پەروەردەكاران باسی ڕێكارەكانی ئامادەكردنی قوتابیان بۆ پێشوازی لە تاقیكردنەوەكان دەكەن

پەروەردەكاران باسی ڕێكارەكانی ئامادەكردنی قوتابیان بۆ پێشوازی لە تاقیكردنەوەكان دەكەن

 

 

بەپێی ئامارەكان لە هەرێمی كوردستان 1،707،249 قوتابی و 120،658 مامۆستا و 6،429 قوتابخانە هەن. بەپێی ئەو خشتانەش كە دیار كراون، ڕاستەوخۆ دوای پشووەكانی جەژنی ڕەمەزان، لە 8ی 5 تاقیكردنەوەكان بەڕێوە دەچن و لە پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتیش 10ی 5 تاقیكردنەوەكان دەست پێ دەكەن. بەڵام ئەو میكانیزمانە چین كە یارمەتیی قوتابی دەدات بۆ ئەوەی لە‌ تاقیكردنە‌وە‌كان ئاستێكی باش بەدەست بێنێت؟ ئایا پێویستە بەخێوكەری قوتابیان بە چ شێوازێك منداڵەكانیان بۆ تاقیكردنەوەكان ئامادە بكەن و ئەو ئاسانكاری و زەمینەسازییانە چین كە پێویستە بۆیان بكرێت؟ پەروەردەكارانی بەشداربووی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان وەڵامی پرسیارەكان دەدەنەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

سەرەتا كامەران ئەبابەكر مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەددین/ كۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە. هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و قوتابیی دكتۆرا لە كۆلێژی پەروەردەی هەولێر، سەبارەت بە چۆنیەتی خۆئامادەكردنی قوتابی بۆ پێداچوونەوەی خوێندنی وەرزی باسی ئەوە دەكات كە «هەمیشە لە كاتی نزیكبوونەوەی تاقیكردنەوەكان قوتابیان تووشی فشاری دەروونی دەبن، ئەمەش حاڵەتێكی تا ڕاددەیەك ئاساییە، ئەگەر نەبێتە هۆی ترس، چونكە هەر ئەم فشارە وا لە قوتابی دەكات، بخوێنێت و پلان بۆ سەركەوتن دابنێت. لەم سۆنگەوە وا چاكە قوتابی پلانی بۆ خوێندن هەبێت، یان دایك و بابان پلانی خوێندن بۆ منداڵەكانیان دابنێن، بۆ ئەمەش دەشێت چەند خاڵێك لە پێش چاو بگیرێن، لەوانە، ئەركی دایك و باوكان:

1. پێویستە دایك و باوكان كەشێكی هێمن و ئارام و دوور لە ژاوەژاو و كێشە خێزانییەكان بۆ منداڵەكانیان بڕەخسێنن و چاودێرییان بكەن، هەر ئەمەش بەس نییە، بەڵكو پێویستە بەدواداچوون بۆ پێداچوونەوەی خوێندنەكەیان بكەن و هانیان بدەن بۆ ئەوەی نمرەی بەرزتر بەدەست بهێنن.

 2. پێویستە پلانی خەوتن و خواردن و خوێندن لە ڕووی ماوە و كات بۆ منداڵەكان رێك بخرێت.

 3. پێویستە قوتابی دوور بكەوێتەوە لە بەكارهێنانی مۆبایل و یارییە ئەلیكترۆنییەكان و سۆشیاڵ میدیا. ئەگەرچی هەبوونی ئەم چەند خاڵە گرنگیی خۆی هەیە، بەڵام بەدەنگەوە نەهاتنی قوتابی و جێبەجێنەكردنی ئەم خاڵانە ڕیسەكە دەكاتەوە بە خوری.»

 مامۆستا كامەران جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە قوتابی ئەم خاڵانە جێبەجێ بكات:

یەكەم: دووركەوتنەوە لە هەموو ئەو شتانەی كە دووری دەخەنەوە لە بابەتی خوێندنەكەی. وەك ئەو خاڵانەی ئاماژەمان پێ دا.

دووەم: بە هاوكاریی دایك و باوكان پلان و خشتەیەك بۆ كاتی خوێندن دابنێ، بەیانیان زوو لەخەو هەستە و چەند كاتژمێرێك بخوێنە، دواتر كاتی پشوودانەكانت دیار بكە و دووبارە دەست بە خوێندن بكەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت ڕۆتینی خەوی خۆت تێك نەدەیت، ئەگەر بتوانیت نیوەڕۆیانیش نیو كاتژمێر تا ٤٥ خولەك بخەوێت.

 سێیەم: پێش خۆئامادەكردن بۆ دەستكردن بە خوێندنەوە، ئەو كاتانە بهێنەوە بیرت كە تۆ زۆر بە باشی وانەكانت ئەزبەر دەكرد و لەوێدا بیرت باش بوو.

چوارەم: كاتێ دەست دەكەیت بە خوێندنەوە و خۆ ئامادەكردن هەندێ دەستەواژە (پاڵنەری دەروونی -گەشبینی) بە خۆت بدە. بە خۆت بڵێ: (من بە ئاسانی زانیارییەكان وەردەگرم، من ئەو شتانەی كە دەیخوێنمەوە، هەموویانم بیردێتەوە، من زۆر بە ئاسانی فێر دەبم، دڵنیام بە نمرەی باش سەردەكەوم.)

پێنجەم: كاتێك هەست بە ماندووبون دەكەیت، واز لە خوێندنەوە بێنە، لەبەر ئەوەی وزە و كاتێكی زۆر بەفیڕۆ دەدەیت، كەچی مێشكت ماندووە و هیچ وەرناگرێت.

شەشەم: هەمیشە لە یەك شوێنی تایبەتدا وانەكانت بخوێنەرەوە، با شوێنەكەش هێمن بێت و بە دانیشتنیشەوە خوێندنەكەت بكە.

 حەوتەم: هەندێ كەس كە دەخوێننەوە، دەیانەوێ گوێیان لە دەنگی خۆیان بێت و باشتر مێشكیان وەری دەگرێت، تۆش شێوازێك بۆ چۆنیەتی خوێندنەوەكەت تاقی بكەرەوە، بزانە لە چ جۆرە خوێندنەوەیەكدا تەركیزت بەهێزترە (خوێندنەوە بە دەنگی بەرز، یان نزم).

هەشتەم: باشتر وایە كە لە شوێنی نووستندا خوێندنەوە و پێداچوونەوە نەكەیت، چونكە زوو زوو خەو دەتگرێت.

نۆیەم: هەوڵ بدە ژەمی بچووك بچووك لە ناوەڕاستی خوێندنەكەت بخۆیت، وەك ؛سێوێك، پرتەقاڵێك و ...) بە هیوای سەركەوتن بۆ هەموو لایەك.»

پەرژین جەعفەر حاجی ڕۆستەم مامۆستایە و هاوكات قوتابیی ماستەرە لە بەشی مێژوو، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ئەم پرسە كۆمەڵێك لێكدانەوە هەڵدەگرێت و هەر لێكدانەوەیەكیش پەیوەست دەبێت بە ئاستی تێگەیشتنی ئەو گرووپانەی دابەش دەبن بە سەر ئاستە جیاوازەكان». گوتیشی: «ڕاستە قوتابییان لەژێر یەك تایتڵ و یەك مەنهەجی خوێندنن، بەڵام لە یەك ئاستی تێگەیشتن و لێهاتوویی و زیرەكی نین، لە هەمانكاتیشدا كۆمەڵێك فاكتەری دیكە هەن كە كاریگەرییان دەبێت لە ئاستی لێهاتوویی و كارامەیی قوتابی و پێچەوانەكەیشی كە پێی دەوترێت (لاوازی). مادام پرسیارەكەتان گشتییە، دەبێت ئەو پوختەیە باس بكەین كە دەبێتە هۆكاری ئەوەی قوتابی دوور بكەوێتەوە لە فشاری ترس و دڵەڕاوكێ و لێشێوان بە هۆی بیركردنەوە لە پرسیاری تاقیكردنەوەكان. یەكەم هەنگاو كە دەبێت قوتابی بینێت، تا سەركەوتوو بێت، ئەوەیە پشت بە توانای خۆی ببەستێت و تەواوی ئامادەیی لە نێو پۆلدا جارێكی دیكە بخاتەوە بیری خۆی و تەواوی تێگەیشتنی بخاتەسەری، لایەنێكی دیكەش ئەوەیە دۆخێكی وا بۆ خۆی بڕەخسێنێت كە نەكەوێتە ژێر كاریگەریی دۆخە گشتییەكان، بەتایبەتی ئەمڕۆ لە كوردستاندا دەوری زۆری هەیە لەسەر هەمووان. بە ڕای زۆربەی پسپۆڕان و شارەزایانی بواری پەروەردە ئەو قوتابیانەی كە سەركەوتوو بوون لە تاقیكردنەوەكاندا، وێڕای زیرەكی و كارامەیی ئاستی تێگەیشتنی خودی قوتابیەكە دیوێكی دیكەی پەیوەندی بەوە هەیە كە بەرنامەیەكی تایبەتی بۆ خوێندن و پێداچوونەوە بۆ خۆی داناوە و پەیڕەوی دەكات. لانیكەم دەبێت قوتابی تەواوی رۆژی خۆی بەرنامەڕێژ بكات و بەپێی كاتەكان خۆی لەگەڵ خوێندن و پێداچوونەوە بگونجێنێ و هەموو كاتی بۆ پشوو نەبێت و هەموو كاتیشی بۆ خوێندن نەبێت. هەروەها دەبێت قوتابی و كەسوكاری قوتابی هەوڵ بدەن لە ڕووی خۆراكەوە ئامادەكارییەك بكەن بۆ ئەو رۆژانەی تاقیكردنەوەی تێدا ئەنجام دەدرێت و، زیاتر پشت بەو خواردنە تەندروستانە ببەسترێت كە هزری قوتابی فراوان دەكات و، هەستی ئارامی پێ ببەخشێ و توانای بشكێت بە سەر كاتی زۆری مانەوەی لە نێو هۆڵی تاقیكردنەوە و بیری لای برسێتی نەبێت. فاكتەرێكی دی بەربڵاوی و، بۆیە لە كاتی تاقیكردنەوە دەبێت دایك و باوك هەوڵبدەن منداڵەكانیان دووربخەنەوە پەرەسەندنی تەكنەلۆژیا ڕاستە سوودێكی زۆری بە پرۆسەی خوێندن و كۆمەڵگە گەیاندووە، لە هەمان كاتدا بە هۆی نەبوونی سانسۆر و زێدەڕۆیی بەكارهێنانی كاریگەرییە خراپەكانی زیاترە لە كاریگەرییە باشەكانی. لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر كەسوكاری قوتابی پێویستە كەشێكی لەبار دروست بكەن بۆ منداڵەكانیان و هاندەر بن بۆ سەركەوتن و كەمتر بیر لە سەرزەنشتكردن بكەنەوە. هەروەها دەبێت ژینگەیەكی ئارام لە ماڵەوە دروست بكەن و ئەو ماوەیە هاتوچۆ و میوانداری سنووردار بكرێت».

مامۆستای وانەبێژ محەمەد عوسمان سەبارەت بە گرینگترین میكانیزمەكانی سەركەوتنی قوتابی لە پڕۆسەی تاقیكردنەوەكان جەخت لەوە دەكاتەوە كە «دەبێت باری دەروونیی قوتابی پارێزراو بێت و پلان بۆ پشووەكان دابنرێت، بۆ ئەوەی كەش و دوخێكی لەبار بێت. ئەم پڕۆسە گرینگە بۆ قوتابی، بەڵام لەم پلانانەدا بە پێی دۆخ و سیاقی خێزان گۆڕانكاری ڕوودەدات، بۆیەش چەند میكانیزمێك هەیە دەبێت قوتابی پەیڕەوی بكات، بۆ ئەوەی تاقیكردنەوەكان بە سەركەوتوویی ئەنجام بدات. لەوانە:

* پێویستە قوتابی لایەنی دەروونیی خۆی ڕێك بخات و دوور بكەوێتەوە لە گشت ئەو كێشە خودی و خێزانیانە كەوا بیر و عەقڵی داگیركردوون، دەبێت تا كاتێكی دوای تاقیكردنەوەكان دوای بخات، هەروەها هەوڵدان و پاڵنەری لەلایەن ئەندامانی خێزان بۆ ئەوەی بە ورەیەكی زۆر پۆڵایین لە تاقیكردنەوەكان بەشدار بێت و ترس ڕێڕەوی ئامانجەكانی نەگۆڕێت. خێزانەكەی دەبێت كەشێكی ئارام و دوور لە ژاوەژاوی بۆ دروست بكەن، بۆیە ئامۆژگاریم وایە لە كاتی تاقیكردنەوەن سەردانییەكان كەم بكرێتەوە، پاداشتكردنی قوتابییش بە شێوازێكی زانستی و پەروەردەیی بكرێت بۆ ئەوەی پاڵنەری زیاتری هەبێت.

* قوتابی پێویستی بە پلانێكی توكمە هەیە بۆ چۆنیەتی خوێندنی بابەتەكان، بۆ ئەوەی بتوانێت بە گشت بابەتەكاندا پێداچوونەوەیەكی سەرتاسەری ئەنجام بدات، جگە لەمانە پێویستە پلانی شێوازی خوێندن لەگەڵ خشتەی تاقیكردنەوەكان ڕێك بخات، بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە سەركەوتوو بێت.

* قوتابی لە كاتی تاقیكردنەوەكان دەبێت زیاتر پلانی خەوتن و خواردن و پشووەكانی بە شێوەیەكی تۆكمە ڕێك بخات، بۆ ئەوەی بتوانێت گشت پلانەكانی توكمەتر بێت. شێوازی خەوتن كاریگەرییەكی تەواوی هەیە لەسەر پڕۆسەكە، چونكە پەیوەستە بە عەقڵ، بۆیە قوتابی پێویستە لە ماوەی24كاتژمێر ٨ كاتژمێری تەندروست بخەوێت واتە دوای كاتژمێر10ی شەو نووستبێت، چونكە ئەو كاتە هۆڕمۆناتی خەو دەڕژێ بە سەر مێشكدا، مێشك نوێ دەبێتەوە و ئەگەر ماندووی بكەیت، خوێندن سوودی نابێت. لە بارەی خواردنیش پێویستە زیاتر گرینگی بە سەوزە و مێوە بدرێت، چونكە بڕێكی زۆری ڤیتامینی تێدایە و لە كاتی خوێندنی بابەتەكان بەسوودن، پێویستیشە هەوڵ بدرێت ژەمەكان لە كاتی خۆی بخورێت. لە بارەی پشووەكان پێویستە قوتابی داوی هەر كاتژمێرێك خوێندن پشوویەك بدات بە10خولەك بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت و بێزار نەبێت، چونكە گرینگترین میكانیزمی قوتابیی سەركەوتوو لە تاقیكردنەوەكان ئەوەیە بە حەزەوە وانەكان بخوێنێت».

Top