سەرۆك بارزانی: شەڕ خراپە، بەڵام لە شەڕ خراپتر تەسلیمبوونە

سەرۆك بارزانی: شەڕ خراپە، بەڵام لە شەڕ خراپتر تەسلیمبوونە

ئەمڕۆ 18ی حوزەیران کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی پەڕێنەوەی بارزانیی نەمر و هاوڕێیانی لە ڕووباری ئاراس بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڕێوڕەسمی ناساندنی پڕۆژەی دیکیۆمێنتاریی شۆڕشەکانی بارزان بەڕێوە دەچێت.

لەم ڕێورەسمەدا سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

میوانانی بەڕێز، ئامادەبوانی بەڕێز

زۆر زۆر بەخێر بێن

زۆر خۆشحاڵ بووم بە تەشریفهێنانتان و زۆر سوپاستان دەكەین.

سوپاسی زانكۆی سەڵاحەددین دەكەم بۆ ڕێكخستنی ئەم مەراسیمە، هەروەها سوپاسی بەڕێز بارام وەڵەدبەگی و ئەنیستیتۆی كورد لە تاران دەكەم بۆ چاپ و ئامادەكردنی كتێبەكان.

ئەمە یەكەم جارە پرۆژەیەكی ئەكادیمیی سەردەمیانە لەسەر خەبات و تێكۆشانی سێ سیمبولی مەزنی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان (شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، شێخ ئەحمەدی بارزانی و مەلا مستەفای بارزانی) بە یەكەوە و بە پشتبەستن بە هەزاران بەڵگەنامەی مێژوویی لە ئەرشیڤی ئێرانی و عوسمانیدا ئەنجام دەدرێت.

كارێكی پیرۆز و گرانبەهایە و لە ڕۆژێكی مێژووییدا، ١٨ی ٦ ڕۆژی پەڕینەوەی بارزانی و هەڤاڵەكانی لە ڕووباری ئاراس، ئەم مەراسیمە لەم ڕۆژەدا كە پێشكەش دەكرێت، جێگەی دەستخۆشی و سوپاسگوزاریی بێپایانە بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی كە بەم ئەركە هەڵساون.

بەداخەوە مێژووی خەباتی گەلەكەمان لەلایەن دوژمنانەوە شێوێندراوە، هەمیشە ویستوویانە ئەو خەباتە پیرۆزە وا پێشان بدرێت كە خەباتی چەند عەشیرەتێكە، یان چەند لایەنێكە و هیچ پەیوەندیی بە خەباتی نەتەوەییەوە نییە، هەتا هەندێك جار وا وەسف كراون كە بە ڕێگر و تاڵانچی و ئەو شێوانە. بەڵام ئەو بەڵگانە دەیسەلمێنن كە خەباتی نەتەوەكەمان خەباتێك بووە لەپێناو مافی ڕەوای نەتەوە، خەباتێكی ڕەوا بووە، ئومێدەوارم زانا و توێژەرانی كورد لەمەودوا خۆیان ماندوو بكەن و خۆیان لەمەودوا بەدوای ئەو بەڵگانەدا بگەڕێن و خۆیان مێژووی نەتەوەكەمان بنووسنەوە.

ڕێبازی بارزان، ڕێبازێكی پیرۆزە، بەداخەوە ئێمەش نەمانتوانیوە وەكوو پێویست ئەو ڕێبازە تەسویق بكەین و بدەینە ناسین بۆ خەڵكی تر، لەسەر دەستی شێخ عەبدولسەلامی شەهید و شێخ ئەحمەدی برای، ئەم ڕێبازە دامەزراوە، لەسەر بنەمای خواپەرستی و مرۆڤدۆستی، ڕێبازێكیان بۆ دەستنیشان كردین كە هەتا ماوین شانازیی پێوە دەكەین، ئەم ڕێبازە بریتییە لەوەی دین ئەخلاقە، دین و نیشتمان لەیەك جیا ناكرێنەوە، لە مرۆڤایەتیدا هەموومان برای یەكترین، تێكۆشان فەرزە لەدژی زۆرداران، پاراستنی ژینگە، عەدالەتی كۆمەڵایەتی، پێكەوەژیانی ئایینی، فراوانكردنی خەبات لە سنووری عەشیرەتەوە بۆ سنووری نەتەوەیی. خۆم هەست بە شانازییەكی گەورە دەكەم كە قوتابییەكی بچووكی ئەو قوتابخانەیە گەورەیەم.

موستەشرقی بەریتانی، ویدرام لە سەرەتای سەدەی بیستەم هاتووەتە ناوچەكە و زۆر كەسی دیوە، لەوانە چووەتە خزمەتی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، لە كتێبەكەیدا باسی دەكات كە باسی زۆر شتیان كردووە، بەڵام ئەوەی زۆر زۆر جێی سەرنجە، دەڵێ داوای لێ كردم ئاسانكاریی بۆ بكەم تا سەردانی لەندەن بكات. دەڵێ، لێم پرسیی یا شێخ، تۆ بۆ دێیە لەندەن، چ ئیشت هەیە؟ گوتی دەمەوێ لەگەڵ مەلیك جۆرج باسی سەربەخۆیی كوردستان بكەم.

شێخ عەبدولسەلام زۆر لە پێش زەمانی خۆی بوو، چ لەو چاكسازییانەی ئەنجامی دا، چ لە بیروبۆچوونی بەنسبەت مەسەلەی نەتەوەیی و ئایینی، تا گەیشتە ئەو ڕاددەیەی كە بیر لەوە بكاتەوە، دەوڵەتێكی فیدراڵی لە نێوان كورد و ئەرمەن و ئاشووری دابمەزرێت، بەو ئامانجە سەردانی ڕووسیای ئەو سەردەمەی كرد و لەگەڵ ئەدرانیك، پاشای ئەرمەنی و مارشومۆنی، پاشای ئاشووری، ئێمە وامان دەزانی كە لە تبلیسی پایتەختی جۆرجیای ئێستا نوێنەری قەیسەریان دیوە، بەڵام وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لاڤرۆڤ پێش دوو سێ ساڵ كە هات بۆ هەولێر،  ئەو بۆی ڕاست كردمەوە و گوتی نەخێر قەیسەر خۆی لەوێ بووە و قەیسەر دیویەتی. گوتی ئەمە لە ئەرشیڤی ئێمەدایە.

لە گەڕانەوەیاندا هەندێك خاینی كورد خیانەتیان كرد و شێخ عەبدولسەلامیان  ڕادەستی عوسمانییەكان كرد و لە ١٩١٤ لە مووسڵ ئیعدام كرا و شەهید كرا. ئەو پرۆژەیەش سەری نەگرت چونكە جەنگی جیهانیی یەكەمی بەسەردا هات، شۆڕشی ئۆكتۆبەر و نەفیرعامی ئەرمەنییەكانی بەسەردا هات و دۆخەكە هەمووی گۆڕا، بەڵام شێخ ئەحمەدی برای جێگەی گرتەوە و نەیهێشت هیچ كەلێن و بۆشاییەك دروست ببێت، ئەویش ئەوەی توانیی ئەنجامی دا، باشترین پەیوەندییان هەبووە لەگەڵ سەركردەكانی تری كوردستان، لەگەڵ شێخ سەعیدی پیران، لەگەڵ شێخ مەحموودی حەفید، لەگەڵ زۆرێك لە سەركردەكانی ترر.

شێخ ئەحمەدی بارزانی زاهیدێك بوو لەم دونیایەدا، ئەوانەی كە بە خزمەتی گەیشتبوون دەزانن چەند گەورە بوو، هەتا وەفاتیشی كرد دەستی لە پارە نەدا، ١٢ ساڵ قەید و زنجیر بە دەست و پێ لە حەپسی بەغدا و بەسڕە، چەند داوایان لێ كرد، نووری سەعید، بەریتانییەكان، بۆ ئەوەی نامەیەك بنووسێت و داوای عەفوو بكات، فەرمووی من داوای عەفوو لە خوا دەكەم، هیچم نەكردووە بۆ ئەوەی داوای عەفوو لە ئێوە بكەم.

لە زینداندا مایەوە تاوەكوو شۆڕشی ١٤ی تەمووز، لە ٢٠ی تەمووزی ١٩٥٨ لە زیندان هاتە دەرەوە، من لە زیندان بووم و لەبیرمە ئەو كاتە كە ئێمە چووین بۆ پێشوازی.

مەلا مستەفا پێشمەرگەی ئەو ڕێبازەیە، مەلا مستەفا قوتابیی ئەوانە، ئەویش هەموو ژیانی خۆی تەرخان كرد بۆ خزمەتی نەتەوەكەی، بەڕاستی هەر ئەو مەسیرەی چۆن لە ئاراس پەڕینەوە ٥٣ ڕۆژ بە ڕێگاوە و چەند جار تووشی شەڕ بوون، ئەمە بۆ خۆی قارەمانێتییەكی بێوێنەیە بۆ خۆی و هەڤاڵەكانی، ئێستا یەكێك لەو هەڤاڵانەی كە هەموویان شەش كەسیان ماون، یەكێكیان بە نوێنەری ئەوان (كاك كازم شانەدەری) لێرەیە، سوپاس و ڕێزم هەیە بۆیان. یەكێكی تریش لەو كەسانەی كە زۆر نێزیك بووە لە جەنابی شێخ ئەحمەد و جێی ئیعتیمادی بووە، میقداد بارزانی دیسان لێرەیە بەخێربێی سەرچاوم.

ڕێز و سڵاوی بێپایانم بۆ برای خۆشەویستم و برای گەورەم، كاك موحسین كە نزیكترین كەسی مەلا مستەفا بووە، ئەویش لێرەیە.

نازانم حافزی شیرازی چ پەیوەندییەكی بە ڕووباری ئاراسەوە هەبووە كە دەڵێ:

ای صبا گر بگذری بر ساحل رود ارس

بوسە زن بر خاک آن وادی و مشکین کن نفس

بەڕێزان

بارزان لە ساڵی ١٨٩٢ بۆ یەكەم جار سووتێندرا لەسەر دەستی سوپای عوسمانی، تا ڕووخانی ڕژێمی بەعس ١٦ جار بارزان و ناوچەی بارزان وێران كراوە و سووتێندراوە، چ بە دەستی سوپای ئەو دەوڵەتانە، چ بە دەستی جاش و نۆكەرانی ئەوان، بەڵام هەموو جاریش تەحەدا كراوە، ئاوەدان كراوەتەوە، هەموو جار لە جاری پێشوو باشتر.

ئەو خۆڕاگرییە بەهۆی چەك نەبوو، چونكە هەمووی چەكی كۆن و بێ ئیمكانیات بوو، بەڵام چەكێكی زۆر بەهێز، ئەویش بیروباوەڕ و عەقیدە بوو كە بەوە شەڕەكە كرا، بە خۆڕاگری بوو، لە ١٩٣١ بە ناهەق دوو فەوج، فەوجێكی جەیشی عێراقی و فەوجێكی جەیشی بەریتانی پەلاماری ناوچەی بارزانیان دا و داوایان كرد جەنابی شێخ خۆی تەسلیم بكات، شێخ ڕەفزی كرد و شەڕەكە كرا. شەڕ كرا و هەردوو فەوجەكە شكان، دوای ئەوە هێزی ئاسمانیی بەریتانی كەوتە بۆمبارانكردنی دێهاتەكان و بە تەركیزی زیاتر لەسەر خودی گوندی بارزان، بۆ یەكەم جار بوو كە بۆمبای تەوقیت فڕێ بدرێت، دوو سێ بۆمبای تەوقیتیان لە گوندی بارزان دا، خەڵكەكەی ئەو سەردەمە زۆریان نەیاندەزانی فڕۆكە چییە، تاكوو بزانن بۆمبای تەوقیت چییە، ژن و منداڵی زۆر لە دەوری بۆمبەكە كۆ ببوونەوە، جارێكیان نیوەی شەو تەقی، تەقریبەن جیلێكی منداڵ ئیبادە بوون.

نموونەیەكی تر بۆتان بێنم لەسەر ئەو پەروەردەیەی بارزانییەكان لەسەر دەستی ئەو مەزنانە پەروەردە كران، شەڕەكە بەردەوام بوو هەتا ١٩٣٢ ئاخیری ناچار بوون بڕۆن بۆ توركیا، شوانێكیان گرت لە نزیك گوندی بارزان، هێنایان بۆ لای هەردوو زابتی، یەكی بەریتانی بوو، یەكی عەرەب، لێیان پرسی شێخ لە كوێیە، گوتی پێتان ناڵێم. گوتیان باشە دەزانی شێخ لە كوێیە؟ گوتی ئا دەزانم، باشە چۆن پێمان ناڵێی؟ گوتی خیانەتە، من خیانەت ناكەم. گوتیان ئاخر بۆ ئەوەی ئیزنت بدەین؟ گوتی من درۆ ناكەم. دەزانم، بەڵام پێتان ناڵێم. گوتیان وەڵاهی مادام ئەوەندە پیاوە، بڕۆ خواحافیزت بی.

چیرۆكێكی تر هەیە ڕەنگە زۆر كەس بڵێن بۆ بارزانییەكان جەمەدانیی سوور دەبەستن، حەز دەكەم ئەوەشتان بۆ ڕوون بكەمەوە، لەو سەردەمەدا لە ١٩٣١ - ١٩٣٢ دوای ئەوەی بارزانییەكان هیجرەتیان كرد، ڕۆیشتن بۆ توركیا. تەبعەن ئەوەی وڵاخی هەبووە توانی بڕوات، ئەوەی وڵاخی نەبووە مایەوە لە ناوچەكە، ئەحكامی عورفییان ئیعلان كرد، ئەوكاتە مشكی هەبووە لە هەموو كوردستان، سێ ڕەنگ بووە، خەمری و سەوز و ڕەش، لە بارزانیش وەكوو هەموو ناوچەیەكی تری كوردستان بەپێی زەوقی خۆیان هەركەسێك چ ڕەنگێكی بویستبا ئەوەی دەبەست، پاشان جەمەدانی هاتە بازاڕ، جەنابی شێخ ئەحمەد جەمەدانیی سووری بەست، لە خۆشەویستیی ئەو، هەموو موریدەكانی و خەڵكی بارزان جەمەدانیی سووریان بەست، یەكێك لە ماددەكانی ئەحكامی عورفی كە ئیعلان كرا، جەمەدانیی سوور مەمنووعە و هەر كەسێك بیبەستێت تا ئاستی ئیعدام دەبێ سزا بدرێت.

ڕۆژێك مەفرەزەیەكی پۆلیس لە نزیك گوندی بارزان مێردمنداڵێك دەبینن كە جەمەدانیی سووری بەستووە، بەو جەمەدانییە دەیخنكێنن و لاشەكەشی ڕادەكێشن بۆ بلێ كە ئەوێ مەركەزی حكوومەت (قایمقامیەت) بووە، دوای ئەو ڕووداوە، ژن و منداڵ هەمووی پەلاماری مەقەری حكوومەت دەدەن، لێیان دەدەن بە ڕەشاش و ئەوانە و زۆر بریندار بوون، ڕۆژی دواتر ١٢ پیاوماقووڵی ناوچەی بارزانیان هێنا و لەبەر چاوی هەموو خەڵكەكە ئیعدامیان كرد، لەو سەردەمەوە بوو بە ڕەمزی تەحەدی و ئەوەی جەمەدانیی سوور نەبەستێ، یانی تەسلیمی دوژمن بووە، چیرۆكی جەمەدانیی سوور ئەمەیە كە عەرزتانم كرد.

ئێمە شانازی بەو مێژووە پڕسەروەرییە دەكەین و شانازی بەوە دەكەین كە قەت ڕێگە نەدرا خەباتی ڕەوامان و ناكۆكیمان لەگەڵ ڕژێمەكان ببێتە ناكۆكیی نێوان میللەتان، ئەمە من پێم وایە زۆر زۆر گەورە و پیرۆزە و دەبێ لەسەری بڕۆین.

بەڵگەنامەكانی ئەو زنجیرەكتێبە لەسەر زاری دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ناوچەكە خراوەتە ڕوو، دەری دەخات كە بزاڤ و شۆڕشەكانی بارزان بزاڤی بەرخودان و ڕەتكردنەوەی زوڵم و برەودانی عەدالەت و پاراستنی كۆمەڵگە و ژیانی پێكهاتەكان بووە، نەك بزاڤێكی عەشایەریی ناوچەگەری، بە درێژایی مێژوو زوڵمێكی زۆر لە نەتەوەكەمان كراوە، خۆشمان زۆر زوڵممان لە خۆمان كردووە.

ئێمە تووشی چەندین بێوەعدی و بێوەفایی بووین لە بەرامبەر خۆمان، خۆشباوەڕ بووین، بە دوو قسەی خۆش هەموو شتێكمان باوەڕ كردووە، بەداخەوە، ئەوەی ئێستا دەیزانین خۆزگە پێشتر دەمانزانی، خۆزگە پێش ٢٠٠٣ دەمانزانی.

بەداخەوە تا ئێستاش فەرهەنگی یەكتر قەبووڵنەكردن، كورد بەكەمزانین، باوەڕ نەبوون بە مافەكانی، ئەم فەرهەنگە زاڵە بەداخەوە.

دۆخی ئێستاش وەك دەبینن ناوچەكە هەمووی تووشی قەیرانێكی گەورە هاتووە، لە زۆر شوێن هێشتا شەڕ و پێكدادانە، تیرۆر هێشتا تەهدیدێكی زۆر زۆر جددیە، ئەوانەی پێیان وابوو تیرۆر تەواو بووە، من ئەوكاتەش دەمزانی تیرۆر تەواو نەبووە و ئێستاش و تا وەختێكی زۆریش تەواو نابێ.

لە عێراق هەڵبژاردن كرا لە ئۆكتۆبەری ڕابردوو، بەداخەوە نەیانهێشت ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە وەك خۆی بەڕێوە بچێت، هەمووتان دەزانن چۆن بووە و چی بووە، ئێستاش عێراق لە قەیرانێكدایە، ئەوەی پێمان بكرێ هەوڵ دەدەین یارمەتیی برادەرانی خۆمان بدەین لەو قەیرانە دەربچین، چونكە لە بەرژەوەندیی هەرێمیشدایە، بەڵام لێتان ناشارمەوە كە قەیرانەكە قووڵە.

بەنسبەت هەرێم و بەغدا، ئێمە وامانزانی دوای پەسەندكردنی دەستووری عێراقی لە ٢٠٠٥، ئیتر ئەمە ڕێنیشاندەرە بۆ هەموومان، ماف و ئەركی هەموو لایەك پێشان دەدات و ئەگەر ئیلتزامی پێوە بكرێت كێشەكان هەمووی چارەسەر دەكرێت. ئەو كاتەش من گوتم ئەم دەستوورە وا نییە كە بێ كەموكووڕی بێت، بەڵام دەستوورێكی زۆر زۆر باشە، ئەگەر بەراوردی بكەین لەگەڵ دەوروبەری خۆیشمان دەستوورێكی زۆر زۆر ڕێكوپێكە، بەداخەوە نە ئیلتزامی پێوە كرا و نە ڕێزیشی لێ گیرا.

ئێستاش من نامەوێ بچمە نێو هەموو تەفاسیلەكان، بەڵام ئەگەر بەغدا جددی بێت و ئیرادە و نیەتی ڕێككەوتن هەبێ، دەستوور حەكەم بێت لە نێوان هەرێم و بەغدا بۆ ئەوەی هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێت. بەڵام دەستوور بەلاوە بنێن و بە میزاجی بڕیاری نایاسایی بدەن و ئەو مافەی دەستوور بە خەڵكی كوردستانی داوە و لێی بستێننەوە، ئەمە قابیلی قەبووڵ نییە.

جارێكی تریش من تەئكید دەكەمەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە ئەو گرفتانەی كە هەن بە لێك تێگەیشتن و حیوار چارەسەر بكرێن، ئەگەر هەندێك كەس هەبن بیر لەوە بكەنەوە كە بە زۆری و چەك و تەهدید و بەمە، خەڵكی لەوان بەهێزتر و لەوان بە ئیمكانیاتتر خۆیان تاقی كردووەتەوە، ئەمە سەد ساڵە لە وێرانیی زیاتر چیان دەست كەوتووە؟ لەمەودواش لەوە باشتر نابێت.

شەڕ خراپترین شتە، نابێت بیر لە شەڕ بكرێتەوە، بەڵام لە شەڕ خراپتر، تەسلیمبوونە، ئێمە تەسلیم نابین.

زۆرجار تەهدیدات دەبیستین، تەهدیدمان دەكەن بەوەی وا دەكەین و وا دەكەین، لەناو خۆشمان هەندك دڵیان بەوە خۆشە و دەڵێن چەند ڕۆژێك تەمەنی ئەم هەرێمە ماوە، ئەم هەرێمە بە خوێنی شەهیدان دروست بووە، بە خوێنی ڕۆڵەی شەهیدانیش دەپارێزرێ.

لە كۆتاییدا من زۆر زۆر تەئیدی ئەو پێشنیازە دەكەم كە مەركەزێك دروست بكرێت بۆ ئەرشیڤ و بەڵگەنامەی نیشتمانی، ئەمە حكوومەتی هەرێم هەم ئیهتیمامێكی زۆری پێ بدات.

جارێكی تر بەخێرهاتنی هەموو لایەك دەكەم، سوپاسی ئەوانە دەكەم كە ئەركێكی زۆر و زەحمەتیان كێشاوە. زۆر زۆر سوپاس و بەخێر بێن.

Top