ڕۆبەرت لۆرەنس پڕۆفیسۆری بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی لە زانكۆی هارڤارد بۆ گوڵان: جیهان بەرەو كەمبوونەوەی خۆراك و بەرزبوونەوەی نرخەكان دەچێت

ڕۆبەرت لۆرەنس  پڕۆفیسۆری بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی لە زانكۆی هارڤارد بۆ گوڵان:     جیهان بەرەو كەمبوونەوەی خۆراك و بەرزبوونەوەی نرخەكان دەچێت

 

 

ڕۆبەرت لۆرەنس، سەرۆكی بەشی پڕۆگرامی جێبەجێكاری سیاسەتی بازرگانی و پڕۆفیسۆری بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتییە لە سكوڵی كێنێدی لە زانكۆی هارڤارد و، توێژەری باڵایە لە ئەنستیتویتی پێتێرسۆن بۆ ئابووریی نێودەوڵەتی، هەروەها توێژەرە لە كۆمەڵەی توێژینەوەی سەر بە بیرۆی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی ئابووری و، پێشتریش وانەبێژ بووە لە زانكۆی یێڵ. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤە كرد، كە پەیوەست بوون بە دەرئەنجامەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لەسەر ئابووری و بازرگانیی جیهانی.

 

* وەك كەسێكی تایبەتمەند و شارەزای بواری بازرگانی و ئابووریی نێودەوڵەتی، چۆن لە كاریگەریی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەڕوانیت و، ئایا تا چەند ئەم شەڕە نائارامی و نادڵنیاییەكی دەروونیی درووست كردووە لە پەیوەندی بە ئەگەری هەڵكشانی زیاتری نرخی وزە و خۆراك لە جیهاندا؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژەی پێ بكرێت، ئەوەیە كە ئەم شەڕە پێی وتین، یان بیری خستینەوە كە ئێمە لە جیهانێكی پێكەوەبەستراو و پێكەوەگرێدراودا دەژین، چونكە ئۆكرانیا وەك وڵاتێكی گەورەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی دانەوێڵە، هەروەها هەردوو وڵاتەكە وڵاتی گەورەی هەناردەكاری پەیین و كەرەستە خاوەكانی دیكەن، كە ئاشكرایە ئەم شەڕە ئەو بازرگانییەی ڕاگرتووە و شڵەژانێكی لەم ڕووەوە دروست كردووە، من پێم وایە یەكێك لە كاریگەری و دەرئەنجامەكانی دیكەی ئەم شەڕە بریتییە لە دروستكردنی نادڵنیاییەكی زۆر لە بارەی مسۆگەركردنی دەستەبەركردن و هەناردەكردنی كاڵا و كەرەستە گرنگ و بنەڕەتییەكان و، كاتێكیش نادڵنیایی باڵ دەكێشێت و بڵاو دەبێتەوە و خەڵكی هەستی پێ دەكەن، ئەوا كاردانەوە سرووشتییەكە ئەوەیە كە خەڵكی هەوڵی ئەوە دەدەن شت بكڕن و ئۆتۆمبێلەكانیان پڕ لە بەنزین بكەن و بەم شێوەیە دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ نادڵنیاییەكەدا بگونجێنن. كێشەكە ئەوەیە لە ئێستادا ناتوانن ئەمە بكەن، مەبەستم ئەوەیە كە خواست لە بەرزبوونەوە و هەڵكشاندایە، نرخەكانیش لەگەڵیدا بەرز دەبنەوە و گرانتر دەبن، كەواتە ڕاستە هەموو ئەمانە پەیوەستن بەو ترس و دڵەڕاوكێ و هەستكردنە بە نادڵنیاییەی كە لە سەروەختی شەڕدا دێنە ئاراوە و دروست دەبن و تەشەنە دەكەن، لەبەر ئەوە بە دڵنیاییەوە ئەو وڵاتانەی پشتبەستوو بوون بە هەناردەكانی ئۆكرانیا و بە بازاڕی جیهانییەوە لە ئێستادا ڕووبەڕووی دۆخێكی دژوار بوونەتەوە.

* ئایا دەكرێت ڕوونكردنەوەی زیاتر بدەن لەسەر پرسی پێكەوەگرێدانی جیهان و هەڵگیرسانی شەڕ و هاتنەئارای قەیران و تەنگژەكان كە لە بەشێكی جیهاندا ڕەنگدانەوە و دەرهاویشتەی دەبێت لەسەر بەشەكانی دیكەی جیهان، ئەگەرچی ئەوان بە هیچ شێوەیەكی لایەنێك نەبووبن لەو شەڕ و تەنگژانەدا؟

- بە دڵنیاییەوە ئێستا جیهان لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر پێكەوە گرێ دراوە و پێكەوە پەیوەستە، بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارەی سەر هەڵدەدات و بووەتە مایەی مشتومڕ و تاوتوێكردن، ئەوەیە ئایا تا چەند ئەم پێكەوگرێدان و ئاوێتەبوونە درێژە دەكێشێت؟ یان بە واتا و دەربڕینێكی دیكە ئایا جارێكی دیكە ئەگەری ئەوەی هەیە بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژگار و سەردەمی پێش جیهانگەرایی؟ بۆچوون و تێڕوانینی من ئەوەیە لە جیهانی جیۆپۆلەتیكدا ئەوا بە دڵنیاییەوە هەڕەشە و مەترسی هەیە لەسەر سەروەریی دەوڵەتان، لەسەر ئەوەی پێی دەگوترێت سەروەریی نیشتمانی و، لەم ڕووەوە ئەوەی وڵاتی ڕووسیا بە سەرۆكایەتی ڤلادمیر پوتین ئەنجامی داوە، ئەوەیە كە گومانی دروست كردووە لەسەر درێژەدان بە پاراستن و بەردەوامیدان بە هێشتنەوەی سنوورەكان لە سەرتاسەری جیهاندا، چونكە ساڵانێكی زۆر ئێمە، بوون و بەردەوامبوونی سنوورەكانمان بە شتێكی جێگیر و چەسپاو لێك دابووەوە و هێندە بیركردنەوەی خۆمان پێوە خەریك نەكردبوو، ڕاستە زۆر كەس لە جیهاندا حەز بە بوونی ئەم سنوورانە ناكات و خوازیاری ئەوە نین لە ئارادا بن، بەڵام هەرچۆنێك بێت پێویستە ڕێز لە بوونی ئەم سنوورانە بگرین، چونكە هەر كە دەستمان كرد بە دووبارە كێشانەوە و دەستكاریكردنەوەی ئەم سنوورانە، ئەوا بۆی هەیە دەرئەنجامەكە زۆر كاولكار و كارەساتبار بێت. ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە كە بە هۆی ئەم شەڕەی كە ڕووسیا كە دژ بە ئۆكرانیا هەڵگیرساندووە، ئەوا لە ئێستادا چەمكی بەردەوامبوون و درێژەكێشانی سنوورەكان دوچاری هەڕەشە و مەترسی بووەتەوە، بەڵام ئەگەر بە جۆرێك لە جۆرەكان ئۆكرانیا بتوانێت سەركەوتن بەدەست بهێنێت لەم شەڕەدا و ڕووسیا دوچاری دۆڕان بێت، ئەوا ئەمە دووبارە دەبێتە هۆی چەسپاندن و جێگیركردنی سنوورەكان، لەم ڕووەوە پێم وانییە سیستمە جیۆپۆلەتیكییە جیهانییەكە بەرگ و ڕەهەندی جیهانگەرایی لێ داناماڵڕێت، بەڵكو سیستمێك دەبێت لە سایەی و لە چوارچێوەیدا ڕێز لە سەروەری دەگیرێت و لەبەرچاو دەگیرێت، بەڵام ئەگەر سیناریۆی پێچەوانە لەبەرچاو بگرین و باس لە ئەگەری بردنەوەی ڕووسیا بكەین كە تێیدا ڕووسیا بتوانێت خاكی زیاتر بخاتەسەر وڵاتەكەی خۆی و جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش شكست بهێنێت و لەم ڕووەوە دەستەوەستان بێت و نەتوانێت ڕێگری لە ڕووسیا بكات، ئەوا ئەمە دەبێتە پەرەسەندن و پێشهات و پێشینەیەك و دەبێتە سەرچاوەی مەترسییەكی گەورە بۆ ئارامی و سەقامگیریی سیستمی جیۆپۆلەتیكی جیهانی، هەروەها ئەم شەڕ و پەرەسەندنە بووەتە هۆی هەڵكشانی زیاتری ڕكابەرییەكانی دیكە، بە چەشنی ناكۆكی و ڕكابەریی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چین، كە لەم نێوەندەدا چەندین وڵات هەن دەیانەوێت هەڵوێستی بێلایەنانە بگرنەبەر و، لەم ڕووەوە مەترسییەكە ئەوەیە كە هەوڵ بدرێت و كار و كۆشش بكرێت بۆ ئەوەی چین داببڕدرێت لە جیهانی ڕۆژئاوا و لە خودی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كە ئەگەر ئاقاری پەرەسەندنەكان و ئاراستەی پێشهاتەكان بەم چەشنە بێت، ئەوا ڕەنگە گوشار لە زۆرێك لە وڵاتان بكرێت بۆ ئەوەی دەست لەو هەڵوێستی بێلایەنییە هەڵبگرن و ناچار بكرێن بۆ ئەوەی پاڵپشتی و پشتیوانی یەكێك لەم دوو هێزە بكەن، كەواتە ئەوەی لێرەدا دەمەوێت دووپاتی بكەمەوە، ئەوەیە كە ئێمە لە ڕۆژگارێكدا دەژین كە نادڵنیاییەكی قووڵ باڵی بەسەردا كێشاوە.

* ئەوەی لە وەڵامەكەی ئێوەدا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە پێت وانییە ڕێگەچارەكە ئەوە بێت كە جیهان كەمتر ئاوێتە و پێكەوە گرێدراو بێت، ئایا ئەمە تێگەیشتنێكی دروستە لەو شرۆڤەكارییەی كە ئێوە لە وەڵامی پرسیارەكەی پێشوودا خستتانە ڕوو؟

-  لە ڕاستیدا لەم ڕووەوە خەڵكی دوو شت تێكەڵ دەكەن، خودبژێوی، واتە ئەوەی هەموو شتێك بۆ خۆت بەرهەم بهێنیت، لەگەڵ سەقامگیریدا، چونكە ئێمە بەڵگەیەكی زیاترمان لە بەردەستدایە كە زۆر زەحمەتە بتوانیت لەم ئابوورییە هاوچەرخەی ڕۆژگاری ئێستادا بە تەواوەتی خۆبژێوی بەدەست بهێنیت، مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئێمە هەموومان پێویستمان بە یەكتری هەیە، ئێوە لە ئەزموونی وڵاتی كۆریای باكوور بڕوانن، كە نایەوێت بۆ هیچ شتێك پشت بە وڵاتانی دیكە ببەستن و ئاڵوگۆڕیان لەگەڵدا بكەن، بەڵام ئەوەتا بە دەست هەژارییەوە گیری خواردووە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەم پێشهات و پەرەسەندنانە بوونەتە هۆی زیادبوون و هەڵكشانی مەیل و خواستی وڵاتان بۆ ئەوەی زیاتر و زیاتر پەنا بۆ خۆبژێوی و پشتبەخۆبەستن ببەن، كە ئەمەش هەڕەشە و مەترسییە لەسەر ئەو سیستمی جیهانگەراییەی كە لە ئارادا بووە لە پێش ئەم ڕووداوانەدا، هەرچەندە ئێمە دەتوانین لەم ڕووەوە ئاماژە بە چەند شۆكێك بكەین كە ڕووبەڕووی ئەم سیستمە بوونەتەوە لە ماوەی ڕابردوودا، كە سەرجەمیان بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵكی باوەڕێكی لاوازتر و كەمتریان هەبێت بە بەردەوامبوون و درێژەكێشانی سیستمێكی جێگیر و ئارام و سەقامگیر، بۆ نموونە شەڕی بازرگانی و دواتر سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڤید-19 كە بوونە هۆی شڵەژان و پەكخستنی زنجیرەی دابینكردن و دەستەبەركردن و، ئێستاش شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، كەواتە كاتێك ئەم شۆكە گەورانە ڕووبەڕووی سیستمی بازرگانیی جیهانی دەبنەوە، ئەوا خەڵكی چیتر باوەڕیان بەوە نامێنێت كە پرسی دەستەبەركردنی كاڵا و كەرەستە و خۆراك لە جیهاندا سەقامگیر و مسۆگەرە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێ كرد، ئەوا هێشتا پێویستمان بە یەكترییە و هێشتا سوودمەندین لەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییەی كە لە نێوانماندا هەیە، لەم گۆشەنیگایەوە من كەسێكم پێم وانییە سەرجەم جیهان بەرەو لەبەریەك هەڵوەشاندنەوە و لێكترازان بڕوات، ئەگەرچی ڕەنگە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی لێكترازان و لێكدابڕان ڕوو بدات.

Top