ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان: ماف و شایستە داراییەكانی خانەنشینانی ناوخۆ بە پڕۆژە یاسایەك دەدرێتە پەرلەمان

ڕێبەر ئەحمەد   وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان:     ماف و شایستە داراییەكانی خانەنشینانی ناوخۆ بە پڕۆژە یاسایەك دەدرێتە پەرلەمان

 

 

بە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتارێكی پێشكەش كرد، ئەمەش دەقی وتەكانیەتی:

 

 

 

ئەركی سەرەكیی گشتیی وەزارەتی ناوخۆ، بریتییە لە جێبەجێكردنی سیاسەتی گشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگاریكردن لە سەر و سامانی هاووڵاتییان و جێبەجێكردنی یاسا و چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوخۆی هەرێم.

لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە تەممووزی 2019ـەوە وەزارەتی ناوخۆ لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەم و لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەكانی بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ئاستی كارگێڕی و یاسایی و دارایی ئەم هەنگاوی خوارەوەی هاویشتووە.

ڕێكخستنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانبەران، ڕێزگرتن لە هاووڵاتییان بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و نەهێشتنی نۆرە و قەرەباڵغی و جێبەجێكردن و سیستمی نۆرەی ئەلیكترۆنی و دابینكردنی شوێنی دانیشتن و گۆڕینی ئاراستەی كارمەند و ئەفسەران لە شێوازی ڕەفتار و هەڵسوكەوت لەگەڵ هاووڵاتیان.

كاراكردنی سیستمی سكاڵای ئۆنلاین و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتیان، كە تا ئێستا هەزار و ٥٧٢ سكاڵای وەرگیراوە و چارەسەركردنی بەشێكی هەرە زۆریان. كاراكردنی هێڵی گەرمی ٤١٤ و پێداچوونەوە بە میلاك و نەهێشتنی دیاردەی دەوام نەكردن. بۆ چەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداریی پارێزگاكان كە گونجاو بێت لەگەڵ سیستمی یاسایی و كارگێڕیی هەرێمی كوردستان، دەسەڵاتەكان گواستراونەتەوە بۆ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان.

لە هەمان كاتدا بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و ئەكادیمیی ئەفسەران و دانانی مەرجی هەبوونی توێژینەوەی زانستی بۆ بەرزكردنەوەی پلە، كاریگەریی خۆی هەبووە.

جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و هێنانەكایەی یەكەی پاسەوانی و تێپەڕاندنی پەیڕەوی پاسەوانی، پەیڕەوكردنی سیستمی پاداشت و سزا بە سەر ئەفسەر و كارمەند و فەرمانبەران.

پەیمانگەی پەرەپێدانی ئەمنی و كارگێڕی و تەكنەلۆژیای زانیاری لە وەزارەتی ناوخۆ، چەندین خولی ئەنجام داوە بۆ پەرەپێدانی توانای ئەفسەر و كارمەندی وەزارەت.

لە هەمان كاتدا دەرچوواندنی یاسای كۆمپانیا ئەمنییەكان لە كوردستان بۆ یەكەمجار و یاسای نوێی چەك ژمارە ٢ی ساڵی٢٠٢٢، بە یەكێك لە دەستكەوتەكان هەرە سەرەكییەكان دادەنرێت.

چارەسەركردنی كێشەی تۆماری لاوەكیی هاووڵاتییان كە ماوەیەك بوو بە دەستیەوە دەیانناڵاند، بەفەرمیكردنی ڤیزای هەرێم، زیادكردنی شەش نووسینگەی تری پاسپۆرت لە قەزاكانی (سۆران، ئاكرێ، زاخۆ، كۆیە، چەمچەماڵ و ئامێدی) كە بە جۆرێك وەرگرتنی پاسپۆرت بە كاتێكی كورت و پێوانەیی.

پێداچوونەوە بە دیزاین و كوالێتی تابلۆكانی ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرەكانی و گونجاندنی لەگەڵ سیستمی تابلۆی نێودەوڵەتی و زیادكردنی زمانی كوردی بۆ مۆڵەتی شوفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل.

لە هەمان كاتدا دامەزراندنی ژووری ئۆپەراسیۆن، بۆ دەستگیركردنی تاوانباران بە شێوازێكی ئەلیكترۆنی و بۆ جێبەجێكردنی یاسا، كە لەو ڕێگایەدا هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ چەندین شەهید و برینداریان داوە.

لە كاتی كۆرۆنا وەزارەتی ناوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و دامودەزگەكانی تری حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو تواناكانی خستە كار بۆ پاراستنی هاووڵاتیان.

بەم دواییەش داخستنی شوێنی فرۆشتنی چەك لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و دەستپێكردنی هەڵمەتی داماڵینی چەكی بێ مۆڵەت، كە خۆشبەختانە پێشوازییەكی گەرمی لێ كراوە، چ لەلایەن هاووڵاتییان، چ لەلایەن دامەزراوەكانی حكومەت و لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئەم فەرمانەی سەرۆكی حكومەت وەك خۆی جێبەجێ كراوە. لەم پێناوەشدا بۆ ئەوەی كە وەزارەت بەردەوامی بدات بە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان لە بەرنامەدایە كە ئەو بابەتانەی كە باس كراون، لە داهاتووشدا كاری جددی لەسەر بكرێت، لە جێبەجێكردنی یاسا، لە پاراستنی هاووڵاتییان، لە كەمكردنەوەی توندوتیژی و بەردەمیدان بە سەردەمیانەكردنی كار و چالاكییەكانی پۆلیس و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەمانكاتدا لە بەرنامەماندایە كە ماف و شایستە داراییەكانی خانەنشینانی ناوخۆ لە ئایندەیەكی نزیكدا بە پڕۆژە یاسایەك كە ئامادە كراوە، بدرێتە پەرلەمان و ئەو مافانە دابین بكرێن كە ماوەیەكی زۆرە داواكاریی سەرەكیی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆیە.

من سوپاسی هەموو هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و بەرگری فریاكەوتن و برا پێشمەرگەكان دەكەم كە لە هەموو قۆناغێكدا و لە هەموو كاتێكدا پاڵپشت بوون بۆ یەكتری و هەموویان پێكەوە توانیویانە ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە ڕۆح و گیانی خۆیان بپارێزن.

Top