كەمكردنەوەی خۆراكی كاربۆهیدراتی بۆ تەندروستیی دڵ

كەمكردنەوەی خۆراكی كاربۆهیدراتی بۆ تەندروستیی دڵ

پسپۆڕانی تەندروستی جەخت دەكەنەوە كە كەمكردنەوەی خۆراكی كاربۆهیدراتی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ كەم دەكاتەوە، لە رێگەی كەمكردنەوەی ئاستی كۆلیستیرۆڵی خراپ لە خوێن و كۆنترۆڵكردنی پەستانی خوێن و كێشی لەشدا. ئەمەش سەلمێنراوە كە كەمكردنەوەی ئەو خۆراكانەی كە رێژەی بەرزی كاربۆهیدرات لەخۆدەگرن، هەنگاوێكی كاریگەرە بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، هەروەها ئەمەش روون كراوەتەوە كە ئەو خۆراكە كاربۆهیدراتییانەی رێژەیەكی بەرزی شەكر و رێژەیەكی نزمی ریشاڵ لەخۆدەگرن، زیاتر پەیوەستن بە ئەگەری نەخۆشیی دڵ. زیاد خواردنی ئەم جۆرە خۆراكانە هۆكارە بۆ: بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلستیرۆڵ و چەوریی گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا، زیادبوونی كێشی لەش، بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، بەرزبوونەوەی ئاستی هەوكردن Inflammation لە لەشدا، پەیدابوونی بەرگریی خانەكانی لەش بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسۆلین، ئەمەش هاندەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم، ئەمانە هەموویان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاد دەكەن، چەند نموونەیەكی كاربۆهیدراتە ناتەندروستەكان وەك: نانی سپی، پاستا و هەویركارییەكان، هەویری پیتزا، بسكویت، ئایس كرێم، برنجی سپی، میوەی قوتووكراو، شلەمەنییە گازدارەكان، شیرەی دەستكردی میوە، شلەمەنییە شیرینكراوەكان، شیرەی گەنمەشامی Corn syrup، جیبسی پەتاتە، هەروەها قەنادی و خۆراكی شیرینكاری.

 

Top