لۆرانس روبین پرۆفیسۆری ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سكووڵی سام نوون لە پەیمانگەی تەقەنیی جۆرجیا بۆ گوڵان: درێژەكێشانی شەڕی رووسیا و ئۆكرانیا رۆڵی ئەڵمانیا لە بەرگریكردنی لە ئاسایشی ئەوروپا زیاتر دەكات

لۆرانس روبین   پرۆفیسۆری ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سكووڵی سام نوون لە پەیمانگەی تەقەنیی جۆرجیا بۆ گوڵان:     درێژەكێشانی شەڕی رووسیا و ئۆكرانیا رۆڵی ئەڵمانیا لە بەرگریكردنی لە ئاسایشی ئەوروپا زیاتر دەكات

 

 

لۆرانس روبین پرۆفیسۆرە لە سكووڵی سام نوون لە پەیمانگەی تەقەنیی جۆرجیا، توێژەر و وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە وەك: سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ئاسایشی نێودەوڵەتی و پرسی بڵاوبوونەوەی چەكی ناوكی. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە شەڕی ئێستای رووسیا و ئۆكرانیا و، دەرهاویشتەكانی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* وەك ئاشكرایە یەكێك لە رووداو و پەرەسەندنە دراماتیكی و هەژێنەرەكانی ئەم دواییە كە تا ئێستاش درێژەی هەیە، بریتییە لە شەڕی رووسیا و ئۆكرانیا، كە لێكەوتە و دەرهاویشتەكانی رەهەندی جیهانی و جۆراوجۆرییان هەیە، خوێندنەوە و تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟

- من پێم وایە ئامانج و مەبەستەكەی سەرۆكی رووسیا (ڤلادمیر پوتین) لە هەڵگیرساندنی ئەم شەڕە، ئەوە بوو كە هەندێ دەستكەوتی ستراتیژی بەدەست بهێنێت لە رۆژهەڵاتی ئۆكرانیا و، هەندێك لە خاكی ئەو ناوچەیە بخاتە ژێر ركێف و كۆنتڕۆڵی خۆیەوە، بەتایبەتی ئامانجە بنەڕەتی و سەرەتاییەكەی شكستی هێنا، كە بریتی بوو لە درووستكردن و پێكهێنانی حكومەتێكی دۆست لە ئۆكرانیا (بەهۆی ئەوەی نەیتوانی لە سەرەتاوە سەركەوتنی سەربازی)ی خێرا و یەكلاكەرەوە و لە كاتێكی كورتدا بەدەست بهێنێن.

* باس لەوە دەكرێت كە بێتوانایی رووسیا لە بەدەستهێنانی سەركەوتنێكی خێرا لە شەڕەكەی دژی ئۆكرانیا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دووچاری هەڵە بوو لە پێشبینییەكانیدا، هەم لە پەیوەندی بە هێزی سوپای وڵاتەكەی و هەم لە پەیوەندی بەو بەرگری و بەرهەڵستییەی رووبەڕووی بووەوە لەلایەن ئۆكرانییەكانەوە، هەڵسەنگاندنی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

- لە راستیدا هەردوو لایەنەكە، یان رەهەندەكە راستن، مەبەستم ئەوەیە رووسیا لە دوو رووەوە بە هەڵەدا چوو، یان پێشبینیی هەڵەی كرد، یەكەمیان پەیوەست بوو بە توانا و هێزی سوپاكەیەوە، كە دەركەوت لە ئاستی خواست و چاوەڕوانیی خۆیاندا نەبوو، بەتایبەتی لە تۆكمەیی سوپاكە و دەستەبەركردنی هاوكاری و یارمەتیی لۆژستی و ئیدارەدانی باشی گۆڕەپانی شەڕەكە، كە لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بكەین كە روون نییە ئایا سەرۆك پوتین لەسەر بنەمای چ زانیارییەك خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنەكانی كردووە لە پەیوەندی بەم شەڕەوە. دووەمیان پەیوەندیدار بوو بە بەرگریی گەلی ئۆكرانیاوە، كە سەرۆكی رووسیا پێشبینی نەدەكرد ئەم گەلە بەو ئاست و ئەندازە سەختگیرانەیە رووبەڕووی سوپای رووسیا ببێتەوە.

* ئەی ئێوە چۆن لە ئەدای ئیدارەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان (جۆ بایدن) دەڕوانن لە ئاست ئەم شەڕەدا، بەتایبەتی چەند جارێك و بە بەها سەدان ملیۆن دۆلار هاوكاریی سەربازی بۆ ئۆكرانیا تەرخان كردووە، پێتان وایە ئەم ئیدارەیە رێگەچارەیەكی گونجاو و درووستی گرتووەتەبەر لە ئاست ئەم شەڕەدا؟

- لە راستیدا دەتوانین ئاماژە بەوە بكەین كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، یان با بڵێین ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن هاوسەنگیی لە نێوان چەند فاكتەرێكی نێودەوڵەتی و ناوخۆییدا راگرتووە، بە تایبەتی لەم رووەوە دەتوانین بڵێین كە سیاسەتێكی درووست و پێوانەكراوی گرتووەتەبەر لە ئاست شەڕەكەدا، چونكە ئەم ئیدارەیە دەیتوانی بە ئاسانی سوپای ئەمریكا بنێرێتە نێو خاكی ئۆكرانیا، هەروەك ئەوەی داواكاریی لەم چەشنەش لە ئارادابوو، بەڵام ئەمە مەترسیی ئەوەی درووست دەكرد كە سوپای ئەمریكا و سوپای رووسیا بكەونە رووبەڕووبونەوەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ یەكتردا، هەروەها ئەگەر ئەم ئیدارەیە كارێك، یان هاوكارییەكی كەمی ئۆكرانیای بكردایە، ئەوا بە هەمان شێوە دووچاری رەخنەگرتن دەبووەوە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم كە بژاردەی زۆر لە بەردەستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا نەبوو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم شەڕەدا، هەر لە پەیوەندی بە پرسی هاوكاریی سەربازیشەوە (كە ئێوەش لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێ كردووە) ئەوا دەبێت ئەو راستییە بزانین كە چەندین رێكاری بیرۆكراسی هەن بۆ ناردن و رەوانەكردنی چەك، چونكە ئەمریكا ناتوانێت ئەمڕۆ بڕیاری ناردنی چەك بدات و بۆ رۆژی دواتر بگاتە شوێنی مەبەست بۆ ئەوەی كاریگەر بێت.

* چۆن لە كاریگەری و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە دەڕوانیت لەسەر وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی كە ئێمە بینیمان وڵاتێكی وەك ئەڵمانیا بڕیاری زیادكردنی بوددجەی سەربازیی وڵاتەكەی دا، ئایا تا چەند ئەم شەڕە دەبێتە هۆی ئەوەی كە ئەم وڵاتانە بە سیاسەتی ئەمنیی خۆیاندا بچنەوە؟

- لە راستیدا من پێم وایە تا ئەم شەڕە درێژە بكێشێت، ئەوا گەلی ئەڵمانیا بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیكردنی سیاسەتی حكومەتەكەیان بۆ زیادكردنی بودجەی بواری سەربازی، بەپێچەوانەوە ئەگەر شەڕە بە خێرایی یەكلا ببووایەتەوە، ئەوا رەنگە ئەم پاڵپشتییە درێژەی نەكێشایە، لەبەر ئەوە پێم وایە یەكێك لە لایەنەكان، یان دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە ئەوەیە كە درك بەوە دەكرێت كە پێویستە ئەڵمانیا كاری زیاتر بكات بۆ بەرگریكردن لە ئاسایشی ئەوروپا، مەبەستم ئەوەیە ئەم شەڕە بێداركردنەوە و زەنگی ئاگاداركردنەوە بوو، بەڵام هەرچۆنێك بێت ئەوە گەلی ئەڵمانیایە كە ئەوە یەكلادەكاتەوە تا چەند درێژە بە سیاسەتی زیادكردنی بودجەی سەربازی بدرێت.

* ئایا پێتان وایە ئەگەر شەڕەكە درێژە بكێشێت و زیاتر بەرەو هەڵكشان بچێت، ئەوا ئەگەری بەكارهێنانی چەكی ناوكی بێتە ئاراوە؟

- ئەوەی تا ئێستا بەدی دەكرێت، ئەمە یەكێك نییە لە ئەگەرەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت كە پێشتر رووسیا نكۆڵیی لەوە دەكرد كە لە سووریا چەكی كیمیای بەكارهێنرابێت، ئەگەرچی لە راستیدا خۆشی پاڵپشتی لێ دەكرد، كەواتە دەكرێت رووسیا ئەم جۆرە چەكانە بەكار بهێنێت لە ئۆكرانیادا و نكۆڵیشی لێ بكات، یان ئۆباڵەكە بخاتە ئەستۆی لایەن، یان وڵاتێكی دیكە، چونكە ئەوە چاوەڕوان دەكرێت لە رووسیا كە تاكتیك و رێگاچارەی ترساندن و تۆقاندنی خەڵكەكە بەكار بهێنێت لە رێی تەختكردنی شارەكانەوە.

* ئایا پێت وایە ئەم شەڕە هیچ كاریگەرییەكی لێ دەكەوێتەوە لەسەر بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی لە پەیوەندی بە پێگە و دەسرۆیشتویی رووسیا و پرسی وزەوە؟

- ئێمە دەتوانین لە روانگەی هەندێ پرسەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، بۆ نموونە ئەگەر لە ئیسرائیل بڕوانین، ئەوا لە سەرەتاوە دژایەتی و بەرهەڵستیی خۆی بۆ شەڕەكەی رووسیا لە دژی ئۆكرانیا رانەگەیاند، ئەویش بەهۆی بارودۆخی سووریاوە، چونكە ئیسرائیل هەماهەنگییەكی پەنهانی هەیە لەگەڵ رووسیادا لەبارەی بەكارهێنانی ئاسمانی سووریاوە، كە ئیسرائیل جموجوڵەكانی لایەنەكانی دژ بە خۆی لە سووریا بە هەڕەشەی وجودی دەزانێت. لێرەدا رەنگە بووترێت دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بكەین كە رووسیا ئەم رێككەوتنە پێشێل بكات وەك تۆڵەسەندنەوەیەك لە ئیسرائیل، بەڵام لە هەمان كاتدا نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت كە رووسیاش هێز و بوونی سەربازیی هەیە لە سووریادا، كە نایەوێت لەوەشدا تێوەبگلێت. هەرچۆنێك بێت من پێم وایە رووسیا لەو لایەنەوە دووچاری دۆڕان بووەتەوە كە زیاتر و زیاتر وەك هێزێكی بێ بەزەیی و دڵڕەق دەردەكەوێت، لە لایەكی دیكەوە ئەگەر شەڕەكە بدۆڕێنێت ئەوا لە تێڕوانینی هاوپەیمانە عەرەبەكانی پێگەی لاواز دەبێت، بە تایبەتی لە رووی پرسی چەككڕینەوە ئەگەر دەركەوێت چەكەكانی رووسیا لە گۆڕەپانی شەڕدا هێندە كاریگەر نیین، ئەوا ئەمە كاریگەریی دەبێت لەسەر بازاڕی چەكفرۆشتنەكەی.

*  ئەگەر رەوتی پرسیارەكان بگۆڕین بۆ بارودۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئایا ئێوە چۆن لەم بارودۆخە دەڕوانن و چ هەڵسەنگاندنێكتان هەیە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا؟

- ئەوەی روونە لەم رووەوە ئەوەیە كە پرسی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران هەمووانی بەخۆوە سەرقاڵ كردووە، كە لەم رووەوە دەتوانین بڵێین، ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن تا ئێستا گفتوگۆییەكی ناسەركەوتووی ئەنجام داوە لە پەیوەندی بە كێشەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكە ئێرانەوە، بەتایبەتی بەهۆی سەرقاڵبوونی زۆی ئەم ئیدارەیە بە شەڕی ئۆكرانیاوە، هەروەها ئەوەی لە ئێستادا لە هەردوو لایەنی ئەمریكا و ئێران بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە هەردوولا مانۆڕ دەكەن و پەنا بۆ رێگاچارەی تاكتیكی دەبەن، لە كاتێكدا كات تێدەپەڕێت و ئێرانیش بەردەوامە لە بەرەوپێشبردنی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی. جارێكی دیكە دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە بەهۆی شەڕی ئۆكرانیا چیتر ئەمە نەبووەتە باس و خواسی گەرم، كە پێم وایە ئەگەر ئەم شەڕە نەبووایە ئەوا ئەم پرسە دەبووە جێی باسێكی زۆر و بگرە دەبووە بابەتێكی ناوخۆیی لە نێو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە چەشنێك كە خودی ئیدارەی سەرۆك بایدن نەیدەتوانی بە تەواوەتی فەرامۆشی بكات.

Top