شێروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: ڕێكنەكەوتنی شیعەكان سەردەكێشێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن

شێروان دووبەردانی   ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:     ڕێكنەكەوتنی شیعەكان سەردەكێشێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن

 

 

بارودۆخی عێراق دووچاری چەقبەستوویی و بگرە بە بنبەست گەیشتن بووە و تا ئێستا ئاسۆیەك بەدی ناكرێت بۆ كردنەوەی گرێكوێرەی كێشەكان، پرسی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری دیداری گوڵان لەگەڵ شێروان دووبەردانی ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

 

* هەست دەكرێت بە تەواوەتی پرۆسەی سیاسیی عێراق ڕووبەڕووی چەقبەستوویی بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی كە نەتوانرێت نیسابی یاسایی پەرلەمان تەواو بێت و سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران هەڵبژێردرێن، وەك پەرلەمانتارێك چ خوێندنەوەیەكت بۆ ئەم بارودۆخە هەیە و بەرەو كوێ دەچێت؟

-  بناغەی كێشە سیاسییەكان لە عێراق، یان تەواونەكردنی نیسابی یاسایی پەرلەمان بۆ پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەگەڕێتەوە، هەروەها بۆ ئەو ناكۆكییەی لە ماڵی شیعە هەیە لە نێوان هەر دوو كوتلەی چوارچێوەی هەماهەنگی و تەیاری سەدری. ئەگەرچی زۆر هەوڵ درا لە ماوەی ڕابردوو ئەو ناكۆكییانە چارەسەر بكرێن بە گفتوگۆ، یان بەو توێتانەی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر كە چەندین جار كاتی دانا بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی كە حكومەت پێك بێنن، بەڵام نەتوانرا ئەم كارە بكرێت. لەلایەكی دیكەوە ململانێ هەیە لە نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار كە ئێمە وەك پارتی دەزانین لە دوای 2005 پۆستی سەرۆك كۆمار مافی كوردە، نەك بۆ لایەنێك، بەڵام ئێمەی پارتی دوای هەڵبژاردنی 10/10/2021 كە زۆرینەی كورسیمان وەك كورد بەدەست هێنا كە گەیشتە زیاتر لە 50%ی كورسییەكانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆیە مافی پارتییە ئەو پۆستە وەربگرێت. هەرچۆنێك بێت ناكۆكییەكان بەردەوامن، بەتایبەتی لایەنی شیعە و ئەگەر هەر دوو ماڵی شیعە نەگەنە یەك، دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام نادرێت، چونكە بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەبێت دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان لە دانیشتن ئامادە بن بۆ دەنگدان لەسەر سەرۆك كۆمار، ئەمەش بووەتە یەكێك لە كێشە سەرەكییەكان كە هیچ لایەنێكی سیاسی نەیتوانیوە ئەو ژمارە و ڕێژەیە ئامادە بكات. هەروەها دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە دوای چەندین بڕیاری سیاسی لە دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە و لە دوای مووشەكبارانكردنی هەولێر و سووتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا، چەندین كێشەی دیكە دروست كران بۆ فشار خستنە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان، تاوەكو لەو هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەی كردوویانە، بكشێتەوە. هەرچۆنێك بێت هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی هەمانە -بەتایبەت لە بەغدا- كۆتایی بێن، تاوەكو بتوانین لە گفتوگۆ بەردەوام بین و بگەینە چارەسەرێك بۆ ئەوەی بتوانرێت دەنگ لەسەر سەرۆك كۆمار بدرێت، لە پاشان سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن شیعەوە تەكلیف بكرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی پێنجەمی حكومەتی عێراق.

* دوای ئەوەی دادگای بەناو فیدڕاڵی یاسای ئاسایشی خۆراكی ڕەت كردەوە، موقتەدا سەدر ڕاكشاوانە ڕایگەیاند ئەم دادگایە بزانێت، یان نەزانێت، بڕیارەكەی سیاسییە، دوای ئەوەش پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ یاساكە كرد، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە خەریكە دادگای بەناو فیدڕاڵی مسداقییەتی خۆی لەدەست دەدات؟

- چەندین لایەنی سیاسی لە دوای پەسندكردنی هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەش لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە گوتیان بڕیاردانی دادگای فیدڕاڵی سیاسییە و ئێمە ڕێز لە دادگای فیدڕاڵی دەگرین و بڕیارەكانی یەكلاكەرەوەیە، بەڵام بڕیاری تایبەت بە یاسای نەوت و گازی هەرێم 100% بڕیارێكی سیاسییە و هەموو ئەو بڕیارانە بۆ ئەوەیە كە فشار لەسەر پارتی دروست بكەن بۆ ئەوەی لە هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەكە بكشێتەوە. پێش چەند ڕۆژێك بڕیارێكی دیكە دەرچوو لەسەر هەولێر كە گوایە هەندێك هێز لە هەولێر مەشق دەكەن. كەواتە ئەو بابەتانە بەردەوام دەبن و زۆر زەحمەتە كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت بە ئامادەبوونی 220 ئەندام پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر سەرۆك كۆمار بدرێت وەك ساڵی 2014 و 2018 و تەوافوقیش لەسەر شەخسی سەرۆك وەزیران هەبێت، بەغداش چاوەڕوانیی هەیە لە جەنابی سەرۆك بارزانی و لە پارتی كە دەست بە گفتوگۆ و هەماهەنگی بكەن، كە بەردەوام پێشتریش چەندین حكومەتی عێراق لە هەولێر و لەسەر دەستی جەنابی سەرۆك بارزانی دروست بوون. ئەمڕۆكەش چەندین لایەنی سیاسی لە پەرلەمان، یان پەرلەمانتارە سەربەخۆكان ئاماژەیان بەوە داوە شەخسی یەكەم لە عێراق كە بتوانێت ئەو كێشانە چارەسەر بكات و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكان (چوارچێوە و سەدر و سەربەخۆكان) بكات، ئەوە بەڕێز مسعود بارزانی-یە.

* سەبارەت بە یاسای نەوت و گازی كوردستان كە دیسان لەلایەن دادگای بەناو فیدڕاڵی ڕەت كرایەوە، ئیستا هەڵكشانێكی توند لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بەرامبەر هەولێر هاتووەتە ئاراوە و هەڕەشە لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەر و كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوتی هەرێم دەكەن، ئایا ئەم هەوڵانەی وەزارەتی نەوتی عێراق دیسان كارتێكی دیكەی سیاسییە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بووەتە بەشێك لە هاوپەیمانیی سێ قۆڵی؟

- بە تەئكید، ئەوە كارتێكی دیكەی فشارە لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە لایەنی سیاسیی شیعە دەڵێن پارتی و سوننە كە لە ناو هاوپەیمانیی سەروەرین، دەستیان لە دوولەتكردنی ماڵی شیعە هەیە، كە ئەمەش هیچ ڕاستی و بنەمایەكی نییە، هەر ئەو (ئیتار و تەیار)ە لە ساڵی 2018كە بە ناوی (بینا و ئیسلاح÷ بوون، سوننەش بەشێكی لای بینای شیعە بوون و بەشێكیش لەگەڵ ئیسلاحی شیعە بوون، ئەو كات نەیانوت ئێوە بەشێكن لە لەتكردنی ماڵی شیعە. وەك دەزانین لە10/10 هەڵبژاردنێكی پێشوەخت ئەنجام درا و شەقام خۆپیشاندانی كرد و چەندین شەهیدی دا و عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆك حكومەت دەستی لە كار كێشایەوە. ئەو هەڵبژاردنە بە شاهێدی وڵاتانی دەوروبەر و نەتەوە یەكگرتووەكان پاكترین هەڵبژاردن بوو، بۆیە پێویستە ڕێز لەو هەڵبژاردنە و ئەنجامەكەی بگیرێت. سەدر و پارتی و سوننە زۆرترین كورسییان بەدەست هێنا و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكە دەبێت ببێتە بنەما بۆ پێكهێنانی حكومەت و بۆ ئۆپۆزسیۆن. ئەگەرچی ئەوە لەلای هەندێ لایەنی سیاسیی شیعە كە لە ناو (ئیتار)ن قبووڵ ناكرێت و دەیانەوێت پارتی و سوننە لە هاوپەیمانیی سەروەری لەگەڵ سەدر بكشێنەوە و هەق بە خۆیان دەدەن بەبێ دەرئەنجامی هەڵبژاردن ماڵی شیعە بكەنە گەورەترین كوتلە و هاوپەیمانی، هەرچەندە ئێمە پێمان گوتوون ئێوە ببنە یەك، ئێمە كێشەمان نییە، بەڵام ناكۆكیی ماڵی شیعە لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران زۆر توندە و ناگەنە یەكتر، بەڵام جەنابی سەرۆك بارزانی لە دوای 10/10 پێشوازی لە هەموو لایەنی سیاسیی عێراق كردووە و پێی گوتوون پارتی لەگەڵ ئەوەدایە كە ئەوان لە ناوخۆیان كێشەكانیان چارەسەر بكەن و ئێمەی كورد پەیوەندیمان بە كێشەی ماڵی ئەوان نییە و پارتی هەموو كات بووەتە هۆكاری چارەسەری كێشەكانی نێوانیان.

* ترسێكی دیكەی خەڵكی كوردستان ئەوەیە كە دادگای بەناو فیدڕاڵی لە 12ی حوزەیران بە بڕیارێك بری ئەو 200 ملیار دینارەەش ڕابگرێت كە دێت بۆ كوردستان، پرسیار ئەوەیە ئەم بڕیارە پەیوەندی بە قووتی خەڵكی كوردستانەوە هەیە، ئایا وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق بیرتان لەوە نەكردووەتەوە كە سەرۆك كۆمار بەو حیسابەی كوردە تەدەخول بكات، ئەم بڕیارە سیاسییانەی دادگای فیدڕاڵی ڕابگرێت؟ یان ئایا پرسیاری ئەوەتان نەكردووە بۆ سەرۆك كۆمار بەرامبەر ئەو زوڵمانەی لە كوردستان دەكرێت، بێدەنگە؟

- ئەمەش فشارێكی دیكەیە دەكرێتە سەر پارتی، بێگومان چەندین ساڵە بڕینی مووچە و بودجەی كوردستان لە لایەن عێراقەوە كە قووتی خەڵكی كوردستانە، ئاشكرایە زیاتر كارتێكە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان، بێگومان ئەگەر دادگا بڕیار بدات بە ڕاگرتنی ئەو 200 ملیار دینارە، ئەوە ناردنی پارەكە بۆ كوردستان ڕادەگیردرێت.

* هەماهەنگیی مقاوەمە كە باش دەزانرێت كێ لە پێشتەوەیانە، هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان دەكەن و بوختان دروست دەكەن بەوەی لە كوردستان گرووپی چەكدار ڕادەهێندرێن بۆ ئەوەی ڕەوانەی شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بكرێنەوە، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە ڕاشكاوانە هەندێك لایەنی سیاسی هەڕەشە لە كیانی هەرێمی كوردستان دەكەن؟ ئایا دەبێت لەسەر ئاستی عێراق چۆن هەڵوێستیان بەرامبەر وەربگیرێت؟

- بەڵێ ئاماژەیان پێ دا كە دەیانگوت مۆساد لە هەولێرە و بینیمان هەولێریان مووشەكباران كرد و چەندین فشاری دیكەیان لەسەر هەولێر دروست كرد. ئەگەرچی ئەو قسە و بوختانانە بەهانەیەكی دیكەیە و دەیانەوێت لەسەر پارتی دروست بكەن كە گوایە گرووپ هەیە مەشق لە هەولێر دەكەن، كە ئەمەش هیچ بنەما و ڕاستییەكی تێدا نییە. بەڵكو ئەمەش یەكێك لەو فشارانەیە لە دژی پارتی دروستی دەكەن بۆ ئەوەی واز لەو هاوپەیمانییەی بێنێت كە لەگەڵ سەدر و سوننە پێكیهێناوە.

* هەموو بۆچوونەكان سەبارەت بە پرۆسەی سیاسیی ئێستای عێراق بەو جۆرەیە كە بارودۆخەكە بەم شێوەیە ناڕوات بەڕێوە و بەرەو تەقینەوە و خۆپیشاندان و تەنات لەوانەیە شەڕی چەكداریش بڕوات، ئایا بە ڕای ئێوە بارودۆخەكە بە كام لادا زیاتر هەنگاو هەڵدەگرێت؟

- لە دوای دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراك، پەرلەمان تا 9ی7 پشووی دەبێت، لەپاش هەموو ئەو هەوڵانە پێویستە لە دوای جەژن هەموو لایەنەكانی شیعە بە چوارچێوە و سەدریشەوە پێكەوە كار بكەن. چونكە دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر سەرۆك كۆمار دەمێنێتەوە سەر ماڵی شیعە كە بتوانن و نیسابی یاسایی دانیشتن تەواو بكرێت بۆ دانانی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت، بەڵام ئەگەر ماڵی شیعە نەگەنە ڕێككەوتن، شەقامی عێراق ئەو بارودۆخە قبووڵ ناكات و دەچین بەرەو هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە و چاوەڕوانی زۆر خراپتریش لە شەقامی عێراقی دەكرێت كە ئێستاكە بارودۆخی باش نییە و شەقامیش زۆر توند بووە و ئەو بارودۆخەی لە بەغدا هەیە، بە تایبەتی بێكاری و نەبوونی خزمەتگوزاری و گرانیی پێداویستیی ڕۆژانەی ژیان، ئەوە خەڵكەكە ناتوانن زیاتر قبووڵی بكەن.

Top