ڕێز و پلە و پایەی ئافرەت لە ئیسلامدا، بەتایبەت دایك

ڕێز و پلە و پایەی ئافرەت  لە ئیسلامدا، بەتایبەت دایك

 

گومان لەوەدا نییە كە ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕێز و پلە و پایە و حورمەتێكی یەكجار زۆری لە ئافرەت گرتووە. ئێمە كاتێك ئاوڕێك بدەینەوە لە پێش هاتنی ئیسلام، كە ئافرەت بە پلە دوو و سێ سەیر دەكرا، وەكو مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ نەدەكرا، بەڵكو وەكو كۆیلە و كاڵا و كەلوپەل كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرا و بە چاویكی سوووك سەیر دەكرا، كاتێك یەكێك كچێكی لە دایك ببوایە، ئەو كەسە خەلك بە چاوێكی سووك سەیری دەكرد و، كە پێشیان دەگوت: كچتان بووە. زۆری پێ ناخوش بوو، وەكو خوای گەورە لە قورئاندا بۆمان باس دەكات و دەفەرموێ: وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُم بِٱلْأُنثَىٰ ظَلَّ وَجْهُهُۥ مُسْوَدًّا وَهُوَ كَظِيمٌ (النحل - 58) واتە/ هەر كاتێ مژدە و هەواڵی كچیان بە یەكێك بدایە، دەتبینی دەم و چاوی ڕەش هەڵ دەگەڕا و دەروونیشی بەرامبەر بە خوا پڕ لە قار و ڕق و كین دەبوو، لە ناخیدا پشووی دەخواردەوە خەریك بوو بتەقێتەوە، هەر لەبەر ئەوەی كە خوای گەورە كچی داوەتێ. پاشان دەفەرموێ: یَتَواری‌ مِن‌َ القَوم‌ِ مِن‌ سُوءِ ما بُشِّرَ بِه‌ِ أَ یُمسِکُه‌ُ عَلی‌ هُون‌ٍ أَم‌ یَدُسُّه‌ُ فِی‌ التُّراب‌ِ أَلا ساءَ ما یَحکُمُون‌َ (النحل :٥٩) واتە/ لە ناخۆشی و خەراپیی ئەو مژدەیەی كە پێی دراوە، لە خەڵك خۆی دەشاردەوە و حەزی نەدەكرد خەڵك بیبینێت، نەیدەزانی ئاخۆ لەسەر سووكی و شەرمەزاری ڕایبگرێت و بەخێوی بكات، یان بیخاتە ژێر خۆڵەوە و زیندەبەچاڵی بكات. ئای كە ئەمە بڕیارێك و كارێكی یەكجار زۆر خراپ بوو، كاتێك بەم جۆرە بیردەكەنەوە كە كیژ مایەی شەرمەزرای بێت و كوڕیش مایەی بەختەوەری و سەربەرزی بێت. ئەگەر خوای پەروەردگار كچی بەخشی پێت، ناخۆش بێت، بەڵام بە بوونی كوڕ دڵخۆش بێت.

بەداخەوە تا ئێستاش ئەم جۆرە بیركردنەوە پووچ و بێ مەعنایە لە لای هەندێ شوێن و لە لای هەندێ خەڵك ماوە. جا ئەوە، سیفەتی مرۆڤی موسڵمان نییە، بەڵكو هی بێ بڕواكانە، بۆیە هەر كەسێك ئەمجۆرە تێگەیشتن و بیركردنەوەی لە مێشك و دڵ و دەروونیدا هەبێت، پەنا بە خوا پێی گوناهبار و كافر دەبێت. ئەم جۆرە فكرەیە هی سەردەم و زەمەنی نەفامییە و گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی نەزانی و دواكەوتوویی. بەڵام كاتێ ئیسلام هات، ئەوەی هەموو ڕەت كردەوە و قییەم و بەها و باڵای مرۆڤبوونی بۆ ئافرەت گێڕایەوە و حەرامی كرد كە ئافرەت بكڕدرێت و بفرۆشرێت و بە چاوی كۆیلە و كەنیزە و سووك مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، یان لە جیاتی خوێن بدرێت و ئیهانە و سووكایەتی پێ بكرێت و، ئافرەت مایەی شەرمەزاری بێت، بەڵكو پلە و پایە و ڕێز و شكۆ و هەیبەت و حورمەت و كەسایەتی ئافرەتی بۆ دروست كردەوە و پلە و پایە و كەرامەت و پێگەی خۆی بۆی گێڕایەوە و پلەی بەرز كردەوە، تا ئەو ئاستەی بە پیاوان بڵێن: ئافرەتان مایەی خۆشبەختی و بەختەوەریی هەردوو دونیای ئێوەن و ڕەزامەندیی خوای گەورە و بەهەشتە نەبڕاوەكەی بەندە بە خوشەویستی و ڕێز و حورمەت و مامەڵە و ڕەفتار و گوفتار و هەڵسوكەوتی جوان و شیرینتان لەگەڵ ژنان وئافرەتان.

خوای گەورە و پێغەمبەرەكەی ڕێزیان لە ژنان ناوە وەكو «دایك»

ئەوەتا خوای گەورە فەرمان دەكات لەگەڵ عیبادەت و بەندایەتی بۆ خۆی دەفەرموێ: (وَقَضَى رَبُّكَ أَلاَّ تَعْبُدُواْ إِلاَّ إِيَّاهُ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَاناً) خوای گەورە فەرمانتان پێ دەكات كە عەبدایەتی و بەندایەتی بەس بۆ خوای تاك و تەنیا و بێ شەریك بكەن و دەرحەق بە دایك و باوكتان مامەڵە و ڕەفتار و ئاكارتان جوان و گوفتارتان شیرین بێت. ئەگەر ناڕەحەتیشیان كردن، بە قسە و كردارێك وشەی عەفوویان لە بەرامبەردا بە كار بێنن. لە ئایەتێكی دیكەدا دەفەرموێ:

وَوَصَّيْنَا الْإِنسَانَ بِوَالِدَيْهِ إِحْسَانًا ۖ حَمَلَتْهُ أُمُّهُ كُرْهًا وَوَضَعَتْهُ كُرْهًا ۖ وَحَمْلُهُ وَفِصَالُهُ ثَلَاثُونَ شَهْرًا ۚ حَتَّىٰ إِذَا بَلَغَ أَشُدَّهُ وَبَلَغَ أَرْبَعِينَ سَنَةً قَالَ رَبِّ أَوْزِعْنِي أَنْ أَشْكُرَ نِعْمَتَكَ الَّتِي أَنْعَمْتَ عَلَيَّ وَعَلَىٰ وَالِدَيَّ وَأَنْ أَعْمَلَ صَالِحًا تَرْضَاهُ وَأَصْلِحْ لِي فِي ذُرِّيَّتِي ۖ إِنِّي تُبْتُ إِلَيْكَ وَإِنِّي مِنَ الْمُسْلِمِينَ(الاحقاف 15) واتە/ فەرمانتان پێ دەكەین ئەی منداڵان لە كوڕ و كچ دەرحەق بە دایك و باوكتان مامەڵە و ڕەفتار و ئاكار و گوفتارتان چاك و جوان بێت و بە تایبەتی دایكتان كە بە ئەو پەڕی سەختی و ناڕەحەتی و دەرد و ئازارەوە بە پێستی سكیان ئێوەیان هەڵگرتووە و زۆر ئازاریان چێشتووە و بە دانانیشتان (جا بە لەدایكبوونی سرووشتی، یان نەشتەرگەری) دواتریش هاتنە دونیا و شەونخوونی و ماندووبوون و كێشانی دەیان كێشە و موشكیلە و خواردنی ئازار و ئازیەت و شیرپێدانیان بە هەمووی(30) مانگی خایاند، وردە وردە شەو و ڕۆژ هەوڵیان دا لەگەڵت بە خزمەتكردن و پاراستن و گەورەكردنتان تا تەمەنتان گەیشتە (40)ساڵ و كەماڵی هێز و قوەت و ژیری، جا كاتی ئەوە نەهاتووە كەوا بگەڕێیەوە بۆ لای خوای گەورە و مامەڵە و ڕەفتار و ئاكارت جوان بێت لەگەڵیاندا و خزماتیان بكەن و بە چاوی سۆز و خوشەویستی و باڵی سۆز و میهرەبانییان بۆ ڕابخەن و بپاڕێنەوە لە خوای گەورە و بڵیێن ئەی پەروردگارا دەتۆش یارمەتیمان بدە و ڕامان بێنە كە سوپاس و ستایشت بكەین لەسەر ئەو هەموو ناز و نیعمەت و بەهرەیەی كە بە ئێمە و دایك و باوكمانت داوە، كە كردەوەی چاك بكەین و لێمان ڕازی بیت، نەوە و منداڵەكانیشمان ساڵح و چاك بكە.. بێگومان من لە هەڵە و پەڵە و كەموكووڕی و گوناە و تاوانەكانم پەشیمانم و تەوبە دەكەم و دەگەڕێمەوە بۆ لای تۆ و من لە موسڵمانانم و ملكەچم بۆ فەرمانەكانت، ئەی خوای میهرەبان.

 هەموو كات دەڵێم و ئەم هۆنراوەیەشم بۆ دایك نووسیوە:

بۆ دایكی دڵسۆز و ئازیز و خۆشەویستم

 لـە دوای خـوای گەورە بە هۆی تۆ هاتم

تـۆی بـــڕوانـامـە و دیـاری و خــــەڵاتـــم

نـەمدی هیچ كـەسێك وەك تـۆ بـەوەفـــا

لــــە پێـنـاو ڕۆڵــــەی بـكێشێ جــەفـــــا

بــەڵێــن بــێ تـا هەم خـاكی ژێــر پێتـم

تـــا تــــۆ ڕێـگــا بــی ڕێـبـــواری ڕێـــتـــم.

بەڕێزان پێغەمبەری خوا ئاگادارمان دەكاتەوە لە ڕێز و حورمەت و گەورەیی دایك كە لای خوای گەورە چەندە گەورەیە كە نواندنی مامەڵە و ڕەفتار و ئاكار و گوفتاری جوان و شیرین لەگەڵ دایك و باوك دەبێتە مایەی ڕەزامەندیی خوای گەورە كە فەرموویەتی: «رِضَااَللَّة فِي رِضَا اَلْوَالِدَيْنِ,وَسَخَطُ اَللَّة فِي سَخَطِ اَلْوَالِدَيْنِ}واتە/ ڕەزامەندیی خوای گەورە لە عەبد و بەندەكەی بەندە بە ڕازیبوونی دایك و باوك لە منداڵەكانی و بە پێچەوانەشەوە تووڕەبوونی خوای باڵادەست بەندە بە تووڕەبوون و ناڕازیبوونی دایك و باوك لە منداڵەكانی.

هەر لە ڕێز و حورمەتی دایكدا سەحابی بەرز و بەڕێز مُحَمَّدِ بن طَلْحَةَ بن مُعَاوِيَه السُّلَمِيِّ، عَنْ أَبِيه، أَتَيْتُ النَّبِيَّ صَلَّي اللَّە عَلَيْه وَسَلَّمَ فَقُلْتُ: يَا رَسُولَ اللَّه، إِنِّي أُرِيدُ الْجِهادَ فِي سَبِيلِ اللَّه {أُمُّكَ حَيَّةٌ؟ فَقُلْتُ: نَعَمْ فَقَالَ النَّبِيُّ صَلَّى اللَّه عَلَيْه وَسَلَّمَ {الْزَمْ رِجْلَها فَثَمَّ الْجَنَّةُ} واتە/ محەمدی كوڕی تەلحەی كوڕی معاویە لە باوكیەوە بۆمان دەگێڕێتەوە: چوومە خزمەت پێیغەمبەری خوا و گوتم: ئەی نێردراوی خوا نییەتم هەیە بچم بۆ غەزا لە پێناوی خوای گەورە لە خزمەت بەڕێزتاندا. پێغەمبەری خوا ڕووی تێ كردم و فەرمووی: ئەی فڵان دایكت لە ژیاندا ماوە؟ وتم: بەڵی، ئەی خوشەویستی خوا. فەرمووی: بڕۆ خزمەتی دایكت بكە و دڵی خۆش بكە و ڕێزی بگرە و ئاگات لێ بێت و زۆر حورمەتی بگرە، چونكە بەهەشتت دەست دەكەوێ و بەهشت لە ژێر قاچەكانی ئەودایە.. واتە ببە بە قاچ بۆی، كاتێ توانای ڕۆیشتنی نییە و خزمەتی بكە و چاودێریی بكە و هیچ كات هەڵسوكەوتی نەشیاوی لەگەڵ مەكە و قسەت با ڕەق نەبێت و مامەڵە و گوفتاری ناشیرینی لە بەرامبەردا مەكە.

 

 

 

 

مامۆستا هێمن شارەستێنی

پێش نوێژ و وتارخوێن لە مزگەوتی جافان/ رانیە

Top