سوڵحی عەشایەری و لایەنی باش و خراپی

سوڵحی عەشایەری و  لایەنی باش و خراپی

 

ئاشتەوایی كارێكی پیرۆزە و لە هەر كۆمەڵگەیەك ئاشتەوایی هەبێت، ئەو كۆمەڵگەیە ڕوو لە خێرە و بە بەختەوەری دەژین، هەر كۆمەڵگەیەكیش ڕۆحی ئاشتەوایی و لێبووردن و ڕەحم و سۆزی نەبێ، ئەو كۆمەڵگەیە بەرەو هەڵدێر و ناڕەحەتی و نائارامی دەڕوات و ئاشتیی كۆمەڵایەتی دەشڵەقێت.

ئایینی پیرۆزی ئیسلام هانی داوین بەردەوام ڕوو لە سوڵح و لێبووردە بین. خودای گەورە دەفەرموێ : (وَالصُّلْحُ خَيْرٌ) النساء128.

ئاشتبوونەوە لە نێوان ئەو كەسانەی ناكۆكی لە نێوانیان هەبووە، خێر و چاكەی بە دواوە بووە. ئەوەی مەبەستمە سەرنجی بدەینێ، ئەوەیە كە دوو جۆر ئاشتبوونەوەمان هەیە:

1- ئاشتبوونەوەی عەشایەری .

2- ئاشتبوونەوەی یاسایی لە ڕێگای دادگا .

ئاشتبوونەوەی عەشایەری (الصلح العشائري)، بۆ هەندێك كێشە و گرفتی بچووك و لاوەكی، سوڵحی عەشایەری تا ڕاددەیەكی باش كێشەكانی چارەسەر كردووە. واتە دیوەخانەكان ڕۆلی گرنگی خۆیان لەو بوارەدا بینیوە، ڕێز و تەقیدی ڕیشسپییان دەگرن و باری دادگاكان سووك دەكەن و ڕۆڵی گرنگ دەبینن لە دامەزراندن و پەرەپێدانی ئاشتەوایی كۆمەڵگە، بەڵام هەندێك جۆرە سوڵح و ئاشتەوایی هەیە، قورسن و كۆمەڵێك كێشە و گرفتی گەورەتر بە دوای خۆیدا دێنێت و كێشەكە دە ئەوەندەی دی قووڵتر دەكاتەوە و كۆمەڵە بڕیارێكی دوور لە شەرع و یاساكان دەدرێت، وەكو: «لێسەندنی بڕە پارەیەكی زۆر لە حەقی خۆی، پێدانی (كچ و ژن) بەدەل خوێن، دەركردنیان لە (گوند، گەڕەك، شار) و بەجێهێشتنی ماڵ و خانوو، لێسەندنی زەوی و زار و دەستبەسەرداگرتن .هەروەها قەدەغەكردنی بەرامبەر لە بۆنە و مەراسیمەكان و زۆر شتی دی.. بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە بەشێك لە دیوەخانەكان بڕە پارەیەكی زۆر لە خاوەن كێشەكان وەردەگرن لە بەرامبەر ئەو سوڵحەی بۆی ئەنجام دراوە!

بەداخەوە كەسی بە ناو ئاشتیخواز ئەم دەقە جوانانەی لەبیر كردووە، لە بارەی كێشەی نێوان ژن و مێرد، كە سەرچاوەی زۆربەی كێشەكانی كۆمەڵگەیە. خودای گەورە دەفەرموێت:( وَإِنْ خِفْتُمْ شِقَاقَ بَيْنِهِمَا فَابْعَثُوا حَكَمًا مِّنْ أَهْلِهِ وَحَكَمًا مِّنْ أَهْلِهَا إِن يُرِيدَا إِصْلَاحًا يُوَفِّقِ اللَّهُ بَيْنَهُمَا ۗ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيمًا خَبِيرًا ) النساء(35)

واتە: ئەگەر ترسی لێكترازانی نێوان ژن و مێردتان هەست پێ كرد، ئەوە لە هەر یەك لە لای ژن و لای پیاوەكە، بانگی ناوبژیوان (حكم)ێك بكەن و بێن بەشدار بن لەو ئاشتەواییە، جا ئەو دوو حەكەمە ئەگەر هاتن و نیازیان ئاشتی و سوڵح بوو، ئەوە خودای گەورە سەربەرزیان دەكات، بێگومان خودای گەورە هەم زانا و هەم لێزانترە .

هەركات كێشە و گرفت هاتەپێش، هەر كەسێێك دەبێ دادپەروەری بنوێنێت، خودای گەورە دەفەرموێت:  (ٱعْدِلُواْ هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَيٰ ۖ). واتە: دادپەروەر بن، ئەوە نزیكتان دەكاتەوە لە تەقوا زۆرجار لە سوڵحی عەشایەری دادپەروەری تێدا نییە و ستەم لە خاوەن ماف دەكرێت. ئەوەی كێشەیە و زیاتر خەڵك پەنا دەبەنە بەر سوڵحی عەشایەری و دەڕۆنە دیوەخانەكان لە جێگای یاسا و بینای دادگا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند خاڵێكی جەوهەری:

1- نەبوونی متمانەی تەواو بە دادگا .

2- درەنگ یەكلاییكردنەوەی كەیسەكان .

3- ئەو مافەی هەیە دەكرێتە قست و مانگانە و پارەیەكی ڕەمزی دەدات بە خاوەن موڵكەكە، بەڵام بە سوڵحی عەشایەری هەموو مافەكانی وەردەگرێتەوە.

4- پارێزەری كامیان قسەزانتر بێ، ئەو دەیباتەوە، با ناحەقیش بێت .

5- هەندێك كەیس هەیە ئافرەتەكە لە لایەن پارێزەرەكەی، ئیستغلال دەكرێت، یان پارەی زیاتری لێ وەردەگرێت .

ئەوەی كارەساتە و تاوانێكی زۆر گەورەیە، «بەدەل خوێن»ـە، واتە كچێك، یان ژنێك، یان چەند كچ دەدرێن بە لایەنی كوژراو، بە مەبەستی كوژاندنەوەی ئاگری فیتنە.

كوڕێك تاوانێك ئەنجام دەدات، وەكو كچێك دەڕفێنێ كە پێشتر لەگەڵ كچەكە خۆشەویستییان لە نێواندا هەبووە و كچە ڕەدووی كەوتووە، یان كوڕێك، یان پیاوێك، بە شەڕ دێن و كەسێك دەكوژرێت، ئەوە ماڵی تاوانبار دەبێ كچ بدەن بە ماڵی بەرامبەر لە بەدەل ئەو كچەی ڕەدووی كوڕەكەیان كەوتووە، یان بەدەل خوێنی كوژراوەكە...

خودای گەورە لە قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: (وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَى) سورة المائدة. واتە : هیچ كەس تاوانی كەسی دی وەرناگرێت، یەعنی هیچ كەس لە جیاتی كەسی دی سزا وەرناگرێت. بەڵام بەداخەوە ئەوە لە سوڵحی عەشایەری زۆرن و دەبینرێت كچ دەبێتە كاڵای سوڵحی عەشایەری، جا ماڵ كوژراو، یان كچ لێ ڕفێندراو، یان نامووس ڕۆیی، دێن بە كەیفی خۆیان كام كچ و ژن دەست لەسەری دابنێن، دەبێ بە زۆر كچەكە لەو كەسە مارە بكەن، ئەو كچەش وەكو جاریە و كۆیلە سەیر دەكرێت، تەمەنی منداڵە و دەدرێت بە پیرە مێردێك، یان كوڕێكی ناتەواو و شێت و گێل و سەقەت، كە كەس ژنی ناداتێ، یان دەدرێت بە سەر بە هەوێ، یان ژنی دیكەی بە سەر دێنن، یان كچەكە ئاستێكی بەرزی لە خوێندن هەیە و دەیدەن بە نەخوێندەوارێك، ئینجا بە چاوی سووك تەماشای دەكرێت و، بەردەوام سزای دەروونی و جەستەیی دەدرێت و، جنێو بە كەسوكاری دەدەن و منداڵەكانی خۆی لێ دەكەن بە دوژمن و بەردەوام سووكایەتی پێ دەكەن و بەردەوام دەبێ لە پشتی مەجلیس دابنیشێت و تا ماوە لە پێشەوەی سەیارە سواری ناكەن و، جلكی نوێ و جوانی بۆ ناكڕدرێت و ناتوانێت هەركات برسی بێت بە ئارەزووی خۆی هێلكەوڕۆنێك بخوات، وەك بووكەكانی تر كە لەو ماڵەدا هەن، ئیتر زۆر ستەمی دیكەش هەن. هەروەها بەدەل خوێن بە هەر هۆكار و شێوازێك بێت، مارەییەكەی نادرێتێ، بۆیە هەر كەسێك بەشداریی ئەو بەناو سوڵحەی كردبێ گوناحبار دەبێت، جا هەر كەسێك بێت (مەلا، شێخ، سەید، ئاغا، كوێخا، ڕێشسپی، موختار، یان هەر كەسێكی دی) ئەو كەسە لە دونیا خێر لە خۆی نابینێت و لە قیامەتیش سزای سەختیان بۆ ئامادە كراوە، واتە ئەو ستەمەی ئەنجامیان داوە بە ناوی سوڵح لە قیامەت سزایان دەبێت .

 

 

 

 

 

مەلا رەعد نووری ئۆمەربلی

 

بەڕێوەبەری مزگەوتەكان و پشكنین لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئایینی

Top