یەكێتی ئافرەتانی كوردستان و یەكێتی زانایان خوێندنەوە بۆ كتێبی (خەتەنەكردنی مێینە لە نێوان زانست و ئایین) دەكەن

یەكێتی ئافرەتانی كوردستان و یەكێتی زانایان خوێندنەوە بۆ كتێبی (خەتەنەكردنی مێینە لە نێوان زانست و ئایین) دەكەن




یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بە بەشداری نوێنەری یەكێتی زانایان لە مەراسیمێكی شایستەدا لە هەردوو رووی تەندروستی و ئایینیدا خوێندنەوە بۆ كتێبی (خەتەنەكردنی مێینە لە نێوان زانست و ئایین) كرا، هەروەها پانێڵێك بۆ نووسەرانی كتێبەكە ڕێكخرا، كە لەلایەن سەنتەری توێژینەوە و فێركردنی تەندروستی ئافرەتان، یەكێتی زانایانی ئایینی، ڕێكخراوی ژیانی تەندروستی، زانكۆی سەلاحەدین، زانكۆی دهۆك و بە بەشداری ژمارەیەك لە مامۆستای ئایینی پزیشك بەسەر پەرشتی ( پ. د. حەمدیە میرخان ، ڕاگری كۆلێژی هەولێری زانستە پزیشكییەكان ) و مامۆستا مەلا رەعد ئۆمەربلی وەكو نوێنەری یەكێتی زانایان، بەڕێوەچوو، لە رێوڕەسمەكەدا بڕوانامە و كتێبەكە بەسەر ئامادەبووان دابەشكرا.
لە مەراسیمەكەدا د. ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و تیشكی خستەسەر گرنگی خستنەبەر باس و توێژینەوەی ئەم دیاردە ترسناكە لە ڕوانگەی زانستی و ئایینی و كۆمەڵایەتییەوە، هاوكات گرنگی ڕێكخستنی ئەم چالاكییە و بەشداری زانایانی ئایینی و توێژەر و پزیشكان بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری دەربارەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی خەتەنەكردنی مێینە، كە بە دڵنیاییەوە كاریگەری گەورەی لەسەر دروستبوونی تێگەیشتنی كۆمەڵایەتی بۆ بە یەكجاری دووركەوتنەوە لەم دیاردە ترسناك و دوور لە ئایینە دەبێت.
هەروەها گوتی:" ئەم جۆرە چالاكییە و كتێبی لەو شێوەیە وەڵامێكە و پەیامێكی چەند لایەنەیە بۆ یەك ئامانج ئەویش گفتوگۆی بیروڕاكانە لە خزمەت مرۆڤایەتی و دووركەوتنەوە لەو دیاردە ترسناك و خراپانەی كە لەژێر ناوی ئاییندا لە دژی ئافرەت پیادە دەكرێن."

Top