گشت ئەركەكانت بەو تانكە بچووكــە بسپێرە

گشت ئەركەكانت بەو تانكە بچووكــە بسپێرە

  ئەوەی دەبینن كە وەك تانكێكی بچووك دەچێت، تانك نییە و دوورە لە شەڕ و لەگەڵ ئاشتیدایە و ژینگەپارێزێكە بە تەواو مانا.. هەندێك وەك ئەو ئامێرانە دەچێت كە بۆ سەر هەسارەكانی دیكە بەڕێ دەكرێن، بەڵام ئەم تانكە بچووكە هەر لەسەر ئەو زەوییە ئەركەكانی ئەنجام دەدا.

رۆبۆتی Yardroid Yard تەنیا تایبەت نییە بە یەك ئەرك، بەڵكو زۆربەی ئەركەكان جێبەجێ دەكات، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە كشتوكاڵ و ئاودیری و چیمەن و سەوزاییەوە بێت.

زەوی دەكێڵێ، چیمەن دەچێنێ، ئاوی دەدا، لە زیندەوەرە زیانبەخشەكان دەیپارێزێ....تاد. بە سوود وەرگرتن لە زەینی دەستكرد، بە دەوروبەری حەوشە و باخچەكاندا دێت، هیچ لەمپەرێك كێشەی بۆ دروست ناكات، ئەگەر چیمەن و سەوزاییەك تێكچووبێ یا شین نەبووبێتەوە، بێ ئەوەی كە مرۆ دەستی تێدابێ، ئەوەی پێویست بێ دەیكات.

شەو و رۆژ ناناسێ، بەهۆی گلۆپی تایبەت كە لە پێشەوە و پشتەوەی دایە شەو و رۆژی وەك یەكە. تۆ و دەچێنێ، زبڵ و زاڵ وەك گەڵای وەریوی دارەكان كۆ دەكاتەوە. بۆ زیندەوەری ورد ژەهریان بۆ دەڕژێنێ، بۆ گیانداری دیكە وەك سەگ و پشیلە بۆ ئەوەی دووریان كاتەوە، ئاویان پێدا دەكات، ئاو بە باڵندەكانی سەر دارانیش دا دەكات. جگە لە هەمووی ئەو ئەركانە، بە وردی چاودێری ماڵەوە دەكات و ئەگەر كەسێكی نامۆ و جێی گومان نزیك بێتەوە خاوەنەكەی ئاگادار دەكاتەوە. زستانانیش بێكار نییە، بەفر پاك دەكاتەوە. ئەگەر زۆریش بێ كار بێ ئەوە لەگەڵ منداڵانی ماڵەوە دەست دەكات بە یاری كردن.. رۆبۆتێكی وات هەبێ بەسە.

Top