زیانەكانی هەناسەوەرگرتن بە دەم

زیانەكانی هەناسەوەرگرتن بە دەم

 كەسانی تەندروست بە رێگای لووت و دەم هەناسە وەردەگرن، هەناسەوەرگرتن تەنیا بە رێگای دەم لەوكاتەدا پێویست دەبێت كە گرفت لە لووتدا پەیدادەبێت، یان لەكاتی سترێس و مەشقی تونددا. زیاد هەناسەوەرگرتن تەنیا بە رێگای دەم Mouth breathing ئاكامی تەندروستیی نەرێنی لێ دەكەوێتەوە، وەكو: وشكبوونی دەم، زیادبوونی ئەگەری كلۆربوونی ددان و هەوكردنی پوك، ناخۆشبوونی درێژخایەنی بۆنی دەم، دابەزینی ئاستی وزەی لەش لەبەر كەم گەیشتنی ئۆكسجین بە لەش لە ئەنجامی هەناسەی دەم، خراپبوونی كوالیتی خەو، دەنگ كەوتن Hoarseness، هەناسەتەنگی لەكاتی خەودا Sleep apnea كە هۆكارە بۆ تێكدانی خەو، گرفت لە كۆئەندامی هەرسدا لەبەر قووتدانی هەوا Aerophagia لەكاتی هەناسەوەرگرتن بە دەم، زیادبوونی ئەگەری هەوكردنی قوڕگ و گوێ، پەیدابوونی ئەڵقەی تاریك لە دەوری چاوەكاندا، هەستكردن بە ناڕەحەتی و ماندووبوون لەكاتی رۆژدا. هۆكارەكانی هەناسەوەرگرتن بە دەم: لووتگیران لەبەر هەر هۆكارێك، هەستەوەری، رەبو، هەڵامەت، لاربوونی بەربەستی لووت، ئاوسانی ئاڵووەكان (لەوزەكان)، بوونی زیدەگۆشتی جیوبی لووت Polyps. خۆپاراستن و چارەسەركردن: خۆڕاهێنان لەسەر هەناسەوەرگرتن بە رێگای لووت، پاك راگرتنی لووت، پەیڕەوكردنی هەنگاوەكانی كەمكردنەوەی سترێس، بەكارهێنانی سەرینی گەورە و بەرز، ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی.

 

Top