محەمەد ئەربیللی سێ چارەکە سەدە خزمەتی هونەر و میوزیکی کرد

محەمەد ئەربیللی سێ چارەکە سەدە خزمەتی هونەر و میوزیکی کرد

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باری تەندرووستیی هونەرمەند گەورەو مەقامبێژ محەمەد ئەحمەد ئەربیللی تێكچوو و ڕەوانەی یەك لە نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر كرا،دوای مانەوەی چەند ڕۆژێك لەژێر چاودێری پزیشكان، بەڵام دواجار محەمەد ئەحمەد ئەربیللی سەرلەبەیانی دووشەممە ڕێكەوتی 20ی حوزەیرانی 2022 لە تەمەنی 89 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان كرد .

محەممەد ئەحمەد ئەربیللی (محەممەد ئەحمەد شێخ فەتحی) ھونەرمەندی مەقامبێژ و دەنگبێژێکی کوردستانە. لە ١/٧/١٩٣٣ لە گەڕەکی سەعدوناوەی شاری ھەولێر لەدایک بووە، باوکی ئەحمەد شێخ فەتحی لە ساڵی ١٨٩٨ لە گوندی باوەکراوەی ناوچەی باڵەکایەتی ڕوودەکاتە ھەولێر و نیشتەجێ دەبێت تاوەکو کۆچی دوایی دەکات لە ١٩٧٢.

محەمەد ئەربیللی سێ چارەکە سەدە خزمەتی هونەر و میوزیکی کرد

لە ساڵی ١٩٤٤ دەچێتە بەرخوێندن لە قوتابخانەی ئەربیل ئولا تاوەکوو ساڵی ١٩٤٩لەخوێندن بەردەوام دەبێت دواتر ناچاردەبێت دەست لەخوێندن ھەڵبگرێت، بەھۆی دەنگ خۆشیەوە دەبێتە جێگای سەرنجی بەرێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانەکەی، لە تەمەنی زۆرمنداڵیەوە بەشداری لەچالاکیە مۆسیقیەکانی قوتابخانە دەکات کە ڕۆژانە دەستپێکی خوێندن بەسرودە نیشتمانیەکانی ھونەرمەند دەستی پێدەکرد، ھەریەک لە سرودە نیشتمانیە بەناوبانگەکانی نەورۆز و ئەی دلێران و لاوانی کورد لە لایەن ھونەرمەندەوە ئاوازی بۆ دانراوە لە تەمەنی منداڵی قوتابخانەییدا،لە ساڵی ١٩٥٦کاتێک مەلیک فەیسەڵی دووەم پاشای عێراق سەردانی هەولێر دەکات لە دیوەخانی مەلا فەندی چەندین مەقام و گۆرانی فۆلکلۆر پێشکەش بە پاشا دەکات وەک ئاھەنگی پێشوازی کەدەبێتە جێی سەرنجی پاشاو میوانانی دیوەخان، مۆسیقاژەن مەجید فەتاح گرنگی زۆری پێدەدات بە هۆی توانای بەرزی و سەلیقە هونەرییەکەی و مامۆستا عیزەددین فەیزی دەبێتە ھاندەری ڕاستەوخۆی بۆ بەردەوامبوون و درێژەدان بە کاری هونەریی، ئەمەش وایکرد گۆرانی و بەستە کوردی و تورکمانیەکانی ئەوکاتی ھەولێرێ لەکۆڕ و بۆنەکان بڵێتەوە.
لە ساڵی ١٩٥٣ لەبەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر دادەمەزرێت وەک شوفێر، بەدەم کارەکەیەوە گۆرانی یەڵا شوفێر دادەنێت و دواتر لە ١٩٥٩ دەچێت لە ڕادیۆی بەغدا تۆماری دەکات.
دوای سەرکەوتنی گۆرانی یەڵا شوفێر و بڵاوبوونەوی ئەربیللیش زیاتر بەناوبانگ دەبێت و دەناسرێت گۆرانیەکەیشی لەلایەن چەندین ھونەرمەندی مەزنی ئەوکات دەگوترێتەوە،ئیتر ئەم هونەرمەندە زیاتر پەرە بە خۆی دەدات و کات تەرخان دەکات بۆ نووسینی ھۆنراوە و دانانی ئاواز و وەک مەقام و بەستە تۆماریان دەکات بە زمانەکانی کوردی و تورکمانی، لە مەقامەکانی نەھاوەند و سەبا و کورد و بەیات خاوەن بەهرە توانایەکی بێ وێنە بووە، ھەروەھا لەگەڵ ھونەرمەندان عەبدولواحید گۆزەچی و نەجات توتنچی و یونس توتنچی ئاھەنگی گێڕاوە و چەندین ئاوازی بۆ داناون ھەربەھۆی محەممەد ئەربیللی جەباری براشی برەو پەیدادەکات.
لە سەرەتای ساڵی 1959 چووەتە ئێزگەی بەغدا و ئەو رۆژە یەکەم گۆرانی بەناوی (مه‌ن ئه‌ربیلده‌ چختم) واتا لە ھەولێر دەرچووم، تۆمار کردووە، ئەمەش یەکەم وێستگەی بڵاوبوونەوەی دەنگی محەمەد ئەحمەد ئەربیللی دەبێت و ئەم گۆرانییەش هەر زوو بە گوێی هەوادارانی میوزیک و گۆرانی بڵاو دەبێتەوە.
بە هۆی پتەوی گیانی پێکەوەژیانی نەتەوەکان لە شاری هەولێر، ئەربیلی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پێکهاتەکان هەبوو ئەمەش وایکردووە کە محەمەد ئەحمەد ئەربیلی بەهەرسێ زمانی تورکی و کوردی و عەرەبی گۆرانییەکان بچڕێت و بۆ خۆیشی چەندین جار دەیوت «جیاوازی نەتەوایەتیمان نەبووە و هەمیشە وەک یەک خێزان لەم شارەدا ژیاوین و ئەمەش وای کردووە کە هەموو لایەک رێز لە خۆم و هونەرەکەم بگرن و شانازیش بەو پێکەوەژیانە دەکەم».
محەمەد ئەحمەد ئەربیللی خێزاندار بوو و خاوەنی 3 كورو 6 كچە لەئێستاشدا خێزانەكەی لەشاری زێرینی دەوروبەری هەولێر ژیان بەسەردەبەن.

Top