جێفری ڤاندێن بێرگ سەرۆكی بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی دروری بۆ گوڵان: شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بواری بۆ هەڵكشانی زیاتری هێزی چین ڕەخساندووە

جێفری ڤاندێن بێرگ  سەرۆكی بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی دروری بۆ گوڵان:     شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بواری بۆ هەڵكشانی زیاتری هێزی چین ڕەخساندووە

 

 

 

جێفری ڤاندێن بێرگ سەرۆكی بەشی زانستی سیاسییە لە زانكۆی دروری و بەڕێوەبەری دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە هەمان زانكۆ، وانەبێژی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی دەرەكی و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، پێشتریش پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بووە لە زانكۆی لیوبلیانا لە سلۆڤێینا. چەندین توێژینەوە و نووسینی هەیە لە بارەی دیراساتی ئەمنی، پرسەكانی پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مێژووی ناكۆكی و چەند پرسێكی دیكە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤە كرد كە پەیوەندیدار بوون بە پێشهات و پەرەسەندنەكانی شەڕی ئێستای ئۆكرانیا و كاریگەرییەكانی لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

* ئاشكرایە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا گەورەترین جەنگە كە ڕووبەڕووی ئەوروپا ببێتەوە، بە تایبەتی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، زۆر كەس پێیان وابوو بەرپابوونی شەڕێكی لەم چەشنە ئەگەرێكی دوورە، ئایا هەڵە لە پێشبینییەكاندا بوو، یان با بڵێین ئایا فاكتەر و پاڵنەرەكانی ئەم شەڕە لە چیدا بەرجەستە دەبن؟

- بۆ ئەوەی هەوڵ بدەین بە چەشنێكی دروست وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە و شرۆڤەكاری بۆ فاكتەر و پاڵنەرەكانی بكەین، ئەوا ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت كە هۆكاری ئەم شەڕە بۆ خواست و ویستی بەرفراوانخوازیی ڕووسیا و خودی سەرۆكی ئەم وڵاتە بگەڕێنینەوە. لەبەر ئەوەی لەم ڕووەوە پێشتریش ڕووسیا -بەر لە پەرەسەندن و پێشهاتەكانی پەیوەست بە هەڵكشانی بارودۆخەكە و هەڵگیرسانی شەڕەكەوە-، بەرەنگاربوونەوە و دوورخستنەوە و ڕاماڵینی دەستڕۆیشتوویی و كاریگەریی ڕۆژئاوا لە نزیك سنوورەكانی، بە تایبەتی لە وڵاتی ئۆكرانیا، كردبووە چەقی بیركردنەوە و تێڕوانینەكانی. سەرباری ئەوەش ئاشكرایە كە شەڕەكە دژ و پێچەوانەیە لەگەڵ بنەڕەتیترین و بنچینەییترین پرەنسیپی یاسای نێودەوڵەتی، كە ڕێگریكردنە لە هەڕەشەكردن لە یەكپارچەیی خاكی وڵاتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری.

* بەڵام هەروەك ڕوونە لە ئێستادا ئەگەرەكان ئاماژە بەوە ناكەن كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بەم نزیكانە یەكلا ببێتەوە، چ بە سەركەوتنی سەربازی، یان لە ڕێی گفتوگۆ و گەیشتن بە ڕێككەوتنەوە، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن و بۆچی نەتوانرا بەر بە هەڵكشانی قەیرانەكە و بەر بە بەرپابوونی شەڕ بگیرێت و بۆچی لە ئێستادا لە ئاسۆی نزیكدا ئومێدی ڕاوەستانی ئەم شەڕە بەدی ناكرێت؟

- ئێمە سەرەتا دەبێت لەم ڕووەوە بگەڕێینەوە بۆ پاساو و هۆكارەكانی هەڵگیرساندنی ئەم شەڕە لەلایەن ڕووسیاوە، لێرەدا مەبەستم ئەوەیە بڵێم كە دەبێت لە گۆشەنیگای ڕووسیاوە لەم پرسە بڕوانین، چونكە جگە لەو مەیل و خواستەی كە پێشتر لە وەڵامی پرسیاری پێشوومدا ئاماژەم پێ كرد، تێگەیشتن و شرۆڤەكاری ڕووسیا ئەوە بوو كە هەڕەشە و مەترسییەكان گەیشتوونەتە سەر سنوورەكانی و ئەگەر بێت و پەرچەكردار و كاردانەوەی نەبێت، یان ئەگەر بەرپەرچی ئەم هەڕەشەیە نەداتەوە، ئەوا بەرژەوەندی و بگرە بوونی وڵاتەكەی دەكەوێتە مەترسییەوە. هەرچەندە ناكرێت بڵێین ئەم لێكدانەوە و وێناكردنە بۆ بارودۆخەكە تەواو دروستە، چونكە هەرچەندە نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ڕووسیا پێی وابوو هەڕەشەیەكی لەم چەشنە ڕووبەڕووی وڵاتەكەی بووەتەوە، بەڵام ناكرێت ئەوەش نادیدە بگرین كە تەنانەت لە ڕۆژگاری پێش هەڵگیرسانی شەڕەكە، واتە پێش ئەوەی ڕووسیا بڕیار بدات كە دەست بگرێت بە سەر وڵاتی ئۆكرانیادا، ئەوا ئیرادە و ئامادەییەك بەدی دەكرا لەلایەن ڕۆژئاوا و خودی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ ئەوەی نیگەرانییەكانی ڕووسیا لەبەر چاو بگیردرێت، واتە ئامادەییەك هەبوو بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لە تەشەنەكردنی دۆخەكە و هەڵكشانی هەلومەرجەكە، ئەویش بە گرتنەبەری ڕێگاچارەی لێكتێگەیشتن و ئاشتییانە. واتە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەی ئێوە بدەمەوە لە بارەی هۆكاری شكستهێنان لە بەرپابوونی شەڕەكە، ئەوا دەڵێم لەم ڕووەوە هەوڵ و كۆشش دراوە و تەنانەت كار كرا بۆ سازشكردن لەسەر پرسی بە ئەندامبوونی ئۆكرانیا لە ناتۆدا. لەم ڕووەوە دەكرێت بوترێت كە ئەو پاساوانەی ڕووسیا پشتی پێ بەستبوون بۆ شەرعییەتدان بە هێرش و پەلامارەكەی بۆ سەر ئۆكرانیا پاساوی بەهێز نەبوون و بگرە ڕاست و دروستیش نەبوون، چونكە ڕووسیا لە بنەڕەتدا دەیتوانی ڕێگاچارەیەكی دیكە بگرێتەبەر، نەك ڕێگای پڕ لە كاولكاری و وێرانكاری و شەڕ، واتە ڕووسیا لەم ڕووەوە دەرفەتێكی یەكلاكردنەوەی كێشەكانی بە ڕێگاچارەی دیپلۆماسی لە دەست دا.

* بە شێوەیەكی گشتی هەڵسەنگاندنت بۆ كارایی ئەو ڕێكار و كاردانەوانەی وڵاتانی جیهان، بە تایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئاست ئەم هێرش و پەلامارەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا چییە ؟

- ئاشكرایە كە مشتومڕێكی زۆر دەكرێت لە بارەی ئەوەی كە تا چەند ڕێكاری سزاكان كارا و كاریگەر بوون لە پەیوەندی بە سڵپێكردنەوەی ڕووسیا و ناچاركردنی بە سازشكردن، بەڵام من پێم وایە دەكرێت وەك پەیامێك لێك بدرێتەوە بۆ خودی ڕووسیا بەوەی بانگەشەكانی بۆ پاساوهێنانەوە بۆ شەڕەكە ڕاست و دروست و قەناعەتپێهێنەر نین و ئەم كارەی دەیكات لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتیدا یەك ناگرێتەوە.

* لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی ساردەوە خواست، یان بڵێین ئومێدێك هەبوو كە لە كۆتاییدا ڕووسیاش هەنگاو بەرەو دیموكراسی هەڵبگرێت و لە دەرئەنجامدا بتوانرێت ئەم وڵاتەش ئاوێتەی ئەو سیستمە بكرێت كە پێی دەوترێت «سیستمی بنیاتنراو لەسەر ڕێساكان»، كە ئەو سیستمە ویلایەتە یەكگرتووەكان داڕێژەر و پارێزەری بووە. ئایا دەكرێت بڵێین ئەم شەڕە بۆ یەكجاری ئەم ئومێدەی لەبار برد و ئەم ئامانجەی شكست پێ هێنا؟

- ئەوەی دەكرێت لەم ڕوانگەیەوە ئاماژەی پێ بكەین، ئەوەیە كە ئەم شەڕە دەرهاویشتە و دەرئەنجامی بەرچاو و نكۆڵیلێنەكراوی دەبێت لەسەر ئەم سیستمە جیهانییە، ئەو سیستمەی كۆمەڵێك ڕێسا و بەهای دیاریكراو لەخۆ دەگرێت و داوا لە ئەندامەكانی دەكات پێوەی پابەند بن. هەر لەم ڕوانگەیەوە ئەم شەڕە نەك هەر بووەتە هۆكاری ئەوەی كە ڕووسیا نەبێتە بەشێك، یان ئاوێتەی ئەم سیستمە نەبێت، بەڵكو ئێستا ڕووسیا بووەتە سەرچاوەی هەڕەش و مەترسی لەسەر لاوازكردن و بنكۆڵكردنی سیستمی بنیاتنراو لەسەر ڕێساكان. چونكە دەبێت ئێمە ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین كە ئامانجی خودی سەرۆك پوتین ئەوە بوو، ڕۆژئاوا هەڵوێستێكی هاوبەش و یەكگرتوو و هاوپەیمانێتییەكی بەهێز و تۆكمەی نەبێت، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە بوو كە ڕۆژئاوا ڕێكاری خێرای گرتەبەر بۆ ئەوەی ڕووسیا نەتوانێت لەم ئامانجەیدا سەركەوتوو بێت.

* لە پەیوەندی بە كاریگەری و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە لەسەر جیهان، ئەوا لە ئێستادا هەست بەم كاریگەرییانە دەكرێت، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەبارەت بە نرخی نەوت و نیگەرانییەكانی پەیوەست بە گرانبوونی نرخی خۆراك و كەمبوونەوەی خۆراك، بۆچوونی ئێوە چییە لەم ڕووەوە و ئایا لە ڕووی جیۆپۆلەتیكیشەوە ئەم شەڕە چ كاریگەرییەكی لەسەر پێگەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت؟

- ئەوە ڕاستە كە ئەم شەڕە لە ڕووی نرخی وزە و نرخی خۆراكەوە كاریگەری نەخوازراو و نەرێنی لێكەوتووەتەوە. بەڵام ئەگەر لە ڕووی جیۆپۆلەتیكییەوە لەم پرسە بڕوانین، ئەوا لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ڕووسیا ناچارە هەوڵ و كۆششەكان چڕ بكاتەوە لەسەر بەرە سەربازییەكەوە و لە هەمان كاتدا بە هۆی ئەو ڕێكار و سزایانەی بەسەر ڕووسیدا سەپێندراون، ڕەنگە نەپەرژێتە سەر ئەوەی بتوانێت پێگەی خۆی لە ناوچەكانی دیكەی جیهان، بە تایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پتەو و بەهێز بكات.

* هەندێ لە شرۆڤەكاران باس لەوە دەكەن كە ڕكابەری ڕاستەقینەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕووسیا نییە، بەڵكو دەبێت ئەمریكا تەركیزی ڕاستەقینەی لەسەر چین بێت، چونكە چین هێزی هەڵكشاو و پارسەنگ بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە، ئایا دەكرێت لەم ڕووەوە بڵێین كە چین سوودمەندی ڕاستەقینەیە لەو بارودۆخەی هاتووەتەئاراوە، بە تایبەتی كە نەك هەر ڕووسیا، بەڵكو ئەمریكا و ڕۆژئاواش بەم شەڕەوە سەرقاڵ بوون؟

- دەكرێت ئەمە وا لێك بدەینەوە كە شرۆڤەكارییەكە كە تا ڕاددەیەك لە جێی خۆیدایە، بە تایبەتی كە ئەمە دەرفەت و بواری ڕەخساندووە بۆ ئەوەی چین برەو بە درێژەدان بە دەستڕۆیشتویی خۆی بدات لە هەندێ ناوچەی جیهاندا، لە نێویاندا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

* هەروەك ئاشكرایە یەكێك لە كێشە ئاڵۆز و پڕ لە گرفتەكانی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە پرسی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، كە ئیدارەی بایدن دوای دەستبەكاربوونی خواستی خۆی بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ و گەیشتن بە ڕێككەوتن، یان گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی پێشوو دەربڕی، ئایا پێت وایە ئەم شەڕەی ڕووسیا و ئۆكرانیا هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ئەم پرسە و لەسەر گفتوگۆكانی پەیوەست بەم پرۆگرامەوە دەبێت؟

- ئێمە دەبێت لەو ڕوانگەیەوە لەم پرسە بڕوانین كە ئەوە بە تەنیا هەوڵ و كۆششی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نەبووە كە لە كۆتاییدا سەریان كێشا بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێراندا لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتەوە. بەڵكو چەندین وڵاتی دیكە لە نێویاندا ڕووسیا كاریگەرییان هەبووە. ئێستاش ئیدارەی سەرۆك بایدن كە دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڕێككەوتنەكە- دوای ئەوەی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ لە ڕێككەوتنەكە كشایەوە-، ئەوا پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگی هەیە لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا، لە نێویاندا ڕووسیا، لەبەر ئەوە ئەگەر بمانەوێت وەڵامی پرسیارەكە بدەینەوە، ئەوا بەڵێ ئەم شەڕە كاریگەری خۆی لەسەر ئەم گفتوگۆیانە جێ دەهێڵێت.

Top