گەڕانەوە بۆ بەكارهێنانی كیسەی كاغەز

گەڕانەوە بۆ بەكارهێنانی كیسەی كاغەز

 

پێش زیاتر لە نیو سەدە كاتێك ئەندازیاری سوێدی «گۆستاف تۆلین» كیسەی نایلۆنی پێشنیار كرد بۆ بەكارهێنان لە بری كاغەز، مەبەستی پاراستنی درەختی دارستانەكان بوو لە بڕینەوە بۆ دروستكردنی كیسەی كاغەز، بەڵام لە ئێستادا كە جیهان ساڵانە نزیكەی یەك تریلیۆن كیسەی نایلۆن بەكار دەهێنێت، كە زیانی زۆر بە ژینگە و پێكهێنەرەكانی دەگەیەنێت، ئیدی ئەو مەبەستەی پێشوو نایەتەدی.

مرۆڤ بۆ هەڵگرتن و گواستنەوەی شتومەكی ڕۆژانەی خۆی، ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە كیسەی نایلۆن بەكار دەهێنێت، كە هەندێك جار جێگەی سەرسوڕمانە، بۆ نموونە بە پێی گۆڤاری (ژینگە و پەرەپێدان) لە ژمارە (115)ی تشرینی یەكەمی (2007)دا، هاتووە كە (ساڵانە لە وڵاتە عەرەبییەكاندا نزیكەی (25) ملیار كیسەی نایلۆن بەكار دەهێندرێت)، دیارە پاش 15 ساڵ لەو بەروارە ژمارەكە زۆر زیادی كردووە.

بۆیە ئێستا وڵاتان كەوتوونەتە گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو، بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی كیسەی نایلۆن لە ڕێگەی ڕاگرتن و كەمكردنەوەی بەكارهێنانیان، یان لە ڕێگەی دانانی باج لەسەر كارگەكانی بەرهەمهێنانی ئەم كیسە نایلۆنانە، یانیش لە ڕێگەی سەپاندنی نرخێكی گونجاو لەسەر بەكاربەرانی ئەم كیسە نایلۆنانە لە ماركێت و مۆڵەكاندا، چونكە بەكارهێنانی كیسەی نایلۆن بەم ژمارە زۆرەی ئەم سەردەمە، زۆر زیانی گەورەی لێ كەوتووەتەوە، لەوانەش:

1- ناشیرینكردنی دیمەنی ئاسمان و زەوی، كە ژمارەیەكی زۆری ئەم كیسانە لە شەقام و كۆڵانەكاندا پەرش و بڵاو دەبنەوە، لەگەڵ ڕەشەباشدا دەگوازرێنەوە بۆ زۆر شوێنی دی.

2- لە زستاندا لەگەڵ ڕێڕەوی ئاوی شەقامەكاندا دەچنە نێو مەنهۆڵی زێرابەكانەوە و، دەبنە هۆی كۆبوونەوەی ئاو لە شەقام و سەر زەویدا و، دروستبوونی لافاو و زیانگەیاندن بە شار و ماڵ و كۆگاكان.

3- زیانگەیاندن بە ئاژەڵەكان، چونكە زۆرێك لە مەڕوماڵات و بەرزەوڵاخ، ئەو نایلۆنانە قووت دەدەن و لە دواییشدا دەخنكێن، لەبەر ئەمەشە ساڵانە نزیكەی یەك ملیۆن ئاژەڵی دەریایی بە هۆی ئەم كیسە نایلۆنانەوە لە دەریادا دەخنكێن.

4- دروستكردنی زەمینەیەكی لاواز لە زەویدا لە كاتی كۆبوونەوەی ئەم نایلۆنانە لە چینەكانی زەویدا، كە زیان بە خانووبەرە و بە ڕووەك دەگەیەنێت لە داهاتوودا.

5- دەبێتە هۆی تێكدانی ڕەنگە سرووشتییەكان و زیادكردنی ڕەنگی دەستكرد لە سرووشتدا.

6- بە سەر ڕووبەرە ئاوییەكاندا بڵاو دەبنەوە و، دەبنە ڕێگر لە بەردەم دابینكردنی خۆراكی ڕووەكەكان.

7- لەژێر خاكیشدا خاك دەكەن بە دوو بەشی سەرەوە و خوارەوە، بەمەش بەشی خوارەوەی خاك ئاوی پێویستی پێ ناگات.

8- بە سووتاندنیشیان گازە ژەهراوییەكان بەرهەم دەهێنن.

لە بەر ئەم زیانانە و زۆری دیكەش، زانایانی بواری ژینگە بەم كیسە نایلۆنانە دەڵێن «نەفرەتی ڕەش»، لەبەر ئەمەش پێویستە لای خۆشمان هەندێك ڕێوشوێن بگرینە بەر، بۆ ڕێگەگرتن لە زیانەكانی كیسەی نایلۆن، لەوانەش بۆ نموونە:

1- هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لە زیانەكانی نایلۆن و كیسەی نایلۆن.

2- گەڕانەوە بۆ بەكارهێنانی كیسەی كاغەز لە دووكان و كۆگا و سۆپەرماركێتەكاندا.

3- بەكارهێنانی كیسەی گەورەی لە قوماش دروستكراو، بۆ هەڵگرتنی شتومەك لەلایەن هاووڵاتیان و ماڵانەوە.

4- باج خستنە سەر ئەو كارگانەی كە ئەم كیسە نایلۆنانە بەرهەم دەهێنن.

5- دەركردنی بڕیارێك بۆ ڕێگەگرتن، یان كەمكردنەوەی بەرهەمێنان و هاوردەكردن و بەكارهێنانی كیسەی نایلۆن.

6- دروستكردنی كارگەی نوێ بۆ دووبارە كۆكردنەوە و، دووبارە دروستكردنەوە لەو نایلۆنە بەكارهاتووانەوە.

7- ئەنجامدانی ئامارێك بۆ زانینی بڕی بەكارهێنانی كیسەی نایلۆن، چونكە بە زانینی ئەو داتا و ژمارەیە، دەتوانین زیانەكانی دیار بكەین و چارەسەری گونجاویشی بۆ دەستنیشان بكەین.

8- دروستكردنی دارستانی نوێ لە درەختی وەك پاوڵۆنیا كە زیاتر لە بیست سوودی جۆراوجۆری هەیە.

9- دامەزراندنی كارگەی تایبەت بە پیشەسازیی كاغەز و بەرهەمهێنانی پێداویستییەكان لە كاغەز.

10- بۆ هەموو ئەمانەش ئێستا بە نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران لە 15/3/2022 لێژنەیەك پێك هێنراوە لە نوێنەرانی دەستەی ژینگە و وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی شارەوانی، بۆ بڕیاردان لە بارەی ڕەهەندە جیاوازەكانی قەدەغەكردنی كیسەی نایلۆن و گەڕانەوە بۆ بەكارهێنانی كیسەی كاغەز.

 

Top