ئەلۆن بێن مایەر پڕۆفیسۆری كاروباری نێودەوڵەتی لە زانكۆی نیویۆرك بۆ گوڵان: چارەسەر بۆ كۆتاییهاتنی شەڕەكە ئەوەیە ئۆكرانیا ببێتە وڵاتێكی بێلایەن

ئەلۆن بێن مایەر  پڕۆفیسۆری كاروباری نێودەوڵەتی لە زانكۆی نیویۆرك بۆ گوڵان:     چارەسەر بۆ كۆتاییهاتنی شەڕەكە ئەوەیە ئۆكرانیا  ببێتە وڵاتێكی بێلایەن

 

 

ئەلۆن بێن مایەر پڕۆفیسۆرە لە سەنتەری كاروباری نێودەوڵەتی لە زانكۆی نیویۆرك و، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان كە لە زانكۆی ئۆكسفۆرد بە دەستی هێناوە. ئەلۆن بێن مایەر شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك كاروبارەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای بەلكان و گفتوگۆ نێودەوڵەتییەكان و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و ڕاوێژكاری. بۆ شرۆڤەكردنی هەلومەرجی ئێستای شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.

 

 

* هەروەك ئاشكرایە كە لە ئێستادا شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا پێی ناوەتە قۆناغێكی دیكەوە، لەو ڕووەوە كە ئەگەری ئەوە هەیە شەڕەكە درێژە بكێشێت و هیچ ئاسۆ و ئەگەری ئەوە نییە كە بەم نزیكانە كۆتایی پێ بهێنرێت و، پرۆسەیەكی وتوێژی جددیش بەدی ناكرێت لەم ڕووەووە، تێڕوانین و خوێندنەوەی ئێوە چییە بۆ ئەم شەڕە و چۆن لە پێشهات و پەرەسەندنەكانی دەڕوانن؟

- سەرەتا ئەوەی من دەمەوێت لەم ڕووەوە ئاماژەی پێ بكەم و ڕوونی بكەمەوە، ئەوەیە كە پێش ئەوەی ڕووسیا بڕیاری بەرپاكردنی شەڕ بدات لە دژی ئۆكرانیا، ئەم وڵاتە لە بارودۆخێكدا نەبوو كە ڕووبەڕووی مەترسییەكی وجودی، یان هەڕەشەی لەناوچوون بووبێتەوە، بە چەشنێك ناچار بێت دەستپێشخەریی شەڕ بكات و پەنا بۆ گرتنبەری ڕێكاری پێشوەختە ببات، بۆ نەهێشتنی ئەو هەڕەشە و مەترسییانە، واتە ڕاستە پەیوەندییەكی دۆستانە و زۆر گەرموگوڕ نەبوو لە نێوان ڕووسیا و ناتۆدا و هەستیارییەك هەبوو لە نێوانیاندا، بەڵام هەلومەرجەكە نەگەیشتبووە ئاستی ئەوەی مەترسییەكی جددی لەسەر ڕووسیا درووست ببێت، بەڵكو من دەڵێم بە پێچەوانەوە، ڕۆژئاوا (بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا) پەیوەندییەكی فرەڕەهەند و فرەلایەن و ئاوێتەبوونێكی گەورەی ئابوورییان لەگەڵ ڕووسیادا هەبوو، بە چەشنێك كە ئەم پەیوەندییانە قەتیس نەبوون لە بواری وزەدا، بەڵكو چەندین لایەنی دیكەی گرنگی ئابوورییشیان گرتبوەوە. لێرەدا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هۆكار و پاڵنەری بنەڕەتیی ڕووسیا بۆ ئەم شەڕە، ئەوا ڕەنگە بتوانین گرێی بدەینەوە بە بیركردنەوە و لێكدانەوە و ڕاڤەكردنی ڕووداوەكانی مێژووی ڕووسیا لەلایەن سەرۆك ڤلادیمێر پوتینەوە، لێرەدا مەبەستم ئەوەیە ڤلادیمێر پوتین ئەم شەڕەی بۆ بەرگریكردن و بەرپێگرتنی هەڕەشە و مەترسی لەسەر وڵاتەكەی بەرپا نەكرد، بەڵكو ئەم بڕیاری شەڕە پاڵنەر و هۆكاری بەرفراوانخوازی و درێژكردنەوەی دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی و حوكمڕانیی ڕووسیا بوو بۆ زۆرێك لەو خاك و وڵاتانەی پێشتر لە ژێر ڕكێفی یەكێتی سۆڤیەتدا بوون.

* سەبارەت بە كاردانەوە و پەرچەكرداری وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەوا ئەوەی بەدی دەكرێت كە سزایەكی ئابووری و دارایی بەربڵاو و بەرفراوانیان لە دژی ڕووسیا سەپاندووە، بەڵام كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەبووە لەسەر ناچاركردنی ڕووسیا بە ڕاگرتنی شەڕەكە، ئایا پێت وایە ڕۆژئاوا دەیتوانی چ ڕێكارێك بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی ڕووسیا ناچار بە سازش و دەستهەڵگرتن لەم شەڕە بكات؟

- لە ڕاستیدا ئێمە دەبێت لەم ڕووەوە ئەو ڕاستییەمان لە بەرچاو بێت كە ئۆكرانیا وڵاتێك نییە ئەندامی ناتۆ بێت، واتە ڕۆژئاوا لەم ڕووەوە ئەم پرسەی بە هەستیارییەوە لەبەرچاو گرتووە، بە واتایەكی دیكە ئەگەر ئۆكرانیا ئەندامی ناتۆ بووایە ئەوا ناتۆ بە تێكڕای هێز و توانای خۆیەوە دەهاتە نێو شەڕەكەوە، چونكە هێرشكردن بۆ سەر هەرئەندامێكی ناتۆ، بە هێرشكردنەسەر تێكڕای ئەندامەكانی لێك دەدەرێتەوە، واتە دەبێت سەرجەم وڵاتانی دیكەی ئەندام هاوكاری و پشتیوانی لەم وڵاتە ئەندامە بكەن كە ڕووبەڕووی شەڕ و پەلامار بووەتەوە، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە پێشتر وڵاتی ئۆكرانیا هەوڵی دەدا ببێتە ئەندامی ناتۆ، چونكە خوازیاری ئەوە بوو كە سوودمەند بێت لەو پارێزگارییە ئەمنییەی ئەم ئەندامێتییە بۆی دەستەبەر دەكات، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەبوو كە سەرۆكی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتین نەیدەویست ئەمە ڕوو بدات. هەرچۆنێك بێت، بە تێڕوانینی من دەكرا ئەم كێشەیە بە ئاسانی چارەسەر بكرێت و نیگەرانییەكان لەم ڕووەوە بڕەوێندرێتەوە و بەر بە هەڵكشانی پەرەسەندن و پێشهاتەكان بگیرێت، بۆ نموونە: من پێشنیاری ئەوەم كرد كە ئۆكرانیا وەك وڵاتێكی بێلایەن بمێنێتەوە، واتە نە پاشكۆ و بەشێك بێت لە ڕووسیا و نە ئەندامی ناتۆش بێت، كە لەم ڕووەوە پێم وایە سەرۆكی ئۆكرانیا ڤلۆدۆمیر زیلینیسكیش پێشتر ئەمەی دووپات كردووەتەوە كە دەیەوێت وڵاتەكە لە پێگە و هەلومەرجێكدا بێت، كە هەم بتوانێت دۆستی ڕۆژئاوا بێت و هەم دۆستی ڕووسیا، بە مەرجێك ئەمە ڕێزگرتن لەخۆ بگرێت بۆ سەروەری و سەربەخۆیی ئۆكرانیا، كە من پێم وایە دەبوو پێش هەڵگیرسانی ئەم شەڕە كار لەسەر ئەم بیرۆكە و پێشنیارە بكرایە و جێبەجێ بكرایە، بە مەرجێك كە گەرەنتی ئەوە لە ڕووسیا وەربگیرایە كە نابێت دەستێوەردان بكات لە كاروباری ناوخۆی ئۆكرانیادا، ئێستاش دەبێت هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕەكە و، چارەسەرەكەش هەر لە پێشنیارەكەی پێشوودا بەدی دەكەم، كە پێویستە ئۆكرانیا لە بارێكدا بێت كە نەبێتە هاوپەیمانی هیچ لایەك و، لە هەمان كاتدا پارێزگاری لە سەربەخۆیی و سەروەریی خۆی بكات، هاوكات پێگەیەكی بێلایەنی هەبێت بە چەشنێك ڕووسیا هیچ مەترسی و نیگەرانییەكی نەبێت لەوەی هێزی ناتۆ لە نزیك سنوورەكانی جێگیر بكرێت.

* ئێوە لە میانەی وتارێكتاندا باس لەوە دەكەن كە نەتەوە یەكگرتوەكان و بە دیاریكراوی ئەنجومەنی ئاسایش، ناكاران و نەیانتوانیوە ڕۆڵی چاوەڕوانكراو و پێویستی خۆیان ئەدا بكەن لەم ڕووەوە، كەواتە پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەكرێت چی بكرێت لەم ڕووەوە و ئایا ئێوە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە پێویستە گۆڕانكاری لە سیستمی كاركردنی نەتەوە یەكگرتوەكان و خودی ئەنجومەنی ئاسایشدا بكرێت؟

- لە ڕاستیدا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی درووستبوونی نەتەوە یەكگرتووەكان كە ئەنجومەنی ئاسایش پێكهێنرا و ئەندامەكانی مافی ڤیتۆیان پێ درا، ئەوا 70 ساڵ بەر لە ئێستا بوو، بەڵام لە ئێستادا جیهان گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، ئەوەتا ئێستا هیندستان وڵاتێك نییە كە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش بێت و مافی ڤیتۆی هەبێت، كە پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی نەبێتە ئەندامێكی هەمیشەیی، لە كاتێكدا كە وڵاتێكی گەورەیە و ژمارەیەكی زۆر دانیشتوانی هەیە، بە هەمان شێوە بۆ ئەندەنوسیا و بۆ تەواوی كیشوەری ئەفریقیا و كێشوەری ئەمریكای لاتین، لێرەدا مەبەستم ئەوەیە ئەگەر وڵاتانی وەك ڕووسیا و چین بتوانن ڤیتۆی هەر بڕیارێك بكەن كە دەیانەوێت، ئەوا بوونی ئەنجومەنی ئاسایش لە نێو ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا چ سوودێكی هەیە؟ چونكە ئێمە بینیمان لە نێو گفتوگۆكانی ئەنجومەنی ئاسایشدا لەبارەی شەڕەكەی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە كە باڵیۆزی ڕووسیا بانگەشەی ئەوەی كرد ڕووسیا تەنیا هێزی ئاشتیپارێزی ناردووەتە ئۆكرانیا و، بەم كارەشی ڕێگری لە حكومەتی ئۆكرانیا كردووە بۆ ئەوەی جینۆساید ئەنجام نەدات، و دواتر كە بڕیارەكەی خرایە ڕوو لە دژی داگیركارییەكە، ئەوا كارێكی سرووشتی و چاوەڕوانكراو بوو كە ڕووسیا ڤیتۆی بكات، كەواتە كاتێك ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بە شێوەیەكی بەرچاو شكست دەهێنێت لە بەرپێگرتن بە شەڕێكی ئاوا گەورە، لەبەر ئەوەی ڕووسیا – كە خۆی شەڕەكەی بەرپا كردووە- ڤیتۆ لە دژی بڕیاری پەیوەست بە شەڕەكەوە بەكار دەهێنێت، ئەوا ئەم ئەنجومەنە چ ڕۆڵ و گرنگییەكی دەمێنێت؟ خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە ئەم ئەنجومەنە هیچ میكانیزمێكی نییە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی، چونكە بە دەیان بڕیاری دەركردووە بە بێ ئەوەی جێبەجێ بكرێن، لەم ڕووەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە دەبێت چاكسازی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا بكرێت بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی سیستمی نوێیە جیهانییەكە بێت، كاتێك نەتەوە یەكگرتووەكان دامەزرا 54 ئەندامی هەبوو و ئێستا نزیكەی 200 ئەندامی هەیە، بەڵام لە ساتی دامەزراندنیەوە تا ئێستا هیچ گۆڕانكاری و هەمواركردنێكی تێدا ڕوو نەداوە. لە ئێستادا من سەرقاڵی توێژینەوەیەكم لەبارەی ئەوەی چۆن و بۆچی پێویستە گۆڕانگاری و چاكسازی لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت وەڵامدەرەوەی هەلومەرجی نوێی جیۆپۆلەتیكی ڕۆژگاری ئێستا بێت.

* چۆن لە كاریگەری و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە دەڕوانیت لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، بە تایبەتی كە ڕووسیا دەستێوەردان و بوونێكی سەربازی هەیە لە وڵاتێكی وەك سووریا و، ئایا ئەم شەڕە دەبێتەهۆی لاوازكردنی پێگەی ڕووسیا و ئایا چ ڕەنگدانەوەیەكی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ئەم ناوچەیە، بە تایبەتی ئیسرائیل كە لە نزیكەوە چاودێریی پەرەسەندنەكانی سووریا دەكات؟

- لە ڕاستیدا ئیسرائیل پەیوەندییەكی باشی هەیە هەم لەگەڵ ڕووسیا و هەم لەگەڵ ڕۆژئاوادا (بە تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا) دواتر هەروەك ئێوە ئاماژەتان پێ كرد ڕووسیا تەواجودێكی سەربازیی هەیە لە سووریا و، ئیسرائیلیش نیگەرانە لە چالاكییەكانی ئێران لە سووریادا و، ڕووسیاش بوار بە ئیسرائیل دەدات كە بۆردومانی پێگە و بەرژەوەندییەكانی ئێران بكات لەو وڵاتەدا، كەواتە لەم ڕووەوە ئیسرائیل نایەوێت ڕووسیا ناڕەحەت بكات، هەر لەم ڕووانگەیەشەوە ئیسرائیل هەوڵی داوە كە میانگیری بكات بۆ وەستاندنی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، ئەگەرچی من هەر لە سەرەتاوە پێم وابوو ئەو هەوڵانە شكست دەهێنن، چونكە باوەڕم وایە پوتین دەیەوێت بە هەر نرخێك بێت شەڕەكە بباتەوە. ئێستاش كە شەڕەكە درێژ بووەتەوە و دوای ئەو هەموو زیانە سەربازییە و سزا ئابوورییانە، ڕەنگە ڕووسیا بە حیساباتی خۆیدا بچێتەوە و سەركەوتن لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیادا ڕابگەیەنێت، من دەڵێم ئەمە ڕێی تێ دەچێت، چونكە ڕووسیا پێشبینیی هەڵەی كرد لەبارەی بەرگریی ئۆكرانییەكان و كاردانەوەی ڕۆژئاواوە.

Top