په‌رله‌مانتار حه‌سیبه سه‌عید گه‌ردی: گرانی و هه‌ڵاوسانی نڕخ له بازاڕدا هاووڵاتییانی نیگه‌ران كردووه
زۆربه‌ی ئابووریناسان و چاودێرانی سیاسی شه‌ڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا به هه‌ڵكشانی نرخ له بازاڕ و سیستمی ئابوورییه‌وه گرێ ده‌ده‌ن، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و واقیعه، حوكمڕانانی وڵاتان به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن، كۆنتڕۆڵی دۆخه‌كه بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی چینی كه‌مده‌رامه‌ت كه زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه پێك ده‌هێنن، له ژێر ئه‌و باره قورسه‌دا نه‌چەمێته‌وه. گوڵان ئه‌م پرسه هه‌ستیاره‌ی له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ حه‌سیبه سه‌عید گه‌ردی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان (ڕۆژێك دوای كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان له سه‌ر هه‌مان پرس) ورووژاند و لێره‌دا بۆ به‌رچاوڕوونیی خوێنه‌ران ده‌قی ناوه‌رۆكی گفتوگۆیه‌كه ده‌خه‌ینه‌ڕوو.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
په‌رله‌مانتار حه‌سیبه سه‌عید گه‌ردی له دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری گوڵان، سه‌ره‌تا باسی ئه‌وه ده‌كات كه «په‌رله‌مانی كوردستان به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه و نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو چین و توێژه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و هاونیشتمانییان ده‌كات، به بێ جیاوازیی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی به یاسا هه‌وڵی دابینكردنی ژیانێكی شایسته باشتریان بۆ ده‌دات. هه‌ر بۆیه به وردی چاودێریی كار و ئه‌دای حكومه‌ت ده‌كات و ڕاپۆرتی خۆی سه‌باره‌ت به خواستی هاووڵاتیان پێشكه‌شی حكومه‌ت ده‌كات. به تایبه‌تی ئه‌و پرسانه‌ی كه ڕه‌هه‌ندی نیشتمانی‌یان هه‌یه و ڕاسته‌وخۆ، یان ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژیان و دۆخی گوزه‌رانی هاونیشتمانیان هه‌یه«. هاوكات ده‌ڵێت: «ئێمه له ڕێگه‌ی لێژنه تایبه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه هه‌میشه هه‌وڵمان داوه حاڵه‌ته نه‌خوازراوه‌كان نه‌بنه دیاره، هه‌روه‌ها به جددی هه‌وڵ دراوه ڕێگری له هه‌ر كارێك بكه‌ین كه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ئاسایشی كۆمه‌ڵگه بخاته مه‌ترسییه‌وه».
په‌رله‌مانی كوردستان ڕۆژی یه‌كشه‌ممه 12/6/2022 دانیشتنی ژماره (5)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ی ساڵی چواره‌م له خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان-ی بۆ تاوتوێكردنی هه‌ڵاوسانی نرخی بازاڕ و دۆخی هاووڵاتیان ته‌رخان كرد. هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه په‌رله‌مانتار حه‌سیبه گه‌ردی گوتی: «دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌و دۆخه ناله‌باره دارییه بوو كه هه‌موو جیهانی گرتووه‌ته‌وه، كه هه‌رێمی كوردستانیش بێگومان لێی به‌ده‌ر نییه. هه‌ڵبه‌ت هه‌مووان ده‌زانین كه كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵێك پلانی ستراتیژیی كورت مه‌ودا و درێژماوه‌ی هه‌بووه كه كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتییان داناوه. به‌تایبه‌تی فره‌چه‌شنكردنی وه‌به‌رهێنان و سه‌رچاوه‌كانی داهات وه‌ك كه‌رتی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و هێنانی ده‌ستی وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه له وڵاتی به‌كارهێنه‌ره‌وه ببین به وڵاتێكی به‌رهه‌مهێنه‌ر و ته‌نیا پشت به یه‌ك سه‌رچاوه نه‌به‌ستین». گوتیشی: «حكومه‌ت بایه‌خی زۆری به پیشه‌سازی و به تایبه‌تی كه‌رتی كشتوكاڵ و به‌رهه‌می خۆماڵی داوه، ئه‌وانه‌ش له ڕێكاره جه‌وهه‌رییه‌كانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی پشت به خۆیان ببه‌ستن و لانیكه‌م بۆ پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانی ڕۆژانه په‌نا بۆ هاورده‌كردن له وڵاتانی دیكه‌وه نه‌به‌ن، كه نرخه‌كان له‌و كاته‌دا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان دیاری ده‌كه‌ن و كۆنتڕۆڵكردنی كارێكی ئاسان نابێت».
ئه‌و په‌رله‌مانتاره جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه شه‌ڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر دۆخی ئابووریی جیهان دروست كردووه. به‌تایبه‌تی كه هه‌ر دوو وڵاته‌كه له به‌رهه‌مهێنه‌رانی گه‌وره‌ی وزه و دانه‌وێڵه‌ن و عێراقیش گه‌نم له‌و وڵاتانه‌وه هاورده ده‌كات. سه‌باره‌ت به هه‌رێمی كوردستانیش گوتی: «گرانی و هه‌ڵاوسانی نڕخ له بازاڕدا هاووڵاتییانی نیگه‌ران كردووه، ئێمه‌ش ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی هاووڵاتیانی خۆمان به حكومه‌ت گه‌یاندووه، ئه‌وه‌شمان دووپات كردووه‌ته‌وه كه كۆنتڕۆڵكردن و چاودێریی بازاڕ له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه له ئاستی پێویستدا نییه و پێویسته كاری زیاتر له‌و بواره‌دا بكرێت، هه‌ر ئه‌وه‌شه وای كردووه، نرخه‌كان له ماركێتێكه‌وه بۆ ماركێتی دیكه و له دووكانی سه‌ره‌كۆڵانێك بۆ دووكانێكی به‌رامبه‌ری جیاواز بن و هه‌ر بازرگانێ به ئاره‌زووی خۆی یاری به نرخه‌كان بكات».
حه‌سیبه گه‌ردی له درێژه‌ی ئاخافتنه‌كه‌یدا بۆ گوڵان هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات كه «به‌شێكی زۆری داهاتی نه‌وتی كه تاكه سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی مووچه و خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ هاووڵاتی بوو، بۆ تێچووی كۆمپانیاكان گه‌ڕاوه‌ته‌وه و به‌شێكی كه‌می ماوه‌ته‌وه كه ته‌نانه‌ت مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی پێ دابین ناكرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له ناله‌بارترین ڕۆژانی قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی تیرۆریستانی داعشدا حكومه‌تی عێراق به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی و تا ئێستاش هه‌موو گوشاره ئابوورییه‌كانیان له‌سه‌ر هه‌رێم به‌رده‌وامن». ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه «33 په‌رله‌مانتاری كوردستان له سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان پرسیاریان ئاراسته‌ی وه‌زیری بازرگانی كرد. پێویست بوو وه‌زیری كشتوكاڵ و پلاندانانیش ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان بن، چونكه وه‌زیری بازرگانی نه‌یده‌توانی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه بێت كه له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌ر بوون».
حه‌سیبه گه‌ردی پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه «كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و دانیشتن له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كان به ته‌نیا به‌س نییه بۆ زاڵبوون به سه‌ر قه‌یرانی گرانیدا، پێویسته چاودێریی حكومه‌ت له سه‌ر بازاڕ و قۆرخكردنی له‌لایه‌ن بازرگانه‌كانه‌وه چڕوپڕوتر بێت و سه‌رپێچیكاران به توندی سزا بدرێن». گوتیشی: «به‌داخه‌وه نرخه‌كانی بازاڕ له به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سیدایه و له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا نییه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌تی هه‌رێم هه‌نگاوی باشی له بواری چاكسازیدا بڕیوه و ئومێد ده‌كه‌ین، ئه‌و پرۆسه‌یه كۆنتڕۆڵی نرخه‌كانی بازاڕیش بگرێته‌وه. ئه‌گه‌رچی قه‌یرانی خۆراك سه‌رله‌به‌ری جیهانی گرتووه‌ته‌وه و گۆڤاری ئیكۆنۆمیست كه گۆڤارێكی به‌ناوبانگی جیهانییه له بواری ئابووری، وێنه‌ی به‌رگه‌كه‌ی گوڵه گه‌نم بووه و، به‌وه‌ش په‌یامێكی تایبه‌ت ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی ده‌كات كه ئاسایشی خۆراك له مه‌ترسیدایه و شه‌ڕی وڵاتانیش ئه‌و دۆخه‌ی دروست كردووه». پێشنیاری ئه‌وه‌شی كرد، «حكومه‌ت كۆگا‌كانی خوارده‌مه‌نی و سایلۆكانی پڕ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگه‌ی ئه‌و قه‌یرانه جیهانییه بگرێت كه كاردانه‌وه‌شی له سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه». وه‌ك دواوته‌شی گوتی: «هه‌رێمی كوردستان چۆن به خوێن توانی سنوور و خاكی خۆی له په‌لاماری دوژمنانی بپارێزێت، به هه‌مان شێوه ده‌توانێت ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كانی هه‌ژاری و قه‌ریرانی دارایی ببێته‌وه و هاووڵاتیانی بپارێزێت.