كاربۆهیدراتی باش، كاربۆهیدراتی خراپ

كاربۆهیدراتی باش، كاربۆهیدراتی خراپ

كاربۆهیدراتەكان بەگشتی دەكرێن دوو جۆرن: كاربۆهیدراتە باش و خراپەكان. كاربۆهیدراتە باشەكان Good carbs كە بە كاربۆهیدراتە ئاڵۆزەكان ناسراون، ئەوانەن كە كەمترین، یان هیچ مامەڵەیەكی كیمیایی و فیزیاییان لەگەڵدا نەكراوە و رێژەیەكی بەرزی ماددەی خۆراكیی گرنگ لەخۆدەگرن و، دەوڵەمەندن بە ریشاڵ، بۆنموونە: دانەوێڵەی تەواو Whole grains، سەوزە و میوەكان، پاقلەمەنییەكان، نان بە گەنمی تەواو، برنجی قاوەیی، پاستای گەنم، ساوار، نیسك. هەروەها شیری كەم چەوری و ماست ئەگەرچی ریشاڵ لەخۆناگرن، بەڵام رێژەی بەرزی كالسیۆم و پرۆتینیان تێدایە، بۆیە بە كاربۆهیدراتی باش هەژماردەكرێن. كاربۆهیدراتە خراپەكان Bad carbs كە بە كاربۆهیدراتە سادەكان ناسراون، مامەڵەی زۆریان لەگەڵدا كراوە Highly processed و بەهایەكی خۆراكیی نزمیان هەیە، چونكە كەمترین رێژەی ماددە خۆراكییە گرنگەكان لەخۆدەگرن، واتە زیاتر وزە بە لەش دەبەخشن و ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش و تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە و نەخۆشیی دڵ زیاد دەكەن، بۆنموونە دانەوێڵەی سافكراو، شەكر، نانی سپی، پاستای ئاسایی، برنجی سپی، شەربەت و شلەمەنییە شیرینكراوەكانی دیكە، خواردنەوە گازدار و وزەبەخشەكان، هەویركارییەكان، شیرنەمەنییەكان و ئایس كرێم. راپۆرتە پزیشكییەكان جەختیان كرووەتەوە كە زیادخواردنی كاربۆهیدراتە خراپەكان، یان سافكراوەكان ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ تا رادەیەك زیاد دەكەن، كە زیاترە لە ئەگەری نەخۆشیی دڵ بە زیادخواردنی چەورییە تێرەكان Saturated fats.

 

Top