ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بۆ گوڵان: لە كابینەی نۆیەمدا 54 پڕۆژەی ڕێگەوبان بە بودجەی 776 ملیار و 544 ملیۆن دینار تەواو بوون و خراونەتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە

ئاگرین عەبدوڵڵا  بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بۆ گوڵان:     لە كابینەی نۆیەمدا  54 پڕۆژەی ڕێگەوبان بە بودجەی  776 ملیار و 544 ملیۆن دینار تەواو  بوون و خراونەتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە

ڕێگەوبانەكان بە شادەماری بەستنەوەی شار و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دادەنرێن و، ڕۆڵی سەرەكییان لە سێكتەرە جیاجیاكانی ئابووریدا هەیە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، وێڕای قەیرانی دارایی، چەندین پڕۆژەی جێبەجێ كردووە و ژمارەیەكی دیكەش لە پلاندایە، گۆڤاری گوڵان لە دیدارێكیدا لەگەڵ ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.

 

* سەرەتا دەكرێت بزانین لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كورستاندا وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن چەند پڕۆژەی ئەنجام داوە؟

- لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا گرنگییەكی زۆر بە ڕێگەوبانەكان دراوە، لەم ڕوانگەیەوە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە ماوەی تەمەنی كابینەكەدا توانیویەتی 54 پڕۆژە بە بودجەی 776 ملیار و 544 ملیۆن دینار تەواو بكات و بیخاتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە، ئەم پڕۆژانەش ڕێگەی دوو ساید و یەك ساید و ڕێگەی سەرەكی و لاوەكی و ڕێگەی گوندەكانی لەخۆ گرتووە و 11 ملیۆن مەتر چوارگۆشە قیری تێدا بەكار هاتووە.

* ئایا ئەو پڕۆژانە پرد و تونێلیش دەگرێتەوە، كە ڕۆڵێكی گەورەیان لە نزیككردنەوەی ماوەكان و باشكردنی ڕێگەوبانەكاندا هەیە؟

- لەم كابینەیەدا پڕۆژە و كاری گەورەش لە بواری تونێل ئەنجام دراوە، بۆ نموونە تونێلی پیرمام كە دوو تویبییە و، تونێلی زاخۆ بە هەمان شێوە، بە شێوەیەكی گشتی لە هەرێمی كوردستان 7.25 كیلۆمەتر تونێلمان هەیە، بە تونێلی زاخۆ و دەربەندیخانیشەوە، سەرجەم ئەم تونێلانە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بەڕێوەیان دەبات، تونێلیش بەڕێوەبردن و ستاف و سیانە و كارەبای بەردەوام و ڕووناكی و ئاگركوژێنەوە و گەیاندن و سەلامەتیی دەوێت، جگە لەم تونێلانە نزیكەی 7.5 كیلۆمەتری دیكە تونێلمان لە ژێر جێبەجێكردندایە و، بەهۆی بارودۆخی داراییەوە نەتوانراوە پارەیان بە تێروتەسەلی بۆ دابین بكرێت، لەوانە تونێلی (هەیبەت سوڵتان و سۆركە و مامە جەلكەیە و تونێلی بەنی هەریر)، لە پلانیشدایە 26.2 كیلۆمەتر تونێل ئەنجام بدەین، لەوانە تونێلی مەتین و پێنجوێن و دەربەندیخان و چەندین شوێنی دیكە.

سەبارەت بە پردەكان لە هەرێمی كوردستان 26438 مەتر درێژی پردی جۆراوجۆمان هەیە، لە كابینەیەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا درێژترین پرد لە هەرێمی كوردستان تەواو كرا، كە پردی زێی گەورەیە و درێژییەكەی 924 مەترە و بە دوو ساید و هەر سایدەی سێ لاین دەڕوات و هەر دوو پارێزگای هەولێر و دهۆك پێكەوە دەبەستێتەوە، چەندین پردی دیكەش لە ژێر جێبەجێكردندان.

* تونێلی دەربەندیخان تونێلێكی كۆنە و یەك سایدە و لۆری و ئۆتۆمبێلی گەورەی پێدا تێپەڕ دەبێت و، ناوبەناو ڕووداو و ئاگركەوتنەوەی تێدا ڕوو دەدات؛ ئایا هیچ بودجەیەك تەرخان كراوە بۆ سیانە و نۆژەنكردنەوەی، یان ئەنجامدانی پردێكی دیكە؟

- تونێلی دەربەندیخان 500 مەترە و بە تونێلێكی بچووك دادەنرێت و، لەكاتی دروستكردنی بەنداوی دەربەندیخان دروست كراوە، ئەم تونێلەی دەربەندیخان لە دیوی سلێمانییەوە ناوچەیەكی شاخاوی و بەرزە و، بەردەوام ڕووداوی تێدا ڕوو دەدات، بۆ نۆژەنكردنەوەی تونێل كەشفێكی خێرامان بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە، بۆ قیرتاوكردن و ڕووناككردنەوە و بۆیاخكردن و دانانی هێماكانی هاتوچۆ و هەروەها سیستمی ئاگركوژێنەوەی تێدا دابنێین، ئەمە وەكو چارەسەرێكی كاتی، لە پلانماندایە تونێلێكی 3000 كیلۆمەتری دروست بكەین بۆ بەستنەوەی هەردوو دیوی دەربەندیخان و سلێمانی، بۆ ئەمەش گفتوگۆ لەگەڵ باشترین كۆمپانیای تونێل ئەنجام دراوە و دوو سایدە و تەندروستە بۆ هاتوچۆ.

* ئەگەر باسی هەندێك لەو پڕۆژانە كە بۆ هاووڵاتیان زۆر گرنگە، لەوانە ڕێگەی نێوان هەولێر و سلێمانی، یان هەولێر و كۆیە بۆ ئەوانە چیتان كردووە؟

- ئەو زوڵم و بڕینی بودجەیەی حكومەتی ناوەندی بەرامبەر خەڵكی كوردستان كردی، كاریگەریی خراپی لەسەر ڕاوەستانی زۆر لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكان هەبووە، ڕێگەی هەولێر- كۆیە بە پێنچ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، كە قۆناغی پێنجەم تونێلی هەیبەت سوڵتانە، ئەم ڕێگەیەش بە شادەماری بەستنەوەی هەولێری پایتەختە بە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرینەوە، بە هەر چوار قۆناغی ڕێگەكە 465 ملیار دیناری پێویستە و تەنیا 100 ملیاری تێدا خەرج كراوە و، 365 ملیار دیناری پێویستە بۆ تەواوكردنی ئەو چوار قۆناغە و، تا ئێستا لەبەر زۆریی بودجەكەی ڕەت دەكرێتەوە و تا قەیرانی داراییش بەردەوام بێت، هیچ ئومێدێك نییە بۆ دەستپێكردنەوەی ئەم پڕۆژە گەورە و ستراتیژییە و، وەڵامێكی ئیجابیمان وەرنەگرتووە بۆ خەرجكردنی ئەو بودجە زۆرەی، ڕەنگە بیر لە میكانیزمی دیكە بكرێتەوە، چونكە چیتر ئەم ڕێگەیانە ناتوانێت تەحەمولی ئەو هەموو بارهەڵگرە گەورانە بكات، كە لە ئێستادا تەنانەت ڕێگەی كەركووك بەكار ناهێنن كە بە هۆی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكانی دیكەوە گرفت و كێشەیان بۆ دروست دەكەن.

* باسی ڕێگەوبانەكان و تێكچوونیت كرد، یەكێك لەو دیاردانەی باوە و زیان بە ڕێگەوبانەكان دەگەیەنێت، سەرپێچییەكانە لەسەر ڕێگەوبانەكان، یان لە دەوروبەری ڕێگەوبانەكانە، ئایا لەم ڕووەوە چی كراوە؟

- سەرپێچیەكانی دروستكردن و تێكدانی ڕێگەوبانەكان كەم بووەتەوە، تەنیا سەرپێچیەكانی سەر لاتەنیشتی ڕێگەوبانەكان ماوە، خەڵكانێك دێت دووكان و بەرژینی باخچەی لێ دروست دەكات و دەبێتە هۆكاری مەترسی بۆ كەوتنەوەی كارەساتی ئۆتۆمبێل، چونكە ڕێگەوبانەكان نابێت خانوو و سیاج و دووكانی لەسەر بكرێت، ئەمە پێچەوانەی ڕێنمایی و یاساكانە، بۆ ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكە ئیدارییەكان لەسەر هێڵین بۆ لابردنی سەرجەم ئەم سەرپێچییانە. ئێمە زۆر بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەی چاككردنەوەی ڕێگەوبانەكانمان لە پارێزگاكان و ئیدارەی ڕاپەرین و سۆران و زاخۆ و گەرمیانمان هەیە، كە ئەركی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانەكانیان لەسەر شانە و، ساڵانە 8.5 بۆ 9 ملیار دینار خەرجییان هەیە لە چاككردنەوە و سیانەكردنی ڕێگەوبانەكان، كە نزیكەی پێنج ملیۆن دیناری وەكو سلفە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دابین دەكرێت و، ئەوی 3 بۆ 4 ملیار دیناریشی لە داهاتی لە 30%ی وێستگەكانی كێشكردنی بارهەڵگرەكانە. 

* بۆ ئەمساڵ پلانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن چییە و گرنگترینی ئەو پڕۆژانەی بۆ وەزارەتی پلاندانانتان بەرز كردووەتەوە، چین؟

- لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە ئاگادار كراینەوە بۆ ئەوەی پلانی ساڵی 2022 پێشكەش بكەین، پاش پێكهێنانی لێژنەیەكی باڵا و دیراسەتكردنی ڕیزبەندی بۆ پڕۆژەكان، بە پێی ئەو ژمارەیەی ئەوان بۆیان دیاری كردبووین، گرنگترین ئەو پرۆژانەی زۆر پێویستن جێبەجێ بكرێن، دیاری كران، كە لە ساڵی 2022 بڕی 171 ملیار و 760 ملیۆن دینار پارەی كاشمان داوا كردووە، كە 124 ملیار و 643 ملیۆن دیناری بۆ بەگەڕخستنەوەی ئە پرۆژانەیە كە لە ژێر جێبەجێكردندان، ئێمە نزیكەی 204 پڕۆژەی ڕێگەوبان و بیناسازیمان هەیە لە ژێر ئەنجامداندان و بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاوەستاون كە 141 پڕۆژەی ڕێگەوبانە و لەبەر ئەوەی نەختینەی بۆ دابین ناكرێت، بەڵێندەرەكان ناتوانن كارەكانیان بكەن. گرفتەكە لەوەدایە تا دێت پێداویستیی كۆمەڵگە و خزمەتگوزاریی كۆمەڵگە و فراوانبوونی شار و شارۆچكەكان و قەرەباڵغیی زیاتر دەبێت و، پێویستیمان بە پڕۆژە و كاری نوێ هەیە، لەم ڕوانگەیەوە بە بەهای 47 ملیار و 117 ملیۆن دینار بۆ ئەمساڵ پڕۆژەی نوێمان داوا كردووە و، لە چاوەڕوانیی ئەنجومەنی وەزیرانداین تا پلانی وەزارەتمان پەسەند بكات و، هەڵمەتێكی دروستكردنی دەیان ڕێگەوبان كە پردی جۆراوجۆری لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان لەخۆگرتووە، دەست پێ بكەینەوە و نزیكەی 34 پڕۆژەی نوێ دەست بە ئەنجامدانی بكەین.

* زۆر باسی گرفتی بودجە و قەیرانی دارایی دەكرێت، ئایا نەدەكرا هەندێك لەو پڕۆژە گەورە و ستراتیژییانەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بە نیازە جێبەجێی بكات، لە ڕێگەی هاوبەشیی نێوان كەرتی حكومەت و كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ بكرێن؟

- وەكو ڕێگەوبان هیچ پڕۆژەیەكمان نییە بە هاوبەشیی نێوان كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی ئەنجام بدرێت، لە بواری گواستنەوەدا هەوڵێكمان هەیە و دیراسەت دەكەین بۆ دامەزراندنی تۆڕی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی كوردستاندا، لە ئێستادا تەنیا لە قۆناغی دیراسەتكردنداین لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئیسپانی، تا بە دیراسەتێك بڕیار بدەین ئەم تۆڕە چۆن دابمەزرێت و بە كوێدا بڕوات و چ جۆرێك بێت و ئاستەنگ و بەربەستەكانی چین و چارەسەركردنی چۆنە، خۆ ئەگەر ئەم پڕۆژەیە دیراسەی كەڵكی ئابووریی تەواو بێت، دەكرێت لە ڕێگەی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ بكرێت، چونكە بەتەئكید وەكو حكومەت ناتوانین بودجەی پێویستی پڕۆژەیەكی وا گەورە لەم قۆناغە هەستیارەدا دابین بكەین، هاوكات دەكرێت بە هاوبەشی لەگەڵ كەرتی تایبەتدا پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت.

* بۆ ئەم حاڵەتەی قەرەباڵغی و جەنجاڵییەی ناو سەنتەری شارە گەورەكان، هیچ پڕۆژە و كارێكتان لەبەردەستدایە بۆ چارەسەركردنی؟

- ئێمە لە دەرەوەی شار لە قۆناغی دیراسەتكردنداین بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیژیی گەورەی هێڵی شەمەندەفەر، ئەمەش دیراسەتكردن و پەیداكردنی ئەو لایەنەی جێبەجێی دەكات، كاتێكی زیاتری دەوێت، لەم ڕووەوە پاڵپشتێكی زۆری ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانمان هەیە، لە دوای تەواوكردنی دیراسەت كەڵكی ئابووریی پڕۆژەكە هەوڵی پەیداكردنی وەبەرهێنان دەدەین، ئەڵمانەكانیش بەڵێنێكیان داوە بەوەی زۆر هاوكارمان بن بۆ ئەوەی لایەنێكی جێبەجێكارمان بۆ پەیدا بكەن.

Top