فیستیڤاڵی خواردن لە كوردستان

فیستیڤاڵی خواردن لە كوردستان

 فیستیڤاڵێك بە مەبەستی تەندروستی و ئاگاداربوون لە خواردن لە رووی باشی و زیانەكانەوە، كە لە رێگەی فیستیڤاڵەوە كۆمەڵێك بیرۆكە و پەیام بۆ خەڵك ئامادەكرا بوون، ئەوەش لە فیستیڤاڵێكی چوار رۆژە لە پاركی سامی عەبدوڵرەحمان بەڕێوە چوو، فیستیڤاڵەكە لە شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی ساز كرا، سەرەتای كردنەوەی فیستیڤاڵەكە چەند رێنماییەك لەسەر خواردنی گەشتیاری و دەرەوە پێشكەش بە ئامادەبووان كرا، چەندین كۆشكی تایبەت بە خواردنەكان ئامادە كرابوون، چەندین خواردنی خۆماڵی و كوردەواری و بیانی ئامادە كرابوون و، بە نرخێكی رەمزی و زۆر كەم پێشكەش دەكران، زیاتر لە 10 كۆمپانیا و چێشتلێنەر و زیاتر لە 150 جۆرە خواردن لە فیستیڤاڵەكەدا پێشكەشی ئامادەبووان كرا، بەشداربووانی فیستیڤاڵەكە هەر یەكە بە جۆرێك و بە حەز و ویستی خۆی بەشدار بوون، یەكێك لەوانە: بڵند ئەنوەرە، كە دەرچووی بەشی كۆمپیوتەرە، بە خواردنی خۆماڵی وەك نانەقەیسی و چەرەز و لوقم و شیرینی بەشداریی كردبوو، دەڵێت: «فیستیڤاڵەكە بیرۆكەیەكی زۆر باش بوو و لە كاتێكی گونجاودا بوو، من بە خواستی خۆم بەشداریم كرد و خواستێكی زۆر لەسەر خواردنەكان هەبوون». هەروەها قەتیبە عەبدولسەمەد لە شوێنی چێشتخانەی كۆستۆزۆ، گوتی: «ئێمە بە پیتزا و بورگر و شاورما بەشداریمان كردبوو، خەڵك بیرۆكەكەی بە دڵ بوو، خواردنەكەی ئێمە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هەیە، سەرچاوەكەی ئەمریكایە، خەڵكی كوردستان و بیانییش داوای خواردنەكانیان دەكرد و خواستێكی زۆر لەسەر خواردنەكانمان هەبوون، ئێمە لە رێگەی ئامادەكردنی ئەو خواردنەوە توانیمان جەماوەرێكی زۆر كۆ بكەینەوە و بە دڵی خەڵك و ئامادەبووانی فیستیڤاڵەكە بوو». نەدیم مازن، لە شوێنی قاوەی (بن السید) بەشداربوو، لای خۆیەوە گوتی: «قاوەی خۆمانە دروست دەكەین، لە شێوەی هێل و بندق و چوكلێت، لە هەموو عێراقدا تاكە كارگەین كە قاوە دروست دەكەین و چاكی دەكەین، خەڵكیش بە جۆشەوە داوای قاوەی خۆمانەیان دەكرد و نۆشیان دەكرد»

Top