یازدە کلیل بۆ ئەوەی دوای تەمەنی چل ساڵی ببیتە ئافرەتێکی دڵخۆش

یازدە کلیل بۆ ئەوەی دوای تەمەنی چل ساڵی ببیتە ئافرەتێکی دڵخۆش

گۆڤاری (بسیکو لوخیا أي منتی) ئیسپانی، راپۆرتێکی سەبارەت بە گەیشتن بەتەمەنی چل ساڵی بڵاو کردووەتەوە، کە هەندێک  کەس وای دەبینن قۆناغێکی هەستیاربێت لە ژیانیاندا، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆکاری قەیرانێک بەناوی((قەیرانی چل ساڵی))

 

چۆن بەسەر قەیرانی ناوەڕاستی تەمەنتدا زاڵ دەبیت؟

گۆڤارەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە لەدەستدانی مانای ژیان لە تەمەنی چل ساڵیدا رەنگە وامان لێ بکات کە دڵخۆش نەبین، بەڵام لەبیرمان نەچێت کە ئەمە کاتەگونجاوەکەیە بۆ ئاشنا بوون بەباشی و بەردەوامبوون لە ژیان٠

گۆڤارەکە ئاماژەی بە چەند ئامۆژگارییەک کردووە، بۆ ئەوەی دوای تەمەنی چل ساڵی مرۆڤ دڵخۆش بێت، بە تایبەت بۆ خانمان.

لەم قۆنا‌غەی ژیاندا راستییەکان زۆر بە سەختی تووشی شۆکمان دەکەن کاتێک بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی خەونەکانمان بەدی نەهاتوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەست بە دووبارە داڕشتنەوەی پێشبینییەکانمان و گونجاندنی لەگەڵ ئەو راستییەی ئێستا دەکەین، لە سەرەتادا نیگەرانی بەفیڕۆدانی کات دەبین، وا تێبینی دەکەین کە ئەم ساتانەی لە ژیان ماوە زۆرماندووت دەکات، بەڵام دەتوانین کەسێکی دڵخۆش بین لە تەمەنی چل ساڵیدا.

چی بکەین بۆ ئەوەی قەیرانی ناوەراستی تەمەن بەجێ بهێڵین؟

چەند ئامۆژگارییەک بۆ بەردەوامبوون و چێژوەرگرتن لە ژیان لەم قۆنا‌غەی تەمەندا:

١-چاودێریکردن وگرنگیدان بە تەندروستی

گۆڤارەکە دووپاتی کردوەتەوە کە گرنگیدان بە تەندروستی دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بە ئاسوودەیی بکەیت و، چەندین سوودی جەستەیی و دەروونیت پێ ببەخشێت، هەروەها خواردنی تەندروست هەموو رۆژ وزەت پێ دەبەخشێت و، یارمەتیت دەدات کە ئاگاداری تەندروستیت بیت، ئەمە  جگە لە راهێنانی جەستەیی کە یەکێکە لە کلیلی خۆشییەکان، بۆ هەموو قۆناغەکانی تەمەن، چونکە بەردەوامبوون لە را‌هێنان ئاستی وزە باشتر دەکات و ئاستی فشارەکان کەم دەکاتەوە، ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە یۆگا سوودی دەروونیی زۆر باش دەبەخشێت و یارمەتیدەرە بۆ باشبوون و رێکخستنی میزاج.

٢-شیکردنەوەی ئامانجەکان

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە پێشبینییەکان و خەونەکان  بەدی ناهێنرێن و دەکرێت ببنە مایەی نائومێدی لەم تەمەنەدا، بۆیە بۆ گەیشتن بە سۆزی خۆشگوزەرانی، گرنگە ئامانجەکان شیبکەینەوەو هەوڵ بدەین لەگەڵ ئێستای خۆماندا بیگونجێنین، ئەمەش مانای ئەوەنییە کە ناتوانین هەندێک لە خەونەکان بەدی بهێنین کە لەرابردوودا ئێمەی نیگەران کرد بوو، هەروەها گرنگە ئەو بیرۆکە نا راستانە بدۆزینەوە کە دەتوانن ببنە هۆی بێزارکردنمان.

٣-ئاگاداری پەیوەندییە کەسییەکان بە

بەسەربردنی کات لەگەڵ خێزان و هاوڕێیاندا کلیلی دڵخۆشییەکانە، کە دەبێت ئێمە هەمیشە لەبیری نەکەین، تەنانەت دوای تەمەنی چل ساڵیش، هاوکات لێکۆڵینەوەیەک لە پەڕتووکی ( پرۆژەی درێژی تەمەن) بڵاو کراوەتەوەو پشتراستی دەکاتەوە کە پەیوەندییە کەسییەکان زۆر گرنگن بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی بەردەوام و پڕ لە دڵخۆشی، کەواتە هەگیز لە ژیانتدا کەسانی گرنگ بەجێ مەهێڵە.

٤-هەوڵ بدە لەگەڵ کەسانی گەشبین وپۆزەتیڤ تێکەڵاوی پەیدا بکەیت

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەو توێژینەوەیەی گرووپی (بی-ئێم-جی) ئەنجامیان داوە، بەو دەرئەنجامە گەیشتوون، کە خۆشبەختی تا رادەیەکی زۆر پەیوەستە بە خۆشبەختیی ئەو کەسانەی کە پەیوەندییەکی بەردەوامت لەگەڵیاندا هەیە، خۆت لە کەسانی باش نزیک بکەرەوە، چونکە پەیوەندیکردن و تێکەڵاوی لەگەڵیاندا سوودی ئەرێنیی بۆ تەندروستی دەبێت.

٥-ئاشت بوونەوە لەگەڵ رابردوو

رەنگە فشارە تاڵ و بەردەوامەکان بتگەڕێننەوە بۆ ئەو ساتە خراپ و ناخۆشانەی کە لە رابردوودا تیایدا ژیاویت، ئەمەش هەستێکی خراپەو، وا دەکات کە نەتوانیت بە ئارامی و ئاشتی لەگەڵ خۆتدا بژیت، لە پێناو دڵخۆشیت لە چلەکانی تەمەندا پێویستە ئەو هۆکارانە ببچرێنیت کە دەبنە هۆی نیگەرانیت و، بە تەواوی لە ئێستادا بژیت.

٦-ئەو راستییە پەسەند بکە کە تۆ لە تەمەنی چل ساڵیدایت

گۆڤارەکە روونی کردووەتەوە کە پەسەندکردن باشترین چارەسەرە بۆ دڵخۆشی، لەبەر ئەوە پەسەندی بکە کە ئەمرۆ لە چلەکانی تەمەنتدایت، چونکە ئەویش قۆنا‌غێکی باشە لە ژیاندا و پڕە لە ئەزموونی نوێ و کەسانی جوان.

٧-پەرەپێدان بە شتە گرنگ و نوێیەکان

سەردەمی ناوەراستی تەمەن کاتێکی باشە بۆ پەرەپێدان بە شتە گرنگە نوێیەکان، لەوانەیە هەرگیز بیرت لە ئەزموونکردنی یۆگا و سوودەکانی نەکردبێتەوە، ئێستا هەست دەکەیت کاتی ئەوە هاتووە.

ماوەی تەمەنی چل ساڵی قۆناغێکی باشە بۆ گەیشتن بە فێربوون و گەشەکردن و بەردەوامبوون لە دڵخۆشی.

٨-مێشکت چالاک بکە

گۆڤارەکە جەختی لە گرنگیی چالاککردنی مێشک لە ساڵانی چلەکانی تەمەندا کردووەتەوە، کە لەجیاتی ئەوەی چەندەها کاتژمێر لە بەردەم تەلەفزیۆندا بەسەر ببەن، خوێندنەوە بکەن بە خوویەکی هەمیشەیی، چونکە کاریگەریی ئەرێنیی دەبێت بۆچەندین ساڵی دواتر.

٩-هێشتنەوەی هەڵوێستە ئەرێنییەکان

زۆرێک لە خۆشبەختییەکان پشت بە گەشبینی دەبەستێت، وەک ئافرەتێکی بوێر مەهێڵن بیرۆکە نەرێنی و خەمبارەکان کارتان لێ بکەن و بتانکاتە کەسێکی ئیفلیج، هەبوونی رەفتاری ئەرێنی یارمەتیت دەدات کە بەردەوامبیت لە هەستکردن بە ژیانەوە و چالاک بوون، بەردەوام بە لە هەڵوێستە ئەرێنییەکان، چونکە زۆر سوودبەخشە بۆت.

١٠-بۆ خۆت بژی

گۆڤارەکە ئەوەشی بڵاو کردوەتەوە کە منداڵەکانت لەم قۆناغەدا رەنگە زۆر پێویستیان پێت نەبێت، چونکە گەورەبوون و دەتوانن پشت بە خۆیان ببەستن، تۆ ماوەیەکی دوورودرێژی ژیانت تەرخان کردووە بۆ گرنگیدان بەوان تا بە شێوەیەکی تەندروست گەورە ببن و چاوەرێی داهاتوو بکەن کە چاوەروانیان دەکات، ئێستا ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە دووبارە بیر لە خۆت بکەیتەوە، ورد بە لەو شتانەی کە بە راستی لە ژیاندا دڵخۆشت دەکەن.

١١-چێژوەرگرتن لە شتە بچووکەکانی ژیان

گۆڤارەکە دەری خستووە کە ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە زۆرجار بە دریژایی رۆژ لەگەڵ ئینتەرنێتدا کاتەکان بەسەر دەبەین، تا رادەیەک کە زۆر بە دەگمەن بیر لە خۆشمان دەکەینەوە، یان زۆر بە سادەیی چێژ لە ژیان وەردەگرین، ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین کە ژیان زۆر بە خێرایی تێپەڕ دەبێت، ئەگەرنەوەستین و چێژ لە هەموو وردەکارییەکانی وەرنەگرین، لەوانەیە کات زۆر لەدەست بدەین٠

 

Top