شێف شەیما جەمال: دڵخۆش دەبم كاتێك بۆم دەنووسن لەسەر ڤیدیۆكانت فێری خواردن دروستكردن بووین

شێف شەیما جەمال:  دڵخۆش دەبم كاتێك بۆم دەنووسن لەسەر ڤیدیۆكانت فێری خواردن دروستكردن بووین

كابانی و دەستڕەنگینی خانمانی كورد مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە، تەنانەت ڕۆژهەڵاتناسانیش لە یاداشتەكانیاندا ڕۆڵی ئافرەتی كوردیان لە بەرەوەپێشبردنی كۆمەڵگە بەرز نرخاندووە و بە ستایشەوە باسیان لە قارەمانێتی و بوێریی ئافرەتی كورد كردووە، ئەمڕۆش لەگەڵ ڕەوتی پێشكەوتنی زانست و تەكنەلۆژیا ئافرەتی كوردیش بەرەو پێشكەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت و بوونی خۆی لە گۆڕەپانی ژیان سەلماندووە، شێف شەیما جەمال خانمە كابانێكی گەنجە و خاوەنی پەیجێكی فێركاریی خواردن دروستكردنە بە ناوی «تامە جیاوازەكان لەگەڵ شەیما»، لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەم شێوەیە باس لە كاروانی ژیان و كارەكانی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

شەیما جەمال تەمەنی ٣٣ ساڵە و لە سلێمانی لەدایك بووە. وەك خۆی باسی كرد، دایكی دوو منداڵە و ماوەی هەشت ساڵە لە وڵاتی دانیمارك لەگەڵ منداڵەكانم دەژی. پەیجێكی فێركاریی خواردن دروستكردنی بە ناوی «تامە جیاوازەكان لەگەڵ شەیما» هەیە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «كارەكانم بۆ فێركارییە نەك فڕۆشتن، چونكە من كاری دیكە دەكەم و فێركاریی خواردن دروستكردن وەك پیشەم نییە، بەڵكو وەك ئارەزووم بۆ دروستكردنی خواردنەكانە، من خاوەن كاری خۆمم و ڕۆژانە دەچم بۆ كار و وەك یارمەتیدەری تەندروستی كار دەكەم».

شێف شەیما لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا خۆشەویستیت بۆ چێشتلێنان لە كەیەوە سەری هەڵداوە؟ دەڵێت: «خۆشەویستیم بۆ خواردن دروستكردن هەر لە منداڵییەوە بووە و بۆ یەكەمجار تەمەنم تەنیا ١٠ ساڵ بوو برێنجم لێنا، لەوكاتەوە لە چێشتلێنان دانەبڕاوم، بێگومان لە سەرەتاوە هەر یارمەتیی دایكمم دەدا، یان ئەگەر دایكم لە ماڵ نەبووایە ئەو ئەركە لەسەر شانی من بوو، چێشتم لێدەنا، ئێستاش كاری چێشتلێنان جگە لەوەی چێژێكی زۆرم پێ دەبەخشێت لە هەمان كاتیشدا ئەركی سەر شانمە وەكو دایكێك ڕۆژانە بۆ منداڵەكانم ئامادەی دەكەم. سەرەتا هەر لە فەیسبووك و ئێستاش لە یوتوب و ئینستا و سناپیش ڤیدیۆ فێركارییەكانم بڵاو دەكەمەوە، بەو هیوایەی زۆرترین سوود بە خانمان بگەیەنم».

 لە بارەی ئامانجیش لەو كارەی گوتی: «ئامانجم تەنیا خزمەتكردنی بینەرەكانمە و زۆر دڵخۆش دەبم كاتێ كەسانێك بۆم دەنووسن لەسەر ڤیدیۆكانی تۆ فێری خواردن دروستكردن بووین.

 

Top