ئافرەتان لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە میدیاییەكان فەرامۆشكراون

ئافرەتان لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە میدیاییەكان فەرامۆشكراون

 

 

ژمارەیەكی زۆری ئافرەتی میدیاكار لە هەرێمی كوردستان جەخت لەوە دەكەنەوە كە توانای پیشەیی ئافرەتان لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە میدیاییەكاندا فەرامۆش كراوە و لەبەر چاو نەگیراوە. هاوكات داواكارن توێژینەوەیەكی چڕ و پڕ لەسەر بارودۆخی هزری و ئایدیایی كۆمەڵگەی كوردی ئەنجام بدرێت، هەم بۆ كاری میدیایی بە گشتی و هەم بۆ كاری ئافرەتان لەو دامەزراوانەدا بەتایبەتی بخاتە ڕوو و دەرەنجامەكانی نیشان بدات. لەم نووسینەدا زیاتر باسی ئەو پرسە دەكەم.

كاركردن لە دامەزراوەی میدیایی لە ڕووی سیستەم و ڕێكخستنی توانا مرۆییەكان زۆر جیاوازە لە دامەزراوە و دەزگاكانی دیكە، بەتایبەت لە دابەشبوونی توانای مرۆیی لەسەر بنەمای ڕەگەز (نێر و مێ)، هۆكاری ئەم جیاوازییەش دەگەڕێتەوە بۆ دیدی تایبەتیی كۆمەڵگە و تێڕوانینی بۆ كاری میدیایی و لە بەرامبەریشدا تێڕوانین بۆ هەر یەك لە ڕەگەزەكانی (نێر و مێ)، یان ڕوونتر بوترێ (ژن و پیاو)، ئەگەرچی لە زۆرێك لە كایە جیاوازەكاندا كاركردنی ئافرەتان لە ڕوانگەی كۆمەڵگەی كوردییەوە جیاوازە لەو تێڕوانینەی كە بۆ كاری پیاوان هەیە، ئەمە لە بواری میدیادا ئەشێ ڕەنگدانەوەی زیاتری هەبێت، یان ڕەنگە كرانەوەی زیاتری كۆمەڵگەكەمان تێڕوانینەكانیشی گۆڕیبێت، هەر جۆرێك بێت، بابەتی دیاریكردنی ڕاددەی بەشداریی ئافرەتان وەك توانای مرۆیی لە سیستەمی بەڕێوەبردنی میدیا لە هەرێمی كوردستان پێویستی بە توێژینەوەی زانستی هەیە، بۆ ئەوەی لەگەڵ دیاریكردنی ئەو ڕاددەیە هۆكارگەلێكی جیاواز بخرێنە ڕوو، یان كاریگەریی ئافرەتان لەسەر ئەو دامەزراوانە تاوتوێ بكریێن كە ئافرەتان كار لە سیستەمی بەڕێوەبردنەكەیدا دەكەن.

كاركردن لە میدیا و دامەزراوە میدیاییەكاندا جگە لەوەی وەك پیشەیەك باس دەكرێت، حەز و سەلیقەی كاریش ڕۆڵی بەرچاوی لە سەركەوتنی كارەكەدا هەیە، تایبەتمەندیی ئافرەتانیش لەم كارەدا ئەشێ پەیوەندی بە شێوازی كار و تێڕوانینی كۆمەڵگەوە هەبێت، هەر چۆن بێت، ئەم توێژینەوەیە لە بارودۆخی فكری و ئایدیایی كۆمەڵگەی كوردیدا ئەنجام دەدرێت و لە ڕوانگەیەكی جیاوازیشەوە ئەشێ تێڕوانینی كۆمەڵگە هەم بۆ كاری میدیایی بە گشتی هەم بۆ كاری ئافرەتان لەو دامەزراوانەدا بە تایبەتی بخاتە ڕوو، دەرەنجامەكانیشی نیشان بدات، كە تێڕوانینی كۆمەڵگە بۆ كاری میدیایی و بەشداریی ئافرەتان چۆن بووە.

بەڕێوەبردنی دامەزراوەی میدیایی كارێكی دژوار و چەند لایەنەیە، دژواریی ئەم كارە پەیوەندی بە تێگەیشتنی جیاوازەوە هەیە، ئەویش لە كاروباری میدیایی و بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی گەیاندنی زانیاری، چەند لایەنی كاری بەڕێوەبردن لە دامەزراوەی كاری میدیاییشدا پەیوەندی بە لایەنە جیاوازەكانی نێو كاری میدیایی هەیە، وەك «پەیامنێری، هەواڵسازی، سەرنووسەری، بەڕێوەبردن، كاروباری تەكنیكی و تەكنەلۆژیا، سیاسەت و پەیامسازی»، ئەم دژواری و چەند لایەنە لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەی میدیاییدا كاتێك دێتە بەردەم بەشداربووان لە بەڕێوەبردنی میدیادا (وەك كارمەندێك، یان بەڕێوەبەری دامەزراوەیەكی میدیایی دەست بەكار بێت. بۆ دەربازبوون لەم دژوارییە و چارەسەری چەند لایەنانەی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی میدیایی، كارمەند، یان بەرپرس، پەنا دەباتە بەر چەندین ڕێگای بەڕێوەبردن، تابتوانێت بە یەكێك لە ڕێكارەكان باشترین ڕەوتی بەڕێوەبردن بگرێتە بەر، یەكێك لەو ڕێگایانەی كە بۆ ئەم مەبەستە دەگیرێتە بەر، بەشداریی كارمەندانی كارا و گونجاوە چ لە ڕووی توانای كار و شارەزایی و ڕەگەز، یان تەمەنەوە، ئەمەش لە بەشێكی كاری بەڕێوەبردنی میدیاییدا كە بە «بەڕێوەبردنی توانای مرۆیی لە دامەزراوەی میدیاییدا» ناو دەبرێت، بەو مانایەی كە تا چەند بە باشی بەشداری لە كاری بەڕێوەبردنی میدیاییدا كراوە، چەند لە ئاست پێویستی كارەكاندایە. ئەو توێژینەوەیە مەبەستیەتی شوێن و پێگەی بەشداریی ئافرەتان لە سیستەمی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی كوردستاندا دەربخات و سیستەمی بەڕێوەبردنی مرۆیی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەی میدیایی ڕوون بكاتەوە، لە ڕوانگەی بەشداریی ئافرەتان لە كاروباری میدیاییدا، هەوڵ دەدات بنەما سەرەكییەكان و ڕوانگە و سیستەمە جیاوازەكانی بەڕێوەبردن و بەڕێوەبردنی توانای مرۆیی بەشداری لەسەر بنەمای ڕەگەزی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی كوردستان دەستنیشان بكات و ڕێكار و بنەماكانی بەشداریی كارمەندان لە بەڕێوەبردنی توانای مرۆیی لە دامەزراوەی تەلەفزیۆنیدا بخاتە ڕوو.

ئامانجی بەشداریكردنی ئافرەتان لە دامەزراوە میدیاییەكان

1- نیشاندانی ڕاددەی بەشداریی ئافرەتان لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە میدیاییەكان.

2- دیاریكردنی جۆری ئەو بوارانەی كە ئافرەتان لە دامەزراوە میدیاییەكان بەرجەستەی دەكەن.

3- خستنە ڕووی ئەو بوارانەی كە لە نێو دامەزراوە میدیاییەكاندا ئافرەتان بەشداری تێدا دەكەن.

4-       خستنەڕووی ڕاددەی گرنگیدان بە توانای ئافرەتان لە دامەزراوە میدیاییەكاندا.

لە سیستەمی بەڕێوەبردنی دامەزراوە میدیاییەكان لە پۆست و كاری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرێتییە نێوەندییەكاندا ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان وەك جێگری بەڕێوەبەری دامەزراوە و كەناڵە میدیاییەكان هیچ ڕێژەیەكی بەرچاو تۆمار نەكراوە.

لە سیستەمی دامەزراوە میدیاییە تەلەفزیۆنیەكاندا زۆر بە كەمی ئافرەتان وەك بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەكان تۆمار كراون.

لە بەڕێوەبەرایەتی بەرنامەكانی ڕادیۆدا ئافرەت تەنیا وەك بەرپرسی بەشی بەرنامەكان گەیشتووەتە پلەی بەڕێوەبەر.

بەشداریی ئافرەتان لە دامەزراوە میدیاییەكانی وەكو پیشەی پێشكەشكاری زیاترە وەك لە بواری بەڕێوەبردن و ڕێژەكەشی بەراورد بە ڕەگەزی بەرامبەر كەمترە.

ئاستی بەشداریی ئافرەتان لە دامەزراوە میدیاییەكان لە ڕادیۆكاندا زۆرترە بە بەراورد بەجۆرەكانی دیكەی دامەزراوە میدیاییەكان.

بەشداری ئافرەتان لە دامەزراوە میدیاییەكان خوی لە بواری بێژەری و پێشكەشكاری و بازاڕگەریدا دەبینێتەوە بە بەراورد بە بوارەكانی دی.

بەشداریی ئافرەتان لە هەندێك بواری بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەك تەكنیك سفرە لە هەندێك لە دامەزراوە میدیاییەكاندا و هیچ ڕێژەیەكی بۆ دانەنراوە.

 

 

 

 


 دهۆك بارزانی

ئەندامـی ئەنـجومــەنی سۆران/ بــەرپــرسی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان (ی.ئا.ک)

Top