لە هێرشێكی چەکداریدا لە بورکینافاسۆ، 50 هاووڵاتی كوژران

لە هێرشێكی چەکداریدا لە بورکینافاسۆ، 50 هاووڵاتی كوژران

 

 

لە هێرشێكی چەكداریدا لە ناوچەی كەناراوەكانی بورکینافاسۆ بەلایەنی کەمەوە 50 هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.

لیۆنێل بیلگۆ، وتەبێژی حکومەتی بورکینافاسۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "لەو هێرشە چەکداریدا لە ناوچەی كەناراوەكەی بورکینافاسۆ، 50 هاووڵاتیی مەدەنی کوژران" چەکدارە نەناسراوەکان خەڵکی مەدەنیان کردووەتە ئامانج، هەرچەندە هەندێک سەرچاوە ڕایانگەیاندووە کە زیاتر لە 100 کەس لەو هێرشەدا کوژراون.

گوتیشی: "حکومەت بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە ترسناکە دەکات و داوا لە خەڵك دەکات هاوکاریی هێزەکانی حکومەت بکەن لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا.

پێشتریش 11 كەس لە هێزی جەندرمە لە هێرشێکی تیرۆریستیدا لە ڕۆژی 9ی حوزەیران لە هەرێمی سیتانگا کوژراون.

دەوترێت: بورکینا فاسۆ و مالی و نیجەریا لەم ساڵانەی دواییدا ڕووبەڕووی هێرشی گروپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئەلقاعیدە و داعش بووەتەوە.

گروپە تیرۆریستییەکان لە ساڵی 2013ەوە بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان لە مالی.

بەپێی زانیارییەکانی حکومەتی بورکینا فاسۆ، لە ساڵی 2015 تا كانوونی یەكەمی 2021 نزیکەی 2000 کەس کە 600 کەسیان هێزە ئەمنییەکانن کوژراون.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد و داوای لە دەسەڵاتدارانی بورکینا فاسۆ کرد کە ئەنجامدەران بخەنە بەردەم دادگا.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

 

 

 

Top