خواردنگەی خێرخوازیی هەولێر

خواردنگەی خێرخوازیی هەولێر

هەمیشە كورد بە سیفاتی چاك و دڵپاكی ناسراوە، هیچ كاتێك لە یارمەتیدان و هاوكاری سڵیان نەكردووەتەوە، لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان شوێنی یارمەتیدان و بنكەی خێرخوازی و هاوكاری هەن، لە سلێمانی لە مزگەوتی گەورە هەموو رۆژێ خواردن بۆ هەژاران و خەڵكی میوان و گەشتیاران ئامادە دەكرێت، لە مزگەوتی شێخی چۆلیی هەولێر، سەر لە ئێوارانی رەمەزان و رۆژانی دیكەش بڕێك خواردن بۆ میوانان و ئەوانەی توانای كڕینی خواردنیان نییە ئامادە دەكرێت، بەم دواییە لە باغی شار لە هەولێر خواردنگەیەكی خێرخوازی لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانیی و گرووپی گەلیاوە كراویەوە، ئەو خواردنگەیە لە كاتی نیوەڕواندا دەكرێتەوە تاوەكو كاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ لە خزمەت گەشتیاران و میوانان و ئەوانەیە كە كەم دەرامەتن، یان هەر كەسێك بیەوێت ژەمێك نۆش بكات، بەبێ جیاوازیی نەتەوە و رەگەز و ئایین و شێوە خواردنەكان پێشكەش دەكرێن، خواردنەكە بەشێوەیەكی سەرەكی بریتییە لە برنج و شلە، رۆژانە بۆ زیاتر لە 1000 كەس خواردن ئامادە دەكرێت، لەم چەند رۆژەی دواییدا كە خواردنەكان پێشكەشی خەڵك كراون، هیچی نەماوەتەوە و هەندێ كەسێش بۆ وێنە و سێلفی و یادگاری لەگەڵ خواردنگە خێرخوازییەكە وێنە دەگرن.

Top