابینەی نۆیەم چۆن دەخوێنیتەوە؟

- ئەو خۆڕاگرییەی كابینەی نۆیەم بەرامبەر ئەو مووشەك و درۆن و هێرشانەی كراوەتە سەر هەرێمی كوردستان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی كوردستان جێگای ڕێز و تەقدیرە بۆ كابینەی نۆیەم كە بە بوێری و خۆڕاگری توانیویەتی مەرامی ئەو دوژمن و ناحەزانەی كوردستان پووچەڵ بكاتەوە. من وەك شرۆڤكارێكی سیاسی پێموایە ئەو دابەشبوونەی پارتی و یەكێتی بە سەر دوو هاوپەیمانیی شیعەدا، تێبینی و سەرنجمان لەسەریان هەیە و زۆر پێویست بوو كورد بە یەك لیست و یەك دەنگ بچوونایە بەغدا و دانوستاندنیان لەگەڵ هیز و لایەنەكانی بەغدا بكردایە، ئەو كات هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەبوو، نەشیاندەتوانی بەو شێوازە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن، بەتایبەتیش ئاشكرا بوو كە لایەنە سیاسییەكان لە پشت ئەو گرووپ و تاقمەوە بوون كە بۆ گوشار دروستكردن لەسەر سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە مووشەك و ڕۆكێتی باڵیستی هێرشیان كردە سەر هەولێر، ئەمە لە كاتێكدایە مووشەكی بالیستی لەلایەن دەوڵەتێكی ترەوە بۆ هەرێمی كوردستان كە هەتا ئێستاش بەشێكە لە عێراق، ئەوە تەنیا پێشێلكردنی سەروەریی عێراق نییە وەك دەوڵەت، بەڵكو ئەوە ڕاگەیاندنی شەڕە دژی ئەو دەوڵەتە، بۆیە لە كاتێكی وادا شەقامی سیاسیی كوردستان دژی ئەم دەستدرێژییانە یەكڕیز و یەكدەنگ نەبێت، ئەمە لەوانەیە كارەساتی زیاتری بەدوادا بێت. بەڵام هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بەتایبەت هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر ئەو پەلامار و هەڕەشەو فشارانە خۆڕاگربوون و شایانی ئەوەیە كە مرۆڤ پێی سەربڵند بێت.

*  پرسی پێكەوە ژیانی نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان لەم كابینەیەدا ئەم گیانە زیاتر قووڵتر بووەتەوە و هاتنی پاپای ڤاتیكانیش ڕووداوێكی دیكەی ماوەی ئەم سێ ساڵە بوو. ئایا تاچەند لە ئەدای كابینەی نۆیەم بۆ قووڵكردنەوەی گیانی لێبووردەیی و پێكەوە ژیان ڕازیت؟

- سەبارەت بە پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی نیوان ئایینە جیاوازەكان لە كوردستان جەخت لەوە دەكەمەوە كە من وەك موسڵمانێك نابینم كێشەیەك هەبێت لە نێوان كریستیانێك، یان ئێزیدییەك لەگەڵ كوردێكی موسڵمان. واتە ئەو پێكەوە ژیان و لێبووردەییەی لە كوردستان هەیە، بۆ هەموومان جێگای شانازییە و كوردستان بووەتە شوێنی هەموو ئەو لایەن و كەسانەی لە شوێن و شارەكانی دیكەی عێراق ڕادەكەن و دێن لە كوردستان دەژین و دەحەوێنەوە، كە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مامەڵە و بەدەنگەوەهاتنی حكومەتی كوردستان بۆ ئەو كەسانە كە وای كردووە پێكەوە ژیان بەهێز بێت و خەڵك زۆر بە ئاسوودەیی و متمانەوە لەگەڵ یەكتر بژین. كوردستان ئێستا بووەتە لانكە و شوێنێك بۆ هەموو ئایین و ئایینزاكان كە بەبێ كێشە لەگەڵ یەكتر دەژین و گیانی لێبووردەیی تێدا تا ئەو پەڕی ئازادی بەرجەستە بووە و هەموو ئەوانەی لە كوردستان دەژین، بەوانەی لە دەرەوەی كوردستانیشەوە هاتوون، ئازادن كە مومارەسەی ئایین و كەلتوور و ژیانی خۆیان بكەن و ڕێزگرتن لە ئایین و ئایینزا جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستان زۆر پێشكەوتووە و هاتنی پایای ڤاتیكان بۆ هەرێمی كوردستان و ئەو پێشوازییە گەورەو گەرمەی لێی كرا، دەستكەوتێكی مەزنە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە پاپا پێگەیەكی گەورەی ئایینی برا كریستیانەكانە و كاریگەریی خۆی لەسەر هەموو دنیا هەیە و، ئەوانیش وەك پاپا هەڵوێستێكی ڕوون و ئاشكرایان هەبوو كە كوردستان شوێن و لانكەی پێكەوە ژیان و لێبووردەیی و ئاشتییە و پێویستە ئەو سەردانەی پاپامان لەبیر نەچێت و بە هەڵوێستێكی گرنگ و گەورە لە هزر و بیرمان بمێنێتەوە كە ئەمە دەستكەوتە بۆ هەرێم و حكومەتی كوردستان.

Top