پێستە بۆ هەڵگرتنی خۆراك

پێستە بۆ هەڵگرتنی خۆراك

كوردەواری جاران بیرۆكە و داهێنانی وایان هەبووە كە تا ئەمڕۆش جێگەی سەرسوڕمان و بایەخن، پێستە و مەشكە و كوندە هەبوون بۆ ئامادەكردنی خۆراك و خواردن و هەڵگرتنیان، پێستە یەكێك بووە لەو كەرەستە سەیرانەی كە تا ئێستا لە چەندین ناوچە كاری پێ دەكەرێت، لای خۆیەوە (خەسرۆ سیامەند مەنتەك) لە شوێنی ماستی مەدینە دەربارەی پێستە دەڵێت: «پێستە بۆ هەڵگرتنی ژاژی و پەنیر و، مەشكە بۆ هەژاندنی ماست و بۆ دۆ و دەرهێنانی كەرە و، كوندە بۆ ئا و بووە. بۆ ئامادەكردنیشیان پێستە مەڕی یان بزن، دوای ئەوەی گیاندارەكە كوڵ دەكرێت و گۆشتەكەی دەردەهێنن، ئەگەر بزن بێت ئەوا لە ملەوە دەست بە كەوڵكردنی دەكەن و مەڕیش لە دونگەوە، تەواوی گۆشتەكە دەردەهێنن، ئەو پێستە دوای ئەوەی پاك دەكرێتەوە بە جوانی و بە ساغی دەمێنێتەوە، دواتر بە ئارد و هەویر و پەلكە هەنار و مازی خۆش و نەرم دەكرێت و خاوێن دەكرێتەوە و دەغارێندرێت، پاش ئەوەی غارێنرا و ئامادە بوو، پەنیر و ژاژی تێ دەكرێت و دەرگەكەی بە جوانی دادەخرێت، هەرچەند ئەو كەرەستانە لە نێو پێستەكە بمێنێتەوە تێك ناچێت و بەسەر ناچێت، جاران پێستە وەك كۆگایەكی بچووك بۆ هەڵگرتنی خواردن و كەرەستەی خۆراك بەكار دەهێنرا، چونكە ئەوسا ئامێرەكانی سارد كەرەوە نەبوو، بۆیە كوردەواری بە زیرەكیی خۆی پەنای بۆ دۆزینەوەی ئەو رێگایانە بردووە، تا خواردنەكەی لە گێلكە و مێروو و خشۆك بپارێزێت بەبێ ئەوەی تێك بچێت، بەهۆی ئەوەی پێستە كە بە جۆرێكە ناهێڵێت هەوا گۆڕكێی بكات و بەمەش خواردنەكە وەك خۆی دەمێنێتەوە و تێك ناچێت.

 

Top