پەرستاران وەك فریشتەی بەزەیی لە خزمەتكردنی نەخۆش بەردەوامن

پەرستاران وەك فریشتەی بەزەیی لە خزمەتكردنی نەخۆش بەردەوامن

 

 

لە١٢ی مایسی ١٩٧٤ بڕیار درا كە ئەو ڕۆژە بكرێت بە (ڕۆژی جیهانیی پەرستاران) و وەك وەفایەكیش بێت بۆ (فلۆرێنس نایتینجل) كە بە دامەزرێنەری زانستی پەرستاریی هاوچەرخ دادەنرێت. پەرستاران لە سەرانسەری دونیادا بە كوردستانیشەوە وەكو فریشتەی بەزەیی لە خزمەتكردنی نەخۆش بەردەوامن، تەنانەت لە هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕۆڵێكی گرنگیان لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان هەبوو، واتە پەرستاران ئەم جارەش توانییان مێژوویەكی پڕ لە سەروەری بۆ خۆیان و پیشەكەیان تۆمار بكەن، بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان زیاتر شەن و كەوی ئەو پرسە گرینگە دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

فلۆرێنس نایتینجل لە ساڵی١٨٢٠ لە ئیتالیا لەدایك بووە. لە خێزانێكی بەریتانیی دەوڵەمەند بووە كە بڕوایان بە خستنەبەر خوێندنی كچ هەبووە، نایتینجل بە دامەزرێنەری پەرستاریی هاوچەرخ دادەنرێت، خوێندنی لە ماڵەوە و لەسەر دەستی باوكی وەرگرتووە، خەونی بەوە دەبینی كە خزمەتی كەسانی دی بكات و ببێتە پەرستار، بەڵام خێزانەكەی لە سەرەتادا دژی بوون، چونكە لەو كاتەدا پیشەی پەرستاری نەك بە پیشەیەكی سەرنجڕاكێش نەدەبیندرا، بەڵكو پیشەیەك بوو زۆر بێ بایەخ و بێڕێز لە پیشەوەرانی دەڕواندرا، بەڵام ئەو خاتوونە سەرەڕای بەرهەڵستكاریی خێزانەكەی، لەسەر هێنانەدی ئامانجەكەی سوور بوو و هەوڵی زیاتری بۆ فێربوونی پەرستاری دا، تەنانەت فلۆرێنس هاوسەرگیریشی ڕەت كردەوە، لەبەر ئەوەی هەستی بەوە كردبوو كە هاوسەرگیری بەرپرسیارێتی ماڵەوەی پتر دەكات. ساڵی ١٨٥١ لە قوتابخانەی «كایزروارت» فێری پەرستاری بوو، بە یەكەم كەسیش دادەنرێ كە ڕێزمانی بۆ پەرستاریی تازە دانا، ناوەندی فێركردنی پەرستاریشی دامەزراند و پلەی بۆ خزمەتگوزارییەكانی پەرستاری و خزمەتگوزارییەكانی بەڕێوەبردن لە نەخۆشخانەكان دانا.

گوڵاڵە پشدەری، وەك پەرستارێكی خاوەن ئەزموون سەبارەت بەم یادە بۆ گوڵان گوتی: «ڕۆژی جیهانیی پەرستیار لە هەموو هاوپیشەكانم پیرۆز بێت. چونكە پەرستاران فریشتەی سەر زەوین و بە ناخێكی پاك و بە بوێریی گیانی خۆیان بۆ پاراستن و چاكبوونەوەی نەخۆشان كردووەتە قەڵغان. پیشەی پەرستیاری لە دونیادا بە دیدی من جوانترین و مرۆڤدۆستانەترین پیشەیە. سوپاس بۆ خوای گەورە كە لە تەمەنی ١٦ساڵیم وا نزیكەی چل ساڵە چێژ و دڵخۆشیی یەكجار زۆرم لێی وەرگرتووە، بە نۆژداریی نەخۆشان و ڕازیبوونیان لێم زۆر دڵخۆشم، زەردەخەنەی سەر لێویان و پرسیاری هەندێك لە نەخۆشەكانم كە پڕ بە دڵ لێم دەپرسن: سبەی شەویش تۆ ئێشكگری؟ جوانترین پرسیارە و من و دڵم داگیر دەكەن».

گوڵاڵە پشدەری باسی ئەوە دەكات كە «ئێستاش دوای حەوت ساڵ خوێندن لە پەرستیاریدا و ئەو هەموو ساڵە ئەزموونی كار و دوای نەخۆشیی شێرپەنجەش نەبەزیوە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «بۆ هەموو هاوپیشەكانم و بۆ نەخۆشان و خانمانێك كە ئارەزووی خۆپاراستن، یان زانیاری و ڕێنماییان هەیە. بێ سنوور و بێ بەرامبەر ئامادەی ڕاوێژكاری و دڵنەوایی دەروونیشم بۆیان. من ئاشقی پیشەكەمم».

سەبارەت بە هەمان پرس د. ئازاد مەنتك پسپۆڕی هەناو و دڵ ئاماژە بەوە دەكات: «جیهان لە (١٢/٠٥/٢٠٢٢) ڕۆژی جیهانیی پەرستاران بەرز ڕادەگرێت و پەرستاران هەر وەك بەشێكی گرنگی (دەستی كاری پزیشكی) ڕۆڵی كارایان لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و پزیشكی هەبووە، ئەوان هۆكارن لە زیاتر بەرەوپێشبردنی كەرتی تەندروستی و فەراهەمكردنی دەوروبەری تەندروستی». گوتیشی: «ئەمساڵ لەژێر پەیامی وەبەرهێنان لە پەرستاران و پارێزگاریكردن لە مافی پەرستاران یادی ئەم ڕۆژە تەندروستییە دەكرێتەوە؛ ئەمەش بۆ زانینی ڕۆڵ و پێگەی پەرستاران بە تایبەت دوای پەتا و دەردی كۆرۆنا، كە پەرستاران لە ڕێزی پێش پێشەوەی هێلی بەرگری و خۆپاراستن و چارەسەری كۆرۆنا بوون» گوتیشی: «كەمیی ڕۆشنبیریی گشتی و كەمیی هۆشیاریی تەندروستی و ئەو بارودۆخ و كەشەی هەیە، بە هۆی ناساقامگیریی باری ئابووری و كۆمەڵایەتی و ڕامیاری و سیاسی هەرێمی و نیشتمانی و ناوچەیی وای كردووە، كاردانەوەی تەواوی لە سەر هەموو كەرتەكان هەبێت، هەر وەك هەموو فەرمانبەر و كارمەند و پەرستارانی لە زۆر مافی گشتی و تایبەت بێبەش كراون، كە دەكرێت لە ڕۆژی جیهانیی پەرستاراندا داوای بەدیهێنانی پەیامی نێودەوڵەتیی ئەم ڕۆژە لە كوردستانیش بكەین. ئەگەر لە هەر فەرهەنگ و قامووسێكی كوردیدا بە دوای مانای (Nurse)دا بگەڕێیت، ئەوا حەتمەن بەرامبەری وشەگەلی وەك: (خوشك، یان نەخۆشەوان، یان پەرستار دەبینرێت). واتە كورد لە پەرستار وەك كەسی نزیك و ئازیزی خۆی ڕوانیوە. ئایا دەبێت چ لە خوشك خۆشەویستتر بێت؟ سۆز و عاتیفەی خوشك بۆ خێزان و برا و خوشكی چۆنە، ئەگەر هاتوو برایەك، یان خوشكێك، یان دایك و باوكی نەخۆش بكەوێت، ئەوا پەرستارەكە پەرەستاری دەكات. بۆیە لە كۆتاییدا دەڵێم: ئەی پەرستاران و فریشتە سپییەكانی ناو كەرتی تەندروستی، ئەی پێشمەرگە و سەربازە ونەكانی كەرتی تەندروستی ڕۆژی جیهانیی پەرستاریتان باش و پیرۆز بێت، ئێوە جێگەی شانازی و پێنازی و پێزانینی ئێمەن. ئێوەن كە كوردان و كوردەواری پێتان دەنازێت، مێژووش شاهێدیتان بۆ دەدات كە مرۆڤدۆستن، خۆشەویست و چاوساغ و خۆنەویستن.

ڕێزان باڵەك بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی لەدایكبوون و مندالانی سۆران، بەم جۆرە باس لە گرنگی ئەو ڕۆژە و پیرۆزیی پیشەی پەرستاری دەكات و دەڵێت: «ڕوژی پەرستاران ڕوژێكە پڕ لە جوانی و پڕ لە ڕێزی و لە میهرەبانی. پەرستاران فریشتەیەكی بەرگ سپین و بۆ تەندروستیی نەخۆشەكان دەورێكی گرنگ و بایەخدار دەگێڕن. فریاگوزاری سەرەتایی، شەونخوونی، تا بەیانی دانیشتن و گوێگرتن لە نەخۆش و هەڵگرتنی نازی نەخۆش، كاری پەرستارە و پەرستاران هەمیشە بێ گوێدان بە ماندووبوون و تەندروستیی خۆیان كاریان كردووە، بۆیە دەكرێت بڵێین: پەرستاری كارێكی پیرۆزە و دەبێت ڕێز لەو ماندووبوونەیان بگرین».

بە ناوی پەرستارنی نەخۆشخانەكش سوپاسی بەڕێز بەرێوەبوری نەخۆشخانە د. مەهاباد دلاوەری كرد، كە وەك خۆی باسی كرد، «هەموو سالێك ئەگەر بە پێشكەشكردنی گوڵێكیش بێت، ئەم یادەی بەرز ڕاگرتووە لە نەخۆشخانە، سوپاسی گشت پەرستارە ماندوویی نەناسەكانی كوردستان و جیهانیشی كرد.

 

Top